سەرۆکە لەرزۆکە ٨١ ساڵانەکەی جەزائیر چاو دەبڕێتە پێنج ساڵی‌تر لەدەسەڵات

5 ساڵ لەمەوپێش



The Times - ‌ھاوڵاتی

ئەو تەمەنی ٨١ ساڵەو بەدرێژایی ساڵی پێشوو لەبەر خراپی باری تەندروستیی تەنها جارێک دەرکەوت، ئەویش لەسەر کورسی کەم ئەندامیەکەی. لە مەراسیمە فەرمیەکانی تردا تەنها وێنەیەکی سەرۆکەکەی جەزائیر دادەندرا.

لەگەڵ ئەمەشدا، سەرەتای ئەم مانگە (عەبدول عەزیز بوتەفلیقە)ی سەرۆکی وڵاتی جەزائیر بۆ پێنجەم جار کاندیدکرایەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵایەکەی. گەر بوتەفلیقە جارێکی دی هەڵبژێردرێ وەک سەرۆکی جەزائیر ئەوا ماوەی ٢٠ ساڵی سەرۆکایەتی تێدەپەڕێنێت کە تاوەک ئێستا دەسەڵاتی نزیک ڕەهای هەبوە لە فەرمانڕەوایی وڵاتەکەیدا.

هاوکات لە میسر، ئەندام پەرلەمانان پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی دەکەن لە چوار ساڵەوە بۆ شەش ساڵ و لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت مافی خۆ کاندیدکردنەوە بۆ دووجاری تر بدرێتە (عەبدول فەتاح سیسی)ی سەرۆکی ٦٤ ساڵانی وڵاتەکەیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی بۆ ٢٠٢٢. گەر ئەم پێشنیاری هەموارکردنەوانە سەرکەوتووبێت و پاڵپشتیی پەرلەمانی هەبێت ئەوا جێنراڵ سیسی-کە لە ساڵی ٢٠١٤دا هەڵبژێردرا و بەڵێنبوو لە هەشت ساڵ زیاتر لە دەسەڵاتدا نەمێنێتەوە- بەم پێیە بێت تاساڵی ٢٠٣٤ لەسەر کورسی دەسەڵات دەمێنێتەوە.

هەشت ساڵ دوای دەستپێکی بەهاری عەرەبی و ڕەتکردنەوەی دیکتاتۆرە پیرەکان، تاکڕەوی دەسەڵات دووبارە سەرهەڵدەداتەوە. سەرکەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی ٥٣ ساڵانی سوریا لە شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیدا گڕو تینی داوەتەوە بە سەرکردە پشت ئەستورەکان بەسوپا.

«دەسەڵاتداری بە زەبرو زەنگ دووبارە مۆدێلیەتی، خۆلادانێکی ئاشکرا لەلایەن سەرکردەکانەوە دەبیندرێت بۆ هەر دۆخێک کە ناجێگیری دروستبکات.» ئەمە وتەی تۆبیاس بۆرک، ڕاویژکاری دێرینی پەیمانگای (Royal United Services)ە.

بوتەفلیقە یەکێک بوو لەو سەرکردە عەرەبە کەمانەی کە لە میانەی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی بەهاری عەرەبیدا، بەپێچەوانەی سەرۆکەکانی تونس و لیبیا و میسر، نەبووە قوربانی. بوتەفلیقە توانی کۆتایی بەشەڕی ناوخۆی وڵاتەکەی بهێنێت و لەبەر ئەمە لەناو سەرکردەکانی وڵاتەکەیدا شەعبیەتێکی باشی هەیە سەرەڕای زەبروزەنگی فەرمانڕەوایی. سووربوونی سەرکردەکەی جەزائیر بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا دوای جەڵدەیەک و چەندین کێشەی تری تەندروستی ڕەنگە نیشاندەری ئەو ڕاستیەبێت کە گەلی ناوچەکە دەترسن لەشەڕە ناوخۆییەکانی ناوچەکە و تێکچوونی بارودۆخ.

(جێف پۆرتەر) کە ڕاوێژکارە لەدەزگای ڕاوێژکاری سیاسیی (North Africa Risk) دەڵێت: «لەلایەک خەڵک وتاف بۆ دروستبوونی گۆڕانکاری دەکێشێت بەڵام لەلایەکی تر کەس نازانێت ئەو گۆڕانکاریە چۆن دەبێت و لەڕاستیشدا هیچ کەسایەتیەک نەبووە ڕوانگەیەکی واقیعیانەی بۆ شێوازی دروستکردنی گۆڕانکاری هەبێت.»

یەکێک لە شێوەکانی کە بەشار ئەسەدو ئەو سەرکردانەش کە تازە هاتوونەتە دەسەڵاتەوە وەک عەبدول فەتاح سیسی بەکاریان هێناوە بۆ زامنکردنی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا ڕێگریکردنە لەسەرهەڵدانی هیچ کەسایەتیەکی سیاسیی لە بەرانبەریاندا، گەر هەمان بیروباوەڕ و لایەنداری سیاسی خۆشیانی هەبێت.

زۆرێک لە وڵاتە عەرەبیەکان لەئێستادا سیستەمی پادشایەتی یاخود نیمچە پادشایەتین. هەندێک وڵاتی تریش وەک یەمەن بەدەست شەڕی ناوخۆوە دەناڵێنن. لەو وڵاتانەشدا کە لەڕووی سەربازیەوە سەقامگیرن و سیستەمی دیموکراسی پەیڕەو دەکەن وەک لوبنان و تونس، سەرۆکایەتی و سیاسەت کردن زیاتر ڕۆتینیەت و ڕێکەوتنە نەوەک ڕکابەریی سیاسی.

(سەعد حەریری) سەرۆک وەزیرانی ٤٨ ساڵانی لوبنان لەچەند هەفتەی پێشوودا مافی دروستکردنی کابینەیەکی نوێی حکومەتی پێدرا هەشت مانگ دوای ئەوەی لیستەکەی لەئەنجامی هەڵبژاردندا زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستدا. هەر لەلوبنان (نبیە بری)ی تەمەن ٨١ ساڵانی سەرۆکی حزبی ئەمەلی ئەو وڵاتە، لە ساڵی ١٩٩٢ەوە وەک سەرۆکی پەرلەمان دەستبەکارە و کورسی سەرۆکایەتی پەرلەمانیشی بەپێی دەستوری لوبنان زامن کردوە کە هەردەم دەبێت بۆ لایەنی شیعەی کەمینەی ئەو وڵاتە بێت.

لە تونس، ئەندام پەرلەمانانی حزبی (نیدا تونس) کە هاوکات حزبی (محەمەد ئەل سبسی)ی سەرۆکی ئەو وڵاتەیە، داوا لە سەرۆکە تەمەن ٩٢ ساڵانەکەیان دەکەن کە دووبارە خۆی کاندیدبکاتەوە لە هەڵبژاردنەکانی کانونی یەکەمی ئەمساڵدا. گەر ڕازیش نەبێت بە داواکاریەکەیان ئەوا حافزی کوڕی سیاسەتمەدارێکی بەهێزەو پاڵشتێکی زۆری هەیە.

تۆبیاس بۆرک پێی وایە کە ڕووداوەکانی هەشت ساڵی پێشوو پەیامی پیاوانی وەک سیسی دلێرتر کردوە کە تەنها ئەوان دەتوانن وڵاتەکانیان لە ئاشتی و سەقامگیریدا بهێڵنەوە. ئەو دەڵێت: «یەکێک لە تراجیدیاکانی بەهاری عەرەبی ئەوەبوو کە هەموو سەرکردەکان پێش ڕووخانیان هەمان پەیامیان پێبوو: ‹یان من دەبێت بمێنمەوە یان ئاژاوە دەخوڵقێت.› موبارەک وای وت و کەس باوەڕی پێنەکردو لە دەسەڵات دوریانخستەوە. قەزافی وای وت و لەدەسەڵات دوریان خستەوە. ئەسەدیش هێندە لە دەسەڵاتدا مایەوە پێشبینیەکان وەک خۆی هاتنەدی.»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار