چی تریش یاساغە؟

2019-02-25 07:04:13



سامانـی وەستا بەکـر

بڕیارێکی درەنگ وەختی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بەقەدەغەکردنی چەکی قورس و دەستپێکردنی هەڵمەتی کۆکردنەوەی ئەو جۆرە چەکانە هەروەک ئەوەی کە باوە  شەقامی لەنێوان پشتگیرو دژو دەستخۆشیکەرو ڕەخنەگرا دابەش کردووە.

خۆ ئەگەر لەبڕیارەکە وردبێتەوە هەست بەسیاسی بوونی ئەکرێ، ئاخر چەک هەر چەکە و هەمووشی بۆ کوشتنی مرۆڤەکان دروستکراون ئیتر قورس و سوک و گەورەو بچوک بەواتای چی!؟

 نەبیستراوە مرۆڤێک بەفیشەکی دەمانچە گیان لەدەست نەیاو بەناچاری ئەبێ تۆپی پێوەنرێ! یان چەکی گەورە مەترسیدارترە لەسەر ژیانی هاوڵاتی لەچەکی بچوک!

ئاخر ھێندەی مرۆڤەکان لەناو خێزان و خێڵ و کۆمەڵگەی جیهانی سێهەمدا ئەبنە قوربانی ڕق و کینەو تۆڵەکردنەوەی هەڵگرانی چەکی بچوک ڕوبعی ئەوە یان تائاستی دەگمەن بوون نەبوونەتە قوربانی چەکە گەورە و قورسەکان.

لێرەوە ئەگەیتە ئەو بڕوایەی کە دەرکردنی جۆرە بڕیارێکی لەم جۆرە لەوەزارەتی ناوخۆوە هەناسەیەکی سیاسی پێوە دیارەو خاترگرتنێکی زۆری تیابەدی ئەکرێ چونکوم تا ئێستاش لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانا هەردوو پارتی دەسەڵاتدار لەبری نامیلکەی بەڵێن و پەیمان و ڕێفۆرم بڵاوکردنەوە چەک دابەش ئەکەن بۆ کڕینی دەنگی عەشیرەت و خێڵ و بنەماڵەو کەسانی ناسراوی سەربازی و گەنجانی کاڵ فام.

ئاخر چیتر لەوە ئاسانتر بوو کە بڕیارەکە گشتگیر بوایەو هەموو جۆرە چەکێک و کۆی چەکهەڵگرانی بگرتایەتەوە و ڕێگەی بۆ ھیچ پاساو ڕوونکردنەوەو ئاسانکردنێک بۆ بەکارھێنانی ئەم داھێنانە مرۆڤ کوژە نەھێشتایەتەوە، هەڵبەتە لە ڕۆژئاواش بەهەندێ ھۆکاری پەسەندو قبوڵ کراو خەڵکانێکی زۆر کەم هەن کە مۆڵەتی چەک هەڵگرتنیان هەیە بەڵام بەشاراوەیی نەک بە ئاشکرا بەجۆرێک کە ببێتە تێکدانی زەوق و مەزاجی خەڵکی.

لەڕاستیا خۆ ئەوەی کە یاساغ و خەتەرە و هەڕەشەیە لەسەر ژیانی مرۆڤەکان تەنها چەکی جۆراوجۆر نیە بەڵکو ئەوەی کە کێشەیە خودی بەکارهێنەرەکەو تێگەشتنێتی بۆ ھێزو ماف و ڕووبەڕووبوونەوەو گفتوگۆو هەڵچوون و وەڵامدانەوەی ھێرشی زووبان و تێگەشتن و تێڕوانین لە شەرەف و خۆ بەخاوەنکردنی ڕەگەزی مێینەو چۆنیەتی دامرکانەوەی تووڕەی و قودرەتی خۆ کۆنتڕۆڵ کردن و دانبەخۆداگرت بە واتایەکی تر ئاستی تێگەشتوویی و بیرڕۆشنی و دنیابینی کەسی چەکهەڵگر هەڕەشە دروستئەکات نەک خودی چەکەکە چونکە چەک ئامێرێکی مردووە و بەکارھێنەر بڕیاری جوڵەو کەوتنەکاری ئەدات.

ئەگەر بە لۆژیک تەماشای بابەتەکە بکرێ هەموو ماڵێک چەقۆو چەند لیترێک نەوت و شقارتەو چەرخ و گوێزان و کارەبای تیایەو لەبازاڕدا بە ئاسانی دەرمانی بەسەرچوو کڤالیتی نزم و ژەھراوی بوو دەستئەکوێ.

دیاردەی گڕگرتن بەهۆی خراپی جۆری کڤالیتی نەوت و نەپاڵاوتنی بە شێوەیەک کە هاوتای ستاندەرە جیهانیەکان بێت و خراپ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن خودی مرۆڤەکان لەکاتی هەڵچوون و هەرەسدا.

خراپی شەقامەکان و نەبوونی هێما و یاساکانی هاتووچۆو تیژڕەوی شۆفێرەکان و گوێنەدانی شۆفێر بەژیانی خۆی و شۆفێران و خەڵکانی پیادەو ئاژەڵ و سروشت.

ژەهراوی بوونی مێشکی تاکەکانی کۆمەڵگە بە خەبەری خراپ و دژ و ناڕاست و بێ بنەماو سەرچاوەی دیارو دوور لەئتنیکی کاری ڕۆژنامەوانی کە ڕۆژانە لەمێدیای جیاجیاوە بڵاوئەکرێنەوەو کاریگەری نێگەتیڤ لەسەر ڕەفتارو هەڵسوکەوتی تاکەکانی کۆمەڵگە دروستئەکەن و سەرەنجام خیتامێکی خراپی لێئەکەوێتەوە.

بەکارهێنانی نازانستی و زیادەڕەوی کردن و بابەتی زۆرو بۆر لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە ئەمەیان خودی مرۆڤەکان لێی بەرپرسیارن، ئاخر لە ڕاستیا ئەمڕۆ بەواتا تەقلیدیەکەی شتێک نەماوە بەناوی کۆمەڵگەوە بەڵکو ئەوەی هەیە (فەیس کۆمەڵ)ە، ئینستاو سناپ، توویت...هتد کاتێ مرۆڤەکان بە کلیکێک بلیتێکی ئەو دنیا بێ بنە ئەبڕن لەماوەی چەند خولەکێکا تەواو مەزاجی کەسەکان سەروبن ئەبێ ئەگەر خودی خۆت سنور بۆ بەکارهێنان دانەنێی.

نزیکی ناوچە پیشەسازی و کارگە گەورەو بچوکە بەرهەمھێنەکان و نەبوونی فیلتەر بۆ دوکەڵ کێشەکان و پانتایەکی ستاندارد لەسەوزایی و کەمی درەخت و ڕێپێدان بەبەکارھێنانی 90%ی زەوی بۆ دروستکردنی خانووبەرە ئەمانەو چەندین بابەتی تر کە نەک بە یاسا ڕێگری لێنەکراوە بەڵکو ئاسانکاریشی بۆ کراوە کە کۆی هەموو ئەوانەی لەسەرەوە ناویان ھێنراوە ئەگەر ھێندەی چەک ڕاستەوخۆ هەڕەشەنەبن لەسەر ژیانی مرۆڤەکان ئەوا لەماوەی درێژخایەنا ھێندەی چەک و زیاتریش ئەبنە هەڕەشە.

کەواتە وێڕای دەستخۆشێ لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەو بڕیارە زۆر درەنگ کەوتووەی بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە حکومەت لەڕێی وەزارەتی ڕۆشنیری دەزگاکانی و پیشەسازی و بەڕیوبەرایەتی هاوتوچۆو ژینگە...ھتد ساڵانە چەندین جار هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە بکات و زانیاری تەواو لەسەر خراپ بەکارهێنانی هەریەک لەوانەی لەسەرەوە و چەندین بابەتی تریش بڵاوبکاتەوە چونکە کاتێک کۆمەڵگە هۆشیاربێ چەکەکان خۆیان بێدەنگ و پەراوێز ئەبن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار