کە زۆر هات قەواڵە بەتاڵە

2019-10-07 14:20:00



 

هه‌نار موفتى

ئەگێڕنەوە  لەگوندێک  ئاغایەکی  زۆردار  هەبوو، خۆی و کوڕو بنەماڵەکەی کەوتبونە وێزەی خەڵکی  دێکەو  هەرچی زەوی وزارو موڵک و مەڕو ماڵات و باخ و باخاتی خەڵکی دێکەیە هەموویان زەوت کردبوو، سەرەڕای ئەوەش تەماحیان ئەکردە شەرەف و نامووسی کچ و ژنەکانیان  ئیتر  بەو شێوەیە  مایەوە تا بێزاری خەڵکی دێکە گەیشتە  لوتکە، بۆیە بڕیاریان دا ئیتر  ئەو هەموو  زوڵم و ستەمە قبووڵ نەکەن، دەست لەناو دەست بە تێکڕای دەنگ رووبەڕووی دەسەلاتی گەندەڵی ئاغاو کوڕو پیاوەکانی بیبنەوە، کاتێ کوڕی ئاغا ئەچێتە سەر رێگای کانی ژنان بۆ ئەوەی گێچەڵ بە ژنان و کچانی ئاوایی بکا، ئا لەوکاتە پیاوان و کوڕانی گوندەکە بەپاچ و خاکەناس و تێڵا  بەرئەبنە گیانی کوڕی ئاغاو  هەرلەوێ رەوانەی جەهەنەمی ئەکەن، بەو کارەیان پەیامێکیان دا بەگوێی ئاغاو پیاوەکانی کە ئیتر زوڵم و سوکایەتیان پێ قبووڵ ناکرێ قبووڵیشی ناکەن ئیتر ئاغا هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو بۆ خەلکی گوندەکە، چونکە ئەیزانی چ ناحەقییەکی بەرامبەر کردون، بۆیە لەبەر خۆی گووتی چی بچێنی ئەوە ئەدوریتەوە، بۆیە بڕیاری دا هەرچی زوە خۆی و خێزان وبنەماڵەکەی بۆ شوێنێکی نادیار بڕۆن، هەرچیەکیشی هەبوو هەمووی بەجێهێیشت ئەیزانی بەمانەوەی هەمان چارەنووسی کوڕەکەی چاوەڕێیان ئەکا.

بەڵێ مەبەستم لەو چیرۆکە خۆسەپاندن و زووڵم و ستەم و زۆرداری تاسەر نابیت بۆ هیچ دیکتاتۆرێک،  نمونەش سەدام حسینی لەمەڕ خۆمان، هەموومان بەچاوی خۆمان دیمان چارەنوسی کوڕو ژن و منداڵەکانی، دواجاریش ملیان کرد بەپەتا، هیچ شتێک لەسەروەت و سامانەکەی فریای نەکەوت ئێستاش ئەبینین. ئەو بارودۆخەی گەلی عیراق خەریکە پەڵئەهاوێ بۆ کوردستانیش لەدوای 28  ساڵ حکومڕانی. کابینە یەک لەدوای یەکەکانی پەرلەمان  نەیانتوانیوە کۆمەڵگەیەکی  درووست و سۆسیالیستی بنیات بنین، ئەمڕۆ  ئەوەی لەعیراقدا روودەدات ململانێیەکی نێوخۆیی مەزهەبگەریی لایەنەکانە کەکاری کردۆتەسەر دۆخی سۆسیولوجی و بەکۆی دەنگی سەرکردە سیاسیەکان بۆ عیراقیکی فیدڕالیزم. یەکێکی تر لەهۆکارەکان لاوازی دەسەڵاتی  یاسادانانە لەبەرامبەر  جێبەجێکردندا کەناتوانن و نەیانتوانیوە  سەقامگیری رەوشی  سیاسی ئابوری و کۆمەڵایەتی بهیننە ئاراوە. بەهەمان شێوە کوردستانیش بەهەمان دۆخ تێپەڕ ئەبێت و بگرە خراپتریش. ئەوەتا نیو ملیۆن گەنج بێکارین و 200 هەزار گەنج دەرچووی زانکوو پەیمانگاکان دانەمەزراوین و  بەسەدان گەنجی تر سەری خۆیان هەڵگڕت و بەرەو هەندەران رۆیشتن و چەندین خێزان و گەنج لەدەریای ئیجە خنکان و بوون بەخۆراکی قرش و ماسی، بێجگە لەو گەنجانەی لەبەر بێپارەیی بە رێگای وشکایی ملی رێگایان ئەگرتەبەرو لەو رێگایەش رەق ئەبونەوە یان دڵیان ئەوەستا لەبرساو لەترسا ئەمردن. بەداخەوە ئەو هەرێمە  دەوڵەمەندە بەسامانی سەرزەوی و ژیرزەوی داهاتی گومرگەکان و هەموو ئەو داهاتانەی وەزارەتەکان بەنمونە هاتوچۆ،  ئاوو کاڕەبا، باجی خانو وبەرە و باجی دووکانەکان، سەرجەم نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان....هەتا دوایی،  ئەوەش گوزەرانی خەڵک و گەنجانی ئەو وڵاتەیە لەسایەی حکومەتێکی نادیموکراس و ئێدارەیکی گەندەڵ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار