نووسین وەک پرۆسەیەکی ئاڵۆز         

2019-07-04 11:36:08



  ئارام کاکەی فەلاح

 

دەتوانم بەم پرسیارە گرنگە دەست پێبکەم، کاتێ من تێکستێک دەنووسم ئایا ئەوە کێیە ئەو تێکستە دەنووسێت؟ ئەوە کێیە لەناو ئەو تێکستەدایەو ئەوە کێیە لە دەرەوەیەتی و دەینووسێتەوە؟ ئایا چ پەیوەندییەک ئەم دوانە پێکەوە دەبەستێتەوە؟ ئایا ئەمانە بەتەنیا دوانن یان زیاترن؟ کە من وەک نووسەرێک کاراکتەرێک دروست دەکەم، تا چەندێ من لەناو ئەو کاراکتەرەدام، تا چەندێ ئەو (من)انەم  لەناو کاراکتەرەکەدایە و تا چ ئاستێک بەو زمانە قسە دەکات کە بەشێک لەمن دەیەوێ قسەی پێبکات و تابیر لەخۆی بکات؟ کە ئەو تابیر لە خۆی دەکات تا چەندێ تابیر لەمنیش دەکات؟ ئەمانە کۆمەڵێ پرسیاری گرنگن کە پێم خۆشە وەڵامیان بدەمەوە. بۆ نموونە کە من کتێبێک دەخوێنمەوە و دەڵێم من ئەو کتێبەم بەدڵ بوو، ئایا ئەو منە مەبەستم کێیە و چ منێکە؟  ئایا من ئەو کتێبەم بەدڵە وەک نووسەرێک یان وەک خوێنەرێک یان وەک مامۆستایەک کە پیشەی ڕۆژانەمە یان وەک باوکێک کە ئەزموونێکی زۆری باوکایەتیم هەیە لەگەڵ کچەکەمدا یان وەک هاوڕێیەک؟ یان وەک کوردێک گەر تێکستێکی کوردی بێت، بەڵام من لەهەمان کاتدا هاووڵاتییەکی سویدیشم؟ ئەمە کامیانە؟ وەکو کام لەمانە من ئەم کتێىەم خوێندەوەو بەدڵم بوو؟ گەر ئەو نووسەرەی بۆ نموونە ڕۆمانێکم بۆ دەنێرێ و من دەیخوێنمەوە، ڕەنگە من ئەو ڕۆمانەم تەنها لەبەر ئەوە بەدڵ بێ کە نووسەرەکەی برادەرمەو کۆمەڵێ یادگاری جوان لە نێوانماندا هەیە کە ئەوەش قورساییەکی زۆر دەبەخشن بە سەیرکردن و تێڕوانینمان بۆ شتەکان و خۆمان و دەوروپشتمان. یان من ئەوەندە ئازا بووم وا بەئاسانیی هاوڕێییەتیم کردەوە دەرەوەی خۆم و تەنها وەک بێ لایەنێک خوێندمەوە؟ ئایا بەڕاست ئێمە هێندە ساویلکەین کە بێلایەن تێکستەکان بخوێنینەوە یان بنووسین؟ یان ئەوەی دەینووسین و دەیخوێنینەوە بەهەزارەها پەت و زنجیر بە ئێمەوە بەستراوەتەوەو لە دەیەهاو سەدەها ڕێگاوە دێتەوە سەر ئێمە؟ لێرەدا ئێمە وەک من و منەکان بەکاردێنم.

بۆیە پرۆسەی نووسین و خوێندنەوە زۆر ئاڵۆزترە لەوەی هەندێ کەس سەیری دەکەن بیری لێ دەکەنەوە. با چەند نموونەیەک بێنمەوە تا بزانین ئەم پرۆسەیە چۆن ئیش دەکات؟ شەوێکیان  مێرسیدس پاردۆ کە ژنی نووسەری گەورە گابریل گارسیا مارکیزە لە خەو هەڵدەستێت و دەبینی مێردەکەی لە تەنیشتییەوە نییەو دڵی دادەخوڕپێ و دەڕوات بزانێ لە کوێیە، لە ژوورێکی تر دەیبینێ مارکیز دانیشتووەو دەگری. کاتێک مارکیز ژنەکەی دەبینی باوەشی پێدا دەکات و دەداتە پڕمەی گریان هاوار دەکات! ئای مێرسیدس! پاڵەوانەکەم مرد، ئەو کاراکتەرەی من دروستم کرد مرد، من کوشتم.. من کوشتم. لێرەدا پرسیارێکی زۆر گرنگ سەرهەڵدەدا، ئایا مارکیز تاوانبارە لە کوشتنی ئەم کاراکتەرەی ناو کتێبەکەی کە کوشتنێکی ڕەمزییە؟ گەر تۆ بڵێی نەخێر تاوانبار نییە، ئایا وا بەئاسانی دەتوانی بڵێیت نەخێر و بەلایدا تێپەڕین، گەر وایە بۆچی مارکیز دەگری؟  کەواتە هەست بەشتێ دەکات، هەست بە بەشدارییەکی کەمی دەکات لە کوشتنی کاراکتەرەکەیدا هەرچەند کوشتنێکی ڕەمزی ناو رۆمان و کتێبەکانیش بێت. بۆ؟ چونکە ئەو نووسەرەکەیەتی و ئەو نووسیوێتی و ئیمزانی ڕەمزی لەسەر کردووە با ڕازیش نەبێ لە فەوتانی. ئەو دەیتوانی بڵێ ئەوە من نیم، ئەوە تەنها کاراکتەرێکی ناو کتێبەکەیەو پەیوەندی بە منەوە نییەو تا بەیانی خەوی لەخۆی نەدەزڕاند پرخە پرخ لەتەنیش ژنە ئازیزەکەیەوە وەک منداڵێک دەنووست. بەڵام نەیتوانی بنووێ و نەیتوانی بڵێ کە هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نییە، بۆ؟ چونکە دەزانێ گەر وا بڵێ ڕاست ناکات. من ناڵێم ئەو حەزی کردووە بمرێ، نا، من دەڵێم ئەو لە شوێنێکی زۆر ئاڵۆز و پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزدا بەشدارە، خۆی نووسەرەکەیەتی و خاڵقی یەکەمی کاراکتەرەکانێتی. بە ڕێژەی چەند بەشدارە؟ ئەوەیان وەڵامدانەوەی زۆر زەحمەتە و دوایش باسێکی ئەو ڕێژەیە دەکەم. کە دەڵێم خاڵقی یەکەمە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم خاڵقی دووەم و سێیەمیش هەیە، ئەوەی نووسەر بێ دەزانێت من باسی چی دەکەم، خاڵقی دووم و سێیەم ئەو کاراکتەرانەن کە لە درێژەی پرۆسەی نووسیندا لە ناو تێکسدا  بێ ئەوەی نووسەر بیەوێ درووست دەبن و خۆیان پێشدەکەون و گەشە دەکەن و زۆر جار نووسەر کۆنترۆڵیکی زۆری بەسەریاندا نامێنێت، بەڵام ئاکتێکی زۆر گرنگمان لێرەدا بیر نەچێ کە تا ئێستاش قەڵەمەکە هەر بەدەست یەکێکەوەیە ئەویش نووسەرەکەیە. بۆیە پەیوەندییەکی زۆر قووڵ نووسەر و خوێنەر بە تێکستەکەوە دەبەستێتەوە هەر وا دڵپاک و بێ تاوان نییە.( کە بە ئینگلیزییەکەی زۆر جوانترە (ئینیسینت، کە بە کوردییەکەی تەواو ئەوە ئەوە نییە کە من دەمەوێ)، دەمەوێ بڵێم کە پرۆسەی نووسین هیندە ئاسان نییە ناکرێ وا هێندە روح پاک و فریشتەیی خۆمان پێشان بدەین .

کە تێکستێک دەنووسین و بۆ نموونە جنێوی زۆر ناشرینی تیایە، ئایا ئەوە بەسە بڵێین ئەوە من نیم لەناو تێکستەکەدا جنێو دەکەم، ئەوە کاراکتەرەکەمە، چونکە ئەم ڕستەیە زۆر سادە دێتە بەر چاو و من ناتوانم هەر وا بە ئاسانی بەلایدا تێپەڕم، ئەوەی بە قووڵی دەنووسێت و دەخوێنێتەوە دەزانێ لە پرۆسەیەکی وا ئاڵۆز و جددی دا ئەمە بەس نییە کە خۆت وا بەئاسانی بهێنیتە دەرەوە. بێگومان من لێرەدا مەبەستم هیچ کەسکی دیاری کراو نییە، بەڵکو ئەم بابەتە زۆر بابەتێکی گرنگە لای ئێمە باس نەکراوە و پێویستە زۆر بە فراوانی باس بکرێت و لەسەری بنووسرێت. بەڵام با بڵێین تۆ نیت و تۆ ئەو زمانە بەکارناهێنیت و بەدڵت نییە، ئەی باشە کێ ئەمەی نووسیووە؟ کێ ئەو بڕیارەی داوەو  بەو کاراکتەرە دەڵێ تۆ بەو زمانە قسە بکە؟ ئەوە تۆی  ئەو بڕیارەت داوە کە ئەو وا بنووسێت، وایە؟ کەواتە لە ناو (من)انەدا کە تۆ نووسیوتە ئەو (من)ەیانە کە دەیەوێ بەو زمانە تابیر لە خۆی بکات. لێرەدا بە هەڵە تێمەگەن، من ناڵێم ئەوە تۆیت کە جنێو دەدەی، چونکە لەناو ئەو (من)انەدا منێکی فەرمی هەیە کە نمایندەی تۆیەو لە تۆوە لە هەموان نزیکترە، ڕەنگە ئەوە زۆر بەدڵی نەبێ کە یەکێک لە منەکانی ناو تۆ وا قسە دەکات، بەڵام هەر دەمێنێتەوە یەکێک لە منەکانی تۆ. بەڵکو دەڵێم ئەو بەشە لە تۆ ئەو جنێوانەی خستۆتە سەر زمانی ئەو کاراکتەرە کە حەزی لە جنێوە. وەک وتم من کۆمەڵێ(من)م، یەکێ لەوانە ئەو جنێوانەی نووسیوەتەوە. ئێستا هەموومان مرۆڤین، وایە؟ باش، هەموومان  بەشی خۆمان تووڕە دەبین و لە ئاستێک لە ئاستەکاندا کە زۆر تووڕە دەبین جنێویش دەدەین، ئیدی جنێوی سووک بێ یا قورس، وایە؟ بە دار بێ بە دیوار بێ، بەم بێ بەو بێ؟ بەهەر کەسێ بێ. هیچ کەسێ نییە زۆر تووڕە بێت پێبکەنێ، یان لە تاودا ئاو بخواتەوە، ئەوەی کەمێک ئاگاشی لە زانیست بێت دەزانێ کرداری تووڕە بوون پەیوەندییەکی زۆر قووڵی بە زمانەوە هەیە و ئەوەی زۆر تووڕە دەبێت و جنێو دەدا، هەمیشە بە زمانی دایک جنێو دەدا، تۆ بە دەیەها زمان قسە بکە پێبکەنەو نووکتە بکەو دڵت خۆش بێ، بەڵام کە تووڕە بوویت و جنێوت دا، بە زمانی دایک جنێو دەدەی،ئەمە تەنها من نایڵێم، ئەمە زانست دەیڵێ، کەواتە ئەو زمانی تووڕەییە وەک نووەسەرێک و خاڵقێکی تێکست لە تۆوە دەگوازرێتەوە، مانای بەشێک لەتۆ تووڕەیە و بەهۆی ئەو کاراکتەرەوە لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزدا پەڕیوەتەوە سەر زمانی کاراکتەرێک، ئەمەش حاڵەتێکی زۆر ئاسایی مرۆڤانە و باشترە ئینسان بە سادەیی قەت نەڵێ ئەوە من نیم کە جنێو دەدەم، بەڵکو ئەوە تۆیت کە جنێو دەدەیت، بەڵێ ئەوە (من)م کە جنێو دەدەم، بەڵام هەموو (من) نا، بەڵکو منێک لە منەکان، کە لە شوێنێک لە شوێنەکان تووڕەیان کردووە، ئەو پەڕچەکردارەش ماوەیەکی بەسەر چووەو لای ئەو (من)ە ماوەتەوە لە بەشی دواوەی مێشکدا سەیڤ بووە و ئێستا بووە بە تێکستێک کاراکتەرێک لە کاراکتەرەکان بێ ئەوەی تۆ بتەوێ و حەزی پێ بکەی هێناوێتەوە و بووە بە زمانی کاراکتەرەکە. بەڵام ئەم حاڵەتە تەواو لەوە جیاوازە کە هەندێ جار تۆ کاراکتەرێک دروست دەکەیت کە یەکێکی تر خۆی تێدا دەبینێتەوە، بۆ نموونە من لێرەدا دەتوانم باسی نووسەری ئازیز بەختیار عەلی بکەم کە زۆر جار لە چاوپێکەوتنەکاندا دەبێت بەرگری لەخۆی بکات کە لەبەر جوانی نووسینەکانی کەسانی زۆر خۆیان لە کاراکتەری ناو رۆمانەکانیدا دەبیننەوەو گەر بۆ نـموونە باسی هەر کەسێ بکات کە سمێڵی ڕەش بێ و حەزی لە ژن بێ، دەڵێن ئەوە فڵآنە کەسەو گەر خاکیی بێت و سیاسیی بێ و نەچێ بەلای ژندا و بۆ نەگبەتی یەک قەمسەڵەشی هەبێ دەڵێن ئەمە فیسارە کەسە. خوانەکا کەمێک قەڵەو بیت و حەزت لە ماسی بێ، یەکسەر یەکێکی بۆ دەدۆزنەوە، هەموو نووسەرەکان وان و کاراکتەری لەم جۆرەیان هەیە، ڕەنگە دەیەها کەس خۆیان لێ بووبێ بە ژنی ژێر باران، ئێ من گوناحم چییە؟ بێگومان دروست کردنی کاراکتەرەکانیش ئەمە باسێکی گرنگ  وقووڵی ترەو ئەویشیان پرۆسەیەکی سەربەخۆی ئاڵۆزی ترە و دەتوانم لە داهاتوودا بێمەوە سەری. لە کۆڕێکدا کاتی خۆی لە ستۆکهۆڵم نووسەری ئازیز بەختیار عەلی باسی پەیوەندی من و باوکی ناو تەلەفۆنی کرد و باسی ئەوەی کرد کە من زۆر لەناو ئەو چیرۆکەدام و بۆ ئەوەش ڕاست دەکات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا چەندێکی من لەناو ئەو چیرۆکەدایە، بەڕێژەی چەند؟ دیسانەوە، چ منێک لەناو ئەو چیرۆکەدایە، ئایا بەڕێژەی چەند منی نووسەری تیام کە پێم خۆشە بابەتێکی باوکێک بنووسمەوە کە لە کچەکەیەوە دوورە و بە ڕێژەی چەند منی باوک کە من خۆم لە کچەکەمەوە دوور بووم و ئەو حیکایەتی میروولەیەش کە لەناو چیرۆکەکەدایە هی منەو بۆ کچەکەمم کردووە تا ئێستاش ئەو حیکایەتەی لەبەرە و خۆشی دەوێت. ئەمانە پرسیارگەلێکی زۆر گرنگن و نـموونەی تریش دێنمەوە. من کاتی خۆی قووتابی بووم لە بەشی ئەدەب و زمانە بێگانەکان لە زانکۆی خارکۆڤ لە ئوکراینا، تێزێکم لەسەر (برایانی کارامازۆڤ) نووسی وپرۆفیسۆرەکەم کە کۆمۆنیستێکی کلاسیکی ڕوسی بوو، زۆر حەزی بەو نووسەرانە نەدەهات کە لەپێش شۆڕشی بەلشەفیکەوە هەبوون ، لەو نووسینەمدا حەزم کرد پێشانیبدەم کە دۆستۆێڤسکی خۆی لەناو کاراکتەرەکانیدا دابەش بووە، بەشێکی لە بەشە شەهوانییەکەی کارامازۆڤی باوکدا بوو، بەشێکی لە ئیڤاندا بە شەوە کابووسییەکانییەوە و بەشێکی لە شەڕی نێوان خودا و شەیتانەکانی ناو سەری دیمیتری کە هەمان شەڕی ناو سەری نووسەر خۆیەتی، دواجار پاڵەوانە خۆشەویستەکەی دەمێنێتەوە ئیلیکسی کارامازۆڤ کە دۆستۆێڤسکی وتەنی ئەمیان خۆشەویستی خودایە. نووسەر لەنێوان بیڕو بۆچوونی ڕادیکاڵەکانی ئەوسای رووسیاو خۆشەویستی خۆی بۆ مەسیح دابەش بووبوو. پرۆفیسۆرەکەم زۆری بەدڵ نەبوو، منیش وتم سەیری ژیانی دۆستۆێڤسکی بکە لە ناو هەموو ڕۆمانەکانیایەتی، وتی وا نییە، من باشتر دەیناسم، ئەو رووس بوو، منیش ڕووسم، منیش وتم ببوورە، دۆستۆێڤسکی تەنها هی تۆ نییە، هی هەموومانە. لە شاری سانتپروسبۆرگ لە ٢٢ ی دیسێمبەری ١٨٤٩ دەبوایە دوا رۆژی ژیانی دۆستۆێڤسکی بێت، قەیسەری ئەوسا حوکمی گولەباری بەسەردا دەدات و لە دوا چرکەدا تەنانەت چاویشی دەبەستنەوەو قەشەش ئایاتی ئینجیلی بەسەردا دەخوێنێ و لەدو چرکەدا پەرۆی سەرچاوی لادەبەن و قەیسەر لێی خۆش دەبێ، ئەم چرکەیە کارێکی گەورەی دەروونی لەسەر دۆسۆێڤسکی بەجێدێڵێت و لە ڕۆمانی ئیدیۆت  دا ١٨٦٩ لەسەر زمانی میشکین کاراکتەری سەرەکی رۆمانەکەی دەڵێت : ئایا مرۆڤ لەو کاتەدا، لە دواچرکەکانی ژیانیدا چی لە رۆحیدا ڕوودەدات؟

بۆیە لێرەوە جارێکی تر دێمەوە سەر زمانی جنێو و ئەو دەسەڵاتەی نووسین و نووسەران هەیانە بەتایبەتی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و ئینتێرنێت و سۆسیاڵ میدیا و جۆرەکانی کە فەیس بووک و لایڤەکان پڕبوونە لە زمانی جنێو و سوکایەتی کردن بەیەکتر و خەڵکێکی بێ شوماریش رۆشنبیرو ناڕۆشنبیر، خوێنەوارو نەخوێنەواری لێ کۆبۆتەوە، بەتایبەتی نووسین دەسەڵاتێکی زۆر گەورەی هەیە بۆیە مرۆڤ دەبێ زۆر بە وشیارییەوە بەکاری بێنێت تا بتوانێت داهێنانی تێدا بکات،چونکە دواجار داهێنانەکە خەونی هەموومانە. مەسەلەی دەسەڵاتی نووسین و بەکار‌هێنانی مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە تەنانەت نووسەرە گەورەکانیش هەندێکیان تێی ئاڵابوون، هەر با زۆر دوور نەڕۆین و لە دۆستۆێڤسکیدا بمێنێنەوە و هەر لەو رۆمانەی باسم کرد( برایانی کارامازۆڤ)، دۆستۆێڤسکی رۆمانەکەی خۆی لە هەندێ شوێندا بەکارهێناوە بۆ هێرشکردن سەر ئەو کەسانەی کە لەو زەمەنەدا رقیان لەم نووسەرە بووەو خۆشیان نەویستووە، ئەمیش لەناو رۆمانەکانیدا حەقی لێ کردوونەتەوە، بۆ نموونە هێرش کردنە سەر نووسەرێکی وەک میخاێل ساڵتیکۆڤ کە نازناوەکەی شیردین بوو کە زۆر گاڵتەجارانە لەرۆمانەکەیدا ناوی هێناوە. دوایش شیدرین کە سەرنووسەریی گۆڤاری ( بیرەوەرییە شۆڕشگێڕییەکان) بووە لە گۆڤارەکەیدا وەڵامی داوەتەوە. هەر تەواو وەک لای خۆمان. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە سولەیمانی چیرۆکنووسی ئازیز رەوف حەسەن شانۆنامەیەک دەنووسی و تێیادا هێرش دەکاتە سەر ئەدەیب ڕەخنەگرێکی ناسراوی نێو دونیای ئەدەبی کوردی و خۆی و بنەماڵە وباوک وپەیوەندی لەگەڵ ئینگلیزەکاندا و چی و چی، ئەوەی من ئاگام لێ بێ پرۆڤەش کرابوو بخرێتە سەر شانۆ، لە دوا ساتەکاندا پێی دەزانێ و هەوڵێکی زۆر دەدا ڕای بگرێ و هەوڵەکەشی بۆ دەچێتە سەر. دوایی وا بزانم ئاشتیان دەکەنەوە. بۆیە دواجار لێرەوە دەڵێم نووسەر دەسەڵاتێکی گەورەی هەیە ئەویش قەڵەمەکەیەتی ، با هەوڵ بدەین داهێنان بکەین و داهێنانی پێ بنووسین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار