"هیگڵ باوه‌ڕى به‌ بوونى خودا هه‌بوه‌ و به‌ئاگامه‌ندى ره‌ها باسى کردووه‌"

دەربارەی هیگڵ‌و فینۆمینۆلۆژی هۆش، گفتوگۆیەکی فەلسەفی لەگەڵ د.محەمەد کەمال

2020-03-01 08:29:39



سازدانی: شوان ئەحمەد

بەشی پێنجەم

د.محەمەد کەمال، نوسەرو ئەکادیمست و توێژەرێکی بواری فەلسەفە لەبەشی پێنجەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەربارەی فینۆمینۆلۆژی هۆش،

تیشک دەخاتە سەر بیروباوەڕی هیگڵ لەبارەی روحانیەت و ئایین و خوداوە.

ئەوپێیوایە لەفەلسەفەی هیگڵ دا، دەبێت بوونی خوا لەئایین جیابکرێتەوە، چونکە هیگڵ باوەڕی بەبوونی خودا هەبووە کەئاگامەندی رەهایە.

د.محەمەد کەمال باس لەوەدەکات کە ئایین و روحانیەک لەدیدگای هیگلەوە دوو شتی جیاوازن، چونکە «ئایین بۆخۆی دەزگایەکی سیاسی خاوەن دەسەڵاتە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تاکەکانی کۆمەڵ. بەڵام روحانیەت جیاوازترە لەوە. هەربۆیە کاتێک هیگڵ دێت و باسی ئاگامەندیی ڕەها دەکات، جۆرێکە لەڕوحانیەت و دوورە لەئایین».

هەروەها دەڵێت «فەلسەفەی هیگڵ، سیستەمێکی گشتگیرەو هەموو جۆرە ئایدیاو بیرۆکەکانی تێدا کۆکراوەتەوە. ئەو ئایین بەقۆناغێک دەبینێت، لەگەشەکردنی ئاگامەندی رەهادا، لەپرۆسەی دیالەکتیکدا. فەلسەفەش قۆناغێکە لەو پرۆسەیەو ئەمانە قۆناغی جیاوازن. بۆیە ناتوانین بڵێین فەلسەفە گشتگیرەو دین گشتگیر نییە».

هاوڵاتی: هەر سەبارەت بەپرسی ئایین، هیگڵ ئایینی زەرادەشتی بەیەکەم ئایینی گرنگی فەلسەفی دەداتە قەڵەم و لەو بارەیەوە دەڵێت:(بۆ یەکەمجار لەئێراندا تەعبیری نا -مادی بۆ خوداوەند دێتەئاراوە. بەمەش ئێران دەبێتە ئەو جێگایەی پێش شوێنەکانی دیکە، ئاگایی تێدا پەیدادەبێت..ئەگەر لەگەڵ زەرادەشتدا خودا بەڕوناکی ناوببرێت، ئەوا لەگەڵ مەسیحیەتدا خودا وەک ڕوناکی نامێنێت و وەک ڕوح خۆی مانیفێست دەکات).

هەندێ لەڕەخنەگرانی ئەوروپا مەرکەزی، ئەم دیدو تێڕوانینەی هیگڵ بەدیدو تێڕوانینێکی ڕاسیستانە دەدەنە قەڵەم و لەچوارچێوەی بیرکردنەوەی ئەوروپا مەرکەزیدا دایدەنێن. بەو پێیەی خۆرئاوا وەک بەشێک لەشوناسی خۆی سەیری مەسیحیەت دەکات، ئەوا ئەو هەڵوێستەی هیگڵ، وەک شکۆبەخشین بەکلتوری خۆرئاوای و بەکەم سەیرکردنی کلتورەکاکنی دیکە سەیردەکەن؟

د.محەمەد کەمال:  سەرەتا دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کەئایینی مەسیحی، ئاینێکی ئەوروپایی نییە. لەبەر ئەوە گرنگی دان بەمەسیحیەت، ناگاتە بیرکردنەوەی ئەوروپا مەرکەزیانە. پاشان لەفەلسەفەی هیگڵ دا، دەبێت ئێمە بوونی خوا لەئایین جیابکەینەوە، چونکە هیگڵ باوەڕی بەبوونی خودا هەبووە.

ئاگامەندی ڕەها کەئەو باسی دەکات خودایە، نەک شتێکی دیکە. خوایە کەخۆی بەرجەستە دەکات و خۆی دەخاتە نێو پرۆسەی دیالەکتیکی و لەدواجاردا لەگەڵ بابەتەکەی دا دەبێتەوە یەک. جا لەنێو ئەم پرۆسەیەدا، پێویستە هیگڵ ئایینەکانیش باس بکات. چونکە گەر وانەکات، سیستمە فەلسەفیەکەی تەواو نابێت. ئاخر دینیش بەشێکە لەکلتورو بیرکردنەوەی کۆمەڵگە. کەبەدیدی ئەو جۆرێکە لەبیرکردنەوەی ئاگامەندی و خۆی تێدا مانیفێست دەکات.

ئەم دووشتە زۆر جیاوازن، هەر بۆیە لەمڕۆشدا زۆر کەس جیاوازی لەنێوان ڕوحانیەت و ئاییندا دەکەن. ئایین بۆخۆی دەزگایەکی سیاسی خاوەن دەسەڵاتە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تاکەکانی کۆمەڵ. بەڵام ڕوحانیەت جیاوازترە لەوە. هەر بۆیە کاتێک هیگڵ دێت و باسی ئاگامەندیی ڕەها دەکات، جۆرێکە لەڕوحانیەت و دوورە لەئایین.

هاوڵاتی: هیگڵ لەفەلسەفەکەیدا باس لە (بەش و گشت – جز‌‌و و کل) دەکات، دەکرێت بڵێین لەفەلسەفەکەی دا، ئایین وەک بەش و فەلسەفە وەک گشت سەیر دەکات؟

د.محەمەد کەمال: فەلسەفەی هیگڵ، سیستەمێکی گشتگیرەو هەموو جۆرە ئایدیاو بیرۆکەکانی تێدا کۆکراوەتەوە. ئەو ئایین بەقۆناغێک دەبینێت، لەگەشەکردنی ئاگامەندی ڕەهادا، لەپرۆسەی دیالەکتیکدا . فەلسەفەش قۆناغێکە لەوپرۆسەیەو ئەمانە قۆناغی جیاوازن. بۆیە ناتوانین بڵێین فەلسەفە گشتگیرەو دین گشتگیر نییە.

هاوڵاتی: بەدیدگای هیگڵ:(مرۆڤ سەروەختێک لەناوەوە پڕەو بیردەکاتەوە، ئەوا فەلسەفیانە بیردەکاتەوەو ئەو هەقیقەتەی بۆی دەگەڕێت، هەقیقەتێکی فەلسەفیە، بەڵام کاتێک ئەم خاڵی بوونەوەیە ڕوودەدات، مرۆڤ هەر لەگەڕان بەدوای هەقیقەتدا ناوەستێت و ئەو هەقیقەتەی لەدوای وێڵ دەبێت، دەبێتە هەقیقەتێکی ئایینی). بەم تێگەیشتنە بێت دەکرێت بڵێین هەردوو گەڕانەکە یەک شتن، یاخود جیاوازی لەنێوان گەڕانی فەلسەفی و گەڕانی ئایینی دا هەیە؟

د.محەمەد کەمال: ئایین و فەلسەفە یەک شتن، چونکە هەردووکیان قۆناغی گەشەی ئاگامەندین و لەوێدا دەبن بەیەک شت. هەردووکیان سەربەیەک ڕاستەقینەن، بەڵام شێوازی بیرکردنەوەی فەلسەفی، لەشێوازی بیرکردنەوەی ئایینی جیاوازە. شێوازی بیرکردنەوەی فەلسەفەی پێشکەوتووترە لەشێوازی بیرکردنەوەی ئایینی، لەسیستمی بیرکردنەوەی هیگڵ دا . پێشکەوتنەکەشی لەوەدایە لەبیرکردنەوەی ئاییندا، جیاوازیەکی گەورە لەنێوان خۆ و بابەتدا هەیە. هەربۆیە بۆ هیگڵ کەسێکی دینخواز و ئیماندار، غەمبارە. چونکە بابەتی بیرکردنەوەکەی لەدەرەوەی بوونی ئەودایە، پێینەگەیشتووەو لێیدابڕاوە. بەڵام لەفەلسەفەدا، جیاوازی نامێنێت لەنێوان(سوبێکت و ئۆبێکت)داو هەردووکیان دەبن بەیەک ڕاستەقینە.ئەمەش بەدیدی هیگڵ، کۆتایی بیرکردنەوەیە لەمێژوودا.

هاوڵاتی: یەکێک لەوبیرمەندانەی زۆربەتوندی ڕەخنەی لەهیگڵ و فەلسەفەکەی گرتووە، کارل پۆپەرە. لەزنجیرە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ هەفتەنامەی (دی زێت)ی ئەڵمانیدا، زۆر زبرو ڕەق قسە لەسەر هیگڵ و مارتن هایدیگەر دەکات و دەڵێت: (بەبۆچونی من هیگڵ و لەو زۆر زیاتریش مارتن هایدیگەر، فەیلەسوفانێکی تەواو بێناوەڕۆک و شۆڤێنیستگەلێکی بێنرخن.. دەربارەی هیگڵ گەر بێم و حوکم بدەم، ئەوا دەڵێم: هاتوو زمانی ئەڵمانی هەڵژەند لەپیسی و پۆخڵی و شێواندی. نوسراوەکانی بەتایبەت – فەلسەفەی ماف – ەکەی کەڕەنگە گرنگترین بەرهەمی ئەویش بێت، بەردەوام بابەتگەلێک هەیە، هێندە دژوارو ناڕێک باسکراوە، هیچ کەس ناتوانێ مەبەستی ڕاستەقینەی ئەو بزانێ و پەی پێبەرێت. خوێنەران هەرگیز ناتوانن بڵێن: هیگڵ گیان ئەمە هەڵەیە، لەبەرئەوەی بابەتەکە ناڕوونەو دیار نییە کەباس لەچی دەکات. تەنانەت دیاریش نییە کەهەڵەیەو......هتد).

ئایا ئەم رەخنانە لەهیگڵ و فەلسەفەکەی لەجێی خۆیدان؟

د.محەمەد کەمال:  جگە لەم  ڕەخنەو گازندانەی کارل پۆپەر، کەسێکی وەک برتراند ڕاسلیش کەفەیلەسوفێکی بەریتانییە، لەکتێبەکەی دا(مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا)کاتێک دێتە سەر باسی هیگڵ دەڵێت:(ئەمەی هیگڵ لێکی دەداتەوە، فەلسەفە نییەو شتێکی ترە).

بۆچی؟ چونکە برتراند ڕاسلیش لەڕوانگەی بۆچوونەکانی خۆیەوە، سەیری فەلسەفەی هیگڵ دەکات. بێگومان لەنێو بیرکردنەوەی فەلسەفەدا، ئەم جۆرە ڕەخنانە ئاساییەو ڕێپێدراوە.. واتە تۆدەتوانیت ڕەخنە لەفەلسەفەیەکی دیکە بگریت کەلەگەڵیدا ناگونجێت. ئەوانەی پێیان وایە فەلسەفەیەک بێناوەڕۆکە، بێناوەڕۆکی فەلسەفەیەکیش دەکەوێتە سەر ئەوەی، تۆ چ پێناسەیەکت بۆ ناوەڕۆکی فەلسەفە هەیە. بۆنمونە گەر بێینەوە سەر فەلسەفەی شیکاری و لۆژیکی - پۆزەتفیزمی و ئەمانە، کاتێک تۆ دەستەواژەیەکی فەلسەفی دروست دەکەیت، دەبێت ئەو دەستەواژەی فەلسەفیە واتایەکی هەبێت. واتاکەشی بەستراوە بەو دیاردە دەرەکیەوە کە لەدەرەوەی بیرکردنەوەی تۆدا هەیە.

کاتێک من دەڵێم ئەم کاغەزە سپییە، ئەم دەستەواژە فەلسەفییە واتای هەیە، چونکە کاغەزەکە سپییە. بەڵام گەر بلێم خودا ڕوناکییە، هیچ واتایەکی نییە، لەبەرئەوەی خودا کەبنەی ئەم دەستەواژەیەیە، لەهیچ شوێنێکدا نییە. لەدەرەوەی بیرکردنەوەی مندا نادۆزرێتەوە، بەڵام کاغەزە سپییەکە دەدۆزرێتەوە. لێرەدا بەبۆچوونی ئەوان، ئەم جۆرە دەستەواژانە کە لەفەلسەفەدا ئێمە زۆر بەکاری دەهێنین، ناوەڕۆکێکیان نییەو بێواتان. هەربۆیە برتراند ڕاسل دەڵێت:(ئەوەی هیگڵ باسی دەکات، بێناوەڕۆکەو دەستەواژەی فەلسەفی نییەو ناتوانرێت بەدەستەواژەی فەلسەفیان دابنێین).

ڕەنگە ڕەخنەکانی کارل پۆپەریش لەهیگڵ و هایدیگەر، هەر لەهەمان ڕوانگەوە بێت.. بەڵام لەبەرئەوەی من بەرهەم و نوسینەکانیم نەخوێندۆتەوە، ناتوانم حوکم بدەم. بامن لێرەدا مەسەلەیەکی دیکەت بۆباس بکەم: شۆپنهاوەر هاوسەردەمی هیگڵ بووە. هەردووکیان لەیەک زانکۆدا وانەیان وتۆتەوە. شۆپنهاوەر کاتێک چۆتە ئەو زانکۆیە، وتویەتی من وانەی فەلسەفە دەڵێمەوەو دەبێت وابکەم، هیگڵ گوێگر و هەواداری نەمێنێت و بەو نیازەوە دەچێت وانە بڵێتەوە.

کەچی کاتێک دەرسگوتارەکان پێشکەش دەکات، چەند خوێندکارێک ئامادە دەبن و ژمارەیەکی زۆریش بەهۆڵی وانەوتنەوەکانی هیگڵدا ئامادە دەبن. تەنانەت لەپێشەکی یەکێک لەکتێبەکانیدا، شۆپنهاوەر دەنووسێت: (هەندێ فەیلەسوف هەن لەمڕۆدا، بازرگانی بەفەلسەفەوە دەکەن). ئەڵبەتە مەبەستیشی هیگڵ بووە. بەبۆچونی من، گرنگی و بایەخی فەلسەفەی هیگڵ لەوەدایە کەزۆرێک بەرگری لێدەکەن و زۆرێکیش ڕەخنەی لێدەگرن و دژی دەوەستنەوە. ئەم لەگەڵ بوون و دژبوونەی هیگڵ، هەر لەدوای مردنیەوە سەرهەڵدەدات. هەرلەوکاتەوە خوێندکارەکانی دەبن بەدووبەرەوە. هەندێکیان ویستویانە لەئایین نزیکی بکەنەوە، هەندێکی دی هەوڵیانداوە لەئایین دووری بخەنەوە. مشتومڕو بێنەو بەردە لەو قۆناغەوە، لەسەر فەلسەفەی هیگڵ بەردەوامە.

هاوڵاتی: ئێوە کتێبەکەی هیگڵتان بە (فینۆمینۆلۆژیی هۆش) وەرگێڕاوەو زۆرێکیش هاوڕان لەسەر ئەوەی (فینۆمینۆلۆژی ڕۆح) دروستترەو هیگڵیش مەبەستی ڕۆح بووە نەک هۆش. وەک نمونەیەک ئەوەتا دکتۆر سەید جەواد تەباتەبائی لەکتێبی (دەربارەی فۆنۆمینرلۆژیای ڕۆح) و لەیەکم سیمیناری دا(لاپەڕە-53)دەڵێت:(وەرگێڕانی بەهۆش مومکین نیەو ئەو کەسانەی بەهۆش وەریدەگێڕن، وەک ئەوانە وان لەدەرەوەو لەڕێگەیەکی دوورەوە، وەسفی کۆشکی فینۆمینۆلۆژیایان کردووە)؟

د.محەمەد کەمال: ئەوە ڕاوبۆچوونی تەباتەبائی خۆیەتی، گەرنا چ بەڵگەیەکی پێیە کە لەدەرەوەو لەڕێگەیەکی دوورەوە، وەسفی کۆشکی فینۆمینۆلۆژیامان کردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار