دوایین زانیاری لەبارەی بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ

یەک هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد

نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە و کۆمەڵێک خاڵی گرنگیان تایبەت بە کێشەکانی مامۆستایانی وانەبێژ تاوتوێ کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 23ی نیسانی 2024، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ بە هاوڵاتی رایگەیاند، "دوێنێ دووشەممە 22ی نیسانی 2024 نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم و ئەنجومەنی وەزارەت کۆبووینەوە و کۆمەڵێک بابەتی گرنگ تایبەت لەسەر کەیسی مامۆستایانی وانەبێژ باسکرا".

ئاماژەی بەوەکرد، "دوێنێ دووشەممە ناوی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ کە 37 هەزار و 740 وانەبێژ بوون نێردرا بۆ حکومەتی عێراق بۆ مەبەستی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەشێوەی گرێبەستی هەمیشەیی، هەروەها حکومەتی هەرێمیش نووسراوی فەرمیی کردووە بۆ حکومەتی فیدڕاڵ و داوای لێدەکات بۆ تەرخانکردنی دارایی پێویست بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم".

کارۆخ عەبدوڵڵا وتی، "تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان تایبەت بوو بە وانەبێژانی بەخشراو و ئەوانەی ساڵانی رابردوو وانەبێژ بوون ناویان لەناو ریزبەندی پەروەردەکاندا هەبوو، بەڵام لادراون، ناو و زانیاریان بە دۆکیومێنت داواکرا، تاوەکو بنردرێت بۆ وەزارەت".

روونیشیکردەوە، " دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ لەلایان حکومەتی هەرێمەوە دەبێت، بەڵام ئەرکی دارایی لەسەر حکومەتی فیدڕاڵ دەبێت".

ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 37 هەزار و 740 وانەبێژە و پێویستی شایستەیان بۆ دامەزراندن زیاتر لە 18 ملیار دینارە بۆ هەر مانگێک، هەروەها شایستەی مانگانەی گرێبەست بۆ دبلۆم 400 هەزارە و بۆ بەکالۆریۆس 500 هەزار دینار دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار