ئۆکراینا بە درۆن هێرشدەکاتە سەر رووسیا و کرێملن دەڵێت 50 دانەیمان خستووەتە خوارەوە

2 هەفتە لەمەوپێش



هەوراز حوسێن/ هاووڵاتی

رووسیا باس لەوە دەکات، لە بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی درۆنی ئۆکراینا بۆ سەریان، 50 درۆنیان خستووەتە خوارەوە. لە هێرشەکەدا دوو هاووڵاتی و ژنێکی دووگیان کوژراون.

رۆژی هەینی 20-4-2024، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، شەوی رابردوو 50 درۆنی ئۆکراینایان خستووەتە خوارەوە. باسیش لەوە دەکات، ئەمە یەکێک لە بەربڵاوترین هێرشەکانی ئۆکراینایە بۆ سەر خاکی رووسیا لە دوای دەستپێکی جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە شووباتی 2022.

وەزارەتی بەرگری رووسیا ئاماژەی بەوەکردووە، 26 لە درۆنەکان لە هەرێمی بێلگۆرۆد، 10 دانە لە بریانسک، 8 لە کورسک، 2 لە توولا خراونەتە خوارەوە و ئەوانی دیکەش لە هەریەک لە هەرێمەکانی سمۆلێنسک، ریازان، کالوگا و مۆسکۆ تێکشکێنراون.

ڤیاچیشڵاف گلادکۆڤ، سەرۆکشارەوانی هەرێمی بێلگۆرۆد کە هاوسنووری ئۆکراینایە رایگەیاندووە، دوو هاووڵاتی سڤیل لە هێرشە درۆنییەکەدا لەو هەرێمە گیانیانلەدەستداوە. لە دواتریشدا رایگەیاندووە، ژنێکی دووگیان و کۆرپەکەی سکی کە لەگوندێکی هەرێمی شێبێکینۆ بەهۆی هێرشێکی ئۆکرایناوە برینداربوون، هەردووکیان گیانیانلەدەستداوە.

بەرپرسێکی ئۆکرایناش هێرشەکەی بۆ میدیای بەریتانی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک بنکەی پیشەسازی گرنگی رووسیا کە هاوکاری سوپای رووسیا بوون.

رووسیا هێرشەکانی ئۆکراینا بە تیرۆر ناودەبات. سەرۆکشارەوانی هەرێمی سمۆلێنسکی رووسیا رایگەیاندووە، درۆنێکی ئۆکراینی کۆگایەکی سووتەمەنی کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ئاگری گرتووە.

هەروەها کاژمێر 2:00ی سەرلەبەیانی، ڤاسیلی ئانۆخین، سەرۆکشارەوانی هەرێمی کاردیم رایگەیاندووە، یەکێک لە درۆنەکان بنکەیەکی سووتەمەنییان لەو هەرێمە کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئاگری گرتووە.

جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە 24ی شوباتی ساڵی 2022 دەستیپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە، رووسیا لەو کاتەوە 119 هەزار کیلۆمەتر دووجا خاکی ئۆکراینای لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە داگیرکردووە و ئەوە ساڵێکیشە ئۆکراینا جگە لە بەرگریکردن جارووبار هێرشی ئاسمانی و مووشەکی بۆ ناو خاکی رووسیا دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار