گەشتێکی پڕلە دڵتەنگیی بەناو زینداندا دەربارەی ڕۆمانی ‌قاوغ

5 ساڵ لەمەوپێش



شلێر ڕەشید

 باسی ئەو دۆزەخەیە کەبەدەستی مرۆڤ خۆی درووست کراوە.The Shellروایە القوقعە، ڕۆمانی قاوغ
ئەم ڕۆمانە سەفەریکی تاڵ وپڕ لە ئازارت پێدەکات بۆ ناو بەندیخانەی "تەدمور"ی سوریا، بەندیخانەیەک لە بیابان و دوور لە هەموو شتێک، لەناوەڕاستی چۆڵەوانی و بەتاڵاییەک هەزاران زیندانی لەناو ئەو زیندانەدایە، تروسکاییەکی ڕووناکی لێوە نابینرێت. بەندکراون بەبێ هیچ لێکۆڵینەوەو لێپرسینەوەیەک فڕێدراونەتە ناو ئەو شوێنە تەنگەوە.


 ڕۆمانی قاوغ٢٥٢ لاپەڕەیە ٢٠٠٦ بەزمانی عەرەبی بڵاوبووەتەوە، پاشان لەلایەن وەرگێڕی بەریتانی  پۆڵ ستارکی یەوە وەرگێڕدراوەتە سەرزمانی ئینگلیزی، لە نویسنی نوسەری عەرەبی  چالاکوانی سیاسی یاخی چەپ و ئەثییەست مستەفا خەلیفەیە، باس لە ئەزمونی خۆی و بەندییەکانی تری  ناو بەندیخانە دەکات، مستەفا خەلیفە نوسەرێکی یاخییە لەبەرانبەر سیستمێکی چەوسێنەرو داپڵۆسێنەرو تاسەر ئێسک خوێنڕێژو دکتاتۆر. ئەویش سیستمی ڕژێمی بەعسی سوریایە لەژێر دەسەڵاتی حافز ئەسەد.

زیندان

زیندان لەوڵاتە سەرکوتکەرەکان و لەژێر دەسەڵاتی دکتاتۆردا دروستکراوە، بۆسەندنەوەی بچوکترین مافی ئازادی لە مرۆڤ. دابڕانێکی جەستەیی مرۆڤە لە هەموو ئەوشتانەی تر کە لەدنیای دەرەوەدا هەن، نەبوونی هیچ بەرکەوتنێک لەگەڵ هیچ شتێکدا و بەهیچ جۆرێک. زیندان شوێنێکە بۆ تێکشکانی مرۆڤ و بەرگرتن بە پێشکەوتن و هەرجۆرە داهێنانێک.هەر لەزۆر کۆنەوە زیندان هەبوو، زەحمەتە مێژووی درووستبوونی بزانرێت، بەڵام پێش هەبوونی زیندان، دوورخستنەوەی زیندانی بوو بۆ شوێنکی زۆر دوور کە پێیان دەگوت مەنفا
Exile
وەکو مەنفای سیبیریا لە وڵاتی ڕوسیا. شوێنێک بوو بۆ سزادانی تاوانکار بەهەرهۆکارێک بێت، یان تاوان بۆ درووستکراو بەبێ ئەنجامدانی هیچ جۆرە تاوانێک. زیندان لەوڵاتانی سەرکوتکەردا جگەلەوەی لەڕووی جەستەییەوە داتدەڕزێنێت، لەڕووی دەروونیشەوە دەتڕوخێنێت، لە هەموو کەسێکت دادەبڕێنێت. کاریگەری دەبێت بەسەر هەستەکانی مرۆڤدا، هەستەکانی بینین و بیستن و تامکردن و بۆنکردن و بەرکەوتن و بیرکرنەوە کە پەیوەندی زۆر قوڵیان بەدەروونەوە هەیە.

لە ڕاستیداو لەو وڵاتانەی کە لەخەمی تاکەکانی ناو کۆمەڵگەدان، زیندان شوێنێکە بۆ ڕیفۆرم و دوورکەوتنەوە لە کاری نەشییاوو دووبارە گەڕانەوە بۆ ناو کۆمەڵگە وەکو کەسێکی کامڵ.
 

زیندان لە دنیای مۆدێرن دا

 لەسەردەمی مۆدێرنەدا زیندان کەمێک گۆڕانی بەسەردا هات، ئەوەش تەنها دەولەمەندەکان سودمەندن لێی، لەبەرانبەر هەرچی تاوانێک کە دەیکەن دەتوانن بە بڕێک پارە ئازاد بکرێن،
بۆ نمونە لێرە لە وڵاتی کەنەدا لە شاری تۆرۆنتۆ پۆلیسێک ٩ گوللەی نا بە گەنجێکی ئەرمەنی ١٧ ساڵانەوەو یەکسەر گیانی لەدەستدا، گەنجەکە بە ئەسڵ خەڵکی وڵاتی سوریا بوو، ناوی "سامی یتیم" بوو
پۆلیسەکە توانیتی بە پارە ئازاد بکرێت. ئەنجامدانی تاوانەکە بەبەرچاوی خەڵک و کامیرەوە بوو.
ئەمەش لینکی کاتی ڕوودانی تاوانەکەیە لە یوتوب:

https://en.wikipedia.org/wiki/Death_of_Sammy_Yatim
https://www.youtube.com/watch?v=FfaxoEbCGuM

ڕیزبەندی توندوتیژترین زیندان لەجیهاندا

زیندانی تەدمور ئەو زیندانەی کەنوسەر لەناویدا زیندانیی بوو، زیندانی تەدمور لەڕیزبەندی دووەمدایە  لەنێوەندی ئەو بەندیخانانەی کە تابڵێی توندو تیژن و لەو جۆرە سزادانە لە هیچ زیندانێکی تردا بەو ئەندازەیە بوونی نەبووە، زیندانی تەدمور لە ١٩٦٦ درووستکراوە لە نزیک شاری تەدمور، لە٢٧ جوڵای ١٩٨٠ سەدان کەس لەناو ئەم زیندانەدا بە فەرمانی
 حافز ئەسەدی خوێنڕێژ سەربڕان بەتاوانی (اخوان مسلمین) ئەمەیە بێبەهاکردنی وتێکەڵکردنی دین لەگەڵ کاری سیاسی.

 

 لە ٣٠ ئایاری ٢٠١٥ بەندییەکانی ناو زیندانی تەدمور گوێزرانەوە بۆ زیندانی باڵونە زیندانی تەدمور لەلایەن ئیسلامییەکانەوە تەقێندرایەوە. زیندانی کارەدیرۆیە لە بەڕازیل لەڕیزبەندی یەکەمە  لە ١٩٢٠ درووست کراوە، دووەمیان زیندانی تەدمورە لە سوریا،  دوابەدوای ئەو لاسەبەنیتا لە ڤەنزویلا، زیندانی دیاربەکر لە خواروی تورکیا، زیندانی لاسانتی لەپاریس، زیندانی فلۆرانس لە کۆڵۆرادۆ-ئەمریکا، زیندانی کاتراز لە سانفرانسسکۆ لە ئەمریکا، زیندانی رایکرز ئایلەند لە نییویۆرک لە ئەمریکا. هەزاران زیندانی تر.
 کەسمان نییە ئەم زیندانانەمان نەبیستبێت قەسابخانەی موسڵ، زیندانی ئەمنی شیمالی یان قوات خاسەی کرکوک، زیندانی ئەبوغرێب، زیندانی ئاوشڤیتزی جولەکەکان لە پۆڵەندا.


ئەو نوسەرانەی لەناو زیندان نویسویانە

کەم نین ئەو کەسانەی لەناو زیندان شیعروچیرۆک و یاداشتنامەو ڕۆمانیان نوسیوە، ئەو زیندانە سیاسییانەی کە بۆخۆیان بە فیعلی لەناو زیندان بوونەو بەتاوانی بەشداربوون لەکاری سیاسی گیراون و ئەزمونی ئەو مردنە لەسەرخۆو ئەو زیندانە تاریک وتاڵەیان کردووە. هەر چرکەیەکیان بە ساڵێک لێتێپەڕیوە.

نمونەی نوسەرانی ناو زیندان و نوسینەکانیان
ئەدەبی زیندان ئەو ئەدەبەیە ، نوسەر لەشوێنێکدا کۆت وبەندە،ئەو شوێنە بەندیخانەیە، یاخود ماڵەکەی خۆیەتی  لەوێدا بیرەوەرییەکانی و ئازارەکانی دەنوسێتەوە.
شاعیر شەهید مەلا عەلی شیعری زیندان "برا دوورو خزم دوورو کەسم دوور  بەنابەڵەد تەمەن دەمبا بەرەوژوور"
ئەنتۆنیۆ گرامشی - هەڵبژاردەی نامەکانی لەزیندان، عەبدوڵا ئۆجەلان، تێکۆشان ژیانمە ، سڵاڤۆی ژیژەک و نادیە سڵاوی هاوڕێیانە، نامەکانی ناو زیندان ، ، مارتن لوثەرکینگ - نامەکانی ناو زیندانی برمنگام ەوە "نیگرۆکان براتانن"
نەوال سەعداوی - یاداشتەکانی ژنێکی زیندانی - بیرەوەرییەکانی ئانارشستێک - پیتەر کرۆپتکن ەوە،  بیرەوەرییەکانی زیندانییەک -جەفری ئارچەر، گۆڤاری بەندییەتیم - جۆن سمث،، لە مردنەوە بۆ ژیان مومیا ئەبو جەمال. زیندانی دوورگە- کۆڵین فرەیکس، ژیانم سەمای هەتاومە- لەنەرد پەڵتییەر، ، شیعرەکانی زیندان- دیترچ بۆنهوفەر، ڕەگی شارستانییەت- - نێڵسن ماندێلا، زیندانییەکی بێناو، خانەیەکی بێژمارە - جاکۆبۆ تیمەرمان، نامۆیەک لەوڵاتەکەی خۆم ١٩٤٤ یاداشتەکانی ناو زیندان - هانس فەڵادە، دەرگا، بیست وشەش ساڵ کارکردنم  لەناو زیندانەکانی کەنەدا- ڤێرن تبیدۆ، لەناو ماڵی مەیموندا، جۆن کەف کاتەکەم وەکو ئەفسەر لەناو زیندانی ئیرلەند - ، ئەنجڵا ئیڤان دەیڤد ئایا بەندیخانە ڕەهاییە؟ کەشینگ جیانگ- ژیانم لە زیندان، یاداشتەکانی سیاسییەکی  یاخی چاینیزی، دیترچ بانهۆڤەر-  نامەو کاغەز لەزیندانەوە،
 نیل سام ۆرث- ڕێگە نامۆکان: ژیانم وەکو ئەفسەری زیندان، وەڵتەر ڕاڵی نایت - مێژووی جیهان، لەپێنج کتێبدا،
بۆبی ساندس - نوسینەکانی ناو زیندان، نگوجی  وا ثۆنگۆ- پێشبڕکێ لەگەڵ شەیتان،
کۆمەڵێک نوسەری تر کە زیندانی کراون بە هۆکاری جیاجیا لەوانە
ئۆسکار وایڵد، فییۆدۆر دستۆڤسکی- ماڵی مردن ، تۆماس مەڵۆری، کرستفر مەرڵۆوی، دەنیاڵ  دیفۆی، مارکیس دو ساد، پۆڵ ڤارلەین، ئەدۆڵف هتلەر- کتێبی تێکۆشانم ، ئان پێری، چەستەر هایمس، ڕۆبەرت ڕۆتستین، ئەدوارد بەنکەر، ئەلمۆر لەنەرد، مارک براندن رید، نێڵسن ماندیلا -گفتۆگۆ لەگەڵ خۆمدا، شاعیری ئیتاڵی دانتی بۆگیری، عبدالرحمن منیف ڕۆمانی "خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست"، شاعیرو ئەدیبی سوری محمد ماغوط.

مستەفا خەلیفە وڵاتی یەکەمی خۆی کە سوریا یە جێدەهێڵێت و دەچێت بۆ فەرەنسا، لە زانکوی پاریس بەشی سینەما دەخوێنێت، هەر لەوێ لەگەڵ کچێکی سوری یەکتر دەناسن و یەکتریان خۆشدەوێت، دوای دەرچوونی لە زانکۆ بڕیاردەدات بگەڕێتەوە بۆ سوریا ئەزمونی ئەوچەند ساڵەی خوێندنی گوازێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی، کچەکە زۆر لێی دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی نەگەڕێتەوە، نوسەر هەر سوردەبێت لەسەر گەڕانەوەو دەڕوات، لە فڕۆکەخانەش کچەکە هەر لێی دەپاڕێتەوەو دەڵێت مەڕۆ، بەڵام ئەو هەر دەڕوات، کەدەگاتە فڕۆکەخانەی سوریا، بەتاوانی "اخوان المسلمین" دەیگرن و سیانزە ساڵ حوکمی بەسەردا دەسەپێنن، بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکی هەبێت. ١٣ ساڵ لەناو چوار دیواری بەندیخانەی تارێک وتابڵیی تاڵ وپڕ ئازارو دڵتەنگی بەسەردەبات.


لەناو بەندیخانە،دوای ئەوەی کە بەو گەنجە دەڵێن تۆ "اخوان المسلمین" یت،  ئەویش دەڵێت نا  وانییە، من کەسێکی بێدینم وبڕوام بە هیچ دینێک نییە، موسڵمانەکانی ئەوێ هەموو ڕقیان لێیدەبێتەوە، لەناو بەندییەکان جیادەکرێتەوەو بەجیاو بەتەنها لەشوێنێک دادەنرێت.
نوسەر پاش ئازادبوونی لەزیندان، بیرەوەرەی سیانزەساڵی ناو زیندانمان بۆ دەگێرێتەوە، نوسینەکەی خەیاڵی ئەو کاتانەی ناو زیندانە، نوسەر خەیاڵ و واقع، خودو بابەت تێهەڵکێش کردووە، تەکنیکی گێڕانەوەی نوسەر بەجۆرێکە خوێنەر ناتوانتێت دەست لەکتێبەکە هەڵبگرێت، خوێنەر پەلەیەتی بزانێت ڕووداو دوای ڕووداو چیتر بەدوایدا دێت، چیتر ڕوودەدەن.

جۆری نوسینی ئەم رۆمانە لەو نوسینانەیە کە پرسیارت لا درووست دەکات، زیندان ئەو شوێنەیە کە تاوانکار سزای خۆ وەردەگرێت، ئەی کە سزاکەی تەواو کرد، دوای ئەوە چی؟ ئەی ئەوەی بێتاوان پەستێندراوەتە ناو ئەو دۆزەخەوەو ڕۆژانە سزا دەدرێت، باری دەروونی مرۆڤەکان چ گۆڕانێکی بەسەردا دێت؟ دەیان پرسیاری تر...


سەدان زیندانی پەستێنراونەتە ژوورێکی تەسکەوە، لەسەرەوەش چاودێری دەکرێن، نابێت کەس لەگەڵ کەس قسەبکات و جوڵە بکات، چاودێریکەرەکانیش بۆخۆیان زیندانین، هەرچی کەسێک کەلەناو ئەو بەندیخانەیەیە خۆشی بەندییە.
کیشەی بێ ئاوییان هەیە، لە تاوی تینویەتی دەم دەنێن بە بۆرییەکانەوە بۆ ئەوەی ئەگەر ئاوی تێدابێت هەڵیبمژن، ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، زۆر جار دەمیان برینداردەبێت و خوێن جێدەمێنت بە بۆرییەکانەوە.

 

 

بەشێک لە جۆری سزادانی ناو زیندانی تەدمور

یەکەمجار بۆ ئازاردان بە گروپی جیاجیاو بە پێی جۆری کارەکان بانگ دەکراین
قوتابیان بانگ دەکران و ئازار دەدران، پاشان ئەوانەی کە پلەی بەرزی سەربازییان هەبووە
داوایان لێدەکرا چڵکاو بخۆنەوە، ئەوەی دەیخواردەو نایخواردەوە، لێی دەدرا تاکو گیانی لەدەست دەدا.
جۆرێک ئازاردانیان هەبوو، بە دە تاکو دوانزە کەس کەسێک بە پاڵکەوتنەوە لەسەر دەستیان کە لەسەر پشت پاڵیاندەخست و بەرزیان دەکردەوە بۆ سەرەوەو دوای دەستیان لێبەردەدا بۆ سەرزەوییەک، پشتی دەشکا، یان سەری دەتەقی و دوایش گیانی لەدەست دەدا.


مستەفا خەلیفە لەزمانی بەندییەکەوە دەڵێت:جارێکیان یەکێک لە بەرپرسی بەشەکان هات و وتی دەمت بکەوە، بەڵغەمێکی تفانە ناو دەممەوەو شەقێکی لە گونم دا ئەو شەقە بوو بەهۆی ئەوەی بەڵغەمەکە بە قوڕکمدا بچێتە خوارەوەو بواری تفانەوەیم نەبوو، بۆ هەتاهەتا بێزم لەخۆم دەکردەوە، چەند خۆم ئەشۆری و ئاوم ئەخواردەوە، هەر هەستم ئەکرد پیسم وپاک نابمەوە.

باوکێک و سێ کوڕی لەگەڵمانا زیندانی بوون، هاتن لە باوکەکەیان پرسی یەکێک لە کوڕەکانت هەڵناواسین، کام لە کوڕەکانت هەڵدەبژێریت، هەر چەندە هەموویانی خۆش دەویست بەڵام وتی بچوکەکەیان ، بەڵام دوایی هەرسێکیان لە سێدارەدا، چ یاری کردنێکە بە ڕوحی مرۆڤەکان، چ سزایەکی دەروونییە، چ دڵڕەقییەک هەیە لەناو جەلادەکاندا، چ دڵ بەردییەکە!
بەندییەک ئەقڵی لەدەست دابوو، هەمیشە بەتانییەکەی دەدات بەسەرخۆیدا، نەیدەویست هیچ شتێک ببینێت،
جارێکیان بەردێک لەدیواری ژوورەکە بەربووەوە، منیش لەترسا چووم لەجێی خۆی داینێمەوە. بینیم ئەودیو دیوارەکە دیارە.
منیش خۆم وەکو ئەو بەندییە لێکرد کە ئەقڵی لەدەستدابوو، بەتانییەکەمم دەدا بەسەرماو لەکونەکەوە سەیری ئەودیوم دەکرد.
جارێکیان بەندییەک لەبەشەکەی ئێمە مرد، یەکێک لەبەندییەکان وتی شەهید بوو، کە بەرپرسی بەشەکەمان گوێی لە وشەی شەهید  بوو هات بەندییەکەی برد، لەکونەکەوە سەرم کرد، بەندییەکەی کوشت.
وەکو کیسەڵ هەستم بەترس کرد، چوومەوە ناو قاوغەکەی خۆم ودانیشتم.
لەبەندیخانەی سەحرا ئەگەر ژیان یەکسان بکرێت بەمردن. مردن سەلامەتترە.

 

شەوی کرسمس زۆر دڵم تەنگ بوو، دەمگوت ئێستا خەڵک هەموو دڵخۆشن وئاهەنگ دەگێڕن، زۆر سەرمام بوو، سەرمای بیابان لەوادانییە، وەکو چەقۆ ئەتبڕێ بەتانییەکەم بەسەرخۆمدادا، خەیاڵم دەکرد لەناو ماڵێکی خۆشم مێزێک لەبەردەممەو پڕسەری لە خواردنی خۆش وخواردنەوەیە. بەرپرسی شوێنەکە هات وتی وەرنەدەرەوە، بەجوێن وپاڵنان هەموومانیان فڕێدایە دەرەوە، هاواریان دەکرد بەسەرماناو دەیانگوت ئێمە لەبەرئێوە لێرەین، ئەگەر ئێوە نەبوونایە ئێستا ئێمە لەئاهەنگ بووین.
وتیان خۆتان ڕووت بکەنەوەو بووەستن ئەوەی بکەوتایە تێریان لێیدەدا، دەیانگوت باگەرمت بکەینەوە. زۆر دەترسام بکەوم، هەستم دەکرد ئەقڵم لەجەستەم جیادەبووەوە، کەوتم، کەوتنە گیانم زۆریان لێمدا. هەر لەنوکی پێمەوە تاکو تەوقی سەرم لەبەرئازار دەیبریسکاند، ئازارێک بەزمان وەسف ناکرێت، دوایی وتیان بچنە ژوورەوە.

 


نوسەر لەچاوپێکەوتنێکدا دەڵێت ئەم هەموو زوڵمە، ئەم هەموو تاڵی و ئازارەی ژیان، ئەگەر خوایەک بوونی هەبێ بۆ پێش بەم نادادپەروەرییە ناگرێت؟ بۆ تەداخولێک ناکات؟
هەموو سەرمان نزم و لەحاڵەتی ترسدا، چۆن هەموو بەندییەکان بەوجۆرەن!؟ هەر دەڵێی پێشتر مەشقمان پێکراوە.
بڵێی یەکەم بەندی لەمێژوودا کێ بووبێت؟ بڵێی کێ بەندیخانەی دروستکردبێت، ئەبێ یەکەم بەندیخانە شێوەی چۆن بووبێت؟ بڵیی تەنها بەندییەک هەبووبێت بەتەنها لەیەک دنیادا، لەیەک زەمەندا؟!
نەخۆشی "گەڕیی" بڵاوبووەوە، یەکەم کەس من گرتم، یەکێک لەبەندییەکان دکتۆربوو، هاتە پێشەوەو قسەی لەگەڵم کرد، یەکەمجارم بوو لەو چەند ساڵەی ناو بەندیخانە کەسێک سەیری ناوچاوەکانم بکات و قسەم لەگەڵ بکات، دڵخۆشییەکی پێبەخشیم کە وەسف ناکرێت. پێی گوتم مەیخورێنەو پاک ڕایگرە، چاک دەبیتەوە، ئیتر هەوڵمدا نەیخورێنم و هەمووڕۆژێکیش بەسابوون دەمشۆری چاک بوومەوە.


نوسەر دەڵێت بڕوام بەو قسەیە هەیە کە دەڵێت. ئینسان یەکجار نامرێت. هەرچی جارێک کەسێکت یان هاوڕێیەکی نزیکت دەمرێت.  پارچەیەک لەتۆ دەمرێت. ئەم زنجیرە مردنە  گۆڕستانێک لەناختدا درووست دەکات. بەشەو دەرگای ئەوگۆڕستانە دەکرێتەوەو مردووەکان دێن لەخەو هەڵت دەستێنن و زڕخەوت دەکەن.

مستەفا خەلیفە دوای سیانزەساڵ بەندییەتی و پاش ئازادبوونی لەزیندان ئەم ڕۆمانەی نوسیوە
هەروەها دەڵێت هەست دەکەم لەناو زیندانێک دەرچووم و کەوتمە ناو زیندانێکی ترەوە، چونکە کەسەکان نامۆن بەمن، هاوڕێکانم لەدەستدا، هاوڕیی زۆر نزیکی خۆم پێم دەڵێت بمبورە ناتوانم سەردانت بکەم.
بۆیە حەز بەتەنهایی دەکەم، حەزناکەم تێکەڵ بم، ڕقم لەناو قەرەباڵغییە.

هەمیشە هەست دەکەم ئەوان دنیای خۆیان هەیەو منیش دنیای خۆم، یان هەر بەهیچ جۆرێک سەربەدنیای ئەوان نیم.
بەسەر شەقامەکاندا، باخ و ڕێگەکاندا پیاسەدەکەم. خەڵکێکی زۆر لەدەوروبەرمن. بەڵام تێبینی دەموچاویان ناکەم. هەست دەکەم خەڵک بارستاییەکن لەوهەوایەی دەوروبەرم، هیج نابینم، مرۆڤ عادەتەن هەوا نابینێت.
شتێک لەناخمدایە، خۆشی ڕەت دەکاتەوە، ڕەتی دەکاتەوە چونکە ناتوانێت.

نوسەر لەشوێنێکی تردا دەڵێت:
کە بەشەقامەکاندا ڕێدەکەم تەماشای دەموچاوی ئەو خەڵکە بێخەم و بێهەستە دەکەم، دەڵێم ئەم خەڵکە چۆن بەوجۆرە بیباکن، ئاگایان لەو دنیایەی ئەو دیو خۆیان نییە، ئەو دۆزەخەی کە دروستکراوە، ڕۆژانە سەدان کەس لەوێدا دەکوژرێن.
ئەو دۆزەخەیە کەبەدەستی مرۆڤ خۆی درووست کراوە

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار