یۆگا هه‌م وه‌رزش و هه‌م ته‌ندروستى

2019-06-20 16:40:20



شاناز حه‌سه‌ن

یۆگا وشه‌یه‌کى سانسکرێتیه‌ به‌ماناى یه‌کبون دێت، پێکدێت له‌ کۆمه‌ڵه‌ ڕاهێنانێکى جه‌سته‌یى و ده‌رونى و زهنى بۆ گه‌شه‌کردنى روح که‌ له‌ هندستانه‌وه‌ بڵاوبۆته‌وه‌ مێژووه‌که‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ5000ساڵ له‌مه‌وپێش له‌گه‌ڵ بونى هه‌زاره‌ها ئاین له‌ هندستان، به‌ڵام یۆگا په‌یوه‌ندى به‌ هیچ ئاینێک نیه‌، وه‌ هه‌موو که‌سێک خاوه‌نى هه‌ر دینێک بێت ده‌توانێت یۆگا بکات.
 هیوا عه‌بدوڵڵا، مامۆستای یۆگایه‌، له‌ سه‌نته‌رى هه‌ژان بۆ ڕۆشنبیرى یۆگا، له‌ لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى "یۆگا ڕێگه‌یه‌کى خود ناسییه‌، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ خودى خۆت، هه‌وڵدانه‌ بۆ ژیانێکى باشتر له‌ ڕێى ته‌ندروستى ئه‌قڵى و زهنى".

وتیشى "یۆگا له‌و کاته‌وه‌ دروست بووه‌ که‌ مرۆڤ هه‌ستى به‌ نامۆى کردو گه‌ڕا به‌ شوێن ئه‌وه‌ى که‌ جارێکى ترخۆى بدۆزێته‌وه‌".
ئاماژه‌ى به‌وه‌دا وه‌رزش یۆگا نیه‌ وه‌رزش منداڵى یۆگایه‌و له‌ یۆگاوه‌ وه‌رزش ده‌رکه‌وتووه‌ و وتى هه‌موو که‌س ده‌توانیت یۆگا بکات و به‌ خودى خۆى بگاته‌وه‌، تاکه‌ ڕێگایه‌ ته‌مه‌ن دیارى کراو نیه‌ بۆى، چونکه‌ له‌ ناوه‌وه‌ى مرۆڤ ڕوده‌دات و په‌یوه‌ندى به‌ جه‌سته‌وه‌ نیه‌.

ئه‌م مامۆستایه‌ باسى له‌وه‌کرد  به‌هۆى شه‌کرى زۆره‌وه‌ جه‌سته‌ ژه‌هراوى ده‌بێت باشترین رێگایه‌ بۆ کردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى ژهه‌ر و پاکردنه‌وه‌ى جه‌سته‌  وتى"ئه‌مانه‌ هه‌مووى ژه‌هره‌ و  به‌ یۆگا دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ى له‌ جه‌سته‌ ده‌رده‌کرێن".

ته‌کنیکى یۆگا زۆرن، نزیکه‌ى شه‌ش ملیۆن ته‌کنیکه‌، هه‌ر یه‌که‌ى سودى بۆ شتێک هه‌یه‌ بۆنمونه‌ ته‌کنیکى دره‌خت بۆ ئه‌و که‌سانه‌ زۆر باشه‌ که‌  بنى پێیان  فلات فوته‌  واده‌کات ورده‌ ورده‌ دروست بێت و جێگیریه‌کى زۆرت پێده‌دات و بۆ که‌مخه‌وی و باشترکردنى ته‌رکیز و  ستونى فه‌قه‌رات زۆر باشه‌.

له‌وه‌ش دوا ته‌رکیزى مرۆڤ له‌ڕێگه‌ى پێنج هه‌سته‌وه‌ره‌کانیه‌وه‌ ده‌ڕوات، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌وانه‌ که‌مکه‌یته‌وه‌ و سنورى بۆ دابنێت و وتى"ته‌مرینه‌کان ئیشى خۆى ناکات هه‌ستت بڕوات، بۆیه‌ پێویسته‌ فێڵ له‌ ئه‌قڵت بکه‌یت و ڕێ له‌ هه‌سته‌کان بگریت و که‌سه‌که‌  بچێته‌وه‌ ناو خۆى".

جه‌ختى له‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌سى یۆگى له‌شى پێویستى به‌ هه‌ر شتێک بێت داواى ده‌کات و هیواش هیواش خۆى له‌وه‌ دورده‌که‌ویته‌وه‌ که‌ پیویستى نیه‌، بۆیه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ سیسته‌مى خۆراکى رێک ده‌خرێت و ئه‌و خۆراکه‌ زیاده‌ى خواردویه‌تى له‌رێگه‌ى یۆگاوه‌ وه‌ک ژه‌هر وایه‌ و ده‌یکاته‌ ده‌ره‌وه‌.

یۆگا ماوه‌ى دوو کاتژمێر ده‌خایه‌نێت و به‌چه‌ند ئاستێکدا ده‌ڕوات بۆ کشانى ماسولکه‌ و خاوبونه‌وه‌ و ته‌مرینى هه‌ناسه‌ و چاودێرى و تێڕامان  له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌یه‌.

هیوا وتیشى"که‌سى یۆگى نه‌رم و نیان پر خۆشه‌ویستى ده‌بێت و له‌کاتێکدا وه‌رزش نیه‌ و بنکه‌ى ته‌ندروستیش نیه‌، به‌ڵام قه‌له‌قى و ڕوداوه‌کانى چوارده‌ور هیچ کاریگه‌رى له‌سه‌رى نابێت".

له‌باره‌ى نه‌خواردنى گۆشته‌وه‌ وتى "لایه‌نى میهره‌بانى و سۆز زیاد ده‌کات له‌و  که‌سانه‌دا بۆیه‌ که‌ به‌مه‌ گه‌یشت نایه‌ویت روح له‌به‌ره‌کانى تر بخوات".
ئه‌م سه‌نته‌ره‌ له‌ ساڵى 2013دا دامه‌زراوه‌ و چه‌نده‌ها که‌س سودیان لێوه‌رگرتووه‌ و تائیستا که‌مترین ڕیکلام بۆ سه‌نته‌ره‌که‌ کراوه‌، ئه‌و که‌سانه‌ى سه‌ردان ده‌که‌ن سودى زۆریان لێبینوه‌ و رۆژ به‌ رۆژ به‌شداربونى تازه‌ دێنه‌ سه‌نته‌ره‌که‌.

گله‌یى ئه‌م مامۆستایه‌ له‌ خه‌ڵک ئه‌وه‌ بوو دوا ڕێگه‌ چاره‌ بۆ نه‌خۆشى، بیر له‌ یۆگا ده‌کرێته‌وه‌ و وتى" زۆربه‌ى که‌س بۆ لایه‌نه‌ ته‌ندروستیه‌که‌ دێن، بۆ ئه‌وه‌ش بیستویانه‌ و کۆتا ڕێگه‌ بیرى یۆگاى دێته‌وه‌ و به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌  لێره‌ چاک ده‌بێته‌وه‌".

په‌رژین محه‌مه‌د، 32ساڵ، یه‌کێکه‌ له‌ ئه‌نجامده‌رانى یۆگا، سێ منداڵى هه‌یه‌ و له‌کاتێکدا که‌ سه‌رقاڵى یۆگا بوو وتى" من بۆ ئارام بونه‌وه‌ى لایه‌نى ده‌رونى هاتم و سه‌ردانم کرد، به‌ڵام له‌ هه‌ر دوو لایه‌نه‌که‌وه‌ سودم لى بینیوه‌ هه‌م ته‌ندروستیه‌که‌ بۆ گرژبونى ماسولکه‌کانم و هه‌م بۆ ئارامى جه‌سته‌ و مێشکم".

ئه‌م خانمه‌ ماوه‌ى ساڵێکه‌ یۆگا ده‌کات باسى له‌وه‌کرد پێشتر به‌رده‌وام له‌ دڵه‌ڕاوکێدا بووه‌ و بارى ده‌رونى زۆر ناجێگیر بووه‌، زۆر بیرى له‌ قسه‌ کردۆته‌وه‌ و وتیشى" زۆر بیرم له‌ شت ده‌کرده‌وه‌ و من له‌و که‌سانه‌ بوم زوو شت کارى تێده‌کردمو ئێستا له‌ سه‌دا هه‌شتا گۆڕانکارى له‌خۆمدا به‌دیده‌که‌م چوار ده‌وره‌که‌شم هه‌ستم پێده‌که‌ن".

سه‌ره‌نج ئیسماعیل، 62ساڵ، ماوه‌ى 3ساڵه‌ نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ى هه‌یه‌و باس له‌وه‌ ده‌کات زۆر وه‌رزشى تاقى کردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر نه‌خۆشیه‌که‌یدا زاڵ بێت و وتى" هیچ وه‌رزشێک ناگات به‌ یۆگا بۆ ته‌مه‌نى من و چاره‌سه‌رى نه‌خۆشیه‌که‌م". 

باسى له‌وه‌کرد له‌ ئه‌مریکا به‌رده‌وام وه‌رزشى کردووه‌ و وتیشى" بۆ ژنان و بۆ ته‌مه‌نى ئێمه‌ش زۆر پێویسته‌ بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌ژنۆ و جومگه‌کان، به‌ڵام له‌ هه‌مووى باشتر و کاریگه‌رتر یۆگایه‌ که‌ زۆر باشه‌ بۆ هه‌موو نه‌خۆشییه‌ک".

کامه‌ران ئه‌حمه‌د، 50ساڵ، ماوه‌ى سێ ساڵه‌ به‌رده‌وام یۆگا ده‌کات و وتى" گۆڕانکارى زۆر له‌ خۆمدا به‌دى ده‌که‌م ئارامم و دڵخۆشم توره‌ بم ده‌توانم بڵێَم توڕه‌م، چێژ له‌ خواردن ده‌بینم و له‌مردن ناترسم".

وتیشى" 17ساڵ له‌ ئه‌وروپا ژیام،  ئه‌چوم بۆ لاى پزیشک بۆئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رم بکات، پێویستم به‌ پشوو بوو بۆ ئه‌وه‌ى خۆم بناسم و خواردنم ده‌خوارد چێژم لێنه‌ده‌بینى، هه‌میشه‌ په‌له‌م بوو ماندوو بوم، به‌ڵام چاره‌سه‌رم نه‌دۆزییه‌وه‌".

باسى له‌وه‌شکرد بۆ خاوێنکردنه‌وه‌ى جه‌سته‌ و زهن زۆر پێویسته‌ و وتى" وات لێ دێت چیت حه‌ز لێیه‌ و چیت پێویسته‌ هه‌ستى پێده‌که‌یت و هه‌ست به‌ بونى خۆت ده‌که‌یت". 

شه‌ماڵ فوئاد شاڵى، پزیشکى نه‌شته‌رگه‌رى جوانکارى، له‌ لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى" من خۆم ماوه‌یه‌ک یۆگام کردووه‌ و ئه‌زمونم  هه‌یه‌، سودى زۆره‌، به‌ڵام ناتوانین بڵین له‌ ڕوى ته‌ندروستیه‌وه‌ له‌ سه‌دا سه‌د چاره‌سه‌رى نه‌خۆشى ده‌کات".

باسى له‌وه‌کرد زۆر لایه‌ن هه‌یه‌ له‌ له‌شدا سودى لێده‌بینێت،  ڕێکخستنه‌وه‌ى کۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌یه‌،  له‌گه‌ڵ ئه‌و وزه‌ ناوه‌کیه‌ى له‌ مرۆڤ دا هه‌یه‌".
وتیشى" ئیشه‌کانى یۆگا قوڵه‌ و که‌سه‌که‌ خۆى یۆگاى کرد هه‌ست به‌و گۆرانکاریه‌ ده‌کات".

ریکخستنه‌وه‌ى هه‌ناسه‌ و نه‌رمکردنه‌وه‌ى ماسولکه‌کان و به‌هیزکردنه‌وه‌یان و باشتر کردنى جومگه‌ و کڕکڕگاگان به‌ جوڵه‌یه‌کى نه‌رم و هێواش.
سیسته‌مى به‌رگى له‌ش و هه‌زمى له‌ش چالاک ده‌کاته‌وه‌ و له‌کاتى به‌رده‌وام بونیدا فشارى خوێن که‌مده‌کاته‌وه‌ و شه‌کریش داده‌به‌زێنێت له‌ له‌شدا.

ئه‌م پزیشکه‌ جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى که‌ره‌سته‌ى ده‌رمان ئامۆژگارى نه‌خۆشه‌کانى ده‌کات له‌پاڵ ده‌رمان خواردندا یۆگا بکه‌ن و وتى" له‌هه‌موو دنیادا کار بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى که‌ره‌سته‌ى ده‌رمانى ده‌کرێت، بۆئه‌وه‌ى وه‌رزش بتوانێت له‌گه‌ڵ ده‌رمانه‌که‌دا ببێته‌ به‌شێک له‌ چاره‌سه‌ر".

میران شیروان، 27ساڵ، باسى له‌وه‌کرد له‌ منداڵیه‌وه‌ که‌سێکى بێده‌نگ  و به‌هه‌ست بووه‌ به‌رده‌وام به‌دواى خودى مرۆڤه‌کاندا گه‌ڕاوه‌ و ماوه‌ى چه‌ند ساڵێکیشه‌ هیچ به‌رهه‌مێکى ئاژه‌ڵىیش ناخوات، و وتى" سه‌ره‌تا هه‌موو رێگاکانى یۆگام تاقى کرده‌وه‌ و ئیستا یۆگا بووه‌ به‌ به‌شێک له‌من".

وتیشى" یۆگا زه‌برێکى به‌هێز بوو بۆ له‌ناو بردنى خۆپه‌رستى، که‌ ئێمه‌ به‌ گشتى به‌ ده‌ست ئه‌م منه‌وه‌ ده‌ناڵێنین، زۆربه‌مان پیمان وایه‌ من جیاوازم من تایبه‌تم، له‌ راستیدا هیچ منێک بونى نیه‌، ئیمه‌ى مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و سروشت یه‌کین".

میران ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ى خۆى پێی گه‌یشتووه‌ بیگه‌یه‌نێت به‌ که‌سانى ترو وه‌کو خۆى وتى له‌و رێگه‌یه‌وه‌ "خزمه‌ت به‌ مرۆڤایه‌تى" بکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار