نیشتمان لەئەندێشەی شێرکۆ بێکەسدا

2019-09-16 19:01:31



هۆشیارجەمال

مرۆڤ لەپاش لەدایک بوون و گەشەکردنی سەرجەم جەستەی و هزری سۆز و خۆشەویستی بۆ ئەوپارچە زەویە یان ئەوخانوە هەیە کە لەسەری دەژی، ئەم خۆشەویستە لەو کاتەوە دەستت پێدەکات کە دایک و باوک ڕۆڵ دەگێرن و بەردەوام دەبن لە پەیوست بوونیان بەو خانوە یان ئەو ناوچەیەی تێدا دەژین و ئامادە نابن هەروا بەئاسانی بەجێبهێڵن.

ئەگەر ئەم تێگەیشتنە بە شێوەیەکی گەورەتر ببینین ئەوا بۆمان دەردەکەوێت، کەمرۆڤ سۆز و خۆشەویستی بێ سنوری هەیە بۆ ئەو نیشتیمانەی کە دەژی تێدا و لێی پەروەردە بووە، هەردەم  هەوڵی پاراستنی داوە لە هێرشی دوژمنان، ئەم خۆشەویستیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە ڕەنگە کەسێکی سەرمایەدار بە وەگەرخستنی سەرمایەکەی لەوڵاتەکەی خۆیدا خۆشەویستی خۆی بۆدەربڕێ، یان مێژوونوس و شوێنەوارناسان بەگەڕان و ئەنجامدانی توێژینەوەکانیان لەسەر ڕوداوەکان و شوێنەوارە  مێژوویەکان لەپێناو هەواڵدان بۆ پاراستنی کەلەپوری وڵاتەکەیان خۆشەویستیان دەربڕن.

شاعیران و نوسەران و ئەدیبان نوسەرانی کورد هەرلە ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆیی و نالی و گۆران و شێخ نوری شێخ ساڵح و چەندانی تر هەریەکەیان لەڕێگای توانا ئەدەبیەکەیانەوە خۆشەویستیان بۆ نیشتیمانەکەیان دەربڕیوە، ئەگەرچی توشی گرتن و زیندانی کردنیش بوبێت، بەڵام بەردەوام بوون و پەیامی خۆیان گەیاندوە،

شێرکۆ بێکەسی شاعیر یەکێکە لەو کەسانەی لە دەستپێکی شیعر نوسینەوە یاخی بوو لە کلتورو دەسەڵات و هەموو ئاینەکان لە پێناو نیشتیمانەکەی.

ئەو شاعیرە گەورەیە لەتەنیشتی چرایەکی گەشەوە گەورە بووە کە ئەویش شاعیری نیشتمانپەروەر فایەق بێکەسی باوکی بوو، کە یەکێک بوو لەڕۆشنبیرە هەرە دیارەکانی کورد لە نیوەی یەکەمەی سەدەی بیستەم ، کە لەتەمەنێکی کورتدا هەر لەپیشەی مامۆستایەکەیەوە تاشاعیرەیەکەی کە بەشیعرە نیشتمانپەروەریەکانی هەموو نیشتمانپەروەرانی هاندەدا کە ستەمکاری لەدەسەڵاتی سیاسی قبوڵنەکەن.

شێرکۆ بێکەس کە بە دیوانی تریفەی هەڵبەست لە ساڵی (1968) دەستی پێکرد، هەر لەسەرەتاوە نیشتمانی وەک مەعشوقێک بینیوە بەچەندین شێوە فۆڕمی جیاواز لەگەڵ بەرەو پێشچوونی شیعری کوردی  دۆزی نەتەوەی کورد و ئەو کارەساتانەی بەسەریدا هاتوون ، بەردەوام بووە لە خزمەت و نوسین بەدرێژایی چل ساڵ کە لوتکەی خۆشەویستی بۆ نیشتیمان و گەلەکەی لەگۆڕستانی چراکان و دەربەندی پەپولە و خاچ و مار و ڕۆژمێری شاعیرێکدا ڕەنگی داوەتەوە.

بەڵام  لەدوای سەرکەوتنی شۆڕش لەباشوری کوردستان و بەدی نەهاتنی بەشێک لەمافەکانی خەڵک هەنگاو بەهەنگاو شیرکۆ لەمەعشوقەکەی دورکەوتەوە کە نیشتمانە.

سەرەتای رەخنەی شێرکۆ بێکەس لە دەقی واڵای کورسیەوە دەستی پێکرد ودواتر لە کتێبە شیعری ملوانکە و هەروەها  هەست و نەست درێژەی پێدا تا لە ساڵی ٢٠١١ لە دەقی واڵای ئێستا کچێک نیشتنمانمە-دا بەتەواوی ڕەنگی دایەوە و گەیشتە لوتکە.

ئێستا کچێک نیشتمانمە یاخی بوونێکی  ناوازە و جیاواز بوو لەڕابردووی شاعیرخۆی گومان کردن بوو لە هەموو بەرهەمەکانی پێشوتری شێرکۆ لە بەرهەمە نیشتمانیەکانی تری!

شێرکۆ لە نێوان بێدەنگ بوون  لەبەرامبەر ئەو نادادپەروەریەی هەیەو  و بەرگری کردن لە گەنجانی مافخوراو دووهەمیانی هەڵبژارد.

لەبیرمە لەساڵی ٢٠١١ کەشێرکۆ بێکەس داوای کرد پێش ئەم بەرهەمە پێش ئەوەی  بڵاوبکرێتەوە وەک کتێب بەشێوەی دەنگ و ڕەنگ لەکۆڕیکدا بۆ ئەدەب دۆستان و گوێگران بخوێنێتەوە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار ڕێگەیان نەدا بە هۆی باری ئەمنی ئەو دەمە کۆڕەکەی بکات.

بۆیە شێرکۆبێکەس بڕیاری دا لەیەکێک لە ژێر زەمینەکان بەرهەمەکەی بخوێنێتەوە وەک ناڕەزایی دەربڕینێک، دەقی واڵای ئیستا کچێک نیشتمانمە بەشێکی یەکەمی بەڕۆژمێری کورێکی گەنجی تەمەن نۆزدە ساڵە کە باس لەئازارو گرفتەکانی خۆی دەکات لە ماوەی حوکمرانی کورد خۆیدا و دەڵێت:

من ناوم ( کامەرانە)

یەکەم درۆی نوساو بەجەستەی خۆمەوە ناوەکەی خۆمە

هەروەک ئەوەی دڕدۆنک ناوی (دڵنیا) بێ و (قاقی) ناوی دارستان بێت.

شیرکۆ لەم بەرهەمەیدا دەبێتە زمانحاڵی زۆربەی باڵندە و گیانلەبەرەکان دەبێتە گەروی هاواریان ،دەڵیت:

من ناوم کیسەڵە

ئەوە چەند ساڵە لەم گوێ گۆمە حەماڵی ئەکەم

ئائەو کونەش ماڵەکەمە.

بەڵام دوێنێ چەند قاچێکی نیشتمانم لێ پەیدابوون

توڕەو تڕۆ

بەنوکە شەق هەتا ئەو خوارەیان بردم

لەم کتێبە دا چیتر نیشتمان ئەودایکە میهرەبانە نیە کە منداڵەکان لەدەوری کۆببنەوە وبەدادپەروری ژەمە خۆراکێک دابەش بکات بە سەریاندا چونکە نیشتمان بەدەست کۆمەڵێک کەسەوە تەواو هیلاک و ماندوە ڕۆژانە ئازار دەدرێت و دەشت و دۆڵ وڕووبارەکان هەمووی دابەشکراوە تەنانەت مەتریش دێتە گۆ ودەڵیت:

من ناوم( مەترە)

مەتری ئەرز پێوان بێزارم بێزار

ئەوە چەند ساڵە کۆمەڵە دەستێکی نیشتمان

لە بناری ئەوشاخەوە هەتا ناو شار ئەمکەنەوە و ڕامەکێشن

جاری واهەیە من چەندین جار تەواو ئەبم

بەڵام ئەوان ئەرزەکانیان تەواو نابێ!

شاعیر بەم زمانە ڕەخنەیە بەردەوام دەبێت تا لە بەشی دوومەدا لەجیاتی کوردستان  کچێک دەکاتە نیشتمانی خۆی  بەناوی (ڕۆزانا) ئەم کچە لەچاوی شاعیردا پرچە ڕەشەکانی مەراقی دایکێتی ڕەنگی پێستی لە جۆگەلەی بەرهەتاو دەچێت و دەستەکانی لە دەستی بەفری قەسیدە.

دانیشتن لەکەناری ئەو وەک دانیشتە لای ڕووبار هەرچی ئازارو ناخۆشی و سەختی نیشتمانە ڕۆزانا بەجوانی و لێبوردەیی و خۆشەویستی لەبیری دەباتەوەو دەڵیت؛

من ئەوەتەی

ئەوکچەم ناسیوە

ئەوەتەی بارانی پرچی

ئەو لێم ئەدا

بووم بە شاعیری ئاوو

 ناوبەناو نم نم ئەنوسم و

هەندێک جاریش لێزمە بەخوڕ!

پێستی نازداری ڕۆزانا

لەگەواڵە هەورئەچێ

ڕەنگ برۆنزیی هەمووجارێ

کەسەرنجم

لەهەوری شان ومل ئەدا ئیتر بارانی پەخشان و

خەون و ئاواز بەسەر مندا دائەڕژ

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار