ڕۆمانی (قەدی بامبۆ) جیاوازە لە هەموو ڕۆمانە کوەتییە باوەکانی دیکە.

ئەم ڕۆمانە خەڵاتی جیهانی بۆ ڕۆمانی عەرەبی (بوکەر)ی لە ساڵی  ٢٠١٣ بەدەست هێناوە

2019-05-15 13:42:12



 

محمد عەلوش

   "قەدی بامبۆ" ڕۆمانێکی جیاوازی نووسەری کوێتی "سعود ئەلسنعوسی"یە کە خەڵاتی جیهانی بۆ ڕۆمانی عەرەبی (بوکەر)ی بۆ ساڵی  ٢٠١٣ بەدەست هێناوە. ئەم ڕۆمانە ڕووداوەکانی لە نێوان هەردوو وڵاتی فیلیپین و کوێت ڕوودەدەن و لەگەڵیدا هەندێک ڕووداوی مێژوویی و سیاسی و ئایینی تۆمار دەکات. ئەم ڕۆمانە لەڕێگەی چیرۆک خوانەکەیەوە دەست دەبات بۆ بابەتی جووت ناسنامەیی لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، کە پاڵەوانەکەی کوڕی باوکێکی کوێتی و دایکێکی فلیپنییە و ڕووداوەکان لە نیوان ئەم دوو وڵاتە ڕوودەدەن. هەرچەندە ئەمە یەکەم ڕۆمان نییە دەست ببات بۆ بابەتی دەستی کاری بیانی لە وڵاتانی کەنداو، بەڵام ئەوەی جیای دەکاتەوە لەوانی دی پاراوی زمانەکەی و دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزی و لە قووڵبوونەوە لە شیکارییەکان، جووت ناسنامەی کاراکتەری سەرەکی هەر لە ڕێگەی ناوەیەکەوە دەخاتە ڕوو عیسا/خوسێ/هوزێ.

   لە لێکۆڵینەوەکانی ڕۆمانی عەرەبیدا کۆمەڵێک ڕێچکە هەیە بۆ گەڕان بەدوای ناسنامەدا، سنعوسی لە ڕێگەیانەوە ئەم کارەی ئەنجام داوە. لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا چەند ڕۆمانێک هەیە باس لە جووت ناسنامەیی و کێشەکانی پێکەوەژیان دەکات لە نێوان دوو ژینگەی نیشتیمانی دایک و نیشتیمانی خانەخوێدا. چۆنیەتی ئافراندنی ناسنامەیەک توانای پێکەوەژیانی هەبێت لەگەڵ ئەوانی تر، یان ناسنامەیەک تووشی بەرکەوتن و ڕەتکردنەوە ببێت. لەم چوارچێوەیەدا نووسەرە عەرەبەکان چەندین ڕۆمانیان نووسیووە، بەڵام جیاوازییان لەگەڵ "قەدی بامبۆ" ئەوەیە ئەوانەی پێشوو باسی ناسنامەیەک دەکەن لە چوارچێوەی کۆچ لە نیشتیمانی دایکەوە بۆ نیشتیمانی دووەم ئایدیاکانی دەخاتە ڕوو، بەڵام ئەم ڕۆمانەی سعود ئەلسنعوسی باسی مرۆڤێک دەکات ڕەچەڵەک و تەڤلیبوونێكی (ئینتیما) ئاوێتەی هەیە لە نێوان کوێت و فیلیپین. لە جیهانی ئەم ڕۆمانەدا هەمووان تووشی بەریەک کەوتن دەبن بۆ گەیشتن بەو کەشە تازەیە، وەک ئەوەی تەمەن و یادەوەرییە سەرەتاییەکانی خێزان و نیشتیمان و ژیان، پاڵەوانەکانی ناو ڕۆمانەکە بگێڕێتەوە بۆ نیشتیمانی یەکەم. لێرە ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانە بەرپا دەکرێت لەسەر ئەو پرسانەی خاوەنی ئەو دیدگایانە دەیخەنە ڕوو بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان کلتوورە جیاوازەکان. بەگەڕانەوە بۆ کلتووری ڕەسەن دەقێکی ئەدەبی بەرهەم دێت دیدگای مرۆڤایەتی دەگۆڕێت بەرامبەر بە نیشتیمانی یەکەم.

   ئەم ڕۆمانەی مژارێکی ڕەخنەگرانەی قووڵ دەخاتە ڕوو دەربارەی تێکەڵاوبوونی ئایین و کلتوور لەلای عەرەب، هەروەها دەربارەی ئەو تێڕوانینە سەرپێییەی زاڵە بەسەر گوتاری ئایینی و پیادەکردنی لەلایەن عەرەبەوە. ئەم ڕۆمانە پڕە لە ڕووداوگەلێک بە ڕووکەش سادە دیارە، بەڵام ڕەهەندێکی مرۆیی قووڵی هەڵگرتووە. ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لە دەوری گەنجێک دەسووڕێتەوە لە ژنە کارەکەرێکی فیلیپینیە لە ماڵێکی کوێتی کار دەکات و کوڕە تاقانەکەیان "ڕاشد" حەزی لێدەکات و بەنهێنی هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات. کاتێک خێزانی ئەم کوڕە بەم نهێنییە دەزانن مکوڕ دەبن کوڕەکەیان واز لە هاوسەرەکەی و لە منداڵەکەشی بهێنێت، چونکە بە پێی پێوەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوێتی ئەمە دەبێتە مایەی شەرمەزاری بۆ ئەو چینە کۆمەڵایەتییە دەوڵەمەندە ناسراوە، لەوێ وەک خۆیان دەڵێن لەهەموو شت گرنگتر ناو و ناوبانگە نەک پارە و پووڵ. ئەم گەنجە لە نیشتیمانی دایکی لە مانێلا – فیلیپین بە هەژاری گەورە دەبێت، لە چاوەڕوانی ئەوەی باوکی بیباتەوە بۆ ئەو بەهەشتەی بەڵێنی پێ دراوە (کوێت) وەک ئەوەی دایکی بۆی وەسف دەکات. هەر کاتێک لە فیلیپین ژیانی سەخت دەبوو، بیری دەکەوتەوە لە کوێت بەهەشتێك چاوەڕێی دەکات. لەو ماوەیەدا "هوزێ" بەدوای خۆی و ڕاستی کەسایەتی و ئایین و نیشتیمانێکدا دەگەڕا بیگرێتە خۆی.

   هوزێ نازانێت ئایا ئەو لەسەر ئایینی مەسیحییە وەکو دایکی یان موسوڵمانە بەو پێیەی دەڕوات بۆ کوێت، دواتر بۆی دەردەکەوێت باوکی لە جەنگی کەنداو لە نێوان عێراق و کوێت گیانی لەدەست داوە، بەڵام لە ڕێگەی هاوڕێیەکی باوکی "غەسان" دەگەڕێتەوە بۆ کوێت. لەوێ لە جیهانێکی نامۆ و تەواو جیاواز لەوەی پێشوو خۆی دەبینێتەوە. بێگومان وەک چۆن بەکۆرپەیی نەنکی نەیهێشت بێتە ماڵەکەیەوە، کاتێک گەورە بوو بەهەمان جۆر ڕەتی دەکردەوە و دانی پێدا نەدەنا، بەڵام لە قووڵاییەکانی ناخیدا خۆشی دەویست بەهۆی ئەوەی دەنگی لە باوکی دەچوو و هەروەها تاکە پیاو بوو لە خێزانەکەیان نازناوی "تارووف" هەڵبگرێت. بەڵام وەک پێشتر گوتم لە کوێت ناوبانگ گرنگترە لە پارە.

   نەنکی وەک گەنجێکی فیلیپینی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرد و لە پاشکۆی ماڵەکەیان وەک خزمەتچییەک ژوورێکی بۆ دابین کرد. دواتر هوزێ بۆی دەردەکەوێت لە باوکەوە خوشکێکی هەیە بە ناوی "خەولە". ئەم هەواڵە هەردووکیان دڵخۆش دەکات و خەولە دەبێتە پەرچۆیەک (موعجیزە) بۆ ئەم برایەی، کە لە ڕەتکردنەوەی داپیرەی ڕزگاری دەکات، بەو پێیەی نەنکی خۆشەویستییەکی زۆری هەیە بۆ ئەم خوشکەی و بەهۆیەوە ڕۆژ بە ڕۆژ دڵی نەرمتر دەبێت و زیاتر سۆزی بەرامبەری دەجووڵێت. بەڵام هوزێ هەر هەست بەتەنیایی دەکات، بەهۆی ئەوەی خێزانەکەی دانی پێدا نانێن و لە بۆنەکاندا بەشداری پێ ناکەن و ڕێگە نادەن تێکەڵاویان ببێت. هوزێ نازانێت هەڵگری چ ئایینێکە بەهۆی ئەو پەیامەی بەهەڵە دەربارەی ئیسلام و بانگخوازانی ڕۆیشتووە، هەروەها بەهۆی ڕووکەشیی ئایین لە کۆمەڵگەدا. لەلایەکی تر هەستی نەدەکرد کوێت نیشتیمانی خۆیەتی، چونکە لە کەشی خێزانی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەهرەمەند نەبوو، بەو پێیەی نەیتوانی سیما فیلیپینییەکەی تێپەڕێنێت. لەکۆتاییدا نهێنی خێزانەکەی ئاشكرا کرد، کە کوڕێکی فیلیپینییان هەیە و هەر خێرا هەواڵەکە بڵاو بوویەوە، بۆیە بڕیاریان دا لە وڵات دەری بکەن، هوزێ ڕازی نابێت، بەڵام لە کۆتاییدا تەسلیمی ئەو واقعە دەبێت و بەناچاری سەفەر دەکات بەهۆی ئەوەی پووری باسی ئەو دۆخە سەختەی خۆیی بۆ دەکات کە ناچاری دەکات سەفەر بکات، چونکە بوونی ئەم کوڕە کاریگەری لەسەر ناوبانگ و پێگەی دەبێت لای خێزانی هاوسەرەکەی، هەروەها هوزێ هەستی نەدەکرد کوێت نیشتیمانی خۆیەتی و دەقی ڕۆمانی "قەدی بامبۆ" بریتییە لەوەی هوزێ دەربارەی ژیانی خۆی و تێڕوانینەکانی بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی لە کوێت و فیلیپین نووسیویەتی.

   لە ڕاستیدا زۆر بابەتی گرنگی ناو کۆمەڵگە عەرەبییەکان لە نێوان دێڕەکانی ئەم ڕۆمانەوە خراونەتە ڕوو، وەک بەشداری ژنان لە ژیانی سیاسی، مافی زەوتکراوی بیانییەکان و هەندێک نەریتی باوی کۆمەڵگەی کوێتی.

   ئەم سەرکەوتنە بەڕێکەوت و بە چانس بەدەست نەهاتووە لەلایەن ئەم ڕۆماننووسە گەنجەوە. هەرچەندە ئەم ڕۆمانە زۆرترین پەسن کرا، بەڵام شایستەی هەموو ئەو پەسنانە بوو چونکە "یەکێکە لە باشترین و کامڵترین و پڕ ئەزموونترین ڕۆمانی عەرەبییە لەم ساڵانەی دوایی خوێندبێتمەوە" بە گوێرەی بۆچوونی یەکێک لە گەورەترین ڕەخنەگرانی.

   ڕۆمانی "قەدی بامبۆ"ی سنعوسی، زۆر کەسی سەرسام کرد، چونکە ئەمە دووەمین ڕۆمانیەتی پاش ڕۆمانی "سجین المرایا" سەرەڕای ئەوەی ئەزموونی ئەم گەنجە لەگەڵ دونیای ڕۆمان نوێیە، بەڵام بەشێوەیەکی قووڵ مژاری ناسنامە و تەڤلیبوون دەخاتە ڕوو. ئەو بە ناسنامەی ناو و ڕەگەز و ئایینەوە ناوەستێت، بەڵکو دەست دەبات بۆ ناسنامەی گەڕان و زانین و دۆزینەوە، لەگەڵ خستنەڕووی تەڤلیبوونێک مرۆڤ لە مۆتەکەی تەنیایی دوور بخاتەوە، سەرەڕای ئەو گەشتە سەختەی بە ژیاندا، لەم ڕۆمانەدا تەوژمێکی بوونگەرایی ئاشکرا بەدی دەکرێت، لەگەڵ هەستێکی مرۆیی بێگەرد. هەرچەندە وردەکاری ڕووداوەکانی زۆر بەوردی لە هەناوی دوو جیهانی دوور لەیەکتری کوێت و فیلیپیندا دەئافرێنێت.

   سنعوسی بەجۆرێک کاراکتەرەکانی داڕشتووە، لە ڕێگەیانەوە بەبوێری و ڕاستگۆیی و وریاییەوە ڕەخنە لە کۆمەڵگەی کوێتی دەگرێت. کوێت لە چاوی ئەم گەنجەی هاتووە تێیدا بژی بچووک دەردەکەوێت، نووسەر لە ڕێگەی پاڵەوانەکەیەوە هەوڵدەدات هەموو ئەو بەربەستانە بشکێنێت کە دەوری خێزنەکەیان داوە. نووسەر لە هەر بەشێکدا و لە ماوەیەکی زەمەنی جیاوازدا ژیاننامەی "عیسا" دەگێڕێتەوە. پێش لەدایکبوونی، لەو کاتەوەی دایکی وەک کارەکەرێک هاتووە بۆ کوێت، بۆ هەڵهاتن لە توندوتیژییەکانی باوکی. پاش لەدایکبوونی لە کوێت و ڕاگوێزرانی لەگەڵ دایکی بۆ فیلیپین و ژیانی لە ماڵی باپیری. دەرچوونی لە ماڵی باپیری و کارکردنی لە بواری مەساج و چارەسەری سروشتی. یەکتر ناسینی لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجی کوێتی و ئامادەکاری بۆ گەڕانەوە بۆ کوێت. ژیانی لە ژوورێکی پاشکۆی ماڵی داپیرەی و شاردنەوەی تەنانەت پاش گەڕانەوەی بۆ کوێت، لە ترسی ئەوەی بەم هۆیەوە کچەکانی تەڵاق بدرێن ئەگەر هاوسەرەکانیان بە بوونی ئەم کوڕە لە ماڵەکەی بزانن. دەرچوونی لە ماڵی نەنکی و نیشتەجێبوونی بەتەنیا لە گەڕەکی جابریە لە کوێت، ناسۆری لەگەڵ ژیانی تەنیایی. کارکردنی لە یەکێک لە ڕێستۆرانتەکان، کە ئەم کارە بۆ کەسێکی کوێتی نەخوازراوە. ناچاربوونی بۆ جێهێشتنی کوێت بەهۆی ڕەتکردنەوەی لەلایەن خێزانەکەی و ڕێگری کردن لەوەی لە کوێت بژی. تەنانەت گەیشتە ئاستێک پووری نووریە داوای لە خاوەنکارەکەی کرد لە کارەکەی دەری بکات و ئەویش داواکەی جێبەجی کرد و هەروەها داوای لە دایکی کرد مووچەکەی ببڕێت، ئەویش بڕی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار