هاوڵاتی پرۆژەیەکی شیعریی فەرەنسی بەناوی (ژینابەندان؛ ژن ژیان ئازادی) بۆ پشتیوانی لە ژنانی کوردستان و ئێران دروست دەكرێت. پرۆژەکە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد و بۆ ماوەی مانگ و نیوێک زیاتر لە ٣٠ شیعر بۆ ژن ژیان ئازادی نووسراون. شیعرەکان بەشێکیان وەرگێڕدراون بۆ زمانی کوردی. زانیاری زیاتر لەسەر پرۆژەكە بخوێنەرەوە؛ ژینابەندان ژن ژیان ئازادی ‏#Jinamahsaamini پرۆژەیەکی شیعریی فرەنسییە بۆ پشتیوانی لە ژنانی کوردستان و ئێران بە دەستپێشخەریی نەزەند بەگیخانی و نیکۆل باریێر   "ژینابەندان: ژن ژیان ئازادی" پرۆژەیەکی شیعریی فڕەنسییە بۆ پشتیوانی لە ژنانی کوردستان و ئێران دروست کراوە. پرۆژەکە بە دەستپێشخەریی شاعیری کورد لە فڕەنسا نەزەند بەگیخانی و هاوکاریی شاعیری فڕەنسی نیکۆل باریێر دەستی پێکردووە. لە سەرەتادا هەردوو شاعیر باگەوازێکییان لە فرەنسا ئاراستە شاعیرانی فرەنسی و فرانکۆفۆن کرد، داوایان کرد هەر شاعیرێک شیعرێ بنووسێ و پێشکەشی ئەم پڕۆژەیەی بکات بۆ پشتیوانیکردنی ژنانی کوردستان و ئێران دژی چەوسانەوە و بۆ ئازادی و رزگاری. پرۆژەکە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد و بۆ ماوەی مانگ و نیوێک زیاتر لە ٣٠ شیعر بۆ ژن ژیان ئازادی نووسراون. شیعرەکان بەشێکیان وەرگێڕدراون بۆ زمانی کوردی. پرۆژەکە بە دوو شێوە بڵاودەکرێنەوە: یەکەمیان لە ڤیدیۆیەک کە ١٠ شیعری لەخۆی گرتووە و بە ژێرنووسی کوردی لە ماوەی ١٠ دەقیقە پەخش دەکرێت. ئەم بەشەی پڕۆژەکە لە ٢٥ ی تشرینی دووەم، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت، بڵاودەکرێتەوە. بەشی دووەمی پڕۆژەکە لە کتێبێکی شیعری بە زمانی فرەنسی، لە دەزگای هارماتان، بەشی میللەت و کولتور و ئەدەبیاتی رۆژهەڵات، کە شاعیر نەزەند بەگیخانی سەرپەرشتی دەکات، چاپ دەکرێت. لەو کتێبەدا نەزەند بەگیخانی و نیکۆل باریێر پێشەکییەک دەنووسن کە باس لە رەگ و دەستەواژەی "ژینابەندان " و دروشمی "ژن ژیان ئازادی " کە لە بزووتنەوەی سیاسی کوردییەوە سەریهەڵداوە، دەکات. لەم پێشەکییەدا باس لە بارودۆخی کورد و ژنان لە کوردستان و ئێران دەکەن. باس لەو چەوساندنەوە هەمەجۆرانە دەکەن کە لە رووی نەتەوەیی و ئایینی و جێندەرییەوە لە وڵاتی ئێران لەسەر دەستی سیاسەتمەدارانی ئیسلامی و فارسی و پیاوسالاری بەرەوڕووی دەبنەوە. ژنان بە گشتی لە ئێران بەرەوڕووی چەوساندنەوەی پیاوسالاری و توندڕەویی ئیسلامی سیاسی دەبنەوە، بەڵام ژنانی کوردستان زۆر زیاتر لە ژنانی فارس دەچەوسێنرێنەوە و چەوساندنەوەکان  تێکهەڵکێشن و دۆخی نەتەوەیی و بێ دەوڵەتی و پەراوێزخراوی و دابڕان لەخۆدەگرن. ژینابەندان کە سەرناوی پرۆژەکەیە، وشەیەکی لێکدراوە لە ناوی ژینا (مەهسا ئەمینی) و بەندان پێكهاتووە. بەندان لە وشەی خەنەبەندان-ەوە وەرگیراوە کە ئاهەنگی کۆتایی ژیانی کچانە و چوونە ناو قۆناغێکی نوێیە لە ژیانی ژنان.  لە دوای مەرگی ژینا، مێژووی ژنان لە کوردستان و ئێران ئێستا دوو قۆناغ لەخۆی دەگرێت: قۆناغی پێش ژینا و دوای مەرگی ژینا. بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی " پڕۆژەکە ستایش لە ئاهەنگی شۆڕشێک دەنێ کە بە خوێن رەنگکراوە، وەک خەنەبەندان و کۆتایی سەردەمێک و سەرەتای ئازادییە.  

هاوڵاتی تەواوی گەنجینەکانی توت عنخ ئاموون کە دوای دۆزینەوەی تەرمەکەی لە ١٩٢٢ دۆزرانەوە نۆژەن دەکرێنەوە دواتر لە مۆزەخانەی گەورەی میسر کۆ دەکرێنەوە. لە ئێستادا کارەکانی نۆژەنکردنەوەی تەواوی پارچەکانی گەنجینەکانی توت عنخ ئاموون دەستی پێ کردووە کە زۆربەیان لە مۆزەخانەی قاهیرە، بەشێکی دیکەیشیان لە مۆزەخانەکانی شەرم ئەلشێخ و هورگادا نمایش کراون، دەستی پێ کردووە. دواتر تەواوی گەنجینەکانی توت عنخ ئاموون لە مۆزەخانەی گەورەی میسر کۆ دەکرێنەوە. چاوەڕێ دەکرێت گواستنەوەی کەلوپەلەکان کە هێشتا بەروارەکەی دیار نییە، تاکو کۆتایی ئەمساڵ بگوازرێنەوە بۆ مۆزەخانەی گەورەی میسر. وەزیری گەشتیاری و شوێنەوارە مێژوویییەکانی میسر، ئەحمەد عیسا لە ٥ی تشرینی دووەم رایگەیاند کە بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ١٠٠ ساڵەی دۆزینەوەی تەرمی توت عنخ ئاموون "لەم نزیکانە کەلوپەل و گەنجینەکان دەگوازرێنەوە". ئەحمەد عیسا بە ئاماژەدان بەوەی کە توت عنخ ئاموون ئەفسانەئاسا بووە لە میسر، سەرنجی خستبووە سەر ئەوەی کە تەواوی گەنجینەکەی دەگوازرێتەوە بۆ مۆزەخانەی گەورەی میسر کە تازە کراوەتەوە. شوێنەوارناسی بەریتانی و میسریناس، هاوارد کارتەر لە ١٩٢٢ گۆڕی توت عنخ ئاموون لە دۆڵی پاشاکان لە شاری لوکسۆر لە میسر دۆزییەوە. دۆزینەوەی گۆڕەکە بووە "گەورەترین دۆزینەوەی شوێنەوارناسی لە سەدەی ٢٠". لەنێو گەنجینەکانی توت عنخ ئامووندا کە لە ١٣٣٢ پ. ز. بۆ ١٣٢٣ پ. ز. لە کۆتایی ١٨ هەمین خانەدانی فیرعەونەکان فەرمانڕەوا بووە، زیاتر لە پێنج هەزار کەلوپەل و پێداویستی جۆراوجۆری وەک دارەمەیتی ئاڵتون، دەمامکی ئاڵتون، تەخت، کەڕەنا، پەرداخ، مەی و خۆراک هەن.

هاوڵاتی "شاری ژێرزەوی کاریز" کە لەسەر دوورگەی کیش و لە ئاوە شینەکانی کەنداو هەڵکەوتووە، لەلایەک ئاوی شیرین بۆ ئەو دوورگەیە دابین دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە خاوەن مێژووێکی کۆنە کە بۆ هەزاران ساڵ لەمەربەر دەگەڕێتەوە. شاری ژێرزەوی کاریز کە سەرەتا لە شێوەی ئەشکەوتێکدا بووە و دواتر بە دەستێوەردانی مرۆڤ فراوانتر کراوە و بۆ مەبەستی جیاواز بەکارهاتووە، ئەو کەناڵە ئاوییانە دەگرێتە خۆ کە بۆ دابینکردنی ئاوی شیرینی خواردنەوە بۆ دوورگەکە دروستکراون. کاریز کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ ساڵ لەمەوەبەر دەگەڕێتەوە، بە دەستپێشخەری و وەبەرهێنانەکانی مەنسور حاجی حوسێن کە یەکێکە بووە لە ئەندازیارە ناسراوەکانی ناوچەکە، گۆڕدراوە بۆ شارێکی ژێرزەوی گەشتیاریی کە رووبەرەکەی ١٠ هەزار مەتر چوارگۆشەیە. شارەکە جگە لەوەی رێڕوێکی تێدایە کە بەدرێژایی کەناڵە ئاوییەکان درێژبووەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ژوور و پردی لەخۆگرتووە، هەروەها ژمارەیەک لە چێشتخانەی نەریتی و مۆدێرن، مۆزەخانەیەک و چەندین ستاندی تێدایە کە کاری دەستی تێدا نمایش دەکرێت. باس لەوە دەکرێت، ئەو دیوارە بەردینییانەی کە لەبەردەم دیوارە سروشتییەکانی شارەکەدا دروستکراون، بۆ رێگەگرتن بووە لە تێکچوون و داڕووخانی شوێنەوارەکە. ئەو رووبەرەی کە لە هەندێک شوێنیدا درزی تێدا بەدی دەکرێت، لە ترسی داڕمان بەڕووی سەردانیکەراندا داخراوە. دیوار و بنمیچی شوێنە گەشتیارییەکە وەک مۆزەخانەی بەبەردبووی زیندەوەرە ئاویییەکان وایە. بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە زانکۆی میونخی ئەڵمانیا لەبارەی بەبەردبووەکانەوە ئەنجام دراون، تەمەنی چینی توێژاڵی ئەو دوورگەیە ملیۆنەها ساڵە. ئەم کەناڵە ئاوییە کۆنەی کە لەم دواییانەدا شارێکی ژێرزەوی بووە، بیری زۆری تێدایە کە بۆ کۆکردنەوەی ئاو سوودی لێ وەرگیراوە، بوونی ئامرازی دەرهێنانی ئاو لە سەرەوەی بیرەکاندا، سەرنجی سەردانیکران بە لای خۆیدا رادەکێشێت. باس لەوەش دەکرێت کە درێژی شارەکە کە تەنها بەشێکی نۆژەن کراوەتەوە و بەڕووی سەردانکەراندا کراوەتەوە، ١٥ کیلۆمەترە. هەروەها ئەم کەناڵە ئاوییەی کە قوڵاییەکەی تەنها ١٦ مەتر دەبێت، بە درێژایی مێژوو ئاوی بۆ ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە کەنداو و لە دوورگەکەدا دابین کردووە. "شاری ژێرزەوی کاریز" رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار رووی تێدەکەن و شوێنەراوە مێژوویەکە و کەلوپەل و ئاسەوارە نمایشکراوەکانی بووتە جێی سەرنجی هەموو لایەک.  

هاوڵاتی کۆمپانیای تویتەر لە دوێنێ شەممەوە، خزمەتگوزاری بەشداریکردنی مانگانە بە ھەشت دۆلار دەست پێ کرد کە بریتییە لە پێدانی "نیشانەی شین" بەھەژماری بەشداربووان دوای ئەوەی لێی دەکۆڵدرێتەوە. ئاژانسی ھەواڵیی ئەسۆشەییتد پرێس بڵاوی کردەوە لە نوێکردنەوەی ئامێرەکانی "Apple"دا کە بەسیستەمی "iSO" کار دەکەن، کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، ئەو بەکارھێنەرانەی کە ئێستا بەشدارن دەتوانن نیشانە شینەکە لە تەنیشت ناوەکانیان وەربگرن، ھەروەک کەسایەتییە ناودارەکان، هەروەها کۆمپانیا و سیاسەتمەداران. ھێشتا ئەوە نەزاندراوە کە ئایە خاوەن نیشانە شینەکانی ئێستا، ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی کە دیاری کراوە نەدەن، ئەم تایبەتمەندییە لەدەست دەدەن یان نا.

هاوڵاتی جێگری راگری فاكه‌ڵتی زانسته‌ ته‌ندروستیییه‌كانی زانكۆی هیتیت و پسپۆڕی ته‌ندروستیی گشتیی، دكتۆر گولای یڵمازه‌ر، رایگه‌یاند: "مه‌ترسیی تووشوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و خوێنبه‌ره‌كان كه‌ ره‌نگه‌ له‌ ته‌مه‌نی ٤٠ ساڵیدا سه‌رهه‌ڵبده‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌م مه‌ترسییه‌ له‌رێگه‌ی ئالووده‌بوون به‌ مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان، پێشتر ده‌خه‌ین بۆ ته‌مه‌نی گه‌نجتر". دكتۆر گولای یڵمازه‌ر له‌ لێدوانێكدا بۆ په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی له‌ هه‌ستیاریی ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریی كرد كه‌ قۆناغی راگوزه‌ری نێوان مناڵی و پێگه‌یشتوویی مرۆڤه‌ و ئه‌گه‌ر بێت و به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست به‌ڕێبكرێت، ئه‌وا ده‌ستپێكی پێگه‌یشتووییش ته‌ندروست ده‌بێت. یڵمازه‌ر باسی له‌وه‌كرد تاك له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا كراوه‌تره‌ به‌ڕووی ئالووده‌بوونه‌كاندا و هه‌ڵكشانی به‌كارهێنانی مۆبایلی زیره‌ك له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا له‌ جیهاندا، به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌رزه‌كاراندا ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی گرفت جه‌سته‌یی و سایكۆلۆجی-كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌و پزیشكه‌ باسی له‌وه‌ كرد به‌كارهێنانی زۆری مۆبایلی زیره‌ك به‌ تێپه‌ڕینی كات ده‌بێته‌ هۆی ئالووده‌بوون و گوتی: "به‌هێزبوونی تۆڕی پشتیوانیی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی مه‌ترسی ئالووده‌بوون به‌ مۆبایلی زیره‌ك كه‌مبێته‌وه‌. ئالووده‌بوون به‌ مۆبایل له‌لای هه‌رزه‌كاران ده‌بێته‌ هۆی تێكچوونی دۆخی هه‌ست و سۆز، خه‌مۆكی، دڵه‌ڕاوكێ، خۆ به‌كه‌مزانین، نه‌بوونی چالاكی جه‌سته‌یی، قه‌ڵه‌ویی و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا گرفته‌كانی بیستن و بینین، واته‌ سه‌رجه‌م ئه‌م گرفته‌ جه‌سته‌یی و سایكۆلۆجی-كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ ئالووده‌بوون به‌ مۆبایلی زیره‌ك ده‌بێته‌ هۆكاریان". دكتۆر گولای یڵمازه‌ر راشیگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ قه‌ڵه‌وییدا نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان زیاد ده‌كه‌ن. له‌ پشتدا، له‌ فشاری خوێندا، له‌ زیادبوونی خێرایی لێدانی دڵدا، ده‌بێته‌ هۆی هاندانی تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و خوێنبه‌ره‌كان. وا ده‌كات شه‌وان تا دره‌نگ نه‌نوویت، به‌ رۆژ به‌ خه‌واڵوویی به‌خه‌به‌ربێیت و تێكچوونی خه‌و له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێت. له‌پاڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا، ئه‌گه‌ری تووشبوون خه‌مۆكی و گرفته‌ جه‌سته‌ییه‌كانی دیكه‌ هه‌ڵده‌كشێت. مه‌ترسیی تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و خوێنبه‌ره‌كان كه‌ ره‌نگه‌ له‌ ته‌مه‌نی ٤٠ ساڵیدا سه‌رهه‌ڵبده‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌م مه‌ترسییه‌ له‌رێگه‌ی ئالووده‌بوون به‌ مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان، پێشتر ده‌خه‌ین بۆ ته‌مه‌نی گه‌نجتر. ستایلێكی ژیان به‌ نه‌بوونی چالاكی جه‌سته‌یی رێك و پێك یان هه‌ر نه‌بوونی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك، خۆراكی خراپ، سه‌رهه‌ڵدانی قه‌ڵه‌ویی، ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی چه‌وری خوێنمان زیادبكات، فشاری خوێنمان به‌رزبێت و ئه‌م مه‌ترسییانه‌ كه‌ جاران له‌ سه‌روو ٤٠ ساڵییه‌وه‌ هه‌بوون، چیتر له‌ ١٥ ساڵییه‌وه‌، رێگه‌یان بۆ خۆش ده‌كرێت و زه‌مینه‌ بۆ نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان سازده‌كه‌ن".

هاوڵاتی کەبابی ئادانا کە بە کەبابی تیژ و کەبابی ئورفا کە بە کەبابی بێتیژی بەناوبانگن، بوونەتە هۆی کێبڕکێی نێوان ئەو دوو شارە لە تاموچێژی کەبابدا. وەستاکانی دروستکردنی کەباب لە ئادانا رۆژانە بە چەقۆی گەورە گۆشتی بەرخی نێر دەکەن بە قیمە و دوای ئەوەی لەگەڵ خوێ و هاڕاوەی بیبەردا دەیشێلن، بە شیشەوەی دەکەن، بەڵام وەستاکانی دروستکردنی کەباب لە ئورفا دوای کردنە قیمەی گۆشتی بەرخی نێر تەنها خوێی پێدا دەکەن و بە شیشەوەی دەکەن. دوای برژانی کەباب لەسەر ئاگری خەڵووز لە ئادانا خەیار، سەوزە، تەماتە و بیبەری بژراو و لە ئورفایش سەوزە، پیاز و بیبەری لەگەڵدا دادەنێن. ئەم دوو شارە کە بەناوبانگن لە کەبابی بە تاموچێژ و لەگەڵ یەکتردا لە کێبڕکێدان خواستێکی زۆر لەسەر کەبابەکانیان هەیە. سەرۆکی هۆبەی ئادانا لە کۆمەڵەی خواردنگەکان و گەشتیاریی، بیراڵ سەرتاش بە ئاماژەدان بەوەی کە کێبڕکێ لەسەر کەبابی نێوان ئەم دوو شارە دەمێکە هەیە، گوتی: "هەردوو جۆرە کەبابەکە تاموچێژی تایبەت بە خۆیان هەیە. لە کاتێکدا تاکە جیاوازی نێوانیان ئەوەیە، هاڕاوەی بیبەر بۆ کەبابی ئادانا بەکار دەهێندرێت. گۆشتی ئەو بەرخانە بۆ کەبابی ئادانا بەکار دەهێندرێت کە لە چیاکانی تۆرۆس گەورە بوون و تەمەنیان ساڵێکی تێپەڕ نەکردووە". وەستای کەباب، جەودەت دارگن بە ئاماژەدان بەوەی کە بە چێژەوە کەبابی ئادانا دروست دەکەن، گوتی: "تەواوی تواناکانمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی کەبابێک پێشکەش بە داواکاران بکەین کە تاموچێژێکی ناوازەی هەبێت". هاووڵاتی حوسێن ئەرکان کایا کە حەزی لە کەبابی ئادانایە گوتی: "خۆشترین کەباب هی ئادانایە. هەرچەند وەستاکانی دروستکردنی کەبابی ئورفا باس لەوە دەکەن هی ئەوان خۆشترە، بەڵام بە بۆچوونی من کەباب نییە شان لە شانی کەبابی ئادانا بدات". سەرۆکی ژووری چێشتخانە و کوبەی گۆشت و شیرینیەکانی ئورفا، مەهمەت شاکاک بە ئاماژەدان بەوەی کە کەبابی ئورفا لە گۆشتی ئەو بەرخە نێرانە دروست دەکرێت کە لە دەشتودەری هەردوو قەزای سیڤەرەک و وێرانشار گەورە بوون، گوتی: "لە کاتێکدا لە ژمارەیەک لە پارێزگاکان چەندین جۆر بەهارات و سەوزە لە کەباب دەکرێت، بەڵام کەبابی ئورفا سروشتییە و تەنها خوێی پێدا دەکرێت". وەستای دروستکردنی کەبابی ئورفا، نوسرەت ئاکباش بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە کەبابی ئورفا سادە و سروشتییە و تەنها خوێی پێدا دەکرێت، گوتی: "تەنانەت دوگیش لەو کەبابە ناکرێت، ئەوانەی دەیخۆن تامێکی زۆر خۆش لەو گۆشتە دەکەن. بەپێی داواکاری لەگەڵ کەبابەکەدا تەماتەی برژاو، بیبەری ئورفا و پیاز پێشکەش دەکرێت". عەبدوڵڵا یوکسەل کە سەردانی ئورفای کردووە ئاماژەی بەوە دا کە کەبابی ئورفا تامێکی زۆر جیاوازی هەیە. سه‌رچاوه‌: ئاژانسی ئانادۆڵۆ

عه‌مار عه‌زیز ئه‌مڕۆ 16ی تشرینی یه‌كه‌م، گه‌وره‌ترین پاركی شوێنه‌واری له‌ناحیه‌ی فایده‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنوری قه‌زای سێمێل كرایه‌وه‌. دكتور بێكه‌س بریفكانی، به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌وار و كه‌له‌پووری له‌ پارێزگای دهۆك به‌ هاوڵاتی ی وت" به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ زانكۆی ئودونی ئیتاڵی گه‌وره‌ترین پاركی شوێنه‌واری له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان وعێراق له‌ناوچه‌ی فایده‌ مان كرده‌وه‌، ڕووبه‌ری ئه‌و پاركه‌130كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه‌ ، پێنج شوێنی شوێنه‌واری گرنگ ده‌كه‌ونه‌ ناو پاركه‌كه‌ كه‌ بریتین له شوێنه‌واره‌كانی خنس، جه‌روانه‌، به‌نده‌وایه‌، فه‌یدی و ئه‌شكه‌وتی هه‌ڵامه‌ت" دكتور بێكه‌س بریفكانی وتیشی" پرۆژه‌كه‌ ته‌نیا پارك نیه‌، به‌ڵكوو له‌ناو پاركه‌كه‌دا سه‌نته‌رێكی ڕۆشه‌نبیری گه‌وره‌   دروستكراو وه‌ مۆزه‌خانه‌و تابلۆی شیكردنه‌وه‌ی تیادا دانراون" "ئه‌مه‌ قوناغی یه‌كه‌می پرۆژه‌كه‌یه‌له‌ فه‌یدییه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات، له‌وێ جێیه‌كی شوێنه‌واری دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ 13نه‌خشی هه‌ڵكۆڵراوی لێیه‌"  

هاوڵاتی دامەزرێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی تێلێگرام رایگەیاند؛ تۆڕی واتساپ هۆکارێکە بۆ ئەوەی زانیارییە تایبەتییەکانی مۆبایلەکەت پارێزراو نەبێت. پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەری تۆڕی پەیوەندیی تێلێگرام لە ئەژماری خۆی لەو تۆڕە بڵاوی کردەوە؛ تۆڕی پەیوەندیی واتساپ 13 ساڵە بوەتە ئامرازێک بۆ مەبەستی سیخوڕی و کاری هەواڵگریی. دورۆڤ وتویەتی: واتساپ کە خاوەندارییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای مێتا لە بەرامبەر هاک و هێرشی ئەلیکترۆنیدا لاوازە و دواشی لە بەشداربوانی ئەو تۆڕە کردوە کە دەستبەرداری بن. دامەزرێنەی تێلێگرام جەختی لەوە کردوەتەوە کە کۆمپانیای مێتا هیچ هەوڵێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی واتساپ نەداوە لە کاتێکدا ئاشکرای بوە دەتوانرێت لە رێگەی ئەو تۆڕەی مێتاوە زانیارییەکانی سەر مۆبایل بڵاو بکرێتەوە یان ئاشکرا بێت

 

هاو‌ڵاتی له‌قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش سەعید بارانی وەک لێکۆڵەرێک ٣١ ساڵە تەمەنی خۆی بەخشیووە بۆ کۆکردنەوەی پارچە کەلەپوورییەکان و تا ئێستا، توانیوویەتی زیاتر لە ھەزار پارچەی کەلەپووریی لە مۆزەخانەی قەزای بەردەڕەش کۆبکاتەوە و پارێزگارییان لێ بکات. سەعید بارانی-ی لێکۆڵەر یەکێکە لەو کەسانەی کە لە خەمی پاراستنی کەلەپووری کوردەواریی سنووری قەزای بەردەڕەشە و لێکۆڵینەوەی لەسەر زۆر بابەتی میژوویی سنوورەکە کردووە، ئەو باس لەوە دەکات کە لە پێناو پاراستنی کەلەپووری کوردەوارییدا، حەزبە کۆکردنەوەی پارچەی مێژوویی و کەلەپووریی ھەبووە و لە ساڵی ١٩٧٦ ئەو کاتەی کە قوتابی بووە، سەردانی مۆزەخانەی زانکۆی مووسڵی کردووە و لەو کاتەدا، بیرۆکەی ئەوەی بۆ پەیدا بووە کە لە خەمی پاراستنی کەلەپووردا بێت و مۆزەخانەیەک لە سنووری پارێزگای دھۆک بکاتەوە. سەعید بارانی لەبارەی بیرۆکەی کارەکەیەوە لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵودا گوتی: "دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١، ئەو هەلەمان بۆ رەخسا و دەستم کرد بە کۆکردنەوەی پارچەی کەلەپووریی لە سنووری قەزای بەردەڕش و زیاتر دوو ھۆکار ھەبوون کە دەستم بەم کارە کرد، یەکەمیان لەبەر پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا کە مەترسی لەناوچوونی کەلوپەلی کەلەپووری دروست کردووە، چونکە دەبێت مرۆڤ رابردووی خۆی بپارێزێت بۆ ئەوەی داھاتووی دیاربێت، دووەمیان لە ھەشتاکانی سەدەی رابردوو، رژێمی بەعسی لەناوچوو ھەموو گوندەکانی کوردستانی تێکدا و وێرانیکردن، تەنھا ١٠٠ گوندێکی بەردەڕەش مابوونەوە، بۆیە بە دەرفەتم زانی دەست بە کۆکردنەوەی ئەو کەلوپەلانە بکەم کە مەترسی لەناوچوویان لەسەرە، بەھۆی نەبوونی شوێنەوە، سەرەتا خانووی خۆم کرد بە مۆزەخانە و لە رێگای جۆراوجۆرەوە داوامان لە خەڵکی گوندەکان کرد کە ئەو پارچە کەلەپوورییانەی کۆنن و موڵکی پیرانمانن و لە ماڵەکانیان ماون، بۆ ئەوەی لەناونەچن و پارێزراو بن، ئەوا بیهێنن لەو مۆزەخانە دایبنێن، چونکە تاکە شوێن کە ھەندێک شتی کۆنی تێدا مابوو، گوندەکان بوو". سەعید بارانی گلەیی دەکات لە نەبوونی شوێنێکی گونجاو بۆ مۆزەخانە لە قەزاکەیان و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەناچاری کەلوپەلەکانی لە ھۆڵێکی ناوەندیی وەرزش و لاوانی بەردەڕەش داناوە و کردوویەتی بە مۆزەخانە، ئەو شوێنە ئێستا زیاتر لە ھەزار پارچەی کەلەپووریی تیادا کۆکراوەتەوە کە کۆنترین پارچەی بازنێکە کە تەمەنی ١٤٩ ساڵە، ھەروەھا جووتە پێلاوێک لە مۆزەخانەکە هەیە کە تەمەنی ٨٠ ساڵە و چیڕۆکەکەی بریتییە لەوەی کاتی خۆی گەنجێکی ئەم ناوچەیە، بۆ دەستگیرانەکەی لە بەردەڕەشەوە بەپێ دەچێتە شاری حەلەب باکووری سووریا و جووتە پێلاوێکی بە دیاری بۆ دەکڕێت. لە دیارترین ئەو پارچانەی کە لە ساڵانی کۆندا بەکارھاتوون و لەناو مۆزەخانەکەی سەعید بارانی-دا پارێزراون و دەبینرێن فترەی سفر، ترگاری ئاو، بەردە سێل، درویشە، کەژی، سەرەدی گەنم، کەژی، تەوشۆ، قادە، قەڵانگ، پارزین، تەشکەبەر، قەرتاڵە، ھەمبانە، کورتان، شەی خۆری، سم تراش، زەنگوڵ، کەرستی ناڵبەندی، ناڵ، مەقەسی موو، بێلۆک، قەڵانگ، گاسن، مەنجەڵ، پەرداخ، قاپ، دەستاڕ، خشڵ و بابەتی جوانکاری ژنان، رادیۆ، ماکێتی لەدەست دروستکراو، فەرش، بەڕە، گڵێم، لبادی چنراو، بڕنەو، جلی کوردی و سەربازیی شۆڕشەکانی سەدەی رابردوو، دەسک و دۆڵ، پێڵاو، جانتای چنراو، گۆزە، کونە و ھەزاران پارچەی دیکە کە ھەندێکیان تەمەنیان زیاتر لە یەک سەدەیە. سەعید بارانی ئاماژەی بەوەش دا کە چەندجارێک داوایان کردووە شوێنێکی تایبەت بۆ مۆزەخانەی بەردەڕەش دروست بکرێت، ھەر چەندە شوێنێک لە بەردەڕەش لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە دیاریی کراوە کە بکرێتە مۆزەخانە و کتێبخانە، رێژەیەکی زۆری بیناکە تەواو کراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣ بەھۆی قەیرانی داراییەوە کار تیایدا وەستاوە و گوتیشی: "داوا دەکەین کە ئەم بینایە تەواو بکرێت، بۆ ئەوەی ئەم پارچە کوردەوارییانەی کە کۆمانکردووەتەوە کە بەھا و ناسنامەی کوردن ھەر بە پارێزراوی بمێننەوە". سه‌رچاوه‌: ئاژانسی ئانادۆڵۆ

هاوڵاتی  بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ناشڤیڵ ڤی پی ئێڵ ئێن، سێ شەپۆلی کۆچی کوردەکانی عێراق بۆ شاری ناشڤیڵی ئەمریکا سەربە ویلایەتی تێنسی، ئەم شارە گەورەیەی کردۆتە شوێنی نیشتەجێ بوونی کوردەکان لەو وڵاتە. شاری ناشڤیڵی ئەمریکا بەهۆی نیشتەجێبوونی نزیکەی 20 هەزار کوردی عێراقەوە نازناوی "کوردستانی بچووک"ی لێنراوە. میدیاكانی ویلایەتی تێنسی لە چەند ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ژیانی کۆمەڵگای كوردی لەم ناشڤیڵ باسیان لە دامەزراندنی كوردەکان لە زۆربەی پیشەكاندا كردووە، لە پۆلیسەوە تا مامۆستای زانكۆ و چالاكوانی فەرهەنگی. پەروەردەی شاری ناشڤیڵ لەسەر داوای دەستەی ئەمیندارانی چەند قوتابخانەیەکی ئامادەیی و ناوەندی، سێ ساڵ لەمەوبەر ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ فێرکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ئەم شارەدا. بەڵام بەهۆی هەندێک کێشەوە ئەم پلانە بە باشی نەڕۆیشتە پێشەوە. گۆڤاری ناشڤیل ڤی پی ئێڵ ئێن لە ڕاپۆرتێکدا لێکۆڵینەوەی کردووە کە چۆن ناشڤیڵ بووەتە گەورەترین شوێنی نیشتەجێبوونی کورد لە ئەمریکا. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، کوردەکان لە سێ قۆناغدا ناچار بوون لە عێراق هەڵبێن و شوێنێکی گونجاوتر بۆ دەربازبوون لە دەسەڵاتی ڕژێمی سەدام و ڕژێمەکانی پێشوو بدۆزنەوە. لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە یەکەم قۆناغی کۆچی کوردانی عێراق لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا روویداوە ئەوەش دوای شکستی بزووتنەوەی کورد لەو ساڵانەدا؛ کۆچبەرانی کوردی عێراق، بە هۆکارگەلێک لەوان لێکچوونی کەشوهەوای تێنسی و هەرێمی کوردستانی ناشڤیلیان بۆ ژیان بەسەر بردن هەڵبژارد. شەپۆلی دووەمی کۆچی کوردانی عێراق لە کاتی ڕوودانی کارەساتی ئەنفال لەلایەن ڕژێمی سەدام حوسێن لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕوویدا. سێیەم و گەورەترین شەپۆلی کۆچی کوردان بۆ ناشڤیڵ لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا بەهۆی گوشارەکانی حکوومەتی سەدام حسێن ڕوویدا. نەوزاد هەورامی، یەکێکە لە کۆچبەرانی شەپۆلی سێیەم بۆ ناشڤیڵ و لەو کەسانەیە کە سەنتەری سەڵاحەدینی لە باشووری ناشڤیل دامەزراندووە. دوای زیاتر لە 40 ساڵ لە بوونی کورد لە کوردستانی بچووکی ئەمریکا، ئێستا کورد مزگەوت و مۆڵ و ناوەندی رۆشنبیری خۆی لە شارەکەدا هەیە و ناوەندگەلێک دامەزراون بۆ دروست کردنی کەشێکی پێکەوەژیان لەگەڵ ئەمریکییەکان و دیکەی کۆچبەرە بیانییەکان. هەروەها دانیشتووە کوردەکانی شاری ناشڤیڵ دەڵێن هۆکارێکی دیکەی کۆچی کوردەکان بۆ ئەو شارە ئەوەیە کە کۆمەڵگایەکی کوردی لەوێدا دروست بووە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆچبەرە نوێ کوردەکان هەست بە نامۆ بوون نەکەن

هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزه‌خانه‌ی ئادیامان له‌ باکوری کوردستان ئاشکرایکرد له‌ شاری مێژوویی پێڕا کە یەکێکە لە پێنج شاری گەورەی شانشینی کۆماجینی و لە ساڵی ٢٠٠١ەوە کاره‌کانی کنه‌وپشکنین تیایدا دەستی پێ کردووە، ئێسکەپەیکەری چوار گەنج لەناو گۆڕێکدا دۆزرایەوە کە مێژووەکەیان بۆ هەزار و ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. بەڕێوبەری مۆزەخانەی ئادیامان، مەهمەت ئاڵکان لە لێدوانێکیدا به‌ ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکیای ڕاگه‌یاند، کارەکانی کنەوپشکنین کە لە ساڵی ٢٠٠١ەوە لە شاری مێژوویی پێڕا دەستی پێ کردووە، بەردەوامە. مەهمەت ئاڵکان ئاماژەی بەوە دا کە لە چوارەمین رۆژی قۆناغی دووەمی کارەکانی کنەوپشکنینی ئەمساڵدا گۆڕێکی جۆری سندوقی دۆزرایەوە و گوتی: "گۆڕەکە کە لە شێوەی سندوقێکدابوو بە قەپاغێک داپۆشرابوو، کاتێک قەپاغی سندوقەکەمان لابرد، ئێسکەپەیکەری چوار مرۆڤمان دۆزییەوە. پێمان وایە مێژووی ئەم ئێسکەپەیکەرانە دەگەڕێتەوە بۆ هەزار و ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر". بەڕێوبەری مۆزەخانەی ئادیامان، مەهمەت ئاڵکان روونیشی کردەوە کە کارەکانی کنەوپشکنین بە پاڵپشتی ئیدارەی تایبەتی پارێزگاکە و دەزگای مێژووی تورکیا بەردەوامە و گوتی: "لێرەدا لەگەڵ تیمیکدا کە پێکهاتوون لە ٣٠ کەس بەردەوامین لە کارەکانمان. لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا، کاری زۆر گرنگ ئەنجام دەدەین". ناوبراو رایگه‌یاند که‌ ژماره‌ی سه‌ردانیکه‌ران لە سایەی کاره‌کانیانه‌وه‌ زیادی کردووه‌ و گوتی: "ژماره‌ی سه‌ردانیکه‌رانمان ئه‌مساڵ زۆر زیادی کردووە، سه‌ردانیکەرمان هه‌یه‌ که‌ دێن بۆ ئێرە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە کارەکان ببینن. له‌ کاتێکدا له‌ ساڵانی رابردوودا، ١٠ هه‌زار سه‌ردانیکەرمان هه‌بووه. دەبینرێت کە ئەمساڵ ژمارەی سەدانیکەرانمان بۆ ٢٣ هەزار زیادی کردووە".

هەورامان قانیع من له‌سه‌ر پشكی سلێمانی، ئه‌ندامی ئه‌و لیژنه‌یه‌ بووم كه‌ ده‌بوا به‌سه‌ر ئه‌م كتێبه‌ی زانستی پۆلی یه‌ك، بچینه‌وه‌ و هه‌ر هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتییه‌كی تێدابێت، ده‌ستنیشانی بكه‌ین. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ به‌رواری 29-3-2022، له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان لیژنه‌ی باڵای زانسته‌كان كه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ هاتبوون بۆ سلێمانی، كۆبوینه‌وه‌. له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، ئه‌ندامانی لیژنه‌ی باڵا، زۆریان په‌له‌ بوو، ئه‌وان سێ شه‌ممه‌ هاتبوون و وتیان ده‌بێ تا یه‌ك شه‌ممه‌، چی سه‌رنج و تێبینیتان هه‌یه‌ بۆمان بنێرن، دوو نوسخه‌ له‌ كتێبه‌كه‌یان پێبوو، نوسخه‌یه‌كیان بۆ خۆیان گلدایه‌وه‌ و نوسخه‌كه‌ی دیكه‌یان دا به‌ لیژنه‌كه‌ی ئێمه‌. لیژنه‌كه‌ی ئێمه‌ كه‌ له‌ هه‌شت مامۆستا و سه‌رپه‌رشتیارێكی زانست و شاره‌زایه‌كی پرۆگرمه‌كانی زانسته‌كان پێكهاتبووین، ته‌نها بۆ ماوه‌ی خوله‌كێك و زۆر به‌خێرایی سه‌یرێكی كتێبه‌كه‌مان كرد. له‌وێدا به‌ ئاماده‌بوونی هه‌موان، تكایه‌كی زۆرم كرد كه‌ نوسخه‌یه‌ك له‌م كتێبه‌ تازه‌یه‌ی زانستم بده‌نێ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رگه‌وه‌ بۆ به‌رگ، به‌ وردی به‌سه‌ریدا بچمه‌وه‌. داوام له‌ لیژنه‌كه‌ی هه‌ولێر و به‌تایبه‌ت مامۆستا (یه‌حیی رضا گوڵ) كرد كه‌ نوسخه‌یه‌ك له‌م كتێبه‌م بداتێ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ وردی بیخوێنمه‌وه‌ و هه‌ڵه‌بڕییه‌كی باشی بكه‌م. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و لیژنه‌ چوار كه‌سییه‌ی له‌ هه‌ولێره‌وه‌ هاتبوون، وه‌ك وتم دوو نوسخه‌ له‌ كتێبه‌كه‌یان پێبوو، نوسخه‌یه‌كیان بۆ خۆیان گلدایه‌وه‌ و دانه‌یه‌كیشیان دا به‌ به‌ڕێز مامۆستا (لوقمان) كه‌ سه‌رپه‌رشتیاره‌ و سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ی ئێمه‌ بوو. له‌وێدا به‌ده‌ق قسه‌یه‌كی ئاوام كرد: (من ئۆكه‌ی له‌سه‌ر چاپكردنی ئه‌م كتێبه‌ ناكه‌م، ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر هه‌ر هه‌مویدا نه‌چووبمه‌وه‌). هه‌ر له‌وێدا تكام له‌ مامۆستا (لوقمان)یش كرد كه‌ نوسخه‌كه‌م بۆ كۆپی بكات، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت ئه‌گه‌ر به‌ پی دی ئێف هه‌یه‌، بۆم بنێرێت و خۆم پرێنتی ده‌كه‌م و ده‌یخوێنمه‌وه‌. به‌ڵام هه‌ر ده‌ستم نه‌كه‌وت. ڕۆژی دواتر (چوارشه‌ممه‌) سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌مان، پانزه‌ لاپه‌ڕه‌ی له‌ كتێبه‌كه‌ بۆ هێنام و وتی تۆ ته‌نها ئه‌م پانزه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌ت به‌رده‌كه‌وێت و به‌سه‌ریدا بڕۆره‌وه. لاپه‌ڕه‌كانی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌ی، دابه‌ش كردبوو به‌سه‌ر ئه‌ندامانی لیژكه‌ماندا، ئه‌وانیش هه‌ر یه‌كه‌یان پانزه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كیان به‌ركه‌وتبوو. من ڕۆژی دواتر (پێنج شه‌ممه‌)، پانزه‌ لاپه‌ڕه‌كه‌ی خۆم ته‌واو كرد و ڕاده‌ستی سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌مانم كرده‌وه، له‌وێدا پێم وته‌وه،‌ تكایه‌ با به‌سه‌ر هه‌مو كتێبه‌كه‌دا بچمه‌وه‌، نه‌وه‌كو هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتی تیابێت. وه‌لێ به‌داخه‌وه‌، ڕازینه‌بوو، بۆچی؟ نازانم. پاش ماوه‌یه‌ك به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستكه‌وتنی نوسخه‌یه‌ك له‌ كتێبه‌كه‌، له‌ هه‌ولێر، سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رێتی گشتی پرۆگرام و چاپه‌مه‌نییه‌كان-م كرد، له‌وێ داوام له‌مامۆستا (ئه‌سكه‌نده‌ر مصطفی عبدالرحمن) كرد كه‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای دانانی كتێبه‌كانی زانست بۆ هه‌موانه‌، هه‌رچییه‌كی كردووه‌ نوسخه‌یه‌كم له‌ كتێبه‌كه‌ بۆ په‌یدا بكات، تاكو به‌سه‌ریدا بچمه‌وه‌. ئه‌و نوسخه‌ی لا نه‌بوو، له‌گه‌ڵمدا هات بۆ نهۆمی دووه‌م، بۆ لای به‌ڕێزانی لیژنه‌ی زانسته‌كان، له‌ ژوورێكدا به‌ڕێز (نه‌سرین عثمان صالح) و دوو خانمی دیكه‌ دانیشتبوون، دیاربوو خه‌ریكی پێداچوونه‌وه‌بوون به‌ كتێبه‌كه‌دا، مامۆستا ئه‌سكه‌نده‌ر پێی وتن ئه‌مه‌ مامۆستا هه‌ورامان-ه‌ و حه‌ز ده‌كات به‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ی زانستی پۆلی یه‌كدا بچێته‌وه‌ و نوسخه‌یه‌كی بده‌نێ. ئه‌وان وتیان جارێ خۆمان به‌سه‌ریدا ده‌چینه‌وه و هێشتا ته‌واو نه‌بووه‌. ئیدی له‌وێش نوسخه‌م ده‌ست نه‌كه‌وت. دواتر هه‌ر چاوه‌ڕون بووم، ئه‌ندامێكی ئه‌و لیژنه‌ی باڵایه، ته‌له‌فۆنێك بكات و بڵێت ئه‌وه‌ ئێمه‌ ته‌واو بووین و فه‌رمو تۆش به‌سه‌ریدا بچۆره‌وه‌. وه‌لێ هه‌ی هوو، من چه‌ند دڵساف و نه‌زان بووم، چاوه‌ڕوانی مه‌حاڵم كردووه‌، ئاخر ئه‌و ڕۆحی هاوكاری و ئه‌و خه‌مخۆرییه‌ بۆ په‌روه‌رده‌ و چاككردنی كتێبه‌كانی زانست- بێ هیچ به‌رامبه‌رێك- كه‌ لای من هه‌یه‌، لای خودی وه‌زیریش نییه‌، چ جای ئه‌وانی دیكه‌. ئیدی نه‌ ته‌له‌فۆن كرا و نه‌ من نوسخه‌ی كتێبه‌كه‌م ده‌ستكه‌وت. سه‌روه‌ختێك هه‌واڵی چاپكردنه‌كه‌یم بیست، له‌ هه‌ولێر و له‌ ڕێگه‌ی سه‌رپه‌رشتیارێكی به‌ڕێز، له‌ به‌رواری 29-8- 2022 نوسخه‌یه‌كی چاپكراوی تازه‌م ده‌ستكه‌وت و له‌ چاوپیاخشاندنێكدا، كۆمه‌ڵێ هه‌ڵه‌ی زه‌قی زمانه‌وانی و زانستیم بینی كه‌ زۆر به‌ ئاسانی ده‌بینرێن و ده‌كه‌ونه‌ به‌ر چاوی هه‌مو كه‌سێك، ته‌نها چاوی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی باڵا نایبینن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ندێ وێنه‌ به‌ هه‌ڵه‌ دانراون، له‌ زۆر شوێندا وێنه‌ی كتێبه‌ كۆنه‌كه‌ زۆر له‌ وێنه‌كانی ئه‌م كتێبه‌ تازه‌یه‌ جوانتربوون كه‌ ده‌كرا هه‌ر ئه‌وان دابنرانایه‌وه‌. لێره‌وه‌ من به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رپرس نیم له‌و هه‌ڵانه‌ی له‌م كتێبه‌دا هه‌یه‌، ته‌نها ئه‌و پانزه‌ لاپه‌ڕه‌یه نه‌بێت كه‌ چاكم كردووه‌. چونكه‌ هه‌وڵێكی زۆرمدا، بێ به‌رامبه‌ر و بێ هیچ سود و ده‌ستكه‌وتێكی شه‌خسی، به‌سه‌ر ئه‌م كتێبه‌دا بچمه‌وه‌، تكام لێكردن نوسخه‌یه‌كم بده‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ جوانی به‌سه‌ریدا بچمه‌وه‌، بۆچی؟ چونكه‌ دڵنیابووم هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتی تێدایه، باش ده‌مزانی ئه‌و لیژنه‌ باڵایه‌ی خه‌ریكی چاككردنی كتێبه‌كه‌ن، زمانه‌ كوردییه‌كه‌یان، له‌و ئاسته‌دا نییه‌ كتێبێكی زانست به‌ زمانێكی كوردی پوخت ئاماده‌ بكه‌ن. وه‌لێ ئه‌وان نوسخه‌یان نه‌دا به‌ من و كتێبه‌كه‌شیان پڕ كردووه‌ له‌ هه‌ڵه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌. به‌داخه‌وه‌ كه‌س گوێی له‌و تكایه‌ی من نه‌گرت و كه‌س به‌ده‌م هه‌وڵه‌كه‌مه‌وه‌ نه‌هات و وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاسنی ساردم كوتیبێت. ده‌رئه‌نجامیش چاپكردنی 126 هه‌زار و 625 نوسخه‌ی پڕ هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕییه‌. هه‌ر لێره‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نم، چیتر ئاماده‌نیم بۆ یه‌ك چركه‌ له‌و لیژنه‌یه‌دا بمێنمه‌وه‌، لیژنه‌یه‌ك توانای نه‌بێت نوسخه‌ی كتێبێك بۆ ئه‌ندامه‌كه‌ی په‌یدا بكات، شایه‌نی ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌ندامی بیت. لیژنه‌یه‌ك به‌ میزاج و هه‌واو هه‌وه‌سی لیژنه‌ی باڵای زانسته‌كانی هه‌ولێر كار بكات و ئێمه‌یان وه‌ك دیكۆر و ته‌نها بۆ ناو دانابێت، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ باشه‌ لێی بێیته‌ ده‌ره‌وه‌. من له‌ لیژنه‌ی كارتۆنی و بێ كه‌ڵك نامێنمه‌وه‌، له‌ لیژنه‌یه‌كدا نابم حسابی تورێكی بۆ نه‌كرێت و جه‌ماعه‌تی هه‌ولێر، به‌ ئاره‌زووی خۆیان ده‌ستكاری كتێبه‌كه‌ بكه‌ن و له‌ پشتی منه‌وه‌، كار بكه‌ن و كتێب پڕ بكه‌ن له‌ هه‌ڵه‌، نا من پرسه‌ گورگانه‌م ناوێت. لیژنه‌ی له‌و جۆره‌ و كتێبی له‌و جۆره‌ و هه‌ڵه‌ی زه‌ق و زۆپی له‌و جۆره‌، پیرۆزی خۆیان بێت و پۆست و پله‌ی گه‌وره‌تری پێوه‌ربگرن و ئیفادی زیاتریان بۆ بنووسن. به‌داوای لێبوردنه‌وه‌ كورد زۆر له‌ مێژه‌ وتوویه‌تی: ماڵی قه‌ڵب سه‌ر به‌ ساحێبه‌كه‌یه‌تی.

هاوڵاتی لە ئەنجامی کارەکانی کنەوپشکنین لە میانی نۆژەنکردنەوەی دیوارەکانی دیاربەکر، کە لە ٢٠١٥ەوە لەلایەن یونیسکۆوە خراونەتە لیستی میراتی کولتووری جیهانییەوە، چرایەکی رۆن دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ هەزار و ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. گەورەشارەوانیی دیاربەکر لە ڕاگەیەندراوێدا رایگەیاند: لە میانی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی دیوارەکانی دیاربەکردا، چرایەکی رۆن دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ هەزار و ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. لە راگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی لە میانی کارەکانی کنەوپشکنینی شوێنەوارناسیی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی مۆزەخانەی دیاربەکر، چرایەکی رۆن دۆزراوەتەوە کە بەپێی شێوەی دروستکردن و نەخشەکانی سەری پێ دەچێت بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی بگەڕێتەوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزار و ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر. شارەوانی دیاربەکرڕاشیگەیاند پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی دیوارەکانی دیاربەکر کە لانکەی چەندین شارستانییەت بووە، بەردەوامە. جێگەی باسە دوای ئەنجامدانی کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی هۆبەکانی چاودێری و جێبەجێکردنی پاراستنی فەرمانگەی ئاوەدانکردنەوە و شارسازی، دەرکەوتووە چراکە هیچ تێک نەچووە و ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی مۆزەخانەکە کراوە.

هاوڵاتی  تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ئاشكرایكردووە، لەداهاتوویەكی نزیكدا تایبەتمەندی چاككردن بۆ بەكارهێنانەی تۆڕەكە زیاد دەكات، ئەم تایبەتمەندییەش رێگە بە بەكارهێنەرانی تویتەر دەدات، دوای بڵاوكردنەوەی هەر تویتێك، دەستكاری بكەن و چاكسازی تێدا ئەنجام بدەن. پێشتریش ئیلۆن ماسك ملیاردێری ئەمریكی كە هەوڵی كڕینی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە دەدات، پشتگیری خۆی بۆ زیادكردنی تایبەتمەندی چاككردنی بڵاوكراوەكانی تویتەر راگەیاند بوو. جێگەی باسە تویتەر کۆمپانیایەکی پەیوەندی ئەمریکییە کە لە سان فرانسیسکۆی کالیفۆرنیا دامەزراوە،و 396.5 ملیۆن بەکارهێنەری جیهانی هەیە.