دوای گەڕانەوەی سوودانی لە ئەمریکا میلیشیا شیعەکان لە رۆژێکدا دوو جار هێرشیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا کردووە

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی، هەوراز حوسێن

دەوروبەری کاژێر 10ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار بە درۆن هێرشی کرایە سەر. ئەمە دوای ئەوە هات شەوی رابردوو میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بڵاویانکردەوە لە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بەردەوامدەبن.

ئەمڕۆ دووشەممە 22-4-2024، بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق بە درۆن هێرشی کرایە سەر. هێشتا زیانی گیانی و مادی دیارنییە. رۆژێک بەر لە ئێستاش بنکەی خەرب لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە 5 مووشەک لەلایەن چەکدارانی کەتایب حزبوڵای نزیک لە ئێرانەوە کرایە ئامانج.

بە گوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا مووشەکەکان لە پارێزگای زوممارەوە ئاڕاستەی بنکە سەربازییەکە کراون. ئەم دوو هێرشە دوابەدوای یەکەی چەکدارانی نزیک لە ئێران لە عێراق دوای ئەوە دێت، لە مانگی شووباتەوە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق راگرتبوو. بەڵام دوای سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا رایانگەیاند، هێرشەکانیان دەستپێدەکەنەوە.

ئەمریکا نزیکەی 2500 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی لە ژێر ناوی ئەمریکا و نزیکەی 900 سەربازی دیکەشی لە سنوورەکانی سووریا لە ژێر ناوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق هەیە. ئەو هێزانەش بەردەوام نیشانەی هێرشی درۆنی و مووشەکی هێزە شیعەکانی نزیک لە ئێرانن لە عێراق.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار