مێژوو سەلماندویەتی کەرکوک کوردستانیە

6 ساڵ لەمەوپێش



لوقمان مستەفا ساڵح *
 

لەیەکەم رۆژی جەژنی قوربان، فاتح یەڵدز باڵیۆزی تورکیا لەعێراق، سەردانی شاری کەرکوکی کرد، کەئاشکرایە بێگانەیە بەو شارە، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیشدا زۆر بێشەرمانە وتی:- کەرکوک شاری باوو باپیرانمانە!.
جەنابی باڵیۆز....مێژوو ئەوەی سەلماندوە کەکەرکوک شارێکی کوردستانیە، لەتەک ئەوەشدا واناسراوە کەشاری فرە نەتەوەو فرە ئاینیەکانە، شاری پێکەوەژیانە، شارێکە لەچەشنی مۆم خۆی دەسوتێنێ و  دەتوێتەوەو ڕوناکی بەخشە بۆ هەمووان، بەڵام خەڵکانێک هەن خۆیان کردوە بەدەمڕاستی کەمەنەتەوەیەکی دیاریکراو کەئەجندای وڵاتەکەی تۆ جێبەجێدەکەن، وەک تووتی قسەکانی ئێوە دەڵێنەوە، بیریان دەچێت و بیرتان دەچێت یا بەئەنقەست خۆتان لەگێلی دەدەن و چاوتان مێژووی ڕاستەقینەی ئەو شارە کوردستانیە نابینێت!.
بۆ کوردستانیبوونی ئەو شارە وێڕای مرافەعە گەورەکەی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق کەجەنابی مام جەلال سەرۆک کۆماربوو ئەنجامیدا لەمەجلیسی حوکم و لەبەردەم سەرجەم ئەندامەکاندا بەپێشاندانی نەخشەی کۆنی عوسمانیەکان کەسنوری جوگرافی لیوای کەرکوکی ئەوکاتی تێدا دیاریکراوەو دانیشتوانەکەی زۆربەی بەکوردو لەسەر کوردستان ئەژمارکراوە.
بۆیە زۆر دوور ناڕۆین تەنها دەگەڕێینەوە بۆ ئاماری ساڵی ١٩٥٧ بابزانین ڕێژەی دانیشتوان و تەنانەت گەڕەکەکانی ئەو شارە چەند بووەو چۆنە:
ژمارەی دانیشتووان:
ژمارەی دانیشتووانی خەڵکی شاری کەرکوک لەساڵی (١٩٥٧) بەم جۆرە بووە:
• کورد (١٧٨٠٠٠) بووە.
• عەرەب (٤٨٠٠٠) بووە.
• تورکمان (٤٣٠٠٠) بووە.
• ئاشووری و کلدان (١٠٠٠٠) بووە.
لەهەمان ساڵی (١٩٥٧)دا ژمارەی کرێکارو کاربەدەستانی کورد لەکۆمپانیای نەوتی کەرکوکدا لەسەدا 80 بووە، بەڵام سەرژمێریکردنی کرێکاری کورد لەساڵی (٢٠٠٣)دا لەسەدا 20 بووە، ئەمە بەڵگەی ئەوپەڕی شۆڤێنیستی بەعس و دەوڵەتی عێراق دەردەخات کەچۆن ساڵ لەدووای ساڵ کوردیان نانبڕاوو دەربەدەر کردووە. کارێکی تری ژێربەژێر هەیە لەبارەی کەرکوکەوە ئەویش پەیمان و ڕێککەوتنی (تورکیا / عێراق)ە کە من دڵنیام بەنهێنی ئەم کارە کراوە، چونکە لەچەندساڵی دوای سەربەخۆیی و دەوڵەمەندبوونی کوردستان دەترسن.
گەڕەکەکانی شاری کەرکوک:
• گەرەکە کوردنشینەکان (ڕەحیمئاوا، ئازادی، مامۆستایان، شۆرجە، ئیسکان، بلاخ، قۆرییەشکاو، حەسیرەکە، تەپەی مەلا عەبدوڵڵا، دەروازەی باکووری کەرکوک، ئیمام قاسم، شۆراو، ئەحمەدئاغا.خەبات)
• گەڕەکە تورکمان نشینەکان (مصلی، معلمین، ڕێگەی بەغدا، قەسابخانە، ئەڵماس).
• گەڕەکە عەرەب نشینەکان (طریق بغداد، ١ی حزیران، وحده‌، حریة‌، اشتراکیة‌، ممدوده‌، ٧ی نیسان، حی البعث، نصروالعروبه‌، قادسیه‌، غرناطه‌).
•گەڕەکە کلدوئاشووریەکان (شاطرلو، عرفە، الماس).
کەچی جەنابی باڵیۆز ئێوەو بەرەی تورکمانی لەپێش چاوی هەموو دونیا خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵکەوە.! جارێک  دروشمی کەرکووک شارێکی تورکمانیەو هەر بە تورکمانیش دەمێنێتەوە لەو شارەدا بەرزدەکەنەوە، جارێکیش ئێوە لە وڵاتێکی ترەوە دێن و دەڵێن کەرکووک شاری باووباپیرانمانە!.
ئێوە هەر خەریکی پیلان و ئاژاوەگێڕین و ئاژاوە بۆ پێکهاتەکانی شارەکە دروستدەکەن و هەوڵی شێواندنی مێژوی شارەکەدەدەن!.
هەربۆیە بەرەی تورکمانی پشت ئەستورن بەئێوەی ئاغایان، واخۆیان لێبوە بەو پشیلەیەی کە لەئاوێنەدا خۆی بەشێر دێتەپێش چاو.! ئەوە ئێوە دەست لەپشتیان دەدەن ئەگەرنا ئەو زومرەیە زاتی ئەوە ناکەن تەنانە سەیری نێو چاوی مناڵێکی کوردیش بکەن.
ئەگەر نا ئەو بەرەیەی ئێوە لە پشتێوەن، بەبێ هۆ دژی هەموو جۆرە بڕیارو جموجوڵێکی کوردو هێزەکوردیەکانن لەو شارە کوردستانیەدا، لەهیچ هەڵبژاردنێکدا دوو کورسیان بەتەواوەتی نەهێناوە، کەچی خۆیان کردوە بەدەمڕاستی تورکمان و خەڵکی ڕەسەنی کەرکوک.
تەنها بۆ ڕازیکردنیان و ئاژاوە نەگێڕن لەشارەکەدا دور کەونەوە لەنۆکەری بۆ بێگانە، لەلایەک پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵپشتیەکی باشیان بوو بۆ جێگیرکردنی پێنج کورسی کۆتای پەرلەمانی لەپەرلەمانی کوردستان، کەچی لەپەڕلەمانی عێراق تەنها دوو کورسیان وەک کۆتا پێ ڕەوا بینرا بۆ داندراوەو نقەشیان لێوەنەهات!!.
بەهەمان شێوە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەسەدا 33ی دەسەڵاتی ئیداری لەو شارەدا پێدان!!.
ئەگەر بەپێوەری مافی دەنگدان و (استحقاق الانتخابات)بێت بێگومان ئەو ڕێژە خەیاڵاویەیان بەرناکەوێت، یاسا هەڵە قەبوڵ ناکات، بەخشین و خێرو سەدەقە لەجێبەجێکردنی یاسادا جێی نابێتەوە، هاتنەسەر سفرەی حازری زیاد لەمافی خۆیان ئەم کێشەیەی لێدەکەوێتەوە کەئێستا بەرەی تورکمانی لێکردوین بەکەڵەگاو وڵاتێکی بێگانەی کردووە بەدەم سپی تورکمان و بەرەکەیان. 
بێگومان  کورد لەم سیاسەتەدا فەشەلی هێنا، وایاندەزانی بەرەی تورکمانی لایەنێکی سەربەخۆن، بەڵام بەهەڵەداچوون، سەلمێنرا ئەوان تەنها جێبەجێکارن و ئەجندای دەوڵەتی تورک پیادەدەکەن. ئەمە فەشەلی دبلۆماسیەتی کوردیە، تائێستا نەیانتوانیوە تەنانەت ئیدانەی لێدوانەکەی یەڵدزیش بکەن!.

* پارێزەر

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار