سۆشیالیزم‌و جۆرەکانی

لەڕوانگەی سۆشیالیستییەوە تاک کار ناکات بەتەنها بەڵکو هەمووان پێکەوە کاردەکەن لەناو کۆمەڵگادا

2019-10-07 14:13:16



 

لەڕوانگەی سۆشیالیستییەوە تاک کار ناکات بەتەنها بەڵکو هەمووان پێکەوە کاردەکەن لەناو کۆمەڵگادا، بەڵام کەپیتاڵیزم کەجەخت لەسەر خاوەندارێتی تایبەتی سامان و ماڵ دەکاتەوە

نوسینی :ریچارد داگەر و تێرنس بۆڵ

لەئینگلیزیەوە: دانا نازەنین

 

سۆشیالیزم دۆکترینێکی ئابوری-کۆمەڵایەتیە کە جەخت لەسەر گشتی بون دەکاتەوە وەک لەتایبەتکردن و خاوەنداریەتی تاکەکەسی  و کۆنترۆڵکردنی سامانی سروشتی و داهاتی گشتی لەلایەن تاکەکەسەوە.

لەڕوانگەی سۆشیالیستیەوە تاک کارناکات بەتەنها، بەڵکو هەموان پێکەوە کاردەکەن لەناو کۆمەڵگادا، بەمانایەکی تر هەموان پێکەوە کار دەکەن و بەرهەمدێنن و پاشانیش هەموان پێکەوە سودمەنددەبن لێی. هەموو کۆمەڵگا پێکەوە کۆنترۆڵی سامانی گشتی دەکات و هەموو پێکەوە داهاتەکەی دەخۆن، نەک تەنها چەند کەسێک بەتەنها.

ئەم مشتومڕە وای کردوە کەسۆشیالیزم دژبێتەوە لەگەل کەپیتاڵیزمدا، کەپیتاڵیزم کە جەخت لەسەر خاوەندەریەتی تایبەتی سامان و ماڵ دەکاتەوە و تاکگەرایی ئەکاتە سێنتراڵی گرنگیپێدانی خۆیی و رەوایەتی ئەدا بەتاک کە لەبازاڕی ئازاددا بەرهەمهێنان بکات بەپێی ویستی سودمەندانەی خۆی و بۆدەسخستنی قازانجی تایبەت.

سۆشیالیستەکان رەخنە لەکەپیتاڵیزم دەگرن بەوەی کە سیستمێکە رێنوێنی چەوسانەوە و ستەمکاری و قۆرغکاری سامان و دەسەڵات دەکات لەلایەن تاکەکەسەوە و دەکەوێتە دەست کەمینەیەکەوە لەڕێگەی بازاڕی ئازادەوە ودواتر بەکاری دەهێنێتەوە بۆ دەسبەسەراگرتنی زۆرینەو چەوسانەوەی کۆمەڵگا. چونکە دەوڵەمەندەکان تێیدا بڕیار ئەدەن چۆن بژیەن و چۆن بەرهەم بهێنن لەنێو بازاڕی ئازادداو ئەمەش بۆخۆی ئەبێتە فشار لەسەر چینی هەژارو کارکەری کۆمەڵگا، بۆیە کەپیتاڵیزم و بازاڕی ئازادو هەلی یەکسانی وەبەرهێنان و خاوەنداریەتی تایبەت لەوانەیە سودبەخش و ماناداربێت بۆ چینی دەوڵەمەندو سەرەوەی کۆمەڵگا بەڵام پوچ و چەوسێنەرەوەیە بۆ چینی کرێکارو هەژاری کۆمەڵگاو ئەبێ هەمیشە ژێرفەرمانی ساماندارەکان بکەن تا بتوانن بژێویان بەدەستبهێنن.هەر بۆیە سۆشیالیستەکان باوەڕیان وایە خاوەنداریەتی گشتی و کۆنترۆڵکردنی سامانی گشتی لەلایەن گشتی خەڵکی و کۆمەڵگاوە بنەماکانی خۆشگوزەرانیە بۆ هەر کۆمەڵگایەک.

کارڵ مارکس و فریدریج ئەنگلس ئەمەیان خستەڕوو لە مانیفاستۆی پارتی کۆمۆنیستدا لە ١٨٤٨ و سەرلەنوێ راگەیاندنەوەی ‹کۆمەڵگەی سۆشیالیستی›ان راگەیاند بەوەی، «سنوردارکردنی گەشەی ئابوری تاکەکەسی لەخۆیدا ئازادی گەشەی ئابوری گشتیە.»

لەگەڵ را ناکۆکەکانی نێوان سۆشیالیستەکان لەنێوخۆدا هێشتاکە سۆشیالیستەکان باوەڕێکی بنەچەیی دەیانبەستێ بەیەکەوە بەلەبەرچاوگرتنی دوو خاڵی ناکۆک لەنێو یەکدا، ئەویش یەکەمیان چەندایەتی خاوەنداری کۆمەڵگەیە بۆ شتەکان؛هەنێک لەسۆشیالیستەکان پێیان وایە هەموو سامان و بەرهەمێک دەبێ کۆمەڵگە خاوەنی بێت جگە لەپێویستیە سەرەکییەکانی تاک کەخۆی خاوەنیانە ئەویش جلوبەرگە، هەروەک نمونەیەکی ئاماژەپێکراوی بەم جۆرە لای «سێر تۆماس مۆردا» دەبینینەوە لە (یۆتۆپیا)کەیدا ١٥١٦، هەنێکی تر لەسۆشیالیستەکان پێیان وایە کە ئاساییە تاک مافی خاوەنداریەتی وەک باخ و رەزو کۆگاو دوکانی بچوک و مامناوەندی هەبێت.

خاڵی ناکۆکی دووەم لەنێو سۆشیالیستەکاندا چۆنیەتی خاوەنداری کردنی کۆمەڵگایە بۆ سەرچاوەو داهاتەکان، دیسانەوە ئەمانیش ئەبن بەدوو بەشەوە سێنترالیستەکان و ناسێنتراڵیستیەکان، سێنتراڵیستەکان پێیان وایە کە دەبێ داهات و سەرمایەی گشتی لەلایەن هێزێکی سێنتراڵی دیکتاتۆرەوە کۆنتڕۆل بکرێت و رێکبخرێت وەک دەوڵەت یا دەوڵەتێک کە لەلایەن تاکە پارتێکی سیاسییەوە رێکخرابێت و یەکێتی  سۆفیەتی جاران بەنمونە. رای دوەم پێیان وایە کە سامان و داهاتی گشتی دەکرێ لەلایەن هێزە ناوچەیەکانەوە رێکبخرێت و مامەڵەی پێوەبکرێت و لەلایەن خەڵکی خوارەوەی ناوچەکەوە بڕیاری لەسەر بدرێت چونکە راستەوخۆ خەڵکی ئەتوانێت ناوەندی بڕیاربێت، کەئەمانەش بەدرێژایی مێژوی سۆشیالیزم وەک بزوتنەوەی سۆشیالیستی دەرکەوتون.

بنەڕەتەکانی Origins

سۆشیالیزم وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی لەدوای چاخی پیشەسازیەوە دەرکەوتوە، بەڵام بنەماکانی سۆشیالیزم ناوبەناو لەکۆنتردا بونیان هەبوە، لەناو یۆنانی کۆندا و ئەفلاتونیش لەکۆمارەکەیدا ئاماژە بەهاوبەشی پێکردنی پێداویستیەکان دەکات لەنێو پاسەوانەکاندا، لەکۆمەڵگەی مەسیحیشدا هاوکاری خواردن و کارکردن هەبوە.

«تۆماس مۆر»کریستیانیزم و پلاتۆنیزمی پێکەوە کۆکردۆتەوە لەیۆتۆپیاکەیدا، کە خاوەنداریەتی گشتی وەک بەرگریەک لەگوناهی لەخۆبایی بونی خاوەنداریەتی تایبەت و بەغیلی و چاوچنۆکی داناوە. خانوو زەوی و زارەکان وەک مۆڵکی گشتی ئاماژەیان پێکراوە لەیۆتۆپیاکەی مۆردا، کە هەموو تاکێک دوو سال مافی پێدراوە بەلایەنی کەمەوە لەنێو زەویەکاندا بەرهەمهێنان بکات، هەموو دەساڵ جارێکیش هاوڵاتیان خانوەکانیان بگۆڕن، بەم جۆرە رێ لە لەخۆبایبونی خاوەنداریەتی ئەگیرێت. ژیان لە یۆتۆپیاکەی مۆردا زۆر سادەیە، پارە نرخێکی نیە و هاوڵاتیان ئەوەی پێویستی سەرەکیانە دەتوانن لەدیوانی دارایی کۆمەڵگە وەریگرن، هەموو کەس مافی پێداویستیە سەرەتاییەکانی هەیە لەبەرابەر چەن کاتژمێرکێک کاری رۆژانەداو ئیدی کاتەکانی تر بۆ لەزەتبردن و خۆشگوزەرانیە.

یۆتۆپیاکەی مۆر هێندە قبوڵنەکرا لەلایەن کۆمەڵگەی کریستیانەتی ئەوکاتەوە وەک ئەوەی چاوەڕێی دەکرد، بەهۆی پشێویەکانی سیاسەت و دینەوە. بەڵام پاشتر هاندەرێکی باش بوو بۆ پراکتیزەکردن لەلایەن ئەوانەی دوای خۆیەوە، خاوەنداریەتی گشتی یەکێک بوو لە پایەکانی حوکومڕانی  رژێمی «ئەناپاتیست-anapatist»ی شاری «مەنستەر-Munster»ی ویستفیلیەنەکان لەسەردەمی ریفۆرمێسی پرۆستانیەتدا. هەندێ رێبازی کۆمۆنیستی و سۆشیالیستی لەناو کۆمەڵگەی ئینگلیزیدا سەریانهەڵدا لەماوەی جەنگی ناوخۆی بەریتانیدا ١٦٤٢-١٦٥١, کەڕابەرەکانیان کەسی کرێکار بوون، ئەندامەکانیان باوەڕیان وابوو کە خودا زەمینی بۆ هەموان دروسکردوە کە هاوبەشی پێبکرێت لەنێوان هەمواندا نەک بۆ جیاکردنەوە و تایبەتکردنی بەکۆمەڵێک کەسەوە و قازانج و خێروبەرەکەتەکەی بەتەنها بخۆن. ئەوان دەستیان کرد بەچاندنی زەویەکان، بەڵام ئەمە یاسایی نەبوو لەوکاتەدا، بۆیە کەوتنە کێشەوە لەگەڵ حکومەتی ناوچە پارێزراوەکەی «ئۆلیفەر کرۆمویڵ»ەوە کەزەویەکانی جیاکردبووەوە.

قۆناغ بەقۆناغ بەنمونەیی یا پراکتیسی فۆرمە سەرەتایەکانی سۆشیالیزم جێگیردەبون. ئەمە بوە هۆی ئەوەی کە لەداهاتوداو لەسەردەمی شۆڕشی فەرەنسیداو رۆژنامەنوس «فرانسوا نۆڵ بەیبەفFrancois-Noel-Babeuf»و هەندێ لە رادیکاڵیستەکان رەخنەی ئەوەیان دەگرت  کە شۆڕش شکستی هێناوە لەپراکتیزەکردنی ئازادی، یەکسانی، هەستی برایەتی کۆمەڵایەتیدا , لەسەر بنەمای» پرێنسیپڵە بەنرخەکانی یەکسانی» بیەیف گفتوگۆیەکی رەخنەگرانەی سەرڕێخست  بۆ پێویستیەتی هەڵوەشانەوەی خاوەنداریەتی تایبەت و لەجێدانانی  سودمەندبونی گشتی لەزەوی و زار.

هەر لەسەر ئەم باوەڕانەی تاوانبارکرا بەهەوڵدان دژ بەدەوڵەت، بەڵام کۆمەڵانی خەڵک شوێنی کەوتن لەساتی دادگایەکەیدا  و لەساتی سەرەمەرگیشدا، وەک رێبەرێک چاویان لێدەکرد لەسەدەی ١٩ دا دژ بەدەرکەوتنی کەپیتاڵیزم.

سۆشیالیزمی نمونەیی(یۆتۆپی) Utopian Socialism 

کۆنسەرفاتیفستەکان باوەڕیان وابوو کە ژیانی کشتوکاڵی بەرەو لەناوچون دەچێت بەهۆی داواکاریەکی بەگوژمی پیشەسازیەوە هەروەک چۆن رادیکاڵیستەکانیش هاوشانیان هۆشیاریاندا بەڕکابەری ناوخۆی کەپیتاڵیزم و پیسبونی شارەکان بەهۆی پیشەسازیەوە. رادیکالەکان زیاتر خۆیان جیاکردەوە بەوەی کە جەختی زیاتریان لەسەر یەکسانی و جیاکردنەوەی کەپیتالیزم لەپیشەسازی کردەوە. چونکە پیشەسازی کەپیتالیستی بەو جۆرە چینی کارکەر  زیاتر بەرەو هەژاری دەبات، بۆیە رادیکالیستەکان  پیشەسازی کەپیتالیستیان رەخنەدەکرد. پێیان وابوو کە هێزی خەڵکی و زانست بۆ تێگەشتن لەمێژوو پێکەوە دەتوانێت کۆمەڵگایەکی مەزنی لێدروستبکرێت. بۆ یەکەم جار تێرمی «سۆشیالیست» لە ساڵی ١٨٣٠ دا بەکار هات بۆ ناساندنی رادیکالیستەکان، هەنێ لەهەرە گرنگەکانیشیان دواتر زاراوەی سۆشیالیزمی یۆتۆپی»سۆشیالیستی نمونەیی» بەسەردا بڕا.

یەکەم سۆشیالیستی یۆتۆپی ئەرستۆگراتێکی فەڕەنسی بو بەناوی «کڵود هێنری دی سەینت سیمۆن - Henri-de-Saint-Simon»، سەینت سیمۆن نەیوت کە بەرهەمهێنان و موڵک  بۆ خاوەنداریەتی گشتی بگەڕێتەوە، بەڵام وتی کەکۆمەڵگا ماڵ و موڵک رێکخات لەڕێگەی پلانێکی سەرەکیەوە. زانستخوازەکان، پیشەگەرەکان، بەرهەمهێنەرەکان راستەوخۆ پێداویستی و خواستی خەڵکی جێبەجێبکات و ببنە وزە بۆ خەڵکی، سیستمێکی وا زۆر کارێگەرترە لە کەپیتاڵیزم، بەپێی بڕوای سەینت سیمۆن تەنانەت مێژوش هەر ئەوەی دەرخستوە. سەینت سیمن پێیوابو کە مێژوو بەچەن قۆناغێکدا تێپەڕیوەو هەر قۆناغێکیش بەهۆی رێکخەریەکانی چینێک بوە بۆ باڵادەستی خۆی. بەم شێوەیە فیوداڵیزم کەچینی بەگزادەو پیاوانی دین خاوەن سامان و موڵک بوون بەپیشەسازیگەری جێگیرایەوە، کەکۆمەڵگەیەکی ئاڵۆزو پشتی ڤەستبو بەزانست و ئەقڵ و جیاکاری کار و  کۆمەڵگەیەکی زانستی. بۆیە بەبڕوای سانت سیمۆن لەم بارودۆخەشدا پێویستە ئابوری رێکبخرێتەوە لەلایەن چەند کەسێکی داناو بەبڕشتەوە کە لەخزمەت چاکەی گشتیدا بێت.

یەکێکی تر لەسۆشیالیستە سەرەتاییەکان «رۆبێرت ئۆون- Robert Owen»نە ، کەخۆی لەخاوەن کارگەکان و پیشەسازیگەرەکان بو، خاوەنی کارگەی چنین و ئاش بو لە «نیولانیک- new Lanark»و «سکۆت-Scot»کە هەم بەبەرهەم و قازانجداربون  و بە ستاندەردەکانی ئەو رۆژانەش مرۆڤانەترین بون، کاری نەئەدا بەمنداڵی خوار تەمەنی ١٠ ساڵان. ئۆوین باوەڕی وابوو کە سروشتی مرۆڤی- human nature  دروستکراوە نەک بونیادی، ئەگەر مرۆڤەکان خۆپەرستن، یا خراپەکار و بەدن بەهۆی باری کۆمەڵایەتیەوە یا پەروەردری کۆمەڵایەتیەوەیە، بارودۆخ بگۆڕێت خەڵکیش دەگۆڕدرێن. ئەگەر فێربکرێن کە پێکەوەبژین و کاربکەن بەشێوەیەکی هارمۆنی، پاشان ئەوانیش جێبەجێی دەکەن. ئۆون لە ١٨٢٥ دا ناوچەیەکی لە «ئیندیانا» لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا کڕی و کۆمەڵگەو ناوەندێکی  مۆدێل سۆشیالیستی تێدا بونیادنا بەناوی «هارمۆنی نوێ-new harmony»،کە جۆرێک بوو لەکۆمەڵگەی خۆبەخێوکەرو بەرهەمهێنان و خاوەنداریەتی گشتی بوو تێیدا، کۆمەڵگەی هارمۆنی نوێ دوای چەن ساڵێک شکستی هێناو ئۆوین زۆربەی هەرەزۆری سامانەکەی تێدا لەدەستدا، بەڵام ئۆوین کۆڵی نەداو ئەم جارە لە ریسکێکی تردا لەجۆرى کاری نوێی هاوبەشانەی سەرمایەگوزاری سۆشیالیستیدا بەشداری کردەوە.

هاوشێوەی ئەوان (سیمۆن و ئۆوین) نوسینەکانی «فرانسووا ماری چارلس فوریە»ی کارگوزاری فەڕەنسی هەمان بیرکردنەوەی ئەوان ڕوندەکەنەوە، فوریە ڕەخنەی کۆمەڵگەی مۆدێرن دەکات بەوەی کەخۆویستی و فێڵ و تەڵەکەو خراپەکاری زۆری تێدایە، پرۆسەو دامەزراوەکانی وەک هاوسەرگیری و خێزانی پیاوسالارانەی ئاڵۆزی بازاڕ و کاری دوبارە و بەردەوام ژیان سنوردار دەکات و ئومێدی هەمەجۆریەتی نایەڵێت. بەمجۆرەش خەڵکی رکابەری یەکتر دەکەن بۆ بەدەسهێنانی قازانجی زیاتر و دژایەتی یەکدی دەکەن و لەکۆتاییشدا بازاڕ هاڕمۆنیەت لەدەستدەدات.هەر لەبەرئەوە فوریە جۆرێکی تر لەکۆمەڵگە پێشنیار دەکات کە زیاتر لەگەڵ خواست و پێویستیەکانی مۆرڤایەتیدا بێتەوە، ئەوکۆمەڵگایەشی ناونا  “فاڵانستری- phalanstery “ کە بەنمونەیی کۆمەڵگایەکی خۆبەڕێوەبەرو ژمارەی دانیشتوانی ١٦٠٠ کەسە و لەسەر بنەمای «کاری هەڵبژێردراو یا خوازراو» دامەزراوە، کە خەڵکی بەخواست و ئارەزوەوە کار دەکەن و تواناو لێهاتویی خۆیان لەکارەکەدا بەگەڕدەخەن و خۆشگوزەرانن, هەلی هەمەجۆری تێدایە و هەرکەس لەکاتێکا هەستی کرد بەبێزاری کارەکەی هەلی تری هەیە بۆ کارێکی دڵخواستەی تر. فوریە لە کۆمەڵگە یۆتۆپیەکەیدا»نمونەیەکەیدا» مەودای بۆ قازانجی تایبەتی جێهێشتبوو، بەڵام بە هاوبەشیکردنی  خاوەنداریەتی و نایەکسانی لەساماندا بەشێوەیەکی سنوردارکراو.

ئایدیای خاوەنداری گشتی، یەکسانی،ژیانێکی سادە دەرکەوتبو لەڕۆمانێکی خەیاڵی سۆشیالیستی فەرەنسەوی «ئیتن کات-Étienne Cabet» بەناوی (سەفەر بەرەو ئیکاریا- Travels in Icaria)  ئیکاریا کۆمەڵگەیەکی خۆبەڕێوەبەر بوو کە پشتی بە پیشەسازی و کشتوکاڵ بەستبو کە دانیشتوانەکەی بەنزیکەی ملیۆنێ کەس دەبون، بەڵام لەواقیعدا کابیت لە ١٨٥٠کە ئیکاریای لە «ئیلینیوس-Illinois» ی ویلایەتی تەکساس لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بونیادنا بە قەبارەی کۆمەڵگەی فاڵانستریەکەی فوریە بوو لە ١٨٥٦ بەهۆی ناکۆکی دانیشتوانی ئیکاریاوە کات ئیکاریای بەجێهێشت.

هەندێک لەسۆشیالیستە پێشینەکانی تر Other Early Socialists 

لەفەرەنسا لەنێوان ساڵانی ١٨٣٠-١٨٤٠ دا سۆشیالیستەکان هەڵتۆقین و دەستیانکرد بەرێکخستن، لەنێوانیاندا «لوی بلۆنک-Louis Blanc» و  «لیوۆس ئگوێست بلۆنکی-Louis-Auguste Blanqui» و «پییە جەوسیف پرەودهۆن-Pierre- Joseph Proudhon» بون، بلۆنک نوسەری «دامەزراوەیکردنی کار -organisation of labour» ئەو پێشنیاری دەوڵەتی خاوەنسامان دەکات بەڵام کرێکاران کارخانە گشتیەکان بەڕێوەبەرن بەم جۆرەش هەلی کار بۆ هەموو کەس دەڕەخسێت و کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستی فەراهەم دەبێت.

بلۆنکی بەهۆی راجیاوازە شۆڕشگێڕیەکانەوە زیاتر لە ٣٣ ساڵی تەمەنی لەنێو بەندیخانەدا بەسەربرد بەهۆی چالاکیە یاخیگەریەکانیەوە. بلۆنکی باوەڕی وابوو سۆشیالیزم بەدەستنایەت بەبێ زاڵبون بەسەر هێزی دەوڵەتدا و ئەمەش بەهۆی رێخستنی گروپێکی بچوکی پلانگێرەوە دەبێت، شۆڕش یەکجارە دەست بەسەردەسەڵاتی دەوڵەتدا بگرێت و حوکمەتێکی دیکتاتۆری کاتی راگەیەنێت و زۆربەی هەرەزۆری کارگەو ناوچە پیشەسازییەکان بخاتە ژێردەسەڵاتی خۆیەوە.

پرەودهۆن لە «موڵک چیە؟- ?what is property» دا لە ١٨٤٠ دا وەڵام دەداتەوە بەوەی کە»موڵک دزراویە.» ئەم دەربڕینە بەو گشتیەتیە نیە وەک ئەوەی دەرئەکەوێت، چونکە مەبەستی فوریە لەوکاتەدا موڵکی گشتی نەبو بەڵکو موڵکی تاکی بو کە دەبێتە کێشە بۆ گشتەی خەڵک و کەپیتاڵیست و خاوەن موڵکە تایبەتەکان زاڵدەکەن بەسەر کۆمەڵگەدا. پرەودهون وایدانابو کە هەموو کەسێک هەمان مافی داواکاری  هەیە چ تەنها بێت یا هەرەوەزیانە کاربکات، مافی بەکارهێنانی زەوی یا سەرچاوە سروشتیەکانی هەیە بۆ ئەوەی ژیانێکی باشی پێ فەراهەم بکات. ئەم جۆرە کۆمەڵگایە بنەمای کۆمەڵگایەکی «هەرەوەزی- mutualism»ە، کە تێیدا تاکەکەس و گروپەکان پێکەوە هاوبەشی بەرهەم و کار دەکەن تێیدا لەچوارچێوەی ئاڵوگۆرێکی  کاریگەری قایلکەری هاوبەشانەدا. بەبێ ئەوەی دەوڵەت بەشداری تێدابکات.پرەودهۆن ئەنارشیست بوو پێیوابوو کە دەوڵەت دامەزراوەیەکە دەسەڵاتێکی ملهوڕ»زۆردار»ی هەیە. بەڵام ئەم ئەنارشیستیەی نەبویە هۆی هاندانی ناپلیۆنی سێیەم بۆ پێدانی قەرزی بانکی بە کرێکاران بۆ دامەزراندنی گروپی هەرەوەزی کارکردن، کەبڕیارێک بوو ئیمپراتۆر خۆیی لێدزیەوە.

سۆشیالیزمی مارکسی Marxian Socialism

سەرەڕای ئەو هەوڵ و وێناکردنانەیان لەپێناو کرێکارانا، هیچکام لە سۆسیالیستە پێشینەکان بەتەواوەتی لەلایەن کارڵ مارکسەوە قبوڵنەکران، کە گومانی تیانیە گەورەترین تیۆریستی سۆشیالیستیە، لەڕاستیا مارکس و هاوڕێ هەمیشەیەکەی فریدریس ئەنگل بەرپرسیارن لەکۆی ئەو هەموو ڕەخنە تەشهیرئامێزانەی کە کرایە سەر سۆشیالیزمی یۆتۆپی»سۆشیالیزمی نمونەیی»، کە سانتسیمۆن و فۆریە و ئۆون بنەجەداڕێژی بون، مارکس و ئەنگلز ڕەخنەیان لێدەگرن بەوەی کە « داهاتویەکی فەنتازی بۆ کۆمەڵگا» دژە بەو زانستەی کە نزیکمان دەکاتەوە لەسۆشیالیزم.

بەبڕوای مارکس و ئەنگڵس رێگە بەرەو سۆشیالیزم بەو مۆدێلە کۆمەڵگا هارمۆنیە بەدەسنایەت کە ئەوان باسیان کردوە، بەڵکو لەرێگەی پێکدادانی چینەکانەوە دەبێت. ئەوان هەر لەسەرەتای «مانیفاستۆی پارتی کۆمۆنیست»دا ڕایانگەیاند کە « مێژویی کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆکە مێژویی ڕوبەڕوبونەوەی چینەکانە». تێگەشتنێکی زانستیانە لەمێژوو دەریدەخات کە ئەم جۆرە روبەڕوبونەوەیەی کرێکاران لەکۆتاییدا سەرکەوتن و گەشتن بەلوتکەی سۆشیالیزم دەبێت.

بەڕای ئەنگڵس بنەچەکانی فکری مارکس دەگەرێنەوە بۆ فەلسەفەی ئەڵمانی و سۆشیالیزمی فەڕەنسی و ئابوری بەریتانی، بێ شک فەلسەفەی ئەڵمانی کاریگەریەکی قوڵی لەسەر مارکس داناوە، مارکس لەدایکبوی شاری تریەری ناوچەی رایلەندی ئەڵمانیایە، وە خوێنکاری فەلسەفە بو لە زانکۆی بەرلین کاتێک کە ئایدیاڵیزمی جی.دەبلیو.ئێف. هێگل زاڵبوبو بەسەر فەلسەفەی ئەڵمانیدا، هێگل پێیوابو کە مێژوو دەرخەری بەحەقیقەتبونی  رۆحە. پرۆسەی پێویستیەتی بەرەنگاربونەوە و پەلەقاژێکردن و زاڵبونە بەسەر بەربەستەکاندا بۆ بەدەسهێنانی هۆشیاری خودی. هەروەک تاکەکان کە ناتوانن وزەی ناوەکی  خۆیان ببینن و کەشف بکەن بەتایبەتی وزەی پۆتێنشەڵی خۆیان بۆ ئازادی، ئەگەر هەر لە بارودۆخی مناڵانە و هەرزەکارانەی خۆیاندا بمێننەوە. ڕۆحیش پێویستە گەشەبکات لەناو مێژودا بەشێوەیەکی دیالێکتی، بەم شێوەیە تاکەکان و تەنانەت نەتەوەش لەناو شانۆی پێکدادانی فکرەکاندان تا بەهۆشیاری خۆیی و بەرزنرخاندنی ئازادی دەگەن. بۆنمونە کۆیلایەتی بۆ ماوەیەکی دورودرێژ وەک حاڵەتێکی سروشتی قبوڵکرابوو مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا، بەڵام بەرەنگاری کۆیلەکان وایکرد کە مرۆڤبونی خۆیان بیری سەردارەکانیانیان بهێننەوەو دواتر کۆیلەو سەردار کۆمەڵگەیەکی مرۆڤانەیان بونیادنا،  ئازادی خۆیان و رۆحیان بەدەسهێنا لەهەستی هەڵەی سەردار زاڵکردن بەسەرخۆیاندا.

هاوشێوەی هێگڵ مارکس پێیوابوو مێژوو دەرئەنجامی بەرەنگاربونەوە و کاری مرۆڤیە. هەرچەندە لای هێگل مێژوو پرۆسەی بەحەقیقەتبونی  خودی ڕۆحە لەناو مێژوی دژبەیەکی مرۆڤایەتیدا، بۆ مارکس مێژویی ماتریاڵانەی نێوان چینەکانە لەپێناو سامان و سەرچاوە داراییەکاندا. ئەگەر فەلسەفەی هێگل فەلسەفەی ئایدیاڵیزمی بێت، ئەوا مارکس گەشەی بە تیۆری ماتریاڵیزەبونی مێژویی دا، لای مارکس خەڵکی پێش ئەوەی هەرشتێک بکەن دەبێ ئەوە بەرهەمبهێنن کە پێویستە بۆ مانەوەیان، ئەمەش بەمانای ئەوە دێت کە ئەوان ئۆبجێکتی پێویستیەکانن. بۆ مارکس گەورەترین کێشەی ئازادی زاڵبونە بەسەر پێویستیەکاندا، پێویستی پاڵ بە مرۆڤەکانەوە ئەنێت بۆ کارکردن تا بتوانن بمێننەوە، بەم جۆرە تەنها ئەوانەی کە  خۆیان ڕزگاردەکەن لەپێویستیەکان دەتوانن گەشە بەتواناو وزە ناوەکیەکانیان بدەن. هەر لەبەرئەمەشە بەدرێژایی مێژوو ئازادی سنوردارکراوە لەلایەن چینی باڵادەستەوە، چونکە دەستیان بەسەر زەوی و سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانیان گرتوە و بەهۆیەوە کرێکاران و هەژارانیان چەوساندۆتەوە و ملکەچیانکردون. سەردارەکان  لەسەردەمی کۆیلەگەریدا و خاوەن زەویەکان ئەرستۆکراتەکانبون لەسەردەمی فیودڵیزم دا، بۆرژواکان لەناو کۆمەڵگەی کەپیتاڵیستی دا، دەستیان بەسەر سامانی خەلکیدا گرتوە. ئەمانە بەگشتی خۆیان لەزەتیان لەم فۆڕمە ئازادیە بردوە بۆ خۆیان بەڵام کردویانەتە ڕەنج بەسەر کۆیلەکان و خزمەتکارەکانەوە، کرێکارانی کارگەکان یا پرۆلیتاریادا بەهۆی پێدانی کارێکەوە پێیان کە پێویستیەتەکانیان دابین بکات.

لای مارکس کەپیتاڵیزم لەنێو مێژودا هەم  هێزێکی گەشەسەندوەو هەم سیستمێکی چەوسێنەرەوەیە، وادەکات کە هەم کرێکار و هەم خاوەنکار بێگانە بکات لەحەقیقەتی مرۆڤبون.

گەشەسەندوە چونکە بەشی ئەوەندە ئاڵوگۆری پیشەسازی دروسکردوە لەدنیادا کە خەڵکی لە هێزێکی بەرهەمهێنەرەوە کردۆتە هێزێکی دیلی پێویستیەتەکانیان. هێشتا چەوسانەوەی کەپیتاڵیزمی پرۆلیتاریا بێنرختردەکات، کەخاوەنی هیچ شتێک نین هێزی کارکردنیان نەبێت، کەپیتاڵیزم کرێکاران  وردوخاشدەکات لەبەرابەر ژیانێکی چەرمەسەریدا و لەهەمانکاتیشدا ڕێگە بۆ دەوڵەمەندەکان خۆشتردەکات کە سامان زیاتر کۆکەنەوە. ئەمەش بارودۆخی هەڵچونە بەبڕوای مارکس، دەرئەنجامی حەتمی ئەمەش جەنگێکە کە کۆتایی بە جیاوازی چینایەتی دێنێت. لەژێر فشاری داتەپین و چەوسانەوەی ئابوری و بەرابەرکێکردنی کاردا، کرێکاران هۆشیارئەبنەوە و لەشێوەی چینی پڕۆلیتاریادا خۆیان ڕێکدەخەن، کە دەچەوسێنرێنەوە لەلایەن چینی بۆرژوای دوژمنەوە. وە پڕ چەک دەبن و لە زنجیرەیەک شۆرشی خۆویستانەدا زاڵدەبن بەسەر بۆرژوادا بەهۆی دەسگرتنیان بەسەر کارگە و هێڵەکانی ئاسن و هەموو سەرچاوەکانی بەرهەمهێناندا، تا ئەوکاتەی بەتەواوەتی دەست بەسەر حوکمەتدا دەگرن و دەیگۆڕن بۆ حوکمەتێکی شۆرشگێرانەی دیکتاتۆری پرۆلیتاریا لەژێر سایەی سۆشیالیزم یا کۆمۆنیزمیدا. مارکس و ئەنگلز هیچ هۆیەکی رونی جیاکەرەوەیان لەنێوان ئەم دوو حوکمەتەدا(سۆشیالیزم،کۆمۆنیزم)دا نەدۆزیوەتەوە، و پێیان وایە لەژێر سایەی ئەم حوکمەتانەدا خەڵکی هێواش هێواش خوی خوپەرستانەیان بۆ خاوەنداریەتی تایبەتی موڵک و سامان لەدەستدەدەن بەهۆی پەروەردەکردنەوە. ڕزگاریان دەبێت لە چەوسانەوە و سەرئەنجام هەموو پێکەوە لەکۆمەڵگایەکدا دەژین کە هەموو تاکەکان پێکەوە بەرهەم دێنن.

مارکس جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە کەپیتالیزم بۆخۆی هاندەری شۆڕشە سۆشیالیستەکان بووە، سەرمایەدارەکان بە بازاڕی بەرابەرکێی قازانجی زیاتر خۆویستانە گۆڕی خۆیان بە پرۆلیتاریا هەڵدەکەنن. کەپیتاڵیزم خۆی لەخۆیدا مامانی ژانی لەدایکبونی حەتمی شۆڕشی پرۆلیتاریە.

ئەمە بەکورتی بەشێک بوو لە دۆکترینەکانی مارکس. هەرچەندە لەنوسراوو چالاکیە سیاسیەکانیدا سەرنجی زۆرتری سەرڕێخستوە. دانیشی بەوەداناوە کە بۆ نمونە سۆشیالیزم دەکرێ شوێنی کەپیتالیزم بگرێتەوە بەشێوەیەکی ئاشتیانە لەبەریتانیاو ئەمەریکاو ئەو وڵاتانەی کەکرێکاران مافی دەستوریان بەدەسهێناوە. ئەو وڵاتانەشی کە نیمچە فیوداڵیستین وەک روسیا دەکرێ ببنە سۆشیالست بەبێ ئەوەی بەبارودۆخی پیشەسازی کەپیتالستیدا تێپەڕبن. هەروەها مارکس بەشداریەکی کارای کرد لەدامەزراوەی (ئینتەرناشناڵی کرێکاری)دا کە لەساڵی ١٨٦٤ دا لەلایەن کۆمەڵێک لەکرێکارانەوە رێکخرا بەبێ ئەوەی نە شۆڕشگێڕبن و تەنانەت بەتەواوەتی سۆشیالیستیش نەبون. تەنانەت مارکس دیتیرمینیستێکی  ئابوری سەرسەختیش نەبو وەک ئەوەی کەزۆرجار پێیدەناسرێتەوە. بەڵام ئەوەی دوپاتدەکردەوە کەمێژوو لەقازانجی سۆشیالیزمە، یەکسانی گەشەکردن  تەنها لەژێر سایەی سۆشیالیزمدا بەرهەمدێت و ئەمەش کۆتایی مێژووە.

سۆشیالیزم پاش مارکس  Socialism After Marx

پاش ئەوەی مارکس لە ١٨٨٣ دا مرد، هەنێک لەسۆسیالیستەکان ناویان لەخۆیان نا مارکسیست، کاریگەری بەزۆری لەنێو (پارتی سۆسیال دیمۆکراتی ئەلمانیدا) زۆربو کە لەساڵی ١٨٧٥ دا دامەزرابوو کەتێهەلکێشێک بوو لەپارتی مارکسیستی و پارتی بونیادنراوی هاوتا ئەلمانیەکەی مارکس کە «فێردیناند لاساڵ»بو لەژێر ڕۆشنایی «رەخنە لە پرۆگرامی گۆتا»دا دەنوسێت کە لاساڵ» دیدگایەکی تەسکی نەتەوەیی هەیە بۆ بزوتنەوەی سۆشیالیزم» چونکە لاساڵ جەختی لەسەر بەسۆسیالیزمکردنی ئەڵمانیا دەکردەوە،لەکاتێکدا مارکس باوەڕی بە بەئینتەرنەشڵالبونی بزوتنەوەی سۆسیالیستی هەبو.جگە لەوەش لاساڵ و شوێنکەوتەکانی پێیان وابو کەدەکرێ لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەست بەسەر دەوڵەتدا بگیرێت و لەڕێگەی هاریکاری دەوڵەتیەوە دەتوانین بەرهەمهێنانی هەرەوەزی بەرهەمبهێنین. بەڵام بیری شۆڕشگێرانەی مارکس بۆئاڵوگۆری کۆمەڵگە بۆ سۆسیالیزم بەزویی زاڵبوو بەسەر پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیدا. ئەم مشتومڕەی مارکس لەگەل لاساڵ و لاساڵیەکان بوەهۆی سەرهەڵدانی رەوتێکی تری سۆسیالیاتی لەکۆتایی لەجاخی نۆزدەدا.

کۆمۆنیستی ئانارکی Anarcho-Communism 

هیچکام لە بیرۆکە دینیەکەی «لیۆتۆڵستۆی» و ئاشتی خوازیەکەی «پاسیفیزم» هاوبەشی پێنەکران لەلایەن «میکایل باکۆنین»ی نوکتەباز و ئەنارشیستی روسیەوە،ئەو پێیوابوو کە دین و کەپیتاڵیزم و دەوڵەت فۆرمەکانی چەوسنانەوەن و دەبێ هەرکات خەلکی ئازادی بەدەستهێنا لەناویان بدات.هەروەک لەوتارە سەرەتایەکەیدا « بەرپەرچ لە ئەلمانیا»١٨٤٢نوسیویەتی؛ « پەرۆشی بۆ وێرانکاری لەخۆیدا پەرۆشیەکی داهێنەرانەیە»ئەم باوەڕەی باکۆنین بویە هۆی یاخیبون و پلانگێریەکانی باکۆنین بەدرێژایی ژیانی ، هەر ئەم باوەڕەشی بوو باکۆنینی خستە مشتومڕێکی دژوەستانەوە لەگەل مارکسدا بۆ هەڵوەشانەوەی (ئەنجومەنی نێونەتەوەیی پیاوانی کرێکار) لەسالی ١٨٧٠ دا. باکۆنین وەک کۆمۆنیستێک هاوبەشی لە باوەڕەکانی مارکسدا کرد بۆ دەسبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردنی بەرهەمهێنان لەلایەن کۆمەڵگەیەک کە لەسەر بنەمای چین و پلە هاوڵاتیەکانی جیانەکرابنەوە.وەک ئەنارشیستێک دیسانەوە باکۆنین بەتوندی دژ بە فکری دیکاتۆری پرۆلیتاریای مارکسیستی بوو بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی. باکۆنین پێی وابوو کە دەوڵەتی دیکتاتۆری پرۆلیتار لەکۆتایدا زۆر لە دەوڵەتی بۆرجوازی جەوسێنەرەوە ترە، کەبەلایەنی کەمەوە تێکۆشەر و دامەزراوەی چینی کرێکاری هەیە کەیارمەتیدەرە بۆ ئەم مەبەستە.

کۆمۆنیزمی ئەنارکی فۆرمێکی کەمتر پەڕگیری وەرگرت لەسەر دەستی هەردوو پەناهەندەی سیاسی ڕوسی «پیتەر کرۆپۆتکین» و «ئێما گۆڵدمان». کرۆپۆتکین لەڕێگەی سودبینین لەزانست و مێژوەوە ویستی پیشانی بدات کە ئارشیزم هیوایەکی گێلانە نیە.لە» هاوکاری هاوبەشدا» لەسەر بەرمەبنای پەرەسەندنی چارڵس داروین، گفتوگۆیەکی دژی بۆڕوبەڕوبونەوەی بیرۆکەی سۆسیالیزمی داروینی دەسپێکرد، گروپەکان کە سەرکەوتن لەوەی پەرەسەندنیان لە هاوکاری و هەرەوەزی پراکتیکیدا قەتیسکرد. گۆڵدمانیش کە بە «ئێمای سور»ناوی دەرکردبو لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا،کەمپینی دژ بە ئاین و کەپیتالیزم و دەوڵەت و هاوسەرگیری راگەیاندبو،هەروەک لە « خۆشەویستی و هاوسەرگیریدا» ١٩١٠  دەڵێت» ئافرەت ئەبێتە بونەوەرێکی مشەخۆر و بەتەواوەتی بەستراوە/بەهۆی هاوسەرگیریەوە/»وە هەروەها سنوردارکردنی مناڵبونیشی وەک بەندکردن ناساند.

فابیان سۆشیاڵیزم Fabian socialism 

فابیانەکان هەروەک ئەنارکۆ-کۆمۆنێستەکان، گفتوگۆیان دەکرد لەسەر جۆرێک لەسۆشیالیزمی ناسێنتراڵی بێت و لەناوبەری دەوڵەت، کە نەرمتربێت لە سۆشیالیزمی سێنتراڵی.

فابیانیزم لەبەریتانیادا دەرکەوت. بۆیە ناوی خۆشیان نا بەو ناوە چونکە هەنێک لە کۆمەڵگەی فابیانی باوەڕیان بە تەکتیکی جەنەراڵی رۆما «فابیان کۆنتەکتەر»کە خۆی لادا لەجەنگی راستەوخۆ دژ بەهانیپاڵ و هێواش هێواش هێزی هانیپالی دەسەپاچەکرد.

فابیانیزمەکان زیاتر باوەڕیان بە سۆشیالیزمی پەرەسەندو هەیە تاوەکو سۆشیالیزمی شۆرشگێری بۆ گەیشتن بەکۆمەڵگایەکی سۆشیالیزمی،بیرۆکەی ئەوان بۆ سۆشیالیزم هەروەک (سان سیمۆنە)، کە بۆ دەسبەسەراگرتنی رێکخستنی ئابوری لەڕێگەی خەڵکیەوە و لەڕێگەی بەڕێوەبەریی  دەوڵەتێکی بێلایەنی بەهێزەوە دەبێت کە حکومـەتەکەی لەڕۆشنبیرانێکی پسپۆڕو شارەزا پێکهاتبێت.

فابیەنەکان  لەنێوخۆدا پێکهاتبون لە رۆشنبیرانی چینی ناوەند کەلەنێویاندا «جۆرج بیردنارد شۆ»و «سیدنی و بیتریکس وێب»و «گراهام واڵاس» و «هێج. جی. وێڵس» بون، ئەمانە باوەڕیان وابوو کە پەروەردەکردن و قایلکردن رێگەی رێنوێنیکردن بۆ سۆشیالیزم و ڕوبەڕوبونەوەی  چینەکان بەشێوەیەکی پلە بەپلە باشترە لەخۆسنوردارکردن لەدروسکردنی حزب و رێخراوەکانی کرێکاراندا. فابیانەکان ئامانجیان بەدەسهێنانی هەژمونی بوو لەنێو حزبی بونیادنراودا.

دواجار کاریگەری گەورەیان لەنێو پارتی کرێکارانی بەریتانیدا دانا هەرچەندە لەسەرەتادا رۆڵێکی واشیان نەبوو لەڕێکخستنی حزبدا لەسەرەتای ١٩٠٠دا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار