تۆ خۆبەندیت بەکام کۆمەڵگەوە ؟

5 ساڵ لەمەوپێش



محەمەد ڕەتیان *
و: ئەرشەد عاصى 

١
هەندێ کۆمەڵگە هەیە تووشى پیرێتى بووە. هەندێکى دیکە هەیە لاوە، درەوشاوەیە، دڵگەرم و بەجۆش و خرۆشە  و، هەموو رۆژێک بیرۆکە و داهێنانى نوێى تێدایە. هەندێ کۆمەڵگەى تریش هەن تاکوو ئێستا لە ماوەى ساوایەتیدان و کۆرپەن: پێویستى بە یەکێ هەیە کە شیرى بۆ دروست بکات و، یارمەتى بدات تاکوو گاگۆڵە بکات و بڕوا و، فێرى قسەکردنى بکات! ئایا تۆ خۆبەندیى بە کام کۆمەڵگەوە؟
٢
هەندێ کۆمەڵگە هەیە داهێنەرە، هەندێکى دیکە هەیە ترسێنەرە!
٣
هەندێ کۆمەڵگە هەیە ئەوەى دەیپۆشێت بەخۆى دروستى دەکات. هەندێ کۆمەڵگەش هەیە دە ساڵ تەمەنى لە بیرکردنەوە بەسەردەچێت بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە: کێ جلوبەرگى ژنان بفرۆشێت ؟! .. کەچى ناگاتە چارەیەک بۆ ئەم پرسیارە بڵیمەتە!
٤
هەندێ کۆمەڵگە هەیە دەکەوێتە داوى تۆقین ئەگەر کەسێ شتێکى چکۆڵەى لە ئازادیى لێ زەوت بکرێت، بە رووداماڵدراویى و توندى بەرگرى دەکات تاکو قەدەغەى بکات، هەندێ کۆمەڵگەش زەندەقى چووە لە بیرکردنەوە و هزرینى سەربەست .. راهاتووە لەسەر بوونى کەسانى تر لەجیاتى ئەو بیربکەنەوە!
٥
هەندێ کۆمەڵگە هەیە پێشوازى لە هەموو شتێکى نوێ دەکات و دەزانێت چۆن مامەڵەى لەگەڵدا بکات. کۆمەڵگەش هەیە بە گومانەوە سەیرى هەموو شتێکى تازە دەکات (ئامێر ـ بیرۆکە ـ ئامراز) لێشى دەترسێت. پێى وایە «قەدەغەکردنى» باشترین چارەسەرە!
٦
هەندێ کۆمەڵگە هەیە؛ گوێبیست دەبێت و دەبینێت و قسە دەکات. هەندێ کۆمەڵگەش هەیە تەنها گوێ بیست دەبێت و دەبینێت!
٧
هەندێ کۆمەڵگە هەیە مێژوو دێنێتە کایەوە و دروستى دەکات، هەندێ کۆمەڵگەش لە دەرەوەى مێژوو دەژیت!
٨
بەهاى هەر کۆمەڵگەیەک بریتیە لەو کارانەى کە تاکەکانى پێشکەش بە مرۆڤایەتى دەکەن لە داهێنان و بیرۆکەى تازە و، ئەو بەرهەمانەى کە داهێنەر و بڵیمەتەکانیان لە ئەدەب و هونەردا دەیخەنەڕوو. ئەو داهێنانانەى کە زاناکانیان بەرهەمى دێنن، جۆرى ئەو یاسایانەى کە فەرمانڕەوایەتیان دەکات و پەیوەندى نێوانیان دیارى دەکا و، ڕێز لە خود و مرۆبوون و مافە ڕەواکانیان دەگرێت . 
٩
ئایا خۆبەندیى بە کۆمەڵگەیەک کە داهێنەر و بەرهەمهێنە؟
ئایا خۆبەندیى بە کۆمەڵگەیەک کە پارێزگارى لە مرۆبوونت دەکات و، خۆشبەختى کە هەموو مافە ڕەواکانت تێیدا بەدەستهێناوە؟
١٠
ئێستا وەڵامى بڕگەى یەکەمت دەست دەکەوێت!

سەرچاوە:
https://www.al-madina.com
رۆژنامەى مەدینەى سعوودى.
* محەمەد ڕەتیان، نووسەر و ئەدیبێکى سعوودییە، یەکێکە لە ناسراوترین رۆژنامەنووسانى کەنداو. وتار و کورتە چیڕۆک و ڕۆمان دەنووسێت، کۆمەڵێک کتێبى چاپکراوى هەیە وەک (کتێب ـ هەوڵى سێیەم ـ سپاردەکان ـ رۆزنامە) ـ لە زۆربەى ڤیستیڤاڵە ئەدەبییەکانى ناوچەکە بانگهێشت کراوە و بەشدارى کردووە، ڕۆمانى (ئەوەى ماوە لە پەڕاوەکانى محەمەد ڕەتیان) خەڵاتى ڕۆمانى ساڵى ٢٠١٠ پێ بەخشراوە، هەروەها دەقى (هلیل) براوەى خەڵاتى یەکەمى پێشبڕکێى کورتە چیرۆک بووە. لە ساڵى ٢٠١١ بە یەکێک لە سەت کەسایەتیى کاریگەرى جیهانى عەرەبیى لەلایەن گۆڤارى (فوربس) دەست نیشانکراوە. نووسەرێکى جەماوەرییە و سەر بە هیچ ڕەوتێکى دیاریکراو نییە، هەمیشە وەک کەسێکى سەربەخۆ دەرکەوتووە، ئەمەیش واى کردووە جێگەى متمانەى خوێنەران بێت و ببێتە خاوەن پێگەیەکى تایبەتمەند لە وڵاتانى کەنداو و نیشتمانى عارەبیدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار