ناپاکی ڕۆشنبیران؛ ئێدوارد سەعیدی ڕۆژنامەنووس

کتێب

2018-07-05 10:12:24


هاوڵاتی ڕێكلام

شوان ئەحمەد

کتێبی (ناپاکی ڕۆشنبیران)، کۆکراوەی وتارە ڕۆژنامەوانیەکانی  پێنچ ساڵی کۆتایی ژیانی ئێدوارد سەعیدە لەنێوان (1998بۆ ٢٠٠٣). ئەسعەد ئەلحسێن لەئینگلیزیەوە وەریگێڕاونەتە سەر زمانی عەرەبی و زۆربەی زۆری وتارەکانیش، لە (ئەهرام ویکلی)دا بڵاوبونەتەوە.
کتێبەکە بەقەوارەی (383) لاپەڕەیەو جگە لەپێشەکیەکی دورودرێژ (11– ٣٨)، سی و شەش وتاری تێدایە. لەگەڵ دوو چاوپێکەوتندا (یەکەمیان داڤید بارسامیان لەگەڵ ئێدوارد سەعیددا ئەنجامی داوە، دووەمیشیان کۆتابەشی کتێبەکەیە بەناوی تیۆریای ئێدوارد سەعیدەوەو گفتوگۆیەکە لەگەڵ بیرمەند و ڕەخنەگر و ئەکادیمیستی بەریتانی تێری ئیگڵتۆن)دا. 
جگە لەدەرسگوتارێک بەناوی (ڕۆڵی گشتی نوسەران و ڕۆشنبیران) کە لەبەرواری 19-5-2001 لەملبۆرن پێشکەشی کردووە. هەروەها بەشێکیشی تایبەتە بەزۆرێک لەو نوسینانەی لەستایشی سەعیددا نوسراون، دوای مردنی و هەریەک لە: (محەمەد حەسەنەین هەیکەل و مەحمود دەروێش و حەنان شەعراوی و ئەنوەر عەبدولمەلیک و سەمیر ئەمین و دانیال بارینبویم و نەعوم چۆمسکی و ڕۆبەرت فیسک و مونائەنیس) بەشدارییان تێدا کردووە.
ئەم کتێبە دیاری برای ئازیز (هاوسەر ڕەشید)ە.. من تەواوی بەرهەمەکانی ئێدوارد سەعیدم بەعەرەبی هەیە، جگە لەزۆرێک لەو کتێبانەشی لەبارەیەوە نوسراون. هەر ئەم کتێبەیم نوقسان بوو، بەسوپاسەوە کاکە (هاوسەر) ئەو کەلێنەی بۆ پڕکردمەوە.
ئەڵبەت لەئێستادا ئەوەبڕاوەتەوە کەئێدوارد سەعید (1935–2003)  بیرمەندێکی گەورە و کاریگەری سەدەی  بیستەم بووەو (ئۆریانتالیزم 1978)و (کلتور و ئیمپریالیزم 1993)ە کەشی، بوونەتە بەردی بناغە و دوو سەرەکیترین تێکستێک، بۆ تیۆریای پۆست کۆلۆنیالیزم. واتە ئەمە بۆتە کڵێشەیەکی حازربەدەست و پێویست بەوتنەوە ناکات. 
بەڵام کێشەکە لەوەدایە، ئەم بیرمەندە گەورەیەی کەخاوەن جیهانبینی و تێزە و میتۆدی تایبەت بەخۆی بوو، هاوکات خاوەنی ڕۆحیەتێکی ڕەخنەیی وەهاش بوو کەماکی سەرەکی بیرکردنەوە و کارەکتەری ئەوبوون، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا سەروەختێک لەبیرمەندەوە دەبێتە ئەکتیڤستی سیاسی و لەئەکادمیستێکی پسپۆڕەوە، وەردەگۆڕێت بۆ ڕ‌ۆژنامەوان و ستون نوس، بڕێکی زۆر لەقوڵی ووردبینی و سەنگینی خۆی لەدەست دەدات. وتارەکانی ناو ئەم کتێبە، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن. ئاخر دوراییەکی زۆر لە نێوان وتارە ڕۆژنامەوانیەکانی ئەم کتێبەو ئەو تێزە و تیورانەدا دەبینین کەئێمە لەخوێندنەوەی (ئۆریانتالیزم) و (کلتور و ئیمپریالیزم) و (ڕۆنانی ئیسلام) و (وێناکردنەکانی  ڕۆشنبیر)دا پێی ئاشناین.
لێرەدا ئەوەی دەبینین قەڵەمی پیاوێکی توڕە و زمان زبر و سادەنوسە کەبەچاوی فەلەستین و لەڕێی کێشەی فەلەستینەوە، هەموو دنیا دەبینێ‌ و بڕیاردەدات. یەکێک لەو وتارانەی لەلاپەڕە (318) کتێبەکەدایەو پێشتر لەبەرواری (26-نیسانی-2001)دا لە (ئەهرام ویکلی) بڵاوبۆتەوە، ئەمە ناونیشانەکەیەتی: (هەموان لەڕزگارکردنی فەلەستین بەرپرسیارن).
وەک فەلەستینیەک، ئێدوارد سەعید هەقیەتی کێشەی ئەو جوگرافیایە بەتەوەری سەرەکی  بیرکردنەوە و کارکردنی خۆی بزانێت و هەرچیشی لەدەست دێت، لەپێناویدا بیکات. بەڵام سەیرکردنی ئەو کێشەیە وەک سەرەکیترین کێشەی تەواوی مرۆڤایەتی و چاوپۆشی کردن و بەکەم سەیرکردنی کێشەکانی دیکەی دنیا، لەجێی خۆیدانیەو بابەتێکە زۆرێکی زۆر ناچنە ژێرباری.
هاوکات تاوانبارکردنی خۆرئاوا لەهەموو شتێکداو بینینی ئەو تاوانەی بەتەنها ئەمریکا بکەریان بووەو بەشداربووە تیایاندا، هەم کورت بینیەو هەم هەڵوێستێکی نادروست و ئایدیۆلۆژیشە.
لەم کتێبەدا ئێمە بەسەر ئەم پرسانەدا دەکەوین: (فەلەستینیەکان وەک قوربانی و بەشخوراوترین میلەتی دنیا، لەگەڵ بە ئەهریمەن کردنی ئیسرائیل و ئەمریکا و تەواوی خۆرئاواش لەگەڵیاندا).
گرنگی بەرهەم و نوسینەکانی  ئێدوارد سەعید وەک بیرمەندێکی ڕەخنەگر و ئەکادیمستێکی پسپۆڕ، هانی دام تائەم کتێبەی بخوێنمەوە، بەڵام زۆرێک لەو وێنەیەی پێشوتری لاکاڵ کردمەوە کەلەسەر خاوەنی (ئۆریانتالیزم) و (کلتور و ئیمپریالیزم) هەمبوون. 
یەکێک لەخراپیەکانی ئەم کتێبە ئەوەیە، گەر کەسێک سەرەتای ناسین و ئاشنابونی بەئێدوارد سەعید بەمە دەست پێبکات، ئەوا بەزەحمەت لەهەوڵی دەست ڕاگەیشتن بە بەرهەمەکانی تریدا دەبێت و ڕەنگە هەر لێشی بتۆرێت.
ئەم کتێبە کەوەرگێڕی عەرەبیەکەی وتاری (ناپاکی ڕۆشنبیران)ی کردۆتە ناونیشانەکەی و وتارەکەش (24- حوزەیرانی -1999) لە (ئەهرام ویکلی) بڵاوبۆتەوەو باس لەڕووداوەکانی کۆسۆڤۆو هەڵوێستی ڕۆشنبیران دەکات، لەدەست تێوەردانی ئەمریکا لەو کێشەیەدا، وێنەی ئێدوارد سەعیدی ڕۆژنامەنوسمان بەزەق و زۆپی و وەک خۆی نیشان دەدات.
وێنەیەک کەدڵخۆشکەرنیەو زۆر جیاوازە لەوێنەی ئەو ڕەخنەگر و ئەکادیمی و بیرمەندەی، پێشتر ناسیومانە و خوێندومانەتەوە و ئاشنابووین پێی.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار