کەنەکە: پێویستە هەموو کوردستانیان ئەو راستییە بزانن دەوڵەتی تورک شەڕی بوون و نەبوون لەگەڵ کورد دەکات

یەک هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی، هەوراز حسێن

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هۆڵەندا 22ـەمین کۆبوونەوەی گشتیی خۆی بەڕێوەبرد و باسیان لە رەوشی کورد لە تەواوی کوردستان کرد. کەنەکە دەڵێت، دەوڵەتی تورکیا بۆ شاردنەوەی ئەو قەیرانە ئابووری و دیپلۆماسیانەی لە نێوخۆی وڵاتەکە و دەرەوەیدا هەیەتی هێرشدەکاتە سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان و شەڕی بوون لەگەڵ کورددا دەکات.
رۆژی 20 و 21ی نیسانی 2024، کۆنگرەی نەتەوەیی کەنەکە لە هۆڵەندا کۆبوونەوەی 22ی خۆی بە بەشداری نوێنەرانی باشوور، باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەبرد و لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێکیان بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، بڕیار و دەرەنجامی کۆنفرانسی لۆزانیان لە یادی 100 ساڵەی ئەو پەیماننامەیەدا لە ژێر ناوی، "هەڵوێستی گەلی کوردستان لە یادی سەد ساڵەی پەیمانی لۆزان" تاووتوێ کردووە و پلانی کاروچالاکییەکانی کۆنگرەکەیان لەو یادەدا خستووەتەڕوو.

لە راپۆرتی کۆنگرەدا هاتووە، دەوڵەتی تورکیا دەستی بە کوشتنی گەلی کورد کردووە و لەم کاتەدا " شەڕێکی ستراتیژی و پلان بۆ داڕێژراو لە دژی گەلەکەمان بەڕێوە دەبات". یەکێک لەو پەیامانەش راپۆرتەکە دەیەوێت بیدات بە گوێی خەڵکدا ئەوەیە، " هەموو کوردستانیان ئەو راستییە بزانن دەوڵەتی تورک شەڕی بوون و نەبون لەگەڵ کورد دەکات."
هاوکات باس لە پلانی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، داگیرکارییەکە تاوەکو سنووری باشیکە، شەنگال، کەرکوک، مەخمور، پێنجوێن، چەمچەماڵ و کفری درێژدەبێتەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەردۆغان و تورکیا دژی قەوارەی هەرێمی کوردستانن و هەوڵی لەناوبردنی دەدەن، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو کوردستانیان بەرگری بکەن بۆ پاراستنی ئەو قەوارەیە. هەروەها بەرپرسانی تورکیا ترسی ئەوەشیان لە دڵدا نیشتووە لە رۆژئاوای کوردستان ئەزموونێکی هاوشێوە دروستبێت. گوایە ئەردۆغان و چەند بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە گوتوویانە، "ئەو هەڵەیەی لە باکوری عێراق کردمان لە باکوری سوریا دووبارە نابێتەوە".

لە راپۆرتی کۆبوونەوەی ساڵانەی کەنەکەدا باس لە ستراتیجییەتی دەوڵەتی تورکیا بۆ رێگریکردن لە بەرەوپشچوونی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، " دەوڵەتی تورکیا بەشێوەیەکی گشتی ژێرخانی ڕۆژاڤا و شوێنەکانی ژیانی (کۆگای ئاو، وێستگەی کارەبا، کۆگای دانەوێڵە، کارگە، نەخۆشخانە و شوێنی دیکەی هاوشێوە) دەکاتە ئامانج". هاوکات باس لەوە دەکەن، ئەمانە تاوانی جەنگن و کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەوڵدەدات تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا بخاتە بەردەم دادگە نێودەوڵەتییەکان.

لەبارەی کەرکوکیشەوە لە راگەیێنراوەکەدا وتووێژ کراوە، لەو چوارچێوەیەشدا باس لە هەڕەشە و دەستێوەردانەکانی تورکیا بۆ سەر کەرکوک کراوە و دەڵێت، "دەوڵەتی تورک ئەم شارە بە شاری تورکمان ناو دەبات و دەمێکە دەستێوەردان لەو ناوچەیە دەکات. پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی ئێستای کەرکوک هەستیار بن بەرامبەر بە شاری کەرکوک و دانیشتوانی کەرکوک".

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئێستای عەبدوڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەری پارتی کرێکاران دەکات لە زیندانی ئیمراڵی. بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئەوە ماوەی 3 ساڵ و مانگێکە هیچ زانیارییەک لەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان و 3 هاوڕێکەی لەو زیندانەوە نەهاتووەتە دەرەوە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، هاوشێوەی پەرلەمانێکی کوردی کە کۆکراوەی نوێنەری هەر چوار پارچە جیاکراوەکەی کوردستانە، بۆ گەیاندنی دەنگی کورد لە جیهان و ئاڕاستەکردنی کێشە و هەڕەشەکانی سەر کورد و کوردستان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردەکات. لە ساڵی 1999 لە ئەمستردامی پایتەختی بە ئامادەبوونی 700 نوێنەر و میوانی کورد و بیانی دامەزرا؛ لە کەنەکەدا 38 پارت، هێز و رێکخراوی کوردی لە هەر چوارپارچەی کوردستان نوێنەر و ئەندامن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار