گۆڕان و جورئەتی بڕیاردان

6 ساڵ لەمەوپێش



ئاسۆ حاجی

 

هێنانە پێشەوەی پرسی بایکۆتکردنی پڕۆسەی سیاسی عێراق و نەناردنی پەڕلەمانتارانیان بۆ بەغدا لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە، لە مانۆڕێکی سیاسی دەچێ کە لەوە ناچێ تێیدا سەرکەوتوو بن، گۆڕان لە دواین هەڵبژاردن یەکێک بوو لە لایەنە شکستخواردووەکان دەیەوێ لەو دۆڕانەیدا وەبەرهێنان بکات وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕلەمانی کوردستان، بۆیەشە دەیەوێ ئەو پرسە بە کراوەیی و بەبێ چارەسەرکردن بهێڵێتەوە.
دوور لەو گووتارە کە زیاتر هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی ئەو شکستە گەورەیەی تێی کەوتووە، دەتوانین بڵێین بە دڵنیایەوە گۆڕان دەچێتەوە بەغدا و بەهەمان کارنامە و نەفسیەتی خولی ڕابردوو لە دژایەتی کردنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان و مافەکانی خەڵکی کوردستان بەردەوام دەبێت.
گۆڕان لە نۆ ساڵی رابردوودا، چەندین جار ئەوەی سەلماندووە کە ناتوانێ بڕیار لە پرسە گرنگەکان بدات، نەیتوانی لەگەڵ پارتی بەڵێنی چوار ساڵی هێمنی بباتە سەر. هەروەها نەیتوانی لەگەڵ یەکێتی هەنگاوێکی کرداری بە ئاراستەی جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەکەیان بهاوێژن، چونکە ئیڕادە و جورئەت لە پشت ئەو بەڵێن و ڕێکەوتنانە نەبوون.
بڕیاری چوونە ناو حکومەت، چونکە بە لەرزۆکی بوو نە توانییان هاوکارێکی باش بن لەگەڵ لایەنە بەشداربووەکان نە جورئەتی ئەوەیان هەبوو بڕیار بەشداری نەکردن بدەن یان کە زانیان مانەوەیان لە حکومەت هەڵەیە بڕیار کشانەوە بدەن.
بەردەوام پێیەکیان لە ناو حکومەت بوو و پێیەکەی دیکەشیان لە ناو ئەو ڕووبەرە بوو کە ناویان نابوو ئۆپۆزسیۆن، تەنانەت دوای دەرکردنی وەزیرەکانیشیان جورئەتی خۆیەکلایی کردنەوە و بڕیاردانیان نەبوو بۆیە هەرچاویان لە ئیمتیازاتەکانی حکومەت بوو و دەستیشیان لەو دەنگانە بەرنەدەبوو کە مەرجی پاڵپشتییان بۆ گۆڕان، دوژمنایەتی پارتیە.
ئەولەرزۆکییەی گۆڕان لە سیاسەتکردن و بڕیاردان بوونە مایەی ئەزمونێکی خراپ کە بە لاوازبوونی باوەڕی خەڵک بەهێزێکی دیکەی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، ئەوەشیان سەلماند کە توانا و لێوەشاوەیی سەرکردایەتی کردن و بەڕێوەبەری وڵاتیان نیە.
بەغدا کە بۆ گۆڕان لە ساڵانی رابردوو ببوە قیبلەگای هەڵسوڕاوەکانیان و ئەو ناوەندەی کە بانگەشەیان دەکرد جێگای یەکلایی کردنەوەی کێشەکان بوو بە کێشەی نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستانیش، بۆیە بەردەوام لە گووتارکانیان و لە هەڵوێستە سیاسیەکانیان حکومەتی عێراق و بەرپرسانی سیاسی عێڕاقیان وەک نموونەی گەشی دیموکراتی دەناساند و پێچەوانەکەشیان بۆ هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکانیان دەگووت.
پەڕلەمانتارانی گۆڕان لەگەڵ لایەنە عەرەبیەکان تا ڕادەی چوونە ناو یەک بەرە لە دژی هەموو خواستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی خەڵکی کوردستان چوون و بە ئاشکرا پەڕلەمانتارانیان هەموو بڕیار و یاسایەک کە لە دژی هەرێمی کوردستان بوو پاڵپشتیان دەکرد،لە دەنگدانیان بە یاسای حەشدی شەعبی و دژایەتی کردنی پرسی سەربەخۆیی و بڕینی بودجە و موچە تا بە هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی دەگات بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان کە لە دوای شازدەی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد.
گۆڕان و پێنچ حیزبەکەی دیکە لە رۆژی یەکەمی ئاشکرابوونی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، حکومەتی عێڕاقی و حیزبە شیعیەکانیان بە پاڵپشتی ئەو تەزویرە دادەنا کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کەرکوک و سلێمانی کردویەتی بەڵام ئێستا پاشەکشێیان لەو گووتارە کردووە و چیتر باسی حکومەتی عێراقی و حیزبە شیعیەکان ناکەن و کاتێک ناوی یەکێتیش دەهێنن پارتیەکی بۆ زیاد دەکەن لە کاتێکدا پارتی پاڵپشتی لە بەدەست ژماردنەوەی دەنگەکان کردووە کە داواکاری سەرەکی ئەو حیزبانە بوو.
دابەشبوونی گۆڕان لەناوخۆیدا بەسەر دوو ئاراستە و یەکتر تۆمەتبارکردنی یەکتری زیاتر گۆڕان لە هەبوونی ئامادەیی دووردەخاتەوە لە وەرگرتنی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بە بایکۆتکردنی بەغدا،چونکە هەر بڕیارێکی لەو جۆرە گۆڕان توشی زیاتر لێکترازان دەبێ،ئەگەر بڕیاری چوونە بەغداش بدات کە ئەوەیان ئاسانتر دەبێ چ بەند و بالۆریەکی دیکە پەیدا بکات کە دەنگدەرانی خۆی پێ ئیقناع بکات! 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار