ڕەنجدەر جەبار: هەر بەرهەمێک پێش ئەوەی بڕیار لە وەرگێڕانی بدەم، دەبێت دەقێکی داهێنەرانە و بەرهەمێک بێت بتوانێت بچێتە دڵی خوێنەرەوە.

5 ساڵ لەمەوپێش



له‌ماوه‌ى ڕابردوودا ڕۆمانێکى تایبه‌ت و ناوازه‌، له‌ ئه‌ده‌بیاتى عه‌ره‌بى و وڵاتى کوه‌یت، به‌زمانى کوردى که‌وته‌ به‌ر دیده‌ى خوێنه‌ران، ئه‌ویش ڕۆمانى (قه‌دى بامبۆ)ى نوسه‌ر (سعود لسنعوسى)ه‌، ئه‌م ڕۆمانه‌ له‌لایه‌ن وه‌رگێڕى لاو (ڕه‌نجده‌ر جه‌بار)ه‌وه‌، وه‌رگێڕاوه‌، که‌ پاش بڵاوبونه‌وه‌ى ده‌نگدانه‌وه‌ى یه‌کى باشى له‌ناو خوێنه‌راندا دروستکرد، بۆ قسه‌کردن ده‌رباره‌ى ڕۆمانه‌که‌و چۆنێتى وه‌رگێڕانى ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ سازدا.

سازدانى: شاخه‌وان سدیق

هاوڵاتی: کەى بوو ڕۆمانى (قەدى بامبۆ)تان خوێندەوەو چۆن بوو بڕیارى وەرگێڕانیتان دا؟

- یەکەمجار ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٧ بوو قەدی بامبۆم خوێندەوە، هەر ئەو کاتەی خوێندمەوە بیرم لە وەرگێڕانی کردەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پێم وایە ڕۆمانێکی بێ پێشینە و کارێکی داهێنەرانەیە و بەرهەمێکە شایستەی ئەوەیە کاتی بۆ تەرخان بکرێت، چ وەک خۆم، بۆ وەرگێڕانی و چ وەک خوێنەر بۆ خوێندنەوەی و، چ وەک کتێبخانەی کوردی، کە لەم دوو دەیەی کۆتاییدا پێشکەوتنی زۆر بەباشی بە خۆیەوە بینیووە. هەروەها ئەم ڕۆمانە ساڵی ٢٠١٦ زنجیرە درامایەکی لێ بەرهەم هاتووە و لە سەر شاشەی کەناڵی (mbc) پەخش کراوە، ئەوەش یەکێک بوو لەو هۆکارانەی زیاتر هانی دام ئەم ڕۆمانە وەربگێڕم.

هاوڵاتی: پرۆسەى وەرگێڕانى ڕۆمانەکە چەندى خایاند تا ئەوکاتەى چاپ و بڵاوکرایەوە؟

- ئەم پرسیارە دەکرێت بە دوو بەش وەڵامی بدەمەوە، سەبارەت بە کاتی وەرگێڕانی پێنج مانگی خایاندووە لە ساڵی ٢٠١٨. بۆ کاتی بڵاوکردنەوەشی، شەش مانگ پاش ئامادەبوونی چاپ و بڵاوکرایەوە. هەرچەند بە گوێرەی ئەو پلانەی هەمانبوو دەبوو زووتر بڵاو بکرایەوە، بەڵام کاتی بڵاوکردنەوەی کەوتە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵی ٢٠١٩.

هاوڵاتی: ئەم ڕۆمانە لەگەڵ بڵاوبونەوەیدا پێشوازى باشى لێکراو باش خوێنرایەوە، ئایا ئەمە بەهۆى جوانى و سیحرى ڕۆمانەکەوەیە یان هۆکارەکەى وەرگێڕانەکەى بەڕێزتان و ناوبانگى ئەو دەزگایەیە کە بۆى بڵاوکردیتەوە؟

- لە بنەڕەتدا ڕۆمانەکە کارێکی دانسقە و داهێنەرانەیە و بەئاسانی خوێنەر بۆ خۆی ڕادەکێشێت، دەکرێت بڵێم کارێکە هێندەی خوێنەر لاپەڕەی یەکەمی خوێندەوە، ئیتر هیچ شتێک ناتوانێت ڕایبگرێت لە تەواوکردنی. سەرەڕای ئەوەش وەرگێڕانی جوان و خۆماندووکردن پێیەوە و هەروەها ناوبانگی دەزگای بڵاوکردنەوە و ئاستی مەعریفی و ناوبانگی بەڕێوەبەرانی ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە ناساندن و جوانترکردنی ئەم ڕۆمانە لای خوێنەری کورد. بەکورتی دەکرێت بڵێم هەریەک لە توانای نووسەر و وەرگێڕ و دیزاین و ناساندنی ئەم بەرهەمە لەلایەن هاوڕێیانم لە ناوەندی ڕەهەند ڕۆڵی خۆیان هەبووە بۆ ئەوەی بەو جۆرە پێشوازی لێ بکرێت.

هاوڵاتی: زۆرجار شاکارى گەورەى جیهانیمان خوێندووەتەوە و هیچ چێژێکمان لێ نەبینیوە، لەکاتێکدا لەسەر ئاستى دونیا ناوبانگى گەورەى هەیە، ئایا ئەمە کێشە لە وەرگێڕانەکەیدایە بۆکوردى یان بەبڕواى تۆ چییە؟ تۆ تاچەند هەوڵت داوە لەم ڕۆمانەدا ناوەرۆکى زیندوانەى دەقەکە بگوازیتەوە؟

- وەرگێڕان ڕۆڵی گرنگی هەیە لە گەیاندنی هەر بەرهەمێک بە خوێنەرانی زمانی دووەم، کاتێک وەرگێڕان بەجۆرێکی وەها نەبێت لە دڵی خوێنەردا جێگەی خۆی بگرێت و دەقە بەکارهێنراوەکانی وەرگێڕ لە زمانی دووەم داهێنەرانە نەبێت، هەرگیز ئەو بەرهەمە ناتوانێت بەو جوانییەی خۆی دەرکەوێت و ماندووبوون و لێزانی نووسەرەکەی بێبایەخ دەکات. بۆ خۆم چەندین جار بەر ئەو دەقە گرنگانە کەوتووم کە وەرگێڕ نەیتوانیووە بەجوانی کاری لەسەر بکات و مافی خۆیی پێ بدات، یان بە جۆرێکی تر بڵێم کەمترین خۆماندووکردنی پێوە دیاربووە. بەو پێیەی من هەستم بە گرنگی و جوانی ئەو ڕۆمانە کردووە، هەموو توانای خۆمم خستووەتە خزمەت وەرگێڕانی ئەو ڕۆمانەوە. ئەوەش خوێنەران دەتوانن بڕیار لەسەر بەزیندوو ڕاگرتنی دەقی ڕۆمانەکە بدەن. بە بڕوای من هەرگیز نابێت خوێنەر بەکەم یان بە نەزان تەماشا بکرێت، دەبێت وەرگێڕ بە جۆرێک کار بکات، کە خوێنەرەکانی لە خۆی بە وشیارتر و وردتر و شارەزاتر بزانێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرهەمێکیان پێشکەش بکات شایەنی خوێندنەوە بێت.

هاوڵاتی: ئایا پەیوەندیتان لەگەڵ نووسەرى ئەم ڕۆمانەدا هەیەو ئەو دەزانێت ڕۆمانەکەتان وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانى کوردى و لێرە ئەو پێشوازییە باشەى لێکراوە؟

- هەموو ئەو ڕۆمانانەی وەرمگێڕاون بەم ڕۆمانەشەوە، پێشتر پەیوەندیم بە نووسەرەکانیانەوە کردووە. سەبارەت بە (قەدی بامبۆ) لەو کاتەوەی بڕیارم دا ئەم ڕۆمانە وەرگێڕم، پەیوەندیم بە نووسەرەکەوە کرد و ئەویش خۆشحاڵی خۆی دەربڕی، هەروەها مافی لەچاپدانی ئەم ڕۆمانە بە زمانی کوردی لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند وەرگیراوە، بەو پێیەی ئەرکی لەچاپدان و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕۆمانەیان لەئەستۆ گرتووە.

هاوڵاتی: مەرجى ئێوە بۆ هەڵبژاردن و وەرگێڕانى هەر بەرهەمێکى ئەدەبى چییە؟ ئایا بەنیازن لە ئایندەدا هیچ بەرهەمێکیترى ئەو نووسەرە واتە نوسەرى ڕۆمانى (قەدى بامبۆ) وەربگێڕن بۆسەر زمانى کوردى؟

- هەر بەرهەمێک پێش ئەوەی بڕیار لە وەرگێڕانی بدەم، دەبێت دەقێکی داهێنەرانە بێت و کارێک بێت ئاستێکی ئەدەبی باڵای هەبێت، بەرهەمێک بێت بتوانێت بچێتە دڵی خوێنەرەوە، هەروەها لە ڕووی هزرییەوە لەگەڵ فەلسەفەی ئەو بەرهەمە ئەدەبییە هاوڕابم. کاتێک بڕیار لەسەر وەرگێڕانی بەرهەمێک دەدەم جۆرە پەیوەندییەکی ڕۆحیم بۆ دروست دەبێت لەگەڵ ئەو دەقە، کە وادەکات بە ئاسوودەیی کاری لەسەر بکەم و پەرۆش بم بۆ ئەوەی کارێکی پێشکەش بکەم شایەنی کتێبخانەی کوردی و خوێنەری کورد بێت، چونکە پێم وایە کتێبخانەی کوردی و خوێنەری کورد شایستەی باشترینەکانن. لە پلانمدا هەیە لە داهاتوودا بەرهەمێکی دیکەی نووسەر (سعود ئەلسنعوسی) بە ناوی (حمام الدار) بکەم بە کوردی، هەروەها خودی نووسەر پێشنیاری دوو بەرهەمی دیکەیی بۆ کردووم کە یەکێکیان هێشتا بڵاونەکراوەتەوە.

هاوڵاتی: ئەوەندەى ئێوە ئاگاداربن لەناو دونیاى ئەدەبى کوەیتى و بەگشتى عەرەبیدا دەنگدانەوەى ئەم ڕۆمانە چۆن بووە؟

- لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانە دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو لە ناو جیهانی ئەدەبیاتی عەرەبی بەگشتی و کوێتی بەتایبەتی. هەر ئەمەش وایکرد هەریەکە لە خەڵاتەکانی: خەڵاتی نێودەوڵەتی هاندان لە کوێت ساڵی ٢٠١٢ و خەڵاتی جیهانی بۆ ڕۆمانی عەرەبی (بوکەر) ساڵی ٢٠١٣ وەربگرێت. هەروەها لە هەمووی گرنگتر دەنگدانەوەی ئەم ڕۆمانە وایکرد بکرێتە زنجیرە درامایەک و لە سالی ٢٠١٦ لە ژێر هەمان ناو "ساق البامبو" پەخش بکرێت.

هاوڵاتی: ئەم رۆمانە بەگشتى کار لەسەر پرسى شوناسى مرۆڤ دەکات، کە لە ئێستادا بووەتە کێشەیەکى جیهانى. پێتان وایە ئەم ڕۆمانە بچێتە خانەى ئەو نوینانەوە کە باس لە سەرگەردانى و داماوى مرۆڤى مۆدێرن دەکەن بۆ وێڵبوون بەدواى شوناسى ونبوویاندا؟

- ئەم ڕۆمانە و چەندین دەقی ئەدەبی دیکەش هەیە لە جیهانی ئەدەبیاتی عەرەبیدا پرسی شوناس وەک بابەتێکی گرنگ دەناسێنێت. لە کاتێکدا لە جیهانی ئەمڕۆی ئەم ناوچەیەی کە دەوڵەمەندە بە کلتووری جۆراوجۆر و سەرچاوەی سروشتی زۆر و سەرەنجام هەموو ئەمانە پێکەوە وایان کردووە ناوچەکە  سەر بکێشێت بۆ جەنگ و کاولکاری، مرۆڤەکان چیتر پێویستیان بە جۆرێکی تر لە تێڕوانین هەیە بۆ مژاری شوناس و ناسنامە بۆ ئەوەی بتوانن جارێکی دی ناوچەکە لە هەموو ئەو قەیرانانە ڕزگار بکەن کە وەک هەورێکی ڕەش باڵی کێشاوە بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا. بۆیە چیتر ئەو دیدانەی ڕابردوو بۆ شوناسی مرۆڤ لەم سەردەمە و لەم ناوچە جوگرافییە ناتوانێت وەڵامی پێداویستییە کۆمەڵایەتی و هزرییەکانی توێژە کۆمەڵایەتییەکان بداتەوە.

هاوڵاتی: تاچەند پێتان وایە وەرگێڕان لە زمانى یەکەمەوە هاندەرە بۆ گواستنەوەى ڕۆحى زیندووى دەقەکان بەو پێیەى ئەم کارەى تۆ لە زمانى یەکەمەوە کراوە؟

- هەموو زمانێک تایبەتمەندی و جوانییەکی تایبەت بە خۆیی هەیە. لە کاتی وەرگێڕاندا ئەگەر وەرگێڕ زۆر وریا نەبێت ڕەنگە دەقی وەرگێڕدراو بەشێکی بەرچاوی جوانییەکەی لەدەست بدات. هەرچەندە زۆرجار ئەگەر بەشێکی کەمیش بێت لە جوانییەکانی زمانی یەکەم لەکاتی وەرگێڕاندا ون دەبێت یان پەنهان دەبێت، ئەوەش بەهۆی جیاوازی و تایبەتمەندی هەریەک لە زمانەکان لە یەکتری. ئەمە وا دەکات من وەرگێڕان لە زمانی یەکەمەوە بە گرنگتر بزانم و هەست دەکەم زیاتر جێگەی متمانەیە. بەڵام ئیتر ئەمە مانای ئەوە نییە وەرگێڕان بۆ زمانی سێیەم و چوارەم نەکرێت، بکرێت، بەڵام هەتا زمانزان و وەرگێڕی باش هەبن، وەرگێڕان لە زمانی یەکەمەوە بکرێت باشترە و زیاتر دەبێتە جێی متمانەی خوێنەر. پێم وایە ئێمە وەکو کورد هێندە توانای مرۆییمان هەیە بتوانین وەرگێڕانی دەقەکان لە زمانی یەکەمەوە ئەنجام بدەین کاتێک بە زمانە جیهانییەکان نووسرابن، بەڵام ئەو توانایانە دەبێت بدۆزرێنەوە و هان بدرێن بۆ ئەوەی ئەم بوارە بەرەو پێش ببەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار