وەزارەتی كشتوكاڵ: حكومەتی هەرێم هێلكەو مریشكی كوردستان هەناردەكردنی بازاڕەكانی جیهان دەكات

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم رایگەیاند لەبەرھەمھێنانی هێلكەو گۆشتی سپی گەیشتوینەتە ئاستی خۆبژێوی و حكومەتی هەرێم ئامادەكاری دەكات بۆ هەناردەكردنی هێلكەو مریشكی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان.

هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی وتوە " لەبەرھەمھێنانی هێلكەو گۆشتی سپی گەیشتوینەتە ئاستی خۆبژێوی و زیاتریش، چونكە بازاڕی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە پێویستی بە حەوت هەزار كارتۆن هێلكەیە، بەڵام بەرهەمی ڕۆژانەی كێڵگەكان 14 هەزار كارتۆنە، واتە حەوت هەزار كارتۆن زیادە لەبازاڕو پێویستی بەهەناردەكردنە".
"ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە 147 هەزار تۆن گۆشتی سپی هەیە، لەكاتێكدایە بەرهەمی ساڵانەی گۆشتی سپی گەیشتوەتە 285 هەزار تۆن، واتە ساڵانە 135 هەزار تۆن گۆشتی سپی زیادەیە لەبازاڕی ناوخۆیی و دەگاتە 45%ی گۆشتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كورستان" وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ وا دەڵێت.
ئەوەشی خستوەتەڕوو "بەشێكی بەرهەمی هێلكەو مریشكی كوردستان دەچێتە ناوەڕاست و باشووری عێراق، پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەوەیە بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆ پەیدا بكەین، ئێستا ئامادەكاری دەكرێت بۆ هەناردەكردنی هێلكەو مریشكی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان".
 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار