سیناتۆرێکی ئەمریکی: شەڕی داعشمان بە کورد کرد پاشان پێشکەشی ئەردۆغانمان کرد تا لەناویان ببەن

5 ساڵ لەمەوپێش




کاکەلاو عەبدوڵا

سیناتۆرێکی ئەمریکی رایگەیاند کوردەکان لەسەر داخوازی ئیدارەی ترەمپ شەڕی داعشیان کرد، بەڵام هەمان ئیدارە لەگەڵ ئەردۆغان ڕێککەوت تا لەناویان ببات.

مارکۆ روبیۆ سیناتۆری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیران لە تویتێکدا رایگەیاند "لەسەر داواکاری ئەم ئیدارەیە کوردەکان وەک جەنگاوەری سەرەکی دژی داعش جەنگان بۆ ئەوەی سەربازانی ئەمریکی ئەو کارە ئەنجام نەدەن". 

بەپێی ئاماری هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە جەنگی دژی داعش ١٠ هەزار شەڕەڤان شەهید بوون. 

روبیۆ باسی لەوەشکرد دوای ئەوەی شەڕی داعش بە کورد کرا ئیدارەی ترەمپ "لەگەڵ ئەردۆغان ڕێککەوت کە دەستبڵاوی دەکات لە لەناوبردنی کوردەکان". 

دوانیوەڕۆی دوێنێ ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ئۆپەراسیۆنی بۆسەر باکوری سوریا راگەیاند. 

لەسەرەتایی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا تا ئێستا ٨ کەس کوژراون کە سیانیان شەڕەڤانە و پێنجەکەی دیکە خەڵکی مەدەنین، جگە لەوەی دەیان بریندار هەیە. 

سیناتۆرە ئەمریکییەکە ئەوەشی خستەڕوو بەهۆی بڕیارەکەی ترەمپەوە "زیانی بەرکەوتن بە ناوبانگ و بەرژەوەندی نیشتیمانیمان بێپایان و دوورمەودا دەبێت". 

بەهۆی بڕیاری لەناکاوی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاوە، دۆناڵد ترەمپ لەچەند ڕۆژی رابردوودا ڕەخنەی تووندی رووبەروو بوەتەوە، تەنانەت لەلایەن پاڵپشتەکانی خۆشیەوە لە پارتی کۆمارییەکان.

زۆربەی سیاسەتمەدارانی ئەمریکا پێیانوایە هەنگاوەکەی "خیانەت"ە لە کورد و خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئێران و رووسیا دەکات.

هاوکات دوێنێ  دوو سیناتۆری ئەمریکی لیندزی گراهام و کریس ڤان هۆڵن پڕۆژەیاسایەکیان نووسی بۆ سزاخستنەسەر تورکیا، بەتایبەتی سەروەت و سامانی سەرکردەکانی تورکیا و کەرتی وزەی وڵاتەکە، لەگەڵ سنوردارکردنی ڤیزە بۆ سەرکردایەتی تورکیا. 

دەتوانن لێرەوە دەقی پرۆژەیاساکە بخوێننەوە: 
http://hawlati.co/page_detail?smart-id=d9296&fbclid=IwAR3EW0HRlYbcb8hyY6J93GVCEL-w7gXZTv2Pb54Jyr2I-ylPUoMzynokftA

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار