شوێنگرەوەکەی مەکگۆرگ کێیە؟

شەڕی کۆنەقین تورکیا بەرامبەر بە مەکگۆرک خەریکە درێژدەبێتەوە بۆ جەیمس جێفری

5 ساڵ لەمەوپێش



یاد قوربانی

"دەستوری عێراق، کە یەکێک بوو لە دروستکراوەکانی مەکگۆرک بوو بە ھۆی دابەشبوونی عێراق بۆ چەندین بەشی نەتەوەیی و تایفی و ئەو وڵاتەی بەرەو شاڕێگای توندوتیژی گێڕایەوە. نەک ھەر ئەمە، بەڵکو وای کرد کوردەکانی عێراق ببن بە خاوەنی پێگەیەکی یاسایی جێگیر." ئەمە ڕاپۆرتە ھەواڵێکی کەناڵی (تەرەتە)ی نێودەوڵەتیی سەر بە حکومەتی تورکیابوو لە ڕۆژی دەستلەکارکێشانەوەی برێت مەکگۆرکدا، ئەو نێردەیەی لە لایەن تورکەکانەوە بە دوژمن لە قەڵەمدرا بە تۆمەتی پاڵپشتیکردنی کوردەکان.


وازھێنانی مەکگۆرک لە بەرپرسیارێتیەکەی جێگەی خۆشحاڵی تورکیا بوو، شوێنگرەوەکەشی کە جیمس جیفریە، پێشتر باڵیۆزی ئەمەریکا بووە، جۆرێک لە خۆشحاڵی ئەنقەرەی لێکەوتەوە، بەڵام خۆشحاڵیەکەی زۆری نەخایاند دوای دوای ئەوەی جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی ئەمریکا کە رایگەیاندبوو مەرجی جێھیشتی ئەمەریکا لە سوریا ئەوەی تورکیا ھێرش نەکات سەر کوردەکان.


ئەگەرچی بریاربوو دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ بۆلتن کۆببێتەوە، بەڵام بەھۆی مەرجی ئەمریکا بۆ پارێزراوی کورد لە سووریا، ئەردۆغان کۆبوونەوەکەی لەگەلدا ھەڵوەشاندەوە.


شوێنگرەوەی مەکگۆرک کێیە؟ چۆن تەماشەی کوردانی ڕۆژئاوا دەکات؟
دوای دەستلەکارکێشانەوەی مەکگۆرک، (جەیمس جێفری) کە وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا تا ئێستا کاری کردوە، دەستنیشانکراوە تا جێگەی مەکگۆرک بگرێتەوە. بەڵام جێفری جیاواز لە مەکگۆرک دەڕوانێتە شەڕڤانە کوردەکانی ڕۆژئاوا. ئەو لە وتارێکدا لە (ئەنجومەنی ئەتڵەسی) لە واشنتۆن مانگی پێشوو دۆستایەتی ئەمریکای لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکرات (کە یەپەگە فەرمانڕەوایی دەکات) بە دۆستایەتیەکی کاتی دەستنیشانکرد. 


جێفری وتی "ئامانجی کۆتایی ھێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت ئەوەبێت کە ببن بە بەشێک لە کۆمەڵگایەکی نوێ لە سوریا." 


ڕاشیگەیاند کە ئەمریکا ئامادەنیە پاڵپشتی ھەوڵی سەربەخۆیی ھێزەکانی سوریای دیموکرات یاخود ھیچ ھێزێکی تری کوردی بکات بۆ جیابوونەوە لە حکومەتی سوریا و وتی "ئێمە پەیوەندی ھەتاسەر لەگەڵ ھیچ لایەنێک دروستناکەن لەسەر ئاستی وڵات نەبێت. ئەمە نە سیاسەتی ئەم ئیدارەیەی ئەمریکایە و نە سیاسەتی ئیدارەکانی پێشووە." 


جەیمس جێفری لەوتارەکەیدا لە واشنتن، وەڵامی ھەڕەشەکانی تورکیا دەداتەوە لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە رۆژھەڵاتی فورات وتی "ھێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژھەڵاتی فورات کارێکی باش نابێت و ئەنجامێکی خراپی دەبێت".


ئەو وتارەی جەیمس جێفری کە لە دامەزراوەی ئەتلانتیک لە واشنتن پێشکەشیکرد پەیامێکی ئاشکرای لەخۆگرتبوو بۆ ئەو وڵاتانەی لەگەڵ ئەمەریکا لە ‌ململانێدان لە گۆڕەپانی سووریادا.


جەیمس جێفری لە نێو قسەکانیدا لەبارەی پرسی کورد لە داھاتووی سووریادا ئاشکرایکرد کە پرسی کورد تەنیا بەھێزەکانی سووریای دیموکراتەوە نەبەستراوە بەڵکو ئامانجی ئەمەریکا رژێمێکی حوکمڕانیی دیموکراسییە لە سووریا، کوردیش بەشدار بێت و رۆڵی خۆی ھەبێت.


تورکیا و شەڕی کۆنەقین بۆ مەکگۆرک
لە ڕاپۆرتێکی دەزگای (ئەلمۆنیتۆر)دا ھاتووە کە تورکیا ھەرگیز ڕقی بەرانبەر بە برێت مەکگۆرک نەشاردوەتەوە. مەولود چاوش ئۆغلوی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە فەرمی داوای لە واشنتۆن کردوە مەکگۆرک لەسەر کارلابدەن، پێشتریش دادوەرێکی تورک داوای دەستگیرکردنی مەکگۆرکی کردوە بە تۆمەتی "پاڵپشتیکردنی تیرۆر".


لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتوە کە لە چاوی ئەنقەرەدا، مەکگۆرک ئەندازیاری سەرەکیی ھاوپەیمانیەتی ئەمریکایە لەگەڵ یەپەگەی دوژمنی تورکیا لە شەڕی داعشدا. لە ڕۆژی دەستلەکارکێشانەوەی مەکگۆرکیشدا ھەر ڕقی تورکیا بەرانبەر ئەم دیپلۆماتکارە ئەمریکیە دانەمرکابووەوە و لەو ڕۆژەدا لە بەرنامەیەکی کەناڵی (تەرەتە)ی نێودەوڵەتیدا مەکگۆرک بە (لۆرێنسی عەرەبستان) بەراورد کرا کە لە سەدەی ڕابردوودا.


لۆرێنسی عەرەبستان سیخوڕێکی شانشینی بەریتانیابوو و عەرەبەکانی دژی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەکان ھاندا، مەکگۆرکیان بە (لۆرێنسی نوێ) لەقەڵەمدا و پێیان وایە دیپلۆماتکارە ئەمریکیەکە کوردەکان ھاندەدات تا سەربەخۆبن لە دەوڵەتی تورکیا. ھەروەھا ئەوەشیان خستە ڕوو کە مەکگۆرک نەک تەنھا لە ڕۆژئاوا کاری بۆ کوردەکان کردوە بەڵکو لە نوسینەوەی دەستوری عێراقیشدا بوەتە ھۆی بەدەستخستنی ھەرێمێکی جێگیر لە لایەن کوردانەوە. 


لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی (ئەلمۆنیتۆر)دا ئەوە خراوەتە ڕوو کە ئیدارەی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا پێش ڕووکردنە کوردانی ڕۆژئاوا وەک دۆستێک بۆ شەڕی داعش ڕوویان کردە تورکیا، بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون بەشداربن لە شەڕی داعشدا و ئەمەش کوردەکانی ڕۆژئاوای کردە دۆستی ئەمریکا لە شەڕی داعشدا، گەر تورکیا ئامادەبوایە شەڕی داعش بکات ئەوا ئەمریکا ھانای بۆ کوردەکان نەدەبرد. 


مەکگۆرک لایەنداری کوردانی ڕۆژئاوای دەکرد؟
برێت مەکگۆرک ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی بە ناڕەزایی دەربارەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لەقەڵەمدا. لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (نیو یۆرک تایمز)ی ئەمریکیدا، چەند ئیمەیڵێکی برێت مەکگۆرک خراونەتە ڕوو کە ئاراستەی ستافەکەی خۆی کردووە و دەست ڕۆژنامەکە کەوتوە. لە ئیمەیڵەکەدا، مەکگۆرک ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی بۆ ستافەکەی دەخاتە ڕوو و دەڵێت: "ئەم بڕیاڕە نوێیەی سەرۆک ترەمپ سەریسوڕماندم و تەواو پێچەوانەی ئەو سیاسەت و ئەجێندایەبوو کە بۆ ئێمە بەیانکرابوو. ئەم بڕیارە سەری لە وڵاتانی ھاوپەیمانیانی دژی داعش تێکداوە، دۆستە شەڕڤانەکانمانیشی (کوردانی ڕۆژئاوا) ھەراسانکردوە."


لە چەند بەڵگەیەکی تریشدا لایەنداریکردی کوردانی ڕۆژئاوا لە ھەڵوێستەکانی برێت مەکگۆرکدا دەبیندرێت، ئاژانسی ئەسۆسیەیتد پرێس لە زاری بەرپرسێکی نادیاری ئەمریکیەوە ئەوەی خستوەتە ڕوو کە برێت مەکگۆرک فشاری کردووە بۆ ئەوەی شەڕڤانە کوردەکان بپارێزرێن لە لایەن ھێزەکانی سەر بە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریاوە. بە وتەی بەرپرسە ئەمریکیەکە کە داوای کردوە ناوی ئاشکرا نەکرێت، مەکگۆرک وتوێتی: "ئەمریکا ئەرکی ئەخلاقیەتی کە ڕێگربێت لەوەی دۆستە شەڕڤانەکانیان لە لایەن تورکیاوە لەناوببرێن."


مەکگۆرک لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٨دا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای جێھێشت دوای ئەوەی ساڵانێک لە نێو کۆڕ و کۆبونەوەی کوردانی باشور و ڕۆژئاوادا دەبیندرا. برێت مەکگۆرک، لە ٢١ی کانونی یەکەمدا نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی سەروو خۆی کرد و لە کۆتایی ساڵەوە بە فەرمی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نەما. 


ئەو وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، زۆر جار لەگەڵ سەرکردە کوردەکان دەبینرا و وەک نێوەندگیر لە زۆرێک لە ڕێکەوتن و کۆبونەوەکانی پەیوەست بە کوردەکان بەشداربوو، بە پێی چەندین سەرچاوە مەکگۆرک کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانی وەک دۆستێکی بە ئەمەکی ئەمریکا بینیوە و ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەشی بۆ وەلانانی ئەو دۆستایەتیە لە لایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە گێڕاوەتەوە.


مەکگۆرک پێش کارکردن وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا چەندین پۆستی دیپلۆماسی لە ناوچەکە ھەبووە و لە ٢٠٠٣وە لە عێراق کاری دیپلۆماسی پێسپێردراوە و ھەر لەبەر ئەم ھۆکارە کەناڵە تورکیەکە باس لە ھەبوونی ڕۆڵی ئەو دەکات لە دانانی دەستوری عێراق و یارمەتیدانی سەقامگیری کوردەکانی باشوری کوردستان. بەڵام لە ساڵانی دواییدا و لەگەڵ دەستپێکی شەڕی داعشدا، مەکگۆرک زیاتر لە میدیاکانەوە دەرکەوت و لەم دواییانەدا لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە میانەی ھاوپەیمانیەتی ئەمریکا و ھێزەکانی یەپەگە لە شەڕی داعشدا دەبنیدرا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاربوو رۆژی سێشەممەی رابردوو لەگەڵ جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی ئەمریکا کۆببێتەوە، بەڵام بەھۆی مەرجی ئەمریکا بۆ پارێزراوی کورد لە سووریا، ئەردۆغان کۆبوونەوەکەی ھەڵوەشاندەوە.
بۆڵتن لەسەردانەکەیدا بۆ تورکیا تەنیا چاوی بە ئیبراھیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کەوتووە، بڕیاربوو لە دوای کۆبوونەوەکە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ھەبێت، بەڵام بۆڵتن بەبێ ئامادەبوون لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە، دەگەڕێتەوە ئەمریکا.


دواتر ئەردۆغان لە وتەیەکیدا لە بەردەم  پەرلەمانتارانی پەرلەمانی حزبەکەی رایگەیاند، ''تورکیا ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ شەڕی دژ بە داعش لە سووریا، ئەمەش دوای بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشاندنەوەی ھێزەکانیان لە سووریا''.


وتیشی ''ئێمە ھەموو گرووپە تیرۆریستییەکان لە سووریا لەناودەبەین، ئەگەر گرووپی دیکەی تیرۆریستیش ھەبن، ئەو کاتە تورکیا بە ئەرکی خۆی دەزانێت رووبەڕوویان ببێتەوە لەناویان ببات''، کە مەبەستی لە ھێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بوو.
ھەڵوەشانەوەی کۆبوونەوەکەی بۆڵتن و ئەردۆغان لەکاتێکدایە کە جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بەر لە سەردانەکەی بۆ سووریا رایگەیاند، بە دوو مەرج لە سووریا دەکشێنەوە، یەکێکیان بەردەوامبوونی شەڕی داعشە، ئەوەی دیکەش پاراستنی کوردە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار