سوڵتانی عومان؛ مردنێکی جیاواز لەشێخەکانی نەوت

4 ساڵ لەمەوپێش



دارا عەبدولڕەحمان

سپێدەی رۆژی 1/11 وەک یەکەمین هەواڵی رۆژ، هەواڵی کۆچی دوایی سوڵتان قابوس بن سەعیدی سوڵتانی عومانم بەرچاوکەوت. هەواڵێکی وا بۆ من شتێکی تێپەڕو ئاسایی نەبوو، چونکە چەند جارێک سەردانی ئەو وڵاتەم کردووەو ماوەیەکیش لێی ژیاوم. عومان تابڵێی وڵاتێکی ئارام و دڵگیرەو خاوەن سروشتێکی جوان و فرەڕەهەندو تایبەتە.

بەرلەوەی ئەو وڵاتە ببینم وەک هەرکەسێکی تر، وێنەیەکی جیاوازتر لەئێستام بۆ ئەو وڵاتەو خەڵکەکەی هەبوو، کە بەداخەوە تاڕاددەیەک لەحوکمی پێشینەو نابابەتیبوون بەدەر نەبوو، بەڵم خۆشبەختانە ئەو سەردانانە بوونە هۆکاری ئەوەی کە بۆچوونم بەرامبەر بەو وڵاتە و وڵاتانی تری کەنداو بەتەواوی بگۆڕێت. هەرئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی کەهەرشتێک لەو وڵاتانە رووبدات بەشێوەیەک لەشێوەکان ببێتە جێی بایەخپێدانم.

راست بڵێم بەهەواڵی کۆچی دوایی سوڵتانی عومان لەناخەوە نیگەرانبووم. کەسێک کەماوەیەک لەم وڵاتە نەژیابێت، ئاسان نییە لەوە تێببگات کە بۆچی خەڵکی ئەم وڵاتە هێندە دڵیان لای سوڵتان و داهاتووی وڵاتەکەیان بوو، بەتایبەتی لەم دواییانەدا کەتەندروستی تەواو بەرەوخراپی دەچوو. هەر لەساڵی ١٩٧٠وە کاتێک کە قابوس بن سەعید جڵەوی فەرمانڕەوایی لەو وڵاتەدا گرتەدەست، زۆر بەخێرایی وەک فەرمانڕەوایەکی دووربین و دڵسۆزو ئاشتیخواز دەرکەوت، وڵاتەکەی لەوڵاتێکی هەژارو بێدەرەتان و پەراوێزەوە بەئاڕاستەی بوژاندنەوەو گەشەسەندندا برد.

دەکرێت زۆر بەڕاشکاوی بگوترێت کەکاری سەرەتاو کۆتایی ئەو، خۆی لەبەرەوپێشبردنی وڵاتەکەیدا دەدیەوە، هەربۆیە زۆر سەرکەوتووانە توانی عومان لەهەموو ئەو کێشمەکێشمە سیاسیی و شەڕوشۆڕانە بپارێزی، کە تائەمڕۆ بەرۆکی ناوچەکەیان گرتووە. لەسیاسەتی دەرەوەشدا بەتەواوی بێلایەنی خۆی پاراست و هەر بەو هۆیەشەوە توانی کاریگەریەکی بەرچاوی لەکەمکردنەوەی قەیران و گرژیەکانی ناوچەکەدا هەبێت. لەم روانگەیەوە کۆچی دوایی کەسایەتییەکی وا گرنگ، بێ دودڵی کاریگەریخۆی لەسەر تەواوی ناوچەکەو جیهان هەیە. جێگەی داخە، ئەو رووداوە کەمتر بووە جێی بایەخی میدیای کوردی و ناوچەکە بەگشتی، بگرە جگە لەچەند کورتە هەواڵێک کەخۆی لەژیاننامەو چەند زانیاریەک لەسەر سوڵتانی نوێدا دەبینییەوە، شتێکی ئەوتۆی لەبارەوە نەگوترا. هەرچی میدیا رۆژئاواییەکانیشە کەلێرەدا بەزۆری مەبەست لەو میدیایانەیە کە بەهەردوو زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی بڵاودەبنەوە، مامەڵەیان لەگەڵ ئەم رووداوەو زۆر رووداوی تری وڵاتانی ئیسلامی لەگشتاندنێکی نابابەتیانە و هەڵوێستی خۆبەسەنتەرزانی تێناپەڕێت. بۆیە پرسی دەسەڵاتی رەهای سوڵتانیانەو سنوردارکردنی ئازادیەکان، تاکە تەوەرەیەکبوون کە لەو میدیایانەدا لەگەڵ هەواڵی کۆچی دوایی سوڵتاندا بەشی شێریان بەر کەوت، بەدەر لەوە کاتێک ئەو میدیایانە باس لەهۆکاری پێشکەوتن و گەشەسەندنی وڵاتێکی وەک عومان دەکەن، ئەوا راستەوخۆ ئەو دیاردەیە بەدەوڵەمەندی و زۆری سامانی سەرچاوەی نەوتەوە گرێدەدەن.

وێناکردنی تەواوی وڵاتانی کەنداو بەو شێوازەو بەکارهێنانی دەستەواژەی (شێخەکانی نەوت) رەگێکی دیرۆکی هێندە قوڵی لەئەدەبیاتی ئەو جۆرە زهنییەتانەدا هەیە کەتێپەڕاندن و بەخۆداچوونەوەی بابەتیانەی کردووەتە کارێکی ئاستەم. بێئاگا لەوەی کە بەتەنها بابەتی دەوڵەمەندی و بوونی نەوتی زۆر، ناکرێت ببنە تاکە پێوەرو هۆکاری یەکلاکەرەوە بۆ ئەو ئارامی و بوژاندنەوەیەی کەوڵاتێکی وەک عومان لەماوەی (٥٠) ساڵی رابردوودا بەخۆیەوە دیوە.

 لەکاتێکدا زۆر وڵاتی تری دنیاو ناوچەکە بەئەندازەی عومان بەیەدەگی نەوتی دەوڵەمەندن، کەچی نەک هەر گەشەیەکی بەرچاویان نەکردووەو خۆشگوزەران نین، بەڵکو نەوتەکەو سەرتاپای وڵاتەکەش بۆ زۆرینەی هاونیشتمانیەکانیان بووەتە دۆزەخ و مەینەتی رەها، بەجۆرێک کەزۆرینەی خەڵکی ئەو وڵاتانە خەو بەوەوە دەبینن کە لەدەرفەتێکدا وڵات جێبهێڵن و بەرەو جێگایەکی تر سەهەڵگرن. هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران رەنگە لەئێستادا نمونەیەکی زۆر بەرچاوبن تا ئاماژەیان پێبدەین، ئەو دوو وڵاتە بەڕێژەیەکی زیاتر لەعومان خاوەنی یەدەگی نەوتین، بەڵام بەرزی ئاستی ژیانی تاکەکەس و خۆشگوزەرانی لەو دوو وڵاتەدا بەهیچ جۆرێک ناکرێت بەعومان بەراورد بکرێت.

بەهەمان لۆژیکیش ناکرێت و رەوانییە تەواوی وڵاتانی کەنداو بخرێنە یەک بازنەی گشتاندنەوەو وەک یەک پۆلێنکرێن. هەڵبەت لێرەدا مەبەست ئەوەنیە کە بگوترێت پارەو ئابوری و سیاسەت رۆڵیان نیە یان ئەم وڵاتە هیچ کەموکوڕیەکی نیە، بەڵم لەڕاستیدا کارێکی ئاسان نییە پەی بەو تایبەتمەندییەی وڵاتێکی وەک عومان ببردرێت، گەر ماوەیەک لەم وڵاتە نەژیابیت و لەنزیکەوە ئاشنانەبووبیت بەهەڵسوکەوتی خاکییانەو ژیانی فرەکلتوری و لێبوردەیی و کرانەوە بەڕووی ئاین و کلتورە جیاوازەکاندا. لەڕووی ئاینەوە زۆرینەی خەڵکی ئەم وڵاتە موسوڵمانی ئەبازی مەزهەبن، واتە نە سوننین و نە شیعەن.

خەڵکی ئەم وڵاتە زۆر شانازی بەمێژووو کلتوری دێرینی وڵاتەکەیانەوە دەکەن. دەکرێت مەرگی کەسایەتییەکی گرنگی وەک سوڵتان قابوس بکرێتە وێستگەیەک بۆ وردبوونەوە لەو کارە خزمەتگوزاریانەی کە ئەو لەژیانیدا بۆ وڵاتەکەی ئەنجامیدا و توانی لەو رێگەیەوە کاریگەریەکی بەرچاو لەسەر خەڵکی وڵاتەکەی جێبهێڵێت و بەڕاستی جێی خۆی لەدڵی خەڵکدا بکاتەوە، بەجۆرێک کە هەستکردن بەبەرپرسیاریەتی ببێتە یەکێک لەسیما هەرە جوانەکانی کۆمەڵگەی عومانی و هەمووان خۆ لەبەرەوپێشبردنی وڵاتێکدا بەهاوکار بزانن کەلێبوردەیی و هاوکاری یەکتری تیایدا بووەتە کلتورو شتێکی رۆتینی رۆژانە.

کەم نین ئەوانەی پێیان سەیرە کەچۆن عومان وەک وڵاتێکی موسوڵمانشین سەرەڕای هەموو ئەو نائارامی و کێبەرکێ سیاسیانەی دەڤەرەکە توانیویەتی ئەو پێشکەوتنە بەرچاوە بەخۆوە ببینێت، بەجۆرێک کەچەندین کەسی ئەم هەسارەیە خۆزگە بخوازن لەوڵاتێکی وا ئارام و سەقامگیردا بژین. لێرەدا چەندین ئاماژەی گرنگ لەکۆچی دوایی سوڵاتاندا بەدیدەکرێت، ئەو ئاماژانە ئەگەر لەڕواڵەتیشدا بچووک دەرکەون، بەڵم لە بنەڕەتدا گەورەن و کاریگەری بەرچاویان هەیە و شیاوی هەڵوێست لەسەرکردنن. هەروەک لەڕۆژی بەخاکسپاردنەکەیدا هەندێک لەو ئاماژانە بەڕونی دەرکەوتن... دەگوترێت سوڵتان لەپاش مردنی هیچ جۆرە موڵکێکی تایبەتی لە پاش بەجێنەماوە، هەموو ئەو کۆشک و تەلارو خانوو ئوتومبیلانەشی کە لەژیاندا وەک سوڵتانێک بەکاریهێناون، هیچکامیان بەناوی خۆیەوە نەبوون، بەڵکو لەسەر خواستی خۆی بەناوی خەڵکی عومانەوە تۆمارکراون و خاوەندارییەتیان بۆ گەل دەگەڕێتەوە.

وەک زۆرێک لەعومانیەکان باسی دەکەن لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەکەی بەهەمان ئەو ئوتومبیلە بەرەو گۆڕستان بەڕێکرا کە بەر لە (٥٠) ساڵ کاتێک دەسەڵتی گرتەدەست لەشاری سەللەوە (ئەو شارەی کە بەر لەبوون بەسوڵتان لێی نیشتەجێ بوو) پێیهاتبوو بۆ مەسقەتی پایتەخت تاوەکو سوڵتان دەسبەکاربێت. مەرگی سوڵتان قابوس بۆ خەڵکی عومان و ناوچەکە بە واتای لەدەستدانی کەسێکی زرنگ و داناو ئاشتیخوازو مرۆڤدۆست، بەخاکسپاردنێکی سادە بۆ سوڵاتانی وڵاتێکی دەوڵەمەندی کەنداو لەگەڵ گواستنەوەی دەسەڵت بۆ فەرمانڕەوای نوێ لەڕێوڕەسمێکی تەواو خاکیانەی ئاساییدا، بێئەوەی سەرۆکی هیچ وڵاتێک یان کەسایەتیەکی سیاسی و بەناوبانگی دەروەی وڵات بەشداری پێبکرێت، ئاماژەی گرنگ و هیوای داهاتوویەکی پرشنگدارن بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە. بەهەمان شێوە دەکرێت ببێتە وێستگەیەکی گرنگیش بۆ بەخۆداچوونەوەی هەموو ئەو دەسەڵاتدار و سەردارو هێزو لیەنانەی کە لەناوچەکەدا بەردەوام سەرگەرمی عەنتەریاتی ئایدۆلۆژی و پڕکردنی گیرفانی خۆیان و دەستوپێوەندە نزیکەکانیانن، بێئەوەی هیچکات ئاوڕێک بەلی خزمەتی خەڵکی وڵاتەکانیاندا بدەنەوەو دەستبەرداری گەندەڵی و ئەو شەڕە ناکۆتاو ماڵوێرانکەرانەبن کە تائەمڕۆ جگە لەنەهامەتی بۆ ناوچەکە هیچ ئەنجامێکی تری لێنەکەوتوەتەوە.  دەکرێت لەخەڵکی عومانەوە فێری ئارامی و ژیاندۆستی و هەستکردن بە بەرپرسیاریەت بین بەرامبەر بە ژینگەو هەموو ئەوکەسانەی کە لەگەڵماندا دەژین. جێی خۆیەتی بەرپرسان و دەسەڵتدارانی ناوچەکە کەسێکی وەک سوڵتان قابوس وەک نمونەیەکی سەرکەتوو ببینن کەتەواوی ژیانی خۆی بۆ خزمەتی خەڵکی وڵاتەکەی تەرخانکرد. سڵاو بۆ گیانی سوڵاتانی کۆچکردووی عومان!

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار