د. محەمەد کەمال دەمەوێت زمانی کوردی فێری فەلسەفە بکەم.

2019-07-04 11:43:14



چاوپێکەوتنی هەرێم عوسمان لەگەڵ د. محەمەد کەمال لەبارەی کتێبی "ئەفلاتونیزمی نوێ"

ئەم چاوپێکەوتنە بەشێکە لە کتێبی دووەمی "نیشتمانی فەلسەفە"، کە لە ئایندەدا بڵاودەکرێتەوە

 

ـ لە کتێبی "ئەفلاتونیزمی نوێ"دا کاتێک باسی ئەفلۆتین دەکەن، وەک فەیلەسوفێکی داهێنەر لەنێو نەریتی فەلسەفەی ئەفلاتون دایدەنێن و دەشڵێن کە خۆی بە راڤەکاری ئەفلاتون زانیوە. پرسیارەکە ئەوەیە، راڤەکاری ئەفلۆتینی کردوە بە فەیلەسوف یان سیستمێکی نوێی سازکردوە و خاوەنی چەمگەلی خۆیەتی؟

هەڵبەت ئەفلۆتین بانگەشەی ئەوە دەکات، کە تەنیا راڤەی فەلسەفەی ئەفلاتون دەکات. بەڵام راڤەکردنەکەی (هەرچەندە لە زۆر شوێندا ئەفلۆتین ئاماژە بۆ ئەفلاتون دەکات) نوێیە و سیستمێکی فەلسەفی نوێی بە ناوی رێژەنگەری دامەزراندوە. لێرەدا ئەفلۆتین دەبێت بە فەیلەسوفێکی داهێنەر.

ـ باسی چاکە و خراپە لای رواقییەکان دەکەن کە پێیانوایە تەنیا خراپەی رەوشتی نەک سروشتی هەیە، چونکە سروشت و خوا یەکن ناکرێت خراپەی سروشتی هەبێت. دەڵێن ئەم خراپەیە بۆ "کەمی" لە ویستی مرۆڤدا دەگەڕێتەوە، مەبەست لەمە چییە؟

رواقییەکان تەنیا باوەڕیان بە خراپەی ڕەوشتی بووە، کە لە ویستی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. مادام سروشت بەشێکە لە بوونی خوا و خوا لە هەموو روویەکەوە تەواوکۆ و چاکە، بوونی ئەو نابێت بە سەرچاوەی خراپە. من ئەم خاڵەم لە کتێبەکەم لەسەر سپینۆزا زۆرتر روونکردۆتەوە و لەسەر بنەمای پانتیزم دامەزراوە. کردەوەکانی مرۆڤ خەسڵەتی چاک یان خراپ هەڵدەگرن، کە لە ویستی ئەوەوە دەردەچن. هۆکاری خراپەش بۆ (کەمی) لە ویستی مرۆڤ، وەکو ویستی خوا تەواوکۆ نییە. مرۆڤ توشی خراپە و هەڵەکردن دەبێت.

ـ سەبارەت بە بیرکردنەوەی فەلسەفی ئەفلۆتین سەبارەت بە یەکانەکی بوون دەنووسن:"هەبووەکان هاوشوناس و جیاوازن. جیاوازییەکەیان یەکێتی و یەکێتییان جیاوازییە". لە سیستمی دیالێکتیکی هیگڵدا ئەم جیاوازی و یەکێتییە چەند رەنگدانەوەی هەیە؟

بە دیدی من، وەکو لە (ئەفلاتونیزمی نوێ)دا رونمکردۆتەوە، بنەمای (یەکێتی بە جیاوازییەوە) لە مێتافیزیکی ئەفلۆتینەوە سەریهەڵداوە و دوایی هیگڵ لە لۆجیکەکەیدا بە بنەمایەکی سەرەکی داناوە. ئەمە کارگەرێتی ئەفلۆتین بەسەر هیگڵەوە دەردەخات. تێگەیشتن لە واتای ئەم بنەمایە دەبێت لەسەر بۆچوونە مێتافیزیکییە یەکانەکییەی(monism) ئەفلاتون شرۆڤە بکرێت. بە گوێرەی مێتافیزیکی یەکانەکی هەموو هەبووە فرەجۆرەکان سەر بە (یەک) راستەقینەن، کەوابوو راستەقینە یەکێتییە بە جیاوازییەوە. ئەم بنەمایە بۆ هیگڵ یاسایەکی دیالێکتیکی رەتدانەوەی یاسای شوناسی ئەریستۆیە (ئەلف ئەلفە)، کە لە جیاوازی بە دەرە.

ـ لە مێژووی بیرکردنەوەدا چەند ناوێک دەردەکەون کە لەنێوان رۆژئاوا و رۆژهەڵاتدا هاوبەشن، ئەم دیاردەیە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

بیرکردنەوەی فەلسەفی جیهانگەرانەیە. سنوورەکانی نەتەوە، رەنگی پێست و جێندەر دەشکێنێت، چونکە خۆی بەو پرسیارانەوە ماندوو دەکات، کە بە بوونی مرۆڤایەتی و جیهانەوە وابەستن. لەبەرئەمەشە هەندێک لە فەیلەسوفەکان توانیویانە سنوورەکان ببەزێنن و لە رۆژائاواو رۆژهەڵات جێگەی خۆیان بکەنەوە. بۆ نمونە کاتێک ئەریستۆ بوونی مرۆڤ بە جەوهەر دادەنێت و هەوڵی پێناسەکردنی دەدات، مەبەستی ئەو مرۆڤە یۆنانیە نییە، بەڵکو مرۆڤە بەگشتی. ئەگەر خوێنەرێکی دەرەوەی جوگرافیای یۆنان لەگەڵ بۆچوونەکانی ئەریستۆ ئاشنا بێت و ئەویش بەو ئاکامە بگات، کە بوونی مرۆڤ جەوهەرە، ئەوا دەتوانین بڵێین، کە ئەریستۆ دەبێت بە بیرمەندێکی دەرەوەی سنووری جوگرافیای خۆی.

ـ لە هەمان کتێبدا باسی هێرمس دەکەیت کە لە جیهانی ئیسلامیدا بە ئیدریس ناسراوە و دەنووسن لە قورئانیشدا ناوی هاتووە؟! دەکرێت کەمێک زیاتر لەبارەی ئەم هێرمسەوە بۆم باسبکەن.

هێرمس بیریارێکی نادیارە و مشتومڕی زۆر لەسەر بنەچەو بوونی ئەم بیریارە کراوە. هەڵبەتە ئاماژەکردنم بۆ هێرمس لەم کتێبەدا بۆ مەبەستی توێژینەوەکەمە و بە کورتی لەسەریم نووسیوە، چونکە هێرمس پێویستی بە نووسینی زۆرتر و توێژینەوەی قوڵترە. ئێمە بە تەواوی ئەم بیریارە ناناسین، لەبەرئەمە بەم نامەیە ناتوانم زۆرتر لەسەری بدوێم. ئەگەر لە داهاتوودا کتێبەکانیشی بۆ زمانی کوردی وەربگێڕدرێن، ئەوا خزمەت بە دۆخی رۆشنبیریمان دەگەیەنن.

 ـ بنەمای یەکەمی ئەفلۆتین لەپێشترەو بنەمایە بۆ دوو بنەماکەی دیکە، لە تێگەیشتنی مرۆڤ بە دەرە... ئەمە لەگەڵ نۆمینەی کانتدا لە یەک دەچن. پرسیارەکە بۆ هەردوو بیریار دێتە پێشێ کە ئایا لە تێگەیشتن بەدەری و دانان بە بوونیدا دۆگماسازی نییە؟ [لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا د.محەمەد کەمال وەڵامی پرسیارێکەشمی داوەتەوە کە ئەمە پرسیارەکەیە]: گەیشتن و زانین بە بنەمای یەکەم بەهۆی ئامادەبوون یان رێگەی گیانەکی، بیرکردنەوەی فەلسەفییە؟ واتا ئەم رێگەیە"گیانەکی" چەند فەلسەفییە و فەلسەفە و فەیلەسوفبوونی ئەفلۆتین چەند دەخاتە ژێرپرسیارەوە؟

بەڵێ، حوکمدان بەسەر تەوانایی تێگەیشتنی مرۆڤ لەسەر هەرچ بنەمایەک دابمەزربێت دەبێت بە دۆگما. بەڵام ئەم دۆگمایە فەلسەفییە، وشکە دۆگما نییە. ئەفلۆتین لە هەمان کاتدا لەو باوەڕەدایە، کە مادام بوونی مرۆڤ لە بنەمای یەکەمەوە سەرچاوەی گرتووە و رێژەن بووە، بەشێکە لەو بنەمایە و هێڵی پەیوەندییان نەپچڕاوە، بۆیە بەپێچەوانەی کانتەوە بایەخ بە (دەرککردنی گیانەکی) دەدات، کە لە سۆفیگەرییدا دەبێت بە (کەشف). ئەمەش وەڵامی پرسیاری دواترت دەداتەوە. دەرککردنی گیانەکی بۆ ئەفلۆتین فەلسەفییە و یەکێکە لە تەواوناییە ئەپستمۆلۆجییەکانی مرۆڤ. بەڵام مەرج نییە هەموو مرۆڤەکان ئەم تەواناییە لە بوونیاندا بناسن. وەکو تەوانایی هەستکردن خۆی دەرناخات و پێویستی بە پەروەردەکردن و گەشەکردن هەیە. هەڵبەتە ئەمە بۆچوونی ئەفلۆتینە نەک کانت، یان ئەوانەی پەیڕەوی مێتافیزیکی ئەفلۆتین ناکەن.

ـ "بنەمای یەکەم ژوور بوون دەکەوێت" پەیوەندی بە "هۆکاری تەواو"ەوە چییە؟ ئەم بیرکردنەوەیە بوون رەتدەکات، ئەگەر بە زمانێکی رۆژانە بڵێین ئەوە ناگەیەنێت کە لەو سەری بوونەوە هاتۆتەوە؟ تێگەیشتنی من بۆ ئەم دەربڕاوە تێپەڕکردنی خوایە ئەگەر خوا بوون بێت. هاوکات ئێوە دەنووسن کە ئەم دەربڕاوە واتای هیچ دەگەیەنێت چۆن؟ خۆ ئەفلۆتین نەیوتووە هیچە.

(هۆکاری تەواو)، کە بۆ بەڵگەدانان بۆ سەلماندنی بوونی خواش دادەنرێت، ئەو واتایە دەگەیەنێت؛ هۆکاری جیهان دەبێت لە هەموو روویەکەوە تەواو، یان تەواوکۆ بێت، بۆ نمونە (بوون)یشی هەبێت، ئەگینا بەهۆکاری تەواو دانانرێت. ئەگەر بنەمای یەکەم لە بوون بە دەر بێت، وەکو ئەفلۆتین بۆی دەچێت، ئەوا بە هۆکاری تەواو دانانرێت. بەڵام بۆچی ئەفلۆتین بنەمای یەکەم لە ژوور بوونەوە دادەنێت؟ من لە توێژینەوەکەمدا وەڵامی ئەم پرسیارەم بە دوو جۆر داوەتەوە. یەکەم، کاریگەرێتی ئەفلاتون بەسەر ئەفلۆتینەوە، چونکە ئەفلاتون خوا لە ژوور بوون دادەنێت. دووەم، کێشەی پەیوەندی نێوان خوا و بوون؛ کە خوا دەکات بە پێکهاتە و سادەییەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە. بنەمای یەکەم لە سیستمی مێتافیزیکی ئەفلاتون و ئەفلاتونیزمی نوێ(هەڵبەست بە ئەریستۆوە) دەبێت سادە بێت، ئەگیان بە سەرەتا و بنەمای یەکەم دانانرێت. بێگومان، ئەفلۆتین، بە دانانی بنەمای یەکەم لە ژوور بوونەوە، ناڵێت بنەمای یەکەم هیچە. ئەمە راڤەکردنی منە بۆ بنەمای یەکەم، چونکە ئەگەر بنەمای یەکەم لە ژوور بوونەوە بێت و لە بوون بە دەر بێت، دەتوانین بە نە-بوونی دابنێین و بڵێین هیچە. بەڵام واتای ئەم هیچە لەبەر رۆشنایی بنەمای یەکەم، وەکو راستەقینەیەک (لەژوور) بوونەوە دەردەکەوێت.

ـ لەلاپەڕە ٧١دا دەنووسن: "بنەمای یەکەم لۆجیکییانە و ئۆنتۆلۆجییانە پێش بنەمای دووەم دەکەوێت." ئایا لە جیهانی فەلسەفی ئەفلۆتیندا میتافیزیکییانە یان ئۆنتۆلۆجییانە بیرکراوەتەوە؟ ئەمە فەلسەفەکەی دەکات بە ئۆنتۆلۆجی؟ هەروەها لەلاپەڕە ٧٦ دەنووسن"بیرکردنەوەی بنەمای هۆشەکی هەمیشە هەبووە، رێژەنبوونیشی لە بنەمای یەکەمەوە لۆجیکییانە سەرەتای هەیە، نەک ئۆنتۆلۆجییانە" ئەمە لەگەڵ نووسینەکەی لاپەڕە ٧١ ناکۆک نین؟

لە پێشترێتی بنەمای یەکەم(لۆجیکانە و ئۆنتۆلۆجییانە) زمانی منە بۆ راڤەکردنی مێتافیزیکی ئەفلۆتین. ئەفلۆتین ئەم چەمکە فەلسەفییانە بەکارناهێنێت و بیرکردنەوە فەلسەفییەکەشی مێتافیزیکییانەیە و ئۆنتۆلۆجییانە نییە.

سەبارەت بە سەرەتا و بوونی هەمیشەیی بنەمای هۆشەکی، وەکو لەلاپەڕە ٧١-٧٦ روونمکردوونەتەوە ناکۆک نین و پێویستی بە تێگەیشتنە. ئێمە دەتوانین بڵێین سێ بنەماکان لۆجیکانە و ئۆنتۆلۆجییانە جیاوازن، چونکە دووەم لە یەکەم و سێیەم لە دووەمەوە دەرچووە و مادام دەرچوون سەرەتایان هەیە. تاکو یەکەم نەبێت دووەم نابێت، ئەگەر دووەم نەبێت سێیەم نابێت. ئەمە سەرەتای بنەمای دووەم و سێیەم لۆجیکانە و ئۆنتۆلۆجییانە دەردەخات. بەڵام، مادام بنەمای یەکەم هەمیشەییە، رێژەنبوونیشی هەمیشەییە و دەرچوونی بنەمای دووەم و سێیەم لە (ئەزەل)ەوە هەبووە. ئەم راڤەکردنەی ئەفلۆتین، فارابی و ئیبن سینای بەو باوەڕە گەیاندووە، کە جیهان هەمیشە هەبووە.

ـ ئایا ئەفلۆتین باسی چوار نهۆمی کردووە یان سێ؟ ئێوە دەڵێن دەتوانین چوار نهۆم لە سیستمی ئەفلۆتیندا دەستنیشان بکەین. ئایا گەر خۆی باسی نەکردبێت چۆن دەکرێت ئەمە بکەن؟

ئەفلۆتین سێ نهۆمی لەنێو سیستەمی رێژەنبووندا دیاریکردوە. من باسی نهۆمی چوارەمم کردوە، کە بوونی ماتەرە. لە کاتێکدا نابێت بە نهۆم یان بنەمای سێیەم، کە بوونی ماتەرە رەتبدێتەوە. من لە توێژینەوەکەمدا و لەسەر ئەم خاڵە(بوونی ماتەر) رەخنەم لە ئەفلۆتین گرتووە.

ـ لای ئەفلۆتین خوا چییە؟ سەر بە کام بنەمایە؟ دەنووسن سەر بە  بنەمای سێیەم"گیان"ە، بەڵام ئایا گەر سەر بەم بنەمایە بێت و ئەوە پەیوەندییەی لەنێوان سێ بنەماکەدایە خوا لە دوو بنەماکەی دیکەدا لە کوێدایە؟ ئەی بنەمای یەکەم نابێت خوا بێت؟

خوا بۆ ئەفلۆتین راستەقینەیە و سێ بنەماکانی سیستەمی مێتافیزیکییەکەیەتی، کە لە یەکدی جیانابنەوە، بەڵام شێوازی جیاوازیان هەیە. وەکو بوونی تەختەیە لە مێز، دەرگا، کورسی و هتد. ئەم هەبووانە شێواز و ناوی جیاوازییان هەیە و هەموویان لە تەختە دروستکراون. مادام خوا بنەمای یەکەمە  و بنەماکانی دیکە لە خواوە دەرچوون، ئەوا لەگەڵ خوادا بە یەکێتییەوە هەن: یەک راستەقینەن و جیاوازیشن.  

ـ لە زۆرێک لە بەرهەمە فەلسەفییەکانتدا کاتێک لەبارەی ئەفلاتون، کانت، سپینۆزا، لێرەشدا ئەفلاتونیزمی نوێ دەنووسن، بە جۆرێک دەنووسن، خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەیدا هەستەکات ئێوە سەر بەو رێچکەو فەلسەفەی ئەو فەیلەسوفانەن، لە کاتێکدا خۆتان وجودین و فەلسەفەی (بوونگەرایی)تان هەڵبژاردوە. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ئەو رێچکەیەی هەڵتان بژاردوە کەمتر دێتە ناو ئەم کارانەتەوە، واتە وەک وجودیەک بیر لە کانت یان ئەفلاتونیزمی نوێ بکەنەوە؟ لە نووسینێکمدا لەبارەی کتێبی ئەفلاتونیزمی نوێ، ئەمەم ناوناوە(گەڕیدەیەکی نیشتەجێبوو).

من هیچ نووسینێکم لە بیرکردنەوەی فەلسەفی خۆم جیانەکردۆتەوە؛ بەو واتایەی بە (بەرنامە) دەنوسم و هەموو نوسراوێکم وەکو دانانی بەردێکە لەسەر بناخەی ئەو کۆشکە فەلسەفییەی دروستیدەکەم. بۆ ئەم مەبەستە گرنگە لە شیکردنەوەی بۆچونی فەیلەسوفێکدا، کە من لە گەڵیشیدا هاوڕا نیم، فینۆمینۆلۆجییانە لە دەرگای ماڵی بیرکردنەوەی فەیلەسوفەکە بدەم و بەو جۆرەی خۆی دەردەخات، راڤەی بۆچوونەکانی بکەم. ئەم میتۆدە فینۆمینۆلۆجییە لە هەڵوێستی شەڕەنگێزانەو رەخنەی توند دەم پارێزێت.

هەڵبەت ئەم شێوازی راڤەکردنە مانەوەیە لەنێو بیرکردنەوەی فەیلەسوفەکەدا بۆ مەبەستی تێگەیشتنی دروست، لەم قۆناخە سەرەتاییەی بیرکردنەوەی فەلسەفییەنەمان بەپێویستی دادەنێم و زۆرترین سود بە خوێنەر دەگەیەنێت. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە من نەتوانم رەخنە لە بۆچوونەکانی ئەو فەیلەسوفانە بگرم، کە لەسەریان دەنوسم. لەهەندێک شوێنی نووسینەکانمدا رەخنەم گرتووە و بۆچوونی خۆم جیاکردۆتەوە. بەڵام مادام مەبەستی من ناڕاستکردنەوەی بۆچوونی ئەو فەیلەسوفە نیە کە لەسەری دەنوسم و نامەوێت خوێنەر لە روانگەی بیرکردنەوەی فەلسەفی منەوە لەو فەیلەسوفە تێبگات، هەوڵمداوە وەک میوانێکی دڵسۆز لەنێو بیرکردنەوەی ئەودا هەڵسوکەوت بکەم و بمێنمەوە.

من دیسانەوە جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەکەمەوە؛ پرۆژەی نوسینم تەنیا بۆ دەربڕینی بۆچوونی فەلسەفییانەی خۆم نییە. من دەمەوێت زمانی کوردی فێری فەلسەفە بکەم، خوێنەری کورد بە زەخیرەی دەوڵەمەند و مێژووی درێژخایەنی بیرکردنەوەی فەلسەفییانە ئاشنابکەم. لەم سەرەتایەوە و بەم هەڵوێستەوە لە ئاستی بیرکرنەوەدا، نەک پارتیزانانە، دەتوانین بۆ رزگارکردنی (عەقڵییەتی) مرۆڤ و ئاسودەبوونی فەلسەفە بەکاربهێنین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار