نێچیرڤان بارزانی: پشتیوانی لە لابردنی کۆتوبەند و سانسۆر لەسەر رۆژنامەنووسان دەکەم

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەخت لەسەر لە لابردنی کۆتوبەند و سانسۆر لەسەر رۆژنامەنووسان دەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 22ی نیسانی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "126مین ساڵیادی رۆژى رۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی رۆژنامەی كوردستا-ی رەوانشاد (میر میقداد بەدرخان) و 26مین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان‌، به‌گەرمى لە ته‌واوى رۆژنامەنووسانى كوردستان پيرۆز دەكەم، هیوای سەركەوتنيان بۆ دەخوازم".

ئاماژەی بەوەکردووە، "لەم یادەدا داكۆكى له‌ زه‌مينه‌ و ژينگه‌ى هاندەر بۆ کاری میدیایی، کارئاسانی بۆ دەستگەیشتنی رۆژنامەنووسان بە سەرچاوەكانی زانیاری بەبێ جیاوازی و دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی کۆتوبەند و سانسۆر بەسەریاندا ده‌كه‌مه‌وه‌ بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسان بەرپرسیاريانه‌ رۆڵی پیشەیيی خۆیان لە چاودێریکردنی دامەزراوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵک و دروستکردنی رای گشتیدا ببینن و ببنە فاکتەر و هاوکارێکی گرنگ لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسى و کرانەوەی كۆمەڵگەدا".

لە پەیامەکەدا هاتووە، "لە کاتێکدا پشتیوانیی تەواوم بۆ رۆژنامەنووسان و باوەڕی نەگۆڕم بە ئازادیی رۆژنامەگەری و ڕادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز دووپات دەكەمەوە، داوا لە رۆژنامەنووسان ده‌كه‌م پابەندی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و ئیتیکی رۆژنامەوانی بن له‌ ڕاستگۆیی، هاوسەنگی، بێلایەنی، دوورکەوتنەوە لە هەواڵی ساخته‌ و زمانی زبر، هه‌روه‌ها هاندەری پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سه‌قامگيريى سیاسی و پارێزه‌رى به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى گه‌ل و نيشتمان بن".

سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، "هاوکات رۆڵی ڕێكخراوە ناوخۆيى و نێودەوڵەتييه‌کانی تایبەت بە چاودێریکردنی ڕەوشی ئازادیی رۆژنامەگەری و رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین، دووپاتی دەکەینەوە کە دەبێ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان بەپێی یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەر كه‌يسێكى بوارى رۆژنامەوانيدا بکەن".

لە کۆتایی پەیامەکەدا نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "سڵاو لە یادی رۆژنامەنووسانی شەهید و ئەو رۆژنامەنووسە پێشەنگانەی لە سەردەمی شۆڕش و ئازادیدا، ژیانی خۆیان بۆ گەیاندنی راستی و پێشخستنی رۆژنامه‌گەریی كوردستان تەرخان كرد".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار