لەسەردانەكەی ئەردۆغاندا دوو رێككەوتنی ستراتیجی و زیاتر لە 20 یاداشتی لێكتێگەیشتن واژۆ دەكرێت

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

سبەینێ دووشەممە 22-4-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عێراق دەکات، ئەوەش دوای 13 ساڵ لە دوایین سەردانی کە بۆ عێراق ئەنجامی دابوو.
 
باسم عەوادی, وتەبێژی حكومەتی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، سەردانە چاوەڕوانکراوکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق، ھەنگاوێکی گرنگە لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و ئاماژەی بەوەشدا کە لە میانی سەردانەکەدا، ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ لەنێوان بەرپرسانی تورکیا و عێراق، تاووتوێ دەکرێن.

باسی لەوەشکردووە، چوار دۆسیەی گرنگ لە بەرنامەی کاری سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیادایە، ئەوانیش، دۆسیەی ئاو، پڕۆژەی ریگای گەشەپێدان، دۆسیەی ئەمنی و دۆسیەی کاری کۆمپانیا تورکییەکان لە عێراق. ئەو دۆسیەیەش گرنگی خۆی ھەیە لە بەھێزکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا.

باسی لەوەشکردووە،لەنێوان عێراق و توركیا لەبارەی نزیكبونەوەی هاوبەش بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئاڵنگاریە ئەمینەكان و هەردوو دۆسیەی ئاو و ئاسایش بۆ عێراق و توركیا رێکەوتن دەکرێت.

لای خۆیشییەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە سەردانەکەی سبەینێی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق کرد و وێڕای ئاماژەدان بە هاوکارییەکانیان لەگەڵ عێراق لە بوارەکانی ئاسایش، وزە، کشتوکاڵ، ئاو، تەندروستی و پەروەردەیی، جەختی لەوە کردووەتەوە، "رێککەوتنی سەرەتایی بۆ واژوکردنی زیاتر لە ٢٠ رێککەوتننامە لە سەردانی سەرۆککۆمارمان بۆ عێراق، ئەنجام دراوە. سبەینێ بە ئامادەبوونی سەرکردەکان، ئەو رێککەوتننامانە واژۆ دەکرێن".

وەزیری دەرەوەی تورکیا راشیگەیاندووە، ئەردۆغان دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا و دواتر سەردانی هەولێر دەکات.

هاوکات، رۆژی شەممە، 20ی ئەم مانگە، مەجید ئەلجەماوی، باڵیۆزی عێراق لە تورکیا ئەو زانیارییانەی پشتڕاست کردووەتەوە کە سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا، "یارمەتیدەر دەبێت لە چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ و دەبێتە شایەتی واژۆکردنی رێککەوتنێکی چوارچێوەی ستراتیژی."

بەگوێرەی زانیارییەکانی  ئاژانسی هەواڵی عێراق، لە سەردانەکەی ئەردۆغاندا گفتوگۆ و رێککەوتن لەسەر ئەم پرسانە دەکرێت:
واژۆكردنی دوو رێككەوتنی ستراتیجی و زیاتر لە 20 یاداشتی لێكتێگەیشتن.
رێككەوتنێكی ستراتیجی لەبارەی دۆسیەی ئاو واژۆدەكرێت, كە چەندین خاڵ و بڕگە لەخۆدەگرێت.
رێككەوتنی چوارقۆڵی عێراقی, توركی, قەتەری, ئیماراتی, واژۆدەكرێت, لەبارەی رێگای گەشەپێدان.
رێككەوتن لەنێوان عێراق و توركیا دەكرێت, لەبارەی نزیكبونەوەی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریە ئەمنییەكان.
هەردوو دۆسیەی ئاو و ئاسایش بۆ عێراق و توركیا لە پرسە گرنگ و یەكلاكەروەكانن.

ئەردۆغان بەم سەردانەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێتە یەکەم سەرۆککۆماری تورکیا کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار