سەدای شیعری هاوچەرخی کوردی لە نێو شیعری گەردوونیدا

2019-07-04 11:31:21



 

فازیل شـەوڕۆ ــ دوبلن

 

هەرچەندە، نزیکەی ئەو (٦٥٠٠) زمانەی ئێمڕۆ لە جیهاندا قسەیان پێدەکرێ، هەر یەکێکیان هەڵگری بەشێک لە شوناسنامەی نەتەوەیی خاوەنەکەیەتی و وەک کۆڵەگەیەکی تۆکمەی بەردەوامیی ئەو نەتەوەیە سەیردەکرێن، بەڵام، هەر ئەو زمانانە، لە چەندان کایەو بواری هەستیاریی مانەوەو بەردەوامی کۆی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا ڕەگ و ڕیشەی هێندە قووڵ و پەرش وبڵاویان هەیە، وەک بڵێی هەموویان ئەستێرەی نیو یەک هەساربن و بەدەوری یەک تاکە خۆردا بسوڕێنەوە. نهێنی ئەو دیاردەش لەوەدایە، هیچ زمانێک نییە و نەبووە ــ  چ زارەکی و چ نووسراو ــ تەنها ئامرازێکی دەنگی لە قالبدراوی ئاخاوتنی سنووردارکراوی هەبێ و توانای شکاندنی بازنە جوگرافیاییەکی خۆی نەبێ. چونکە هەر زمانێک، ئاخێوەرەکەی چەند هەزار کەسێک بن یان سەدان ملیۆن کەس،  چەندان زمانی دیکەی شاراوەی لە نێو خۆیدا حەشارداوە، وەک زمانی نیشانەکان، زمانی گوتاری، زمانی ئاماژە،  زمانی ئەدەبی، زمانی گەردوونی...تاد.

ڕەنگ بێ لە مێژووی زماندا،  زمانی ئەدەبی، لە قالبی ئەفسانەو سیحر و ئاییندا، ، کونترین ژێدر و داهێنەری زمانی گەردوونی بێ. لە گەڵ گۆڕانکاریەکانی بەسەر هزرو دیدی مرۆڤ داهاتووە، ئەو زمانە گەردوونییە، وردە وردە پەل وپۆی لێبووتەوە، تا لەم سەرەمەدا ڕشتە ئەدەبیەکان، جۆرە سەربەخۆیەکی دیاریان بۆخۆیان وەدەست هێناوەو  شوناس و ناسنامەی تایبەت بەخۆیان داهێناوە، وەک  زمانی ڕۆمانی گەردوونی، زمانی شیعری گەردوونی، زمانی فەلسەفەی گەردوونی، زمانی دیدی گەردوونی، زمانی هونەری گەردوونی...تاد.

زاراوەی (گەردوونیCosmopolitan / Cosmo)، کە وەک ئاوەڵناو و ناو بەکاردێ، وا پێناسە دەکرێ:" کەسانێک یان شتگەلێک ئەزموون و خەسڵەتی چەندان ناوچەو هەرێمی جیهانی لە خوێدا کۆکردبێتەوە." لە سەردەمی (هۆمریۆس)دا، (٩) سەدە پێش زایین، زاراوەی(گەردوونی Cosmo)بۆ ئەو خشل و زێرو زیووو  داوودەرمانانە بەکاردەهات کە  بۆ ئارایشت بەکاردەهێنران. بۆیە ئێمرۆش بە شتەکانی ئارایشت دەڵێن (Cosmetics). ئاخر ئەوە ئەو  ئەستێر و مانگ و خۆر و ڕۆناکی و تریفەو گزنگانەیە، کە گەردوونیان ئارایشت کردووە. جا کە فیساگۆرس و ئەفلاتۆنیش هاتن، لە دیدێکی فەلسەفییەو ئەو زاراوەیان بەکارهێنا وەک بڵێی ئەم گەردوونە بوونێکی ناڕێک و داڕژاو وپەرشوبڵا بێ، ئەوەی ئەوی کۆکردۆتەوە، جوانییەکەیەتی. لێرە، ئەوان ئەو (جوانی)ییەیان ، وەک  چەمک و زاراوە، گواستەوە دونیای شیعر.

شیعری گەردوونی (Cosmopolitan Poetry)، لە دوو سەرچاوەگەلێکەوە، سەیر دەکرێ، لە لایەک، شاعیر، وەک خەونبێنێک، لەم گەردوونە دەڕوانێ وهەمیشە پرسیاری بێوەڵام و ئاڵۆزاوی دەورووژێنی، پرسیارگەلێک،  کە هەمیشە مرۆڤی بەخۆیەوە سەرقاڵکردوە، جا ئەو مرۆڤە لە هەر جێگەیەکی ئەم جیهانە بێ. لە لایەکی دیکەدا، ئاوێنەی واقیعێکی پڕ جوولەی هەمیشە لە گۆڕانی ناجێگیری کۆی ئەو گەردوونەیە، ئەمەش بە بەیەکەوە گڕێدانی ئەو سەرە داوو ڕایەڵانەیە کە  کۆی پارچەو پاژەکانی ئەو گەردوونەی بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

 با بە واتایەکی سادەتر، ئەمە داڕێژینەوە، شاعیر، لە هەر جێگەیەکی ئەم جیهانە بێ، تەنانەت ئەگەر لە درزی پەنجەرەیەکی بەندیخانەیەکیش بێ، کە سەیری ئاسمان دەکات، هەر ئەو ئەستێرە و مانگ و خۆر و هەتاو ڕۆناکی و تریفەو زیریوانە دەبینی، کە لە هەموو ناوچەکانی دونیادا، دەبینرێن و هەر یەکن. جیاوازییەکە تەنها  لە تەوزیفکردنی ئەو پێکهاتانەی گەردوون دایە، کە ئەمەش پەیوەستە بە دیدو ئەزموون و بەهرەی شاعیرەکە. لێرەدا، (٢) جۆرە بەرهەم، تۆمار دەکرێ کە لە هەوردوکیاندا رۆحی (خود) خولقێنەرە:

یەکیان، (خودی بازنەدارە)، کە تەواو خۆی لە چوارچیوەی مێژوو و جوگرافیای ناوچەیەکی دیاریکراو حەشارداوەو ڕەگی بە یەک ئارستەدا داکوتاوە کە ناتوانی لە(نشیتمانەکەی خۆی) دوورکەوێتەوە. هەرچی ئەوەکەی دیکەیە، (خودی گەردوونییە) کە ئەویش هەر ڕەگو ڕیشەی هەیە، لێ چل و لق و پەل وپۆیەکانی هێندە بە نێوئاسماندا بڵاوبۆتەوە، لە دوورڕا، لە زۆر جێگەوە، دەبینرێن. ئەو بەرهەمە هەرچەندە بە زەوییەکی دیاریکراو بەستراوەتەوە، بەڵام خەسڵەتی گەردوونی بەخۆی داوە.

دیارترین خەسڵەتی شیعری گەردوونی، بەدەر لە ڕەهەندە ئەخلاقی و بەهایی وداهێنانی ئەدەبی  و هونەریەکەیەوە، هێڵی تەریب و هاوبەشی لایەنە دەروونی و هزرییەکانی مرۆڤە، کە بەدرێژای مێژووی مرۆڤایەتی گۆڕانکارییان بەسەر دانەهاتووە.

بۆ جۆری یەکەم، لە نێو شیعری کوردیدا( کۆن و نوێ و هاوچەرخی)، کۆبەرهەمی ئەوتۆمان لەبەر دەستە کە (٧٠٠) لاپەڕەیە، بەڵام ناتوانیت (٧) دێڕە شیعر، لە دەقێکیدا وەرگریت و وەریگێڕیتە سەر زمانی فەرەنسی یان چینی یان ئەرژەنتینی ــ وەک نموونە ــ و بیخەیتە بەر دیدی کەسێک لەو (٣) نەتەوەیە. ئاخر ئەوان ناچیتە ئەقڵیان(ئەشق دڵ بکاتە کەباب و سینە بکاتە تەندوور) یان (لە جەژندا دولبەر بە خوێنی خۆشەویستەکەی پەنجەکانی خەناوی بکات) یان (بەربوونەوە و کەوتنە سەر زەوی شاعیرێک، هەر لەبەر ئەوەی کیژۆڵەیەک ئاورێکی لێ داوەتەوە.)

لەبەرانبەردا، کە لە چوارینەکانی (عومەر خەیام ١٠٤٨ ــ ١١٣١) و لە بەیتەکانی (جەلالەدینی ڕۆمی ١٢٠٧ ــ ١٢٧٣) ورد دەبیتەوە، هەست دەکەیت کە هەرچی ڕەهەندی دەروونیی گەردوونی مرۆڤە لەواندا حزووریان هەیە. ئەوان هەرچەندە تاکن و بە زمانێکی دیاریکراو نووسیویانە، بەڵام نە (زەمەن ) و نە (مەکان) لە نێو دەقەکانیاندا بوونی نییە. هیچ سنوور و شوورە و دیوارێک نییە (رۆحی مرۆڤیان) کۆت و سندمکردبێ. هەرچەندە شارستانییەت گوڕاوەو بەردوامیش دەگۆڕێ، ناوەڕۆکی دەقەکانی وان، پەیوەست نین بە ژینگە و ڕۆشنیریی و کەلتووری ناوچەیەکی دیاریکراو و لە گەڵ رۆژگاردا نەک نامرن، تەنانەت ژەنگ و گەردیش ناگرن. چونکە خەسڵەتە جەوهرییەکانی دەروون و  و بەهاکانی مرۆڤ ناگۆڕێن.

خەسڵەتی بنەڕەتی شیعری گەردوونی لەوەدانییە، کە شکینەری کۆتی( من Ego )ەکە بێ، بەڵکۆ لە دڕاندنی شووناسنامەی نشتیمانە لۆکەڵەکەیەتی و گۆڕینەوەی ئەو شووناسنامە بە شووناسنامەی (هاونشتیمانی جیهانی یان گەردوونی)، بەو واتایەیی، لە پاڵ هەموو مافەکانت، قامتێک مافی جیهانیشت هەیە، بەوەی کە بەشێکی لە پێکهاتەی ئەمسەر زەمینە. شاعیر بونەرەرێکە کە وجودی هەیە لە بووندا(Being)، بەڵام لە بوونی گەردوونیدا(Interbeing)، دەبێتە، بونەرەرێک لە پاڵ هەموو کەسیێتییە تایبەتمەندەکانی، کەسیێتییەکی دیکەشی هەیە کە لەگەڵ کۆی کەسیێتی مرۆڤایەتیدا یەکدەگرێتەوە.  هەستکردن بە کۆژانی مرۆڤەکان و تێکشکاندنی خوداکانی جەروستەم، فیداکاریی لە پێناو ئاشتی و ئاسایشتی سەرتاسەری وپشتیوانیکردن لە مەزلووم و جوانترکردنی جوانییەکانی سروشت و ژینگە، لە سەرتۆپی هەمووشیانەوە، پاراست و پارێزگاریکردن لە بەها جوانیەکانی مرۆڤ، کۆڵەکەی هاوبەشی، ناوئاخنی ئەو دەقەشیعرانەن، کە ئەوان دەیڵێن، جا بە هەر زمانێک بی. شاعیری گەردوونی، لەنێو نیشتیمانەکەی خۆیدا،  نیشتیمانێکی  بێ سنووری هەیە، کە هەموو گەردوونە.

هەرچەندە لە ئەدەبی کلاسیکی کوردیدا، دەکرێ چوارینەکانی باباتاهیری عوریانی (٩٣٧ ــ ١٠١٩؟) و مەم و زینی ئەحمەدی خانی (١٥٦٠ ــ ١٧٠٧) بە شیعری گەردوونی دابندرێن،  بەڵام دەبینین، لەبەراوردکردنی رێژەی کۆی ئەدەبی کلاسیکیماندا،  بەرهەمی گەردوونیمان زۆر کەمە.

سەرهەڵدانی چاخی شیعری نۆی کوردی، بە هاتنی گۆران و شیخ نوری و شیخ ساڵح، پەنجەرەیەکی تازە بەرووی شیعری گەردوونی کوردیدا کرایەوە، دەتوانین، بە بێ تەقییە، دەست بۆ چەندان بەرهەمی شیعری بەرین و وەریانگێڕینە سەر زمانەکانی جیهان و بیخەینە بەر دیدی خوێنەرانی جیهانی. بەڵام  ئەو فەزایەش هێندە فراوان نییە وەک مەراممانە.

دەکرێ سەرتای هەشتاکان، سەدەی ڕابردوو لە شیعری کوردیداــ لە دیدی بەندەوە ــ بکرێتە دەروازەی بە گەردوونکردنی شیعری کوردی هاوچەرخ. بۆچی؟

بەگشتی، شاعیران، لە ڕیی خوێندنەوە و سەفەر و گەڕان، پتر چاویان کرایەوەو باشتر بە ئەدەبی گەلان ئاشناوبوون، فێری زمانی بێگەنەش بوون،  بە جددی هەوڵی شکاندنی قەفەزی لۆکاڵی دەقەکانیان داوە، تا ڕادەیەکی باشیش سەرکەوتوو بوون. بەڵام هەمیسان، لەبەر هەژاریی وەرگێڕان لە زمانی کۆردیەوە بۆ زمانە زیندووەکانی جیهان، ئەو دەروازەیەش بە زۆر زنجیرو قوفڵ ، تاڕادەیەک، کڵۆمدراوە. ژمارەی ئەو بەرهەمە شیعریانەی کە تەرجەمەی زمانە زیندووەکانی جیهان کراون زۆر کەمن و هی ژمارەیەک شاعیرن کە لە پەنجەکانی یەک دەست تێناپەڕن.

کەواتە، بوونی شیعری گەردوونی، لە ئەدەنی هاوچەرخی کوردیدا، بەستراوەتەوە بە وەرگێڕان، کە تا ئێستا گڕوتین و برستی بە هێزی نییە، بتوانی بکەوێتە کێبرکیی بەرهەمی زمانەکانی دیکە.

لە چەند سەرە قەڵەمێکدا، ئەم خاڵە بایەخدارانە، دەربارەی ئەم بابەتە، بۆ خوێنەر تۆماردەکەم:

  • ئەو وەرگێڕەی دەیەوێ شیعری گەردوونی لە ئەدەبی کوردیدا هەڵبژێریت و تەرجەمەی بکات، دەبێ جگە لە کارامەیی و شارەزایی لە شیعری کوردیدا، بەئاگاو خەبەرداری زانستی (شیعری گەردوونی) و ( ڕەخنەی شیعری گەردوونی) بێ. مەرج نییە جوانترین و باشترین دەقە شیعرێکی کوردی بچێتە خانەی شیعری گەردوونییەو با لەسەر زاری هەموو کوردێکیش بێ.
  • مەرج نییە ئەو دەقە شیعرانەی سیخناخ کراون بە ئەفسانەو فۆلکلۆرو کەلتووری بێگانەوە و پڕن لە ناوی کەس و شوێن و مێژوو و جوگرافیای بێگانە، بچنە نێو دەفتەری شیعری گەردوونی. بە پێچەوانەوە، زۆر ئاساییە شیعرێکی زاتی سڕف، هەڵگری کۆی خەسڵەتەکانی شیعری گەردوونی بێ. ئەمەش زێڕەنگری خۆی دەوێ بیانناسێتەوە.
  • ئەگەر جاران ڕەخنەکارەکان هەر خەریکی چەکوشکاری بووبن لە سەر (دەقی شیعر) و دواتریش لەسەر (شاعیرەکە)، ئەوا ڕەخنەکاری ئەم سەردەمە. کاتێک باشیش دەبێ تەرخانکات بۆ خوێندنەوەی هزر و هەست و ویستی (خوێنەر) کە پەیامگری سەرەکییەوە، بەرهەمەکەی بۆ نووسراوە. بەداخەوە، ڕەخنەی ئەدەبی کوردی لەمەشدا، تا ئێستا هەژارەو وادەزانن کە هەر دەقە شیعرەکە بایەخدارە.

پێش ئەوەی بابەتەکە، بە نیوەچڵی لێرەدا داخەم ــ کە نووسینی زۆرتر هەڵدەگرێ و لە هەفتەنامەی (پەڕاو)ی شکۆداردا،  دەرفەتی نموونە هێنانەوەم کەمە، دەمەوێ بە شاعیرانی ئەم ڕۆژگارە ڕابگەێنم، کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، نەوەی نوێ لە نێوان (٣) تا (٥) زمان دەزانن و قسەی پێدەکەن، بگرە پتریش، لە لایەکی دیکەشەوە، ئەو بۆچوونەی دەگوترا: شاڵاوی ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیایی سەردەم جێگە بە کاغەز لەق دەکا، پێچەوانە بۆوە، ئێستا خوێنەران ڕوویان کردووەتەوە  کتێب و تیراژەکانی چاپکردن هەر لە هەڵکشاندان،  بۆیە دەبێ لە هەڵی جددی دابن، تا دەنگی خۆیان و بانگی نەتەوەکەیان، لە ڕێی شیعری گەردوونی بگەێننە هەموو گۆشەیەکی ئەم جیهانە. دڵنیا بن، بەرهەمی زۆر جوانمان هەیە، بەڵام دەبێ پتریش کارییان لەسەر بکرێ. و زمانزانە بە تواکانیش بەجددی، دەقە جوانەکان وەرگێڕنە سەر زمانە زیندووەکان.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار