بێهیوابوون لەهەڵبژاردن

6 ساڵ لەمەوپێش



شێرزاد خدر حەیدر

بوونی هەڵبژاردن لەناو هەر وڵات و هەرێمێکی ئەم جیهانە دەرخەری بوونی دیموکراسی و حکومڕانیەکی تەندروستە،  سەیری ئەو پڕۆسەیە بکەین لەزۆرێک لەوڵاتانی تازەپێگەیشتوو دواکەتوودا، بۆمان دەردەکەوێت لەبەشێکی زۆری ئەو وڵاتانەی هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدەدرێت و خۆیان وەک دەسەڵاتێکی دیموکراسیخوازو نێردەی میللەت پیشاندەدەن، ئەو پڕۆسەیە  جگە لەنمایشێکی درۆینەی خودی دەسەڵات بۆ ڕەوایەتیدان بەمانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات شتگەلێکی زیاترو باشتری پێ نیە بۆ خەڵک. 
 عێراق وەک دەوڵەتێک لەدوای ساڵی 2003و ئەنجامدانی یەکەم هەڵبژاردن دوای لەناوچوونی ڕژێمی بەعس لەساڵی 2005  شێوەیەک لەکرانەوەی بۆ هەنگاونان بەرەو وڵاتیکی دیموکراسی بەخۆیەوە بینی و گەلانی عێراق بە هیواو ئومێدێکی زۆرەوە هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن چوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام وەک بەچاوی خۆمان دەبینین بارودۆخی عێراق و گەلەکەی لەچ ئاستێکی خراپ و دژواردایە کەڕۆژانە خەڵک لەسەرشەقامە لەتاو برسێتی و بێکاری و بێ خزمەتگوزاری و کەسێک نیە گوێ لەهاواری دەنگی ناڕازی ئەو خەڵکە بگرێت ،  لەکاتێکدا ئەوانەی ئێستا دەسەڵاتدارن لەپێش هەڵبژاردنەکان دونیایەک بەڵێنی باق و بریقیان بەخەڵک دەداو ئەمێستاش خۆیان کەڕو کوێر کردووەو  خۆیان لەسایەی دزی و تاڵانی نەوت لەهیچەوە بوون بەملیاردێرو بسنزمانی مەزن و ژیانێکی شاهانە دەژین، هاوڵاتیش هەرچۆنێک ژیان بکات لایان گرنگ نیە مەگەر ئەوکاتە نەبێت کەهەڵبژاردنەکان نزیک دەبنەوە!. 
  هەرێمی کوردستان وەک پارچەیەکی دانەبڕاو لەعێراق لەهەمان دەردو گرفت زیاتری هەبێت کەمتری نیە، چونکە بوونی ئەو پرۆسە دیموکراسیە هەروەک نمایشێکی چەندبارەوەبووەو بێکەڵکی لێهاتووە لەم پارچەیەی عێڕاقیش، بەجۆرێک لەدوای ساڵی 1992 هەتا هەنوکەش چەندین هەڵبژاردن ئەنجامدران و خەڵک بەدڵێکی پر لەهیواو ئومێدەوە بەشداری ئەو پڕۆسەیەیان کرد، بەڵام ئەو پڕۆسەیە لەگەڵ ئەوەی نەبووە هۆی گۆڕانکاری لەدەسەڵات هەروەها نەبوو بەهۆکارێکیش بۆ خۆشگوزەرانی بۆ میللەت، تەنیا مەگەر بۆ چەند کەسانێکی کەم سودێکی هەبووبێت کە لەو ڕێیەوە بووبن بە پەرلەمانتار یان ئەندامی دامەزراوەیەکی حکومی و بوون بە خاوەن موچەیەکی زۆر و ڤێلا و کۆمپانیا.
 چەکەرەکردنی هیوا و ئومێدی خەڵک لەدوای هەڵبژاردنەکانی  ساڵی 2009 لە هەرێمی کوردستان  بەدروستبوونی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەو پڕۆسەیە گەیشتە لوتکە، بەڵام دوای ساڵانێک لەدروستبوونی ئۆپۆزسیۆن و بەشداریکردنی لەدەسەڵات و بێ بەرهەمبوونی ئەو بەرەیە بۆ خەڵکانی بەشخوراو لەحوکمڕانی 27 ساڵەی دوو حزبی دەسەڵاتدار زیاتر ڕەشبینی و بێهیوایی خستە نێو دڵی زۆرینەی دەنگدەران، بەجۆڕێک لەدواهەمین هەڵبژاردن کە 12 مانگی پێنجی ئەمساڵ بەڕێوەچوو ڕێژەی بەشداری لە دەنگدان لەهەرێمی کوردستان لەسەدا 50 تێپەڕی نەکرد، گەرچی ئەو ڕێژەیە لەباشوری ناوەڕاستی عێراق لەئاستێکی زۆر نزمدابوو بەجۆرێک وەک ناوندە جیهانیەکان باسی دەکەن ڕێژەی بەشداری لەسەدا 30 تێپەڕی نەکردووە، ئەوەش دەمانگەیەنێتە ئەو دەرەنجام و ڕاستیەی  دەنگدەرانی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە باش لەم نمایشە درۆینەی بەناو هەڵبژاردن تێگەیشتوون و بۆیان ڕوونبوەتەوە بەشداربوون یان بەشدار نەبوون لەپرۆسەی شتگەلێکی وەها لەژیان و خودی دەسەڵات ناگۆڕێت، بەڵکو ئەو بانەو هەڵبژاردنانە دەبێتە کانگایەک بۆ بەرهەمهێنانی گەندەڵکارو نەوت دزو بازرگانی نوێ ، کەساڵ دوای ساڵ بارودۆخی هاوڵاتی و وڵات بەرەو خراپتر دەبەن، تەنیا ژیانی خۆیان و دارودەستەکانیان بەرەو زیاتر دەوڵەمەند بوون و ژیانێکی شاهانەتر دەبەن.
  جیا لەوەی بوونی ساختەکاری تەزویرات لەهەڵبژاردنەکان کەتەواو بوونە هۆی ساردکردنەوەی خەڵک لەو پرۆسەیە ، بەڵام  بێهیواکردنی دەنگدەران لەپرۆسەی  هەڵبژاردن  تەنیا دەسەڵات لێی بەپرس نیە، کەخۆی ئامانجی ئەوەیە هیچ هیوایەک لای تاکی کۆمەڵگە نەمێنێت بۆ گۆڕانکاری لەڕێی هەڵبژاردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو لایەنانەی خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن نیشاندا ئەگەر زیاتر بەپرسیارنەبن ئەوا کەمتریش نین  لەبێهیواکردن و بێئومێدکردنی هاوڵاتیان لەچونەسەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگدان بۆ گۆڕانکاری لەدەسەڵات، چونکە لەکاتێکدا ئەو بەرەیە خاوەنی ڕێژەیەکی زۆری کورسی لەپەرلەمان و ئەنجومەنە خۆجێیەکان دەنگی شەقام بوون، لێ جگە لەبەیاننامەو کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی هیچی تریان لەدەستنەهات بۆ ئەو هەموو هیواو ئومێدەی خەڵک لەسەر بەڵێنەکانیان هەڵیچنی بوو، لەگەڵ ئەوەی لەم دواییانە ڕوونبوەوە بۆ گست لایەک ئەو لایانانە لەژێرەوە دەمێکە لەگەڵ دەسەڵات خەریکی بازرگانی و بەشبەشێنن لەداهاتی دزراوی میللەت!. 
  ئەوەی لەکۆتاییدا بوترێت ئەوەیە زۆرینەی تاکی گۆمەڵگەی عێراقی بەهەرێمی کوردستانیشەوە گەیشتوونەتە ئەو خاڵەی ئەو پڕۆسەی بەناو هەڵبژاردنانەی لەدوای ساڵانی 2003 لەعێراق و 1992 لەهەرێمی کوردستان هاتنە ئارەوە، جگە لەبەبەرداکردنی بەرگێکی درۆینەی دیموکراسی  بەدەسەڵاتێکی مەزهەبگەرایی و خێڵەکی گەندەڵکاری خاوەن میلیشیا  بۆ خۆ نمایشکردن لەجیهانی دەرەوە وەک دەسەڵاتێکی هەڵبژێردراو لەلایەن گەلەوە، شتێکی زیاتر نەبووەو نابێت .  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار