تەنها لە یەک مانگدا ٤٩ کۆڵبەر کوژراون و برینداربوون

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

تەنها لە یەکەم مانگی بەهاردا (٢٠ ئازار بۆ ٢٠ی نیسان) ، ٤٩ کۆڵبەر لە کاتی کۆڵبەریدا کوژراون و بریندار بوون و لانیکەم ٤  لەو کۆڵبەرانە منداڵبوون.

بە پێی ئامارەکانی ماڵپەڕی "کۆڵبەر نیوز" لە مانگی یەکەمی بەهاردا، لانیکەم ١٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لە دەستداوەو ٥ کەسیان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هیزە سنوورییەکانی ئێرانەوە بووە.

ماڵپەڕی " کۆڵبەر نیوز" بە بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو کۆڵبەرانەی لە مانگی یەکەمی بەهاری ئەمساڵدا کوژراون، ژمارەی قوربانییەکانی ئەم مانگەی بە کارەسات وەسف کردووە بە پێی زانیارییەکانی ئەم ماڵپەڕە، پێنج کۆڵبەر بە ناوەکانی، پەیمان ئەحمەدی، سۆران عەبدی، مێهرداد عەبدوڵڵازادە، ئومید سەیدی و سەیوان دەست ئەفکەن، بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی ئێرانەوە لە سنوورەکانی، نەوسوو، سەقز، سەردەشت و هەورامان و بانە کوژراون.

هەروەها ٥ کۆڵبەر بە ناوەکانی، محەممەد بایەرمحەممەدی، هەستیار عەبدولکەریمی، سەعید سلووسی، شۆڕش شوکری و ئەبووبەکر مەئخووزی، بە هۆی جەڵدەی دڵ لە کاتی کۆڵبەری و سەرما و کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەوە گیانیان لە دەستداوە.

بە پێی زانیارییەکانی ‌کۆڵبەرنیوز، هەستیار عەبدولکەریمی کە ٢٥ی نیسان بە هۆی سەرماوە لە سنووری میشیاو گیانی لەدەستداوە ، ١٥ ساڵی تەمەن بووە.

جگە لە هەستیار عەبدولکەریمی سێ مناڵ بە ناوەکانی میلاد حسەینی، پەیمان ، میلاد بایەرمحەممەدی بە هۆی تەقەی راستەخۆی هێزە سنوورییەکانەوە بریندار بوون.

هەروەها بە پێی زانیارییەکانی ئەم ماڵپەڕە، لە مانگی یەکەمی بەهاری ئەمساڵدا ٢٢ کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بریندار بوون و ١٧ کۆڵبەر بە هۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی و تەقینەوەی مین بریندار بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار