تویتەکانی مەکگۆرک ترەمپ دەکوتن

دە مانگ لەمەوبەر پێشبینیی روودانی ئەم دۆخەی ئێستای سوریای کردبوو، لەحاڵەتی کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا

2019-10-19 12:44:07



کاکەلاو عەبدوڵا

برێت مەکگۆرک نێردەی پێشووی تایبەتی ئەمریکا بۆ جەنگی دژی داعش لەوکاتەوەی ترەمپ بڕیاری کشانەوەی لە سوریا دا، بە زنجیرە تویتێک دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای داگرتۆتەوە، ئەو کشانەوەکە بە دستبەرداربوونی هاوپەیمانەکان و سوودی روسیاو سوریاو ئێرانو داعش ناودەبات.

دوای ئەوەی هیزەکانی سوریای دیموکرات لەم هەفتەیە رێکەوتن،برێت مەکگۆرک لە تویتێکا وتی ئەو لەگەڵ هاوپەیمانەکانی (هەسەدە) توانیوێتی شەڕی داعۆش بباتەوە، وتی «کەس ناتواهیت ئەو سەرکەوتنانەمان لێ بدزێت».

وتیشی بەلام هەر لە سەرەتای ئەمساڵدا کە ترەمپ بریاری کشانەوەی دا لە سورا ئەوکات ۆیشبینی ئەوەی کردبوو لەگەڵ کشانەوەکەدا هیزەکانی سوریای دیموکرات ناچاردەبن لەگەل سوریاو روسیا رێکبکەون.

مەکگۆرک دەڵێت «بۆ هێشتنەوەی سەقامگیری، رەنگە هەسەدە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبێت جگە لە رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق. ئەم دەرئەنجامە رەنگە پێویست بێت بۆ دوورکەوتنەوە لە کارەساتێکی مرۆیی و ستراتیجی».

برێت مەکگۆرک نێردەی پێشووی تایبەتی ئەمریکا بۆ جەنگی دژی داعش لەوتارێکی شیکاریدا کەمێژووەکەی دەگەڕیتەوە بۆ ١٠ مانگ لەمەوبەر پێشبینی روودانی ئەم دۆخەی ئێستای سوریا دەکات لەحاڵەتی کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا.

لەوتارە شیکاریەکەیدا کە لەواشنتن پۆست بڵاوکراوەتەوە، برێت مەکگۆرک باس لەوە دەکات کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەبێتە پاڵنەر بۆ کوردەکان تا بەناچاری پەنا بۆ لایەنی تر ببەن، وەک حکومەتی سوریا،  بۆ دەربازبوون لە گێژاوێکی ستراتیجی و مرۆیی. بەهێزبوونی پێگەی رووسیاو سەرهەڵدانەوەی داعش لەسوریا پێشبینیەکی دیکەی مەکگۆرکن لەئامادەنەبوونی ئەمریکا لەناوچەکەدا.

تەنانەت برێت مەکگۆرک هەر لەبەر بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بوو کە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد کاتێک سەرۆکی ئەمریکا لە ١٩ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ لە تویتێکدا کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لەسوریا راگەیاند دوای ئەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفونی ئەنجامدابوو.

مەکگورک دەڵێت کە دوو رۆژ پێش بڵاوکردنەوەی بڕیارەکەی ترەمپ، مایک پۆمپێیۆ پەیوەندی پێوە کردووە و پێی راگەیاندووە، «گۆڕانکارییەکی بەپەلە روویداوە لەپلانەکانماندا: سەرۆک ترەمپ نیازیوایە سەرکەوتن بەسەر خەلافەتی ئیسلامی رابگەیەنێت و فەرمان بەهێزەکانمان دەکات لەسوریا بکشێنەوە».

کاتێک ئەم هەواڵەی پێدەگات، مەکگورک دەڵێت کە ‹›دەستبەجێ گەڕامەوە واشنتن تا ئەم هەڵەیە راست بکەمەوە» بەڵام کاتێک دەزانێت ناتوانێت کۆدەنگی کۆبکاتەوە سێ رۆژ دوای بڕیارەکەی ترەمپ نامەی دەستلەکارکیشانەوە پێشکەش دەکات و ٣١ی کانونی یەکەم قبوڵ دەکرێت.

دواتر وتارە شیکارییەکەی لە ١٨ کانونی دووەم واتە مانگێک دوای بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بڵاودەکاتەوە کە چوار پێشبینی و راسپاردەی تێدایە بۆ حکومەتی ئەمریکا. برێت مەکگورک لەو سۆنگەیەوە ئەو وتارە دەنوسێت کە ترەمپ بەبێ راوێژو بێ هیچ زانیارییەک بڕیارەکەی داوە لەگەڵ ئەوەی نازانێت پێگە ستراتیجیەکانی سوریا کوێن و بەدەست کێوەن.

بەوردی چوار خاڵەکەی مەکگورک ئەمانەن:

یەکەم، ئێمە سوریا بەجێدەهێڵین و ترەمپ دووپاتیکردوەتەوە کە چوونە دەرەوەی دەوێت. هەتا زیاتر ئەم راستییە بمێنێتەوە، مەترسی دەرچوونێکی ئابڕووبەرانە زیاد دەبێت، لەوانە هێرش دژی هێزەکانی ئەمریکا و فەرامۆشکردنی تەواوەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەبێ پلانێکی واقیعیانە بۆ دوای ئەم رووداوانە.

دووەم، ئەسەد دەمێنێتەوە. ئەم راستییە ئێستا بەهەند وەردەگیرێت لەلایەن هاوبەشە هەرێمییەکانمانەوە، لەوانە سعودیە و ئیسرائیل، کە وەک هەر کەسێک لەواشنتن دژی ئێران تووندن، بەڵام لەوە تێدەگەن کە بەبێ ئێمە هەر دەرفەتێک بۆ کۆتایهێنان بەم دیکتاتۆرە خوێنمژە، کە ئێران و ڕوسیایە پاڵنەرین، خەونە.

سێیەم، تەنها هەسەدە سەقامگیری بەردەست دەکات لەو ناوچانەی پێشتر خەلافەتی ئیسلامی پێکدەهێنا لەباکوری سوریا. هێزەکانی هەسەدە ناکرێت بجوڵێنرێن و لەگەڵ دەرچوونی ئەمریکا پێویستیان بەپارێزەرێکی نوێ دەبێت یان مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش دروستدەکەن بە کردنەوەی بۆشایی بۆیان. بۆ هێشتنەوەی سەقامگیری. رەنگە هەسەدە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبێت جگە لە رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق تا بچێتە ژێر چەتری حکومەتی سوریا. ئەم دەرئەنجامە بەدبەختانەیە رەنگە پێویست بێت بۆ دوورکەوتنەوە لەکارەساتێکی مرۆیی و ستراتیجی.

چوارەم، تورکیا هاوبەشێکی متمانەپێکراو نییە لەسەر سوریا. ئەو هێزانەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کەتورکیا پاڵپشتیان دەکات پڕن لە توندڕەوو ژمارەیان زۆر کەمە کەڕووبەڕووی ئەسەد ببنەوە یا بننە جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ هەسەدە. ئەو ناوچانەی سوریا کە تورکیا کۆنترۆڵی کردووە وەک پارێزگای ئیدلیب لە باکوری رۆژئاوا، بەشێوەیەکی فراوان لەلایەن ئەلقاعیدەوە داگیرکراوە. ئەمریکا دەتوانێت یارمەتی تورکیا بدات سنوری بپارێزێت، بەڵام داغڵبوونی سوپای تورکیاو هێزەکانی پاڵپشتی بۆ نێو ناوچەکانی هەسەدە لە باکوری رۆژەهەڵاتی سوریا - وەک ئەوەی ئێستا باسی لێوە دەکرێت - پشێوی و ئاژاوە دروستدەکات لەگەڵ فەراهەمکردنی ژینگەیەک بۆ توندڕەوەکان تا گەشە بکەن.

برێت مەکگورک بەهۆی شارەزایی لەجوگرافیای ناوچەکە، پێگە سیاسی و سەربازییەکانی هەر بەرەیەک، لەگەڵ درک کردن بەمەترسییەکانی سەر ناوچەکە لەزنجیرە تویتێکدا، دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ لەهەفتەی رابردوودا سەبارەت بە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا، باس لەمەترسییەکانی ئێستا و داهاتوو دەکات لەگەڵ مەترسی دروستبوون بۆ ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا.

دوابەدوای راگەیاندنی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا لەبەیاننامەکەی کۆشکی سپیدا، مەکگۆرک نووسی: «ترەمپ دوای پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ سەرکردەیەکی بیانی، خەڵاتێکی پێشکەش بەڕوسیا و ئێران و داعش کرد».

«ئەم ناپاکییە بەپەلەو ناپێویستییەی دژی هەسەدە کرا دەستی نەیارو رکابەرەکانمان بەهێز دەکات بەدرێژایی هەرێمەکە و جیهانیش. ئەو پەندەی دەڵێت ‹هەرگیز بەگوریسێکی ئەمریکی مەچۆرە بیرێکەوە› لەئێستادا بایەخی پەیدا کردووە».

«کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا، هەموو ئەمە بەبێ بیرکردنەوە، لێکدانەوە یان پلان دانان لێکەوتەی جددی دەبێت بۆ ئاسایشی نیشتیمانیمان، تەنانەت لەدەرەوەی سوریاش».

سەبارەت بەئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و شەڕکردن دژی گروپەکە لەسەر داخوازی ئەمریکا، مەکگۆرک دەنووسێت: «ترەمپ وتی ‹دەتوانین داعش تێکبشکێنینەوە ئەگەر سەریهەڵدایەوە›. لەگەڵ کێ شەڕی لەگەڵ دەکات؟ چ هاوپەیمانێک رێکەوتنی لەگەڵ دەکات؟ کێ بەپشتبەستن بەبەڵێنی ئەو شەڕ دەکات؟»

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار