گەشتیارانی ھەرێمی کوردستان و ئێران دەتوانن لەمڕۆوە بە پاسپۆرت لە دەروازەیی کێلێوە ھاتوچۆ بکەن. میدیای فەرمی یەکێتی ، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی3ی2023 بڵاویکردەوە،بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دوای چوونی وەفدێک بەسەرپەرشتی ھیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بۆ پارێزگای ئازربایجانی رۆژئاوا لە ساڵی رابردوودا و واژۆ کردنی یاداشتێکی لێک تێگەیشتن، لەمڕۆوە دەروازەی کێلێ بەرووی گەشتیاراندا کراوەتەوە. لە هەواڵەکە ئەوەش هاتوە،ھاوڵاتیان و گەشتیاران دەتوانن وەک ھەر دەروازەیەکی تری نێودەوڵەتی لە دەروازەکەوە بە پاسپۆرت ھاتوچۆ بکەن. دەروازەی کێلێ لەقەزای پشدەر، ماوەی چەندساڵێکە بە شێوەی نافەرمی له نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کراوەتەوە و ئاڵوگۆڕی بارزگانی تێدا دەکرێت، چەندین جار هاوڵاتیانی دەڤەرەکە داوای بەفەرمی ناساندنی مەرزەکەیان کردوه.

لەبارەی دابەشکردنی موچەی مانگی دوو وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوه دەقی ڕونکرنەوەکە ڕونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە لەچەند پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن لێدوانێک بە ناوی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابورییەوە بڵاوکراوەتەوە دەربارەی دابەش کردنی مووچەی مانگی شوبات.         بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە کە بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری لێدوانی بۆ ئەو پەیجەو هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن نەداوەو هەر پێشهات و گۆڕانکاریەک هەبێت سەبارەت بەدابەشکردنی مووچە لە پەیجی ڕەسمی وەزارەت بڵاو دەکرێتەوە، هەر لێدوان و زانیاریەک لەپەیجی ڕەسمی وەزارەتی دارایی و ئابوری بڵاو نەکرێتەوە هیچ بنەمایەکی نییەو بەهەند وەرناگیرێت.                                                                                     ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری

حکومەتی عێرق و حکومەتی هەرێم لەسەر پڕۆژه یاسایی بوردجەی2023 ڕێکەوتن و  پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌کە كه‌ بریتییه‌ له‌ 12.67%.  ئیخلاس دلێمی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی ئەمڕۆ سێ شەممە 28ی2ی2023 به‌ میدیای نزیک لەپارتی راگه‌یاند،كه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی له‌بارەی پڕۆژە یاسایی بودجه كراوه‌ و پشکی هەرێم بە %12.67 دیاریکراوه  ئاماژەی بەوەش کردوه، كه‌ مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر خه‌رجی سیادی ده‌بێت. ئەو پەرلەمانتاره سه‌باره‌ت به‌و رێژه‌یه‌ی دیاریكراوه‌، جەختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، تا ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری له‌ عێراقدا، 12.67% له‌ كۆی گشتی بودجه‌ی فیدراڵی بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانده‌كرێت و دوای ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریش، ئه‌و رێژه‌یه‌ به‌گوێره‌ی رێژه‌ی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان گۆڕانكاری به‌سه‌ردادێت.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی سێ ملیار دینار دا بۆچارەسەکردنی کێشەی کەمئاوی له هەولێر ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27ی2ی2023 فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە و کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لە شاری ھەولێر، رەزامەندی لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی 2 ملیار و 878 ملیۆن دینار بۆ لێدانی 40 بیری ئاوی خواردنەوە دا. ڕونیکردۆتەوە، ئەو گوژمەیە كه‌ نزیكه‌ی سێ ملیار دیناره‌، بە شێوەی نەختینە و بە قۆناغ، لەسەر بودجەی ئاساییی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار خەرج دەکرێت. لە ڕاگەیاندراوەکە باس لەوەش دەکات، "بەهۆى کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و زیادبوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی ئاو، کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پلانی پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ئاو لەو ناوچانەی کە گرفتیان هەیە، جێبەجێ دەکات."

رێککەوتنی ئەتۆمی و پابەندبونی نێودەوڵەتیی عێراق بەهای دۆلار لە بەرامبەر تمەن بەرز دەکەنەوە و بانکی ناوەندیی ئێران بۆ راگرتنی دابەزینی بەهای تمەن بڕیاری نوێ دەردەکات. ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر (5:00) بە کاتی تاران بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە 56 هەزار و 50 تمەن و بانکی ناوەندیی وڵاتەکەش بڕیاری دا مامەڵە بە دراو لە نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بە کارتی نیشتیمانی (مللی) دەست پێبکاتەوە و هەر کەسێک تەنها بە بڕی پێنج هەزار یۆرۆ لەو نوسینگانە دۆلار بکڕێت. پێگەی (ئیقتیساد 24) لە ئێران بڵاوی کردوە؛ هەواڵەکان سەبارەت بە چالاک نەکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی و هەڵوێستەکانی ئەمریکا بەرامبەر تاران و پەیوەستبونی عێراق بە سیستمی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی ئابوریی جیهان ناسراو بە سویفت (SWIFT) هۆکاری سەرەکیی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەنە. ئەو پێگەیە ئاماژەی بەوەش کردوە؛ گەشتی پاشای عوممان بۆ ئێران سەبارەت بە نێوەندگیریی لەسەر دانوستانە ئەتۆمییەکان هۆکارێکی دیکەی هاڕەی تمەن بوە چونکە گومان دەکرێت ئەو نێوەندگیرییە سەرکەوتو نەبوبێت. لە لایەکی دیکەوە، ئێحسان خاندوزی، وەزیری دارایی و ئابوریی ئێران وتویەتی؛ رونە کە چ کەسانێک دەستیان لە بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن هەیە و ناوەندە ئەمنیی و هەواڵگرییەکان هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ ئاشکراکردن و دەستبەسەرکردنیان و دادگا بڕیاری کۆتایی لە چارەنوسی ئەو کەسانە دەدات. نزیکەی هەشت رۆژە دابەزینی بەهای تمەن زۆر خێراتر بوە و لەو ماوەیەدا بەهای یەک دۆلار لە 46 هەزار تمەنەوە بۆ 56 هەزار تمەن بەرزبوەتەوە و پێشبینیی دەکرێت بە گرژبونەوەی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ئەڵمانیا و بەریتانیا لەگەڵ ئێران و جەختکردنەوەی ئەمریکا لە چالاک نەکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی، بەهای تمەن دادبەزین زۆرتر بەخۆیەوە ببینێت.

وەزیری بازرگانی عێراق:" لە سبەینێوە بەشە ئاردی دووەمی ئەم ساڵ دابەشدەکرێت".  ئەسیر داود غەریری، وەزیری بازرگانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 25ی2ی2023،  لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "کۆمپانیای گشتی لە پارێزگاکان پشکەکانیان دابەشکردووە و بریکارەکانیش ئاگادارکراونەتەوە و بڕی ئاردی خۆیان وەرگرتووە". ئەوەشی ئاشکرا کرد،"سبەینێ یەکشەممە پشکی دووەمی ئارد لە چوارچێوەی بەشەخۆراکی مانگانە بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەکرێت". وەزیرەکە داوای لە هاوڵاتییان کرد، "سەردانی بریکارەکانی خۆراك بکەن و پشکەکانیان وەرگرن و لە کاتی بونی هەر کێشەیەكدا پەیوەندییان پێوە بکەن".

وەزارەتی نەوتی عێراق له‌ نوسراوێكدا ڕایدەگەیەنێت"وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە حكومەتی هەرێم نەوت بفرۆشێت". فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی نەوتی عێراق له‌ نوسراوێكدا كه‌ رۆژی 15ی ئه‌م مانگه‌ ده‌رچوه‌ و وه‌ڵامی پێشنیاره‌كانی حكومه‌تی هەرێمی كوردستان داوه‌ته‌وه‌ له‌باره‌ی یاسای نەوت و غاز و لەكۆی 15 پێنشیار 10 پێشنیاریان رەتكراونه‌ته‌وه‌ و تیایدا هاتوه‌، "وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە حكومەتی هەرێم نەوت بفرۆشێت. هەروەها دەشڵێت دژی ئەوەین،"هێڵی بۆری نەوت‌و غازی تایبەت بەخۆی هەبێت،  ئاماژەی بەوەش داوە،لەگەڵ ئەوەش نین،" ئەنجومەنی نەوت‌و غازی هەبێت،  باسی لەوەش کردوە،دژی ئەوەیه" یاسای نەوت‌و غازی هەرێم دوای هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە جارێكی تر زیندو بكرێتەوە". به‌م دواییانه‌ چه‌ند جارێك شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چوه‌ته‌ به‌غدا و له‌باره‌ی پرسی نه‌وت و پشكی كورد له‌ بودجه‌ی 2023ی عێراق، ڕایانگەیاند لەگەڵ حکومەتی عێرق لێکتێگەیشتن هەیە و نزیکین له ڕێکەوتن.

نرخی غازی ماڵان و گاز لە بەنزینخانەکان دادەبەزێت. ئەمڕۆ هەینی 24ی2ی 2023، بەھمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە میدیاکانی راگەیاند: "لە ئێستادا نرخی لیترێک غاز، لە بەنزینخانەکانی سلێمانی لە 700 دینارەوە کەم کراوەتەوە بۆ 645 دینار. هەروەها، دەربارەی نرخی گاز، وتەبێژەکە  ئاماژەی بەوەدا، نرخی لیترێک گاز، لە ھەزار و 25 دینارەوە کەم کراوەتەوە بۆ ھەزار دینار". ئەوەشی وت: "بەھۆی گۆڕانی کەشوھەوا، کەم بونەوەی خواست لەسەر سوتەمەنی بۆ خۆگەرمکردنەوە، نرخەکان دابەزیون و چاوەڕوان دەکرێت زیاتریش کەمبکرێنەوە".

ئەگەرچی تومەن تەنها لە یەكساڵدا زۆرترین بەهاكەی بەرامبەر بە دۆلار لەدەست داوە، بەڵام بەپێی نوێترین لێدوانی هاوبەشی بەرپرسانی ئەمریكا و بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا بەرامبەر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی، پێشبینی دەكرێت بەهای تومەن دابەزینی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. جۆن كێربی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا رایگەیاندوە: وڵاتەكەی و هاوپەیمانەكانی هەماهەنگی زیاتر دەكەن بۆ بەرەنگاربونەوەی ئێران و واشنتۆن بڕوای وایە تاران دەرەفەتی گەڕانەوەی بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی لەدەستداوە و ئەو بەرپرسە ئاماژەی بە پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ ئەو ناڕەزایەتییانە كرد كە نزیكەی 160 رۆژە بەردەوامە. دەركەوت هەوڵەكانی رۆژگارە خۆشەكانی تومەن و هەیمەنەی كۆماری ئیسلامی ئێران بەرەو هەڵێدر دەڕوات و هەر دۆلارێك بۆ 50 هەزار تومەن بەرز دەبێتەوە و پسپۆڕێكی ئابورییش پێی وایە دەسەڵات و حوكمڕانی سێ قۆناغی روخانی بڕیوە و تەنها یەك قۆناغی ماوە بۆ كۆتایی. بەهای دراوی تومەن لە دابەزین بەردەوامە و بۆ یەكەمجار لە مێژوودا بەهای یەك دۆلار لە ئێوارەی یەكشەممەی رابردوودا لە ئێران گەیشتە نزیكەی 50 هەزار تومەن و پێشبینی دەكرێت بە فشارە نێودەوڵەتییەكان ئابوریی وڵاتەكە بەرەو لێواری هەڵدێر بڕوات. ماوەی ساڵێكە دۆلار روی خۆشی پیشانی ئێران و دراوی تومەن نەداوە و تومەن لە پێنج مانگی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و شارەكانی تری ئێران زیاتر لە 76٪ی بەهاكەی لەدەستداوە و هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەكەش گەیشتوەتە 70٪. پێشتر بڵاوكرایەوە كە بە واژۆكردن و یەكلاكردنەوەی گرێبەستە ئابورییەكانی نێوان چین و ئێران چارەنوسی دۆلار و ئابوریی لە ئێران گۆڕانكاریی بەسەر دێت، بەڵام پێناچێت شورای چین كۆڵەكە لاوازەكانی كۆماری ئیسلامی پێڕاگیرێت چونكە ناڕەزایەتییەكان لە شێوەی ئاگری بن خۆڵەمێش چاوەڕێی بریسكەیەكن بۆ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران لە گەشتە سێ رۆژییەكەی بۆ چین دادی دراوی تومەنی نەداوە، چونكە تەنها یەك رۆژ دوای گەڕانەوەی بۆتاران بەهای دۆلار دەستی بە بەرزبونەوە كردەوە و بەهای ئەو درواوە لە 45 هەزارە بۆ نزیكەی50 هەزار تومەن بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. فشارە نێودەوڵەتییەكان و ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆی رۆژهەڵات و ئێران هیچ ئاسۆیەكی رونیان تێدا بەدی ناكریت.   بەهای تومەن لە مێژوی كۆماری ئیسلامی ئێراندا لە جیهاندا 180 دراو هەیە و تومەنی ئێرانی لە ریزبەدنی ئەو 16 دراوە جیهانیەدایە كە بەهاكانیان زۆرترین بەرزی و نزمی بەخۆیانەوە دەبینن و بەهاكانیان سەقامگیرنییە كە لیرەی توركی و پێزۆی ئەرجەنتینی هەر لەو ریزبەندەیەن و زیاترین ناسەقامگیرییان پێوە دیارە. تومەنی ئێران لە روی بەهاوە دوای دراوی بۆلیڤوار لە وڵاتی ڤەنزوێلا بە كەم بەهاترین دراوی جیهان لەقەڵەم دەدرێت. نرخی هەر دۆلارێك لە ساڵی 1985 تا 1987 لە نێوان 61 تومەن بۆ 96 تومەندا بوە و تا ساڵی 1989 نرخی هەر دۆلارێك لە بەرامبەر تومەندا دوو ژمارەیی بوە واتە لە (99) تومەن بۆ هەر دۆلارێك زیاتر بەرز نەبوەتەوە،  لە ساڵی 1989 تا 1994هەر دۆلارێك نرخەكەی لە 100 تومەن بۆ 200تومەن بوە، دواتر لە ساڵی 1999 تا 2004 دۆلار بە بەردەوامی بەرز دەبێتەوە و نرخی یەك دۆلار دەگاتە 977 تومەن، بۆ دواجار لە ساڵی 2010 بۆ یەكەمجار دۆلاری ئەمەریكی 1000 تومەنی ئێرانی تێدەپەڕێنێت و بەرزبونەوەكانی بەردەوام دەبێت و ساڵی  نرخی هەر دۆلارێك دەگاتە سێ هەزار و 200 تومەن و دوای رێككەوتنی ئەتۆمیش لە ساڵی 2015 بەهای هەر  دۆلار بۆ زیاتر لە چوار هەزار تومەن بەرز دەبێتەوە و بەرزبونەوەكەش بەردەوامە بۆیە ئێستا هەر دۆلارێك بە 50 هەزار تومەنە و بە پێی ئامارەكان بەهای دۆلار لە 35 ساڵدا بەرامبەر بە تومەن زیاتر لە 5000% بەرزبونەەی بەخۆیەوە بینیوە . پسۆڕانی ئابوریی ئێران ئاشكرایانكردوە: تەنها لە ساڵی 2019 بۆ تومەن 137% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و بەهای هەر دۆلارێك لە 11 هەزار تومەنەوە گەیشتوەتە نزیكە 30 هەزار تومەن و ئەمە واتای لەدەستدانی زیاتر لە دوو هێندەی بەهاكەیەتی و هاوكات بە پێی ئامارەكانی بانكی ناوەندیی ئێران ئاستی دراوی چاپكراوی تومەنی لە ساڵی 2013 نزیكەی 507 تریلیۆن بوە كە دەوترێت لە حەوت ساڵدا زیاتر لە پێنج هێندە زیادیكردوە و پێدەچێت لە ئێستادا 10 هێندە زیاد بوبێت.   یەدەگی دۆلاری ئێران هاڕەی كرد یەدەگی دروای دۆلار لە ئێران بۆ نیوە كەمی كردوە و عەبدولناسر هیمەتی 18یەمین پارێزگاری بانكی ناوەندیی وڵاتەكە دەڵێت: یەدەگی دۆلار لە ساڵی 2016 گەیشتوەتە 320 ملیار و لە ساڵی 2017 بوەتە 340 ملیار دۆلار بەڵام ئەو بڕە بۆ ساڵی 2022 بۆ 125 ملیار دۆلار كەمیكردوە و بە گشتی یەدەگی دراوی دۆلار لە وڵاتەكە بۆ 60% كەمیكردوە. لە ئامارەكانی شەش مانگی بانكی ناوەندیی ئێران دەركەوتوە كە تەنها لە (21/3/2022) تا (22/9/2023) بڕی 12 ملیار و 850 ملیۆن دۆلار چوەتە دەرەوە. لە ئامارەكانی بانكی ناوەندیی دەركەوتوە لە هاوینی ساڵی رابردوەوە راكێشان و چونەدەرەوەی پارە لە بانكەكانی وڵاتەكە بە خێرایی زۆر زیادیكردوە و تەنها لەو وەرزەدا نزیكەی 10 ملیار دۆلار لە پارەی بانكی ناوەندی وڵاتەكە كەمیكردوە. پێشتر بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی دانیان بەوەدا نابوو كە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و لە رێكەوتی (16/9/2023) چونەدەرەوەی پارە و سەرمایەی بیانی زۆر زیاتری كردوە، بەڵام بانكی ناوەندیی ئامارەكانی پێنج مانگی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانی ئاشكرانەكردوە. لە ساڵی 2016 و تەنها یەك ساڵ دوای رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 زیاتر لە 25 ملیار دۆلار لە پارە و سەرمایەی بانكی ناوەندیی ئێران چوەتەدەرەوە كە ئەوەش بە ژمارەیەكی پێوانەیی لە مێژوی وڵاتەكەدا لەقەڵەم دەدرێت و لە ساڵی 2018 واتە دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنەكە زیاتر لە 39 ملیار دۆلار لە سەرمایەی بیانی و پارەی وڵاتەكە لەو بانكەدا كەمیكردوە كە ئەوەش دووەم ژمارەی پێوانەیی چونەدەرەوەی سەرمایە و پارە لە ئێران بوە.   یەك قۆناغ بۆ روخان شارەزایانی ئابوریی بڕوایانوایە كۆماری ئیسلامی لە روی دەسەڵاتداری و حوكمڕانییەوە سێ قۆناغی هەرەس و روخانی بڕیوە و تەنها یەك قۆناغی ماوە بۆ لەناوچون و كۆتایی تەواوەتی دەسەڵاتەكەی. موحسین رێنانی، پسپۆڕی ئابوریی و مامۆستای زانكۆ لە ئێران لە وتارێكیدا كە بڕیاربوە بگاتە دەست بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی، ئاماژە بەوە دەكات: كە روخانی هەر دەسەڵاتێك دوو لایەن و چوار قۆناغی هەیە كە لایەنی یەكەمی هەرەسی كارامەیی و شایشتەییە لایەنی دووەم هەرەسی راستەقینەیە كە ئەویش دوو قۆنا‌غی هەرەسی هێماكان و پێكهاتەكان لەخۆ دەگرێت. بە بڕوای ئەو پسپۆڕە كۆماری ئیسلامی لە ئێران سێ قۆناغی لایەنی سەرەكیی هەرەس و هەڵدێری ئەزمون كردوەو تەنها پیكهاتەكەیەتی ماوەتەوە و دەرفەتی چاكسازیی لە هەرەمی سەرەوەی دەسەڵات لەدەست چوە و تەنها شۆرش لە ناو دەسەڵاتدا دەتوانێت كۆماری ئیسلامی رزگار بكات لە هەرەسی تەواوەتیی. ئەو رونیكردوەتەوە هەر كاتێك كۆمەڵگا بڕوا و متمانەی بە دەسەڵات و حوكمڕانی بمێنی دەتوانێت پرۆسەی چاكسازیی رووبدات، بەڵام لە ئێستادا كۆماری ئیسلامی لە هزر و بیركردنەوەی بەشێكی زۆر لە كۆمەڵگەی ئێران جێگەی متمانە نییەوە و ناتوانێت وا بكات كە خەڵك متمانەی پێبكەن. موحسین رێنانی رون و ئاشكرا لە وتارەكەیدا بە ناونیشانی (روخان) كە بڕیاربوە لە رێگەی محەمەد جواد زەریف، وەزیری پێشوی دەرەوەی ئێران بگاتە دەسەت عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، نوسیویەتی: «دەسەڵات نابێت پێی وابێت بە ئارامبونەوە و كپكردنی ناڕەزایەتییەكان لەخۆبایی ببێت، چونكە هەل و دەرفەتەكان زۆر كەمترن لەوەی كە پێشبینی دەكرێت و ئەگەر بێت و نەوەی ئێستا لەوە زیاتر سەركوت و بێهیوا بكرێت ئەوا ئەو نەوەیە توانای خوڵقاندنی ئاسۆیەكی نوێی لە بێهیوایی هەیە». وتارەكەی ئەو پسپۆڕە ئابورییە و دەیان مامۆستا و شارەزای سیاسیی و كۆمەڵایەتیی لە ئێران هەمووی سەلمێنەری ئەوەن كە وڵاتەكە و رۆژهەڵاتی كوردستان بە هیچ شێوەیەك بۆ قۆناغی پێش سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا ناگەڕێتەوە و سەرجەمیان كۆكن لەسەر ئەوەی گۆڕانكارییەكی ریشەیی پێویستە دەسەڵات و حوكمڕانیی وڵاتەكە بگرێتەوە.   كۆماری ئیسلامی بە شورای چین راناگیرێت رێككەوتنی ستراتیژیی 25 ساڵەی نێوان ئێران و چین  كە زیاتر لە 10 ساڵە ئەو دوو وڵاتەی بەخۆیەوە سەرقاڵكردوە 100 گرێبەستی ئابوریی لەخۆدەگرێت و سەرمایەكەشی بە 400  ملیار دۆلار دەخەمەڵێنرێت و ئامانجی سەرەكیشی پاشەكشێی ئابوریی و سیاسیی زلهێزەكانی وەك ئەمریكا و بەریتانیا و ئەوروپایە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئاسیا. ناوەندی ئەمریكی بۆ چاودێریی سەرمایە لە جیهان (AmericanEnterprise) بڵاویكردوتەوە: رێككەوتنەكەی چین و ئێران بوارەكانی نەوت و غاز، پترۆكیمیایی، پرد و هێڵی شەمەندەفەر، بیناسازی، دەریاوانی، بانكیی،  پەروەرەدە و.هتد،  بە بڕی 400 ملیار دۆلار سەرمایەی چینی لە ئێران لە خۆدەگرێت، لە كاتێكدا سەرمایەی چین لە ئەمریكا تا ساڵی 2014 تەنها (182) ملیار دۆلار بوە و بە پێی ئەو رێككەوتنە چین ساڵانە تا 25 ساڵ 16 ملیار دۆلار سەرمایە لە ئێران دەخاتەگەڕ. ناوەندە ئابورییەكەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكردوە: كە چین دەیەوێت لە رێگەی ئەو سەرمایەوە ئێران بخاتە ژێر باری قەرزێكی گەورەوە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی كۆنتڕۆڵی بكات ئەگەر ئەو وڵاتە نەتوانێت ئەو قەرزە بداتەوە چین بۆی هەیە دەست بەسەر كۆمەڵێك سەرچاوەی داهات و دارایی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەدا بگرێت. چین پلانێكی ستراتیژیی و درێژخایەنی ئابوریی بۆ پێكەوە گرێدانەوەی كیشوەرەكانی (ئاسیا، ئەفەریقا، ئەوروپا) لە ساڵی 2013ەوە دەستپێكردوە كە بە (یەك بازنە و یەك رێگا) ناودەهێنرێت و لە كۆندا بە (رێگای ئاوریشم) ناوی هێنراوە، ئەم بازنەیە 70 وڵات دەگرێتەوە كە ئێران دەكەوێتە چەقی ئەو بازنەیە و بە دڵی بازنەكە ناوی دهێنرێت، بۆیە چین بە رێككەوتنێكی 25 ساڵە لەگەڵ ئێران دەیەوێت ستراتیژە گەورەكەی خۆی بەدی بهێنێت و ئێران ببێتە ناوەندێكی گواستنەوە و گەیاندن و بازرگانیی چین بۆ وڵاتانی رۆژئاوا. پەكین لە ساڵی دەستپێكی ئەو پلانە ستراتیژییەوە نزیكەی یەك تریلیۆن و (300) ملیار دۆلاری بە مەبەستی گەشەی ژێرخانی ئابوریی بۆ 70 وڵاتی نێو ئەو بازنەیە تەرخانكردوە و پێدەچێت بەم رێككەوتنە لەگەڵ ئێران ببێتە هۆی جۆرێك لە بوژاندنەوەی ئابوریی لەو وڵاتە. وەك ئاماژەی پێدراوە پلانی بازنەكە 70 وڵات دەگرێتەوە كە روسیا و توركیا بە گرنگترین پشتیوانی پلانەكەی چین لە ناوچەكەدا لەقەڵەم دەدرێن.   ئەژدیهاكەی چین بۆ ئێران دۆخی ئابوری و سیاسی ئێستای كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەر كاتێكی دیكە خراپترە و بۆیە ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ چین جۆرێكە لە بەهێزكردنی ئابوریی و پشتیوانێكی بەهێزە بۆ بەرەنگاربونەوەی سزا و فشارە سیاسی و ئابورییەكانی ئەمریكا و ئەمەش وا دەكات تەمەنی دەسەڵات لە ئێران درێژ بكاتەوە. ئەوەی لە تێڕوانینی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەنجامدانی ئەو رێككەوتنە بەدی دەكرێت كە زیاتر لە 11 ساڵی خایاندوە ئەوەیە كە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بە بەردەوامی نایەوێت بە تەنها روی سیاسیی و ئابوریی لە رۆژهەڵات یان رۆژئاوا بێت چونكە مێژوی دەستپێكردنی قۆناغی واژۆكردنی رێككەوتنەكەی لەگەڵ چین دەگەڕێتەوە بۆ دوای رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) لە ساڵی 2015 كە ئەویش بە گەورەترین رێككەوتنی ستراتیژیی نێودەوڵەتیی نێوان تاران و رۆژئاوا لەقەڵەم دەدرا، بەڵام دۆخی ناوخۆیی و پێگەی نێودەوڵەتیی ئێران وای لە چینییەكان كرد كە واژۆكردنی ئەو رێككەوتنە لە ساڵی 2017بۆ دوای 2023 دوابخەن  و تەنانەت لە ناوخۆی ئێراندا ئاماژە بەوە دەكرا كە چینییەكان دەیانەوێت رێككەوتنەكە لەگەڵ باڵی محافزكار لە حكومەتی داهاتودا بكەن چونكە حكومەت و كابینەی پێشوو بە باڵی ریفۆرمخواز لەقەڵەم دەدرا و مەیلی چین بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئەو باڵە نەبوو. ئەگەرچی ئەو رێككەوتنە بە فەرمی بڕیاری لێدراوە بەڵام واژۆكردنی گرێبەستەكانی ناو ئەو رێككەوتنە پرۆسەیەكی درێژخایەنە و لە دوایین گەشتی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران بۆ چین هیچ ئاماژەیەكی رون و ئاشكرا لە واژۆكردنی هیچ گرێبەستێك بڵاو نەكرایەوە و رەنگە ئەوەش پلانی دەسەڵاتی هەر دوو وڵاتەكە بێت بۆ ئەوەی كاردانەوەی لێنەكەوێتەوە. ئێران بەهۆی سزاكانی ئەمریكا پەنای بۆ چین بردوە و دەوتریت لە ترسی هەڵۆكەی ئەمریكا ئێران خۆی هەڵداوەتەوە باوەشی ئەژدیهاكەی چین كە رون نییە رزگاری دەكات یان ئاگری ئەو ئەژدیهایە دەیسوتێنێ.    

وته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێم، لەبارەی مووچەی مانگی دوو كە دەكەوێتە مانگی سێ و پشووی زۆریش لەو مانگەدا هەیە، ڕایدەگەیەنێت، "کێشه نیه و لەڕۆژانی پشوو موچە دابەش دەکرێت". جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی2ی2023 له‌ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەییدا ، ڕایگەیاند: "پێشتر زۆرجار لە ڕۆژانی پشووش مووچەمان دابەش كردووە، بۆیە بۆ مووچەی مانگی داهاتووش كێشە نییە و لە ڕۆژانی پشووش مووچە دابەش دەكرێت، بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی، فەرمانبەران و مووچەخۆران مووچەی خۆیان وەردەگرن."  جوتیار عادل ئاماژەی بەوەشدا: "دڵنیایی دەدەین حكوومەت هەرچی پێ بكرێت، مووچە لە مانگی داهاتوو دابەش دەكات و بەردەوامى بە دابەشكردنی مووچە ده‌دات." وته‌بێژەکەی حكومه‌تی هه‌رێم،وتیشی: "هەموو هەوڵەكانی حكوومەت بۆ ئەوەیە چاكسازی بكات و داهات زیاد بكات، بۆ ئەوەی مووچە بەردەوامی هەبێت و مووچەش لە پێشینەی كارەكانی حكومەتدایە.". بەپێی ڕۆژمێری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مانگی ئاداری داهاتوو شەش ڕۆژ کراوە بە پشوی فەرمی لەدامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم.

دوو رۆژ دوای دەستوەردانەکانی بانکی ناوندیی ئێران دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار بەردەوامە و بەرپرسێکی ئەو وبانکەش دەڵێت جەنگی دراو دژی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکردوە. ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بەهای یەک دۆلار لە ئێران بۆ 51 هەزار و 170 تمەن بەرز بوەوە و ئەوەش دوەم بەهای مێژوییە کە دۆلار لە 42 کاتژمێردا لەو وڵاتە تۆماری کردبێت. رۆژی رابردو بانکی ناوەندیی ئێران لە قۆناغی یەکەمدا 200 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە و رایگەیاند؛ هەر دۆلار و دراوێک لە دەرەوەی نرخی دیاریکراوی بانکەکە ئاڵوگۆڕی پێبکرێت وەک قاچاخ و نایاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بەڵام ئەو بڕێارە توندەش نەیتوانی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن راگرێت. دوای بڕیاری بانکی ناوەندیی ئێران هەر بەهای دۆلارێک زیاتر لە هەزار و 300 تمەن بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و لە دوو رۆژی رابردودا هەوڵەکانی ئەو بانکە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ دابەزینی زیاتری بەهای تمەن سەرکەوتو نەبوە. حکومەت نرخی دۆلاری بە 41 هەزار و 594 تمەن دیاریی کردوە بەڵام لە بازڕەکانی ئێراندا هەر دۆلارێک بە زیاتر لە 51 هەزار و 100 تمەن مامەڵەی پێوەکرا. غوڵامڕەزای مسباحی موقەدەم، سەرۆکی ئەنجومەنی فەتوای بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاندوە بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن بەهۆی ئەو جەنگەیە کە ئەمریکا لە رێگەی دۆلارەوە دژی کۆماری ئیسلامی دەیکات.

بانکی ناوەندیی عێراق، وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی 2ـی 2023 ژمارەیەکی رێکاری نوێی راگەیاند.  لەو رێکارانەی بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندوون، رێکخستنی پارەدارکردنی بازرگانیی دەرەکی لەگەڵ چین بەشێوەیەکی راستەوخۆ، بە بەکارهێنانی دراوی یوانی چینی. ئاماژەی بەوەش کردووە کە دواتر ئاسانکاریی دیکە بۆ ناردنی پارە بۆ ئەمریکا و ئەوروپا بەهەمان میکانیزم دەخرێتەڕوو.  لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو بەڵگەنامانەی داوا دەکرێن بۆ حەواڵەکردنی پارە بۆ دەرەوە برییتی دەبن لە لیستی بازرگانی (پسوولە)، یان بەڵگەنامەی بانکی، بەو مەرجەی بریکارەکە دواتر بەڵگەنامەی پێویست پێشکێش بە بانک بکات کە کاڵاکەی هێناوەتە نێو عێراق. هەروەها ئاسانکاری بۆ بریکارەکانی کۆمپانیاکانی ناردنی پارە دەکرێت وەکو (وێستێرن یونیون و مۆنیگرام)، لە یەکێک لە بانکەکانی عێراق.  خاڵێکی دیکەی رێکارەکان، رێگەدانە بەهەر هاووڵاتییەکی عێراقی لە مانگێکدا بڕی 7500 دۆلار وەکو زۆرترین بڕ لە رێگەی کۆمپانیاکانی حەواڵەکردنەوە، حەواڵە بکات، ئەوەش بە نرخی 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک. بانکی ناوەندی لای خۆیەوە دۆلار بەو نرخە بەو کۆمپانیایانە دەفرۆشێت. بۆ ئەو مەبەستەش بانکی ناوەندی لیستی بریکارە باوەڕپێکراوەکان بڵاودەکاتەوە. لە کۆتاییشدا دەڵێت، کە شوێنەکانی فرۆشتنی دۆلار لە شارەکاندا زیاد دەکەن و هەوڵ دەدەن لە زۆرترین شارەکاندا هەبێت.

هەوڵەکانی ئێران لە بازاڕی دراوی وڵاتەکەی بۆ راگرتنی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن سەرکەوتو نابێت و میدیاکانی سەر بە حکومەت نرخی جیاواز لە دۆلار دەخەنەڕو. سەرەڕای دەستوەردانی راستەوخۆی بانکی ناوەندیی ئێران نرخی یەک دۆلار لەو وڵاتەکە لە نێوان 49 هەزار و 900 تمەن بۆ 50 هەزار و100 تمەنە و میدیاکانی سەر بە حکومەت لە وڵاتەکەش نرخی هەر دۆلارێک بە 41 هەزار تمەن بڵاو دەکەنەوە. دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند؛ هێرشی پێچەوانەی دژی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار دەست پێکردوە، ئەمڕۆ سێشەممە بە فەرمی ناوەندی ئاڵوگۆڕی زیڕ و دراو دەستی بەکارەکانی کرد و بڕیاربو هەموان پابەندی ئەو نرخانە بن کە ناوەندەکە بۆ درا و زێڕ لە ئێران دیاریی دەکات بەڵام دۆلار بە بێ گوێدانە ئەو ناوەندە بەهاکەی بە بەرزیی مایەوە. بانکی ناوەندیی ئێران هاوکات لەگەڵ یەکەم رۆژی کردنەوەی ناوەندەکە 200 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە بەڵام بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتە دابەزینی بەخۆیەوە نەبینی و ژمارەیەک لە پێگە ئابورییەکان بڵاویان کردەوە ئەو هەنگاوە تەنها کاریگەریی لەسەر نرخی دراو لە میدیاکانی حکومەتدا هەبوە. میدکانی سەر بە حکومەتی ئێران بڵاویان کردەوە بەهۆی هەنگاوەکانی بانکی ناوەندیی، بەهای هەر دۆلارێک لە 50 هەزار تمەنەوە بۆ 41 هەزار و 549 تمەن دابەزیوە.  

ئێران رایگەیاند بانکی ناوەندیی هەوڵەکانی بۆ دابەزینی بەهای دۆلار دەست پێدەکات و وەک دراوی قاچاخ مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆلارانە دەکرێت کە بە نرخێکی بەرزتر لە بازاڕەکان مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئێران بۆ راگرتنی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار ناوەندێکی بە ناوی (ئاڵوگۆڕی زیڕ و دراو) راگەیاند و داوای لە کاسبکاران و بازرگانەکان کرد تەنها پشت بە نرخە دیارییکراوەکانی ئەو ناوەندە ببەسترێت بۆ بەهای دۆلار و دراوەکان لە وڵاتەکەدا. محەمەدڕەزا فەرزین, پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران لەگەڵ بەرزبونەوەی بەهای یەک دۆلار بۆ 50 هەزار و 200 تمەن رایگەیاند؛ بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی دەستەوەستان نابێت و لە سبەینێ سێشەممەوە بە چالاککردنی ناوەندی ئاڵوگۆڕی زیڕ و دراو هێرشی پێچەوانە دژی نرخی ناڕاستی دۆلار بەرامبەر تمەن دەست پێدەکات. بە وتەی فەرزین تەنها ئەو ناوەندە بەهای راستەقینەی دراوەکان و زێڕ لە ئێران دیاریی دەکات و بانکی ناوەندیی پابەند دەبێت بە دابینکردنی دۆلار بۆ پێداویستییە سەرەکییەکانی وڵاتەکە. پارێزگاری بانکی ناوەندیی جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئەو بانکە بە بەهای 28 هەزار و 500 تمەن بۆ هەر دۆلارێک هاوکاریی کڕین و هاوردەکردنی 68 کاڵا و پێدوایستیی سەرەکیی وەک خزمەتگوزاریی تەندروستی و پزیشکی و دەرمان و خۆراک دەکات.   فەرزین ئاشکرای کردوە نرخی زۆربەی ئەو کاڵا و کەلوپەلانەی بە دۆلار لە دەرەوە بۆ ئێران هاوردە دەکرێت بەراورد بە ساڵی رابردو زیاتر لە 47%  نرخەکانیان بەرز بوەتەوە لە کاتێکدا بە پێی ئەو نرخانەی  حکومەت دیاریی کردوە ئەو کاڵایانە تەنها بە رێژەی 17% نرخەکانیان بەرزبونەتەوە و ئەوەش وا دەکات وردتر چاودێریی بازاڕەکانی وڵاتەکە بکرێت.  ئاماژەی بەوە کردوە کە 600 نوسینگەی ئاڵوگۆڕ و 150 لقی بانکەکان بەرپرسیار دەبن لە دابینکردنی دراوی پێویست بۆ بازرگانەکان و خەڵکی وڵاتەکە و لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە بە فەرمی بەهای دراوەکان و نرخی زێر بۆ ئەو نوسینگە و بانکانە دیاریی دەکرێت. بڕیارە سبەینی کاژمێر 11:00 بە کاتی تاران (ناوەندی ئاڵوگۆڕی زیڕ و دراو) لە ئێران بەفەرمی دەست بەکارەکانی بکات و بانکی ناوەندیی وڵاتەکە نرخی دراوەکان و زێڕ بە فەرمی رابگەیەنێت.  

فوئاد حسێن: دراوی عێراقی بەهێزه و یەدەگی دراو زیاتر له 100ملیار دۆلارە. فوئادحسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کونفراسێکی ڕۆژنامەنیدا لە بەغدا ڕایگەیاند، دراوی عێراق بەهێزە و یەدەگی دراو زیاتر لە 100 ملیار دۆلارە، بۆیە بەمەبەست جۆرێک لە دودڵی سەبارەت بە بەهای دۆلار بڵاودەکرێتەوە کە بنەمای نییە، بەتایبەت دوای ئەوەی سەکۆی ئەلیکترۆنی دەکەوێتەکار کە دەبێتەهۆیەکی بەهێز بۆ دیاریکردنی ئەوانەی سودمەند دەبن لە دۆلار و رێگریش دەکات لە بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات. فوئاد حسێن، لەبەشێکی تری قسەکانی رایگەیاند، لەکۆبونەوەیاندا لەگەڵ شاندی ئەمریکا لە واشنتن، ئەو وڵاتە هیچ مەرجێکی نەبو لەسەر فرۆشتنی دۆلار بە عێراق بەڵکو لێکتێگەیشتن هەبو لەسەر چۆنیەتی رێکخستنەوەی دراوی بیانی، بەتایبەت دانانی سەکۆی ئەلیکترۆنی بۆ فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە کە بەهۆیەوە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار سەقامگیر دەبێتەوە. وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن ئەمڕۆ لەکۆنفرانسکە وتیشی، لەکۆبونەوەیاندا لەگەڵ شاندی ئەمریکا دۆسییە سیاسییەکان کەمتر سەرنجیان خرایەسەر و زۆرینەی کاتی گفتوگۆکانیان تایبەت بو بە پرسی ئابوری، سیاسەتی دارایی، روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و چۆنیەتی بەرەنگاربونەوەی شانە نوستوەکانی داعش.

هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش