دیجیتاڵ دیموکراسی پاشەکشەی بە دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان کرد

6 ساڵ لەمەوپێش



لەبەر زیادکردنی هەوڵی تەزویر و ناڕوونی پرۆسەکە چەند وڵاتێک لە جیهان بڕیاریان داوە کە ئەو سیستەمە قەدەغە بکەن.

هەرێم جەعفەر

دوای ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پرسیاری گەورە لەسەر سیستمی ئەلیکترۆنی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان دروستبوو بە جۆرێک کار گەیشتە ئەوەی بەشێک لە لایەنەکان داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی پرۆسەکە بکەن.

سیستمی ئەلیکترۆنی دەنگدان کە هاوکات بە دیجیتاڵ دیموکراسی ناسراوە، ئەو دەستەواژە  تازەیە کە لە هەڵبژاردنی چەند وڵاتێکدا پێناسەی جیاوازی بۆکراوە. مەبەست لەو دەستەواژەیەش بە ئەلیکترۆنی کردنی پرۆسەی دەنگدانە. بۆ هەندێک لە ئەمریکییەکان، دیجیتاڵ دیموکراسی بە مانای پێشکەوتن و ئاسانکردنی پرۆسەی دەنگدانە و بۆ هەندێکیش بە مانای دۆڕاندنی ئیرادەی میلەتە بەبێ بەکارهێنانی سوپا و مووشەک.

لە ڕاپۆرتێکی  گۆڤاری فاینانشیاڵ تایمزدا هاتووە کە  شارەزایانی بواری دەنگدان و چاودێرانی ئەمریکی ئەزموونی زۆریان هەیە لە هەر ٣٨ ویلایەتەکەی ئەمریکا بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی ئەمریکا ئەوەی چاوەڕێیان نەدەکرد ئەوەبوو کە بکەونە بەر هێرشی هاکەرانی ڕووسیا، لەبەر ئەم هۆکارەش ئێستا پاراستنی ئەو سیستەمانە لە هاکی دەرەکی بۆتە بەشێک لە ڕاهێنانی چاودێران.

گروپی کۆمپرۆمات، ئەو گروپە هاکەرە ڕووسیەن کە تۆمەتبار دەکرێن بە هێرشکردنە سەر سیستەمی  هەڵبژاردنی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦. فاینانشیاڵ تایمز لە زاری حکومەتی ئەمریکاوە ئاشکرای کردووە کە ئەو گروپە هەوڵی داوە کە سیستەمی ئەلیکترۆنی ٢١ ویلایەت لە ئەمریکا هاک بکات. تەنانەت ئەو گروپە ڕووسییە زانیاری ناو و ئیمەیڵی لیژنەی دیموکراسی نەتەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان، دزە پێکردبوو.

بەڕێوبەری ئاسایشی زانیاری و نهێنپارێزی کۆمپانیای گووگڵ، هێسەر ئادکینس، لە لێدوانیکدا سەبارەت بە هێرشی  ئەلیکترۆنی بۆ سەر سیستەمی ئەمریکا وتی» ئێستا ڕووسیا نیشانی دا کە دەتوانن چی بکەن بۆیە دەبێت وڵاتانی دیکە ئامادەکاری بکەن چونکە ئەو هێرشانە لە پڕو بە چڕی ڕوودەدەن»

ئەمەش وایکرد ئیریک ڕۆزنباچ، بەڕێوبەری پێشووی ستافی وەزیری بەرگری ئەمریکا، پڕۆژەیەکی بەناوی (بەرگری کردن لە دیجیتاڵ دیموکراسی )بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی هارڤارد لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ بەهێزکردنی بەرگری سەر سیستەمە هەڵبژاردنیەکان ئەنجام بدەن کە بودجەکەی ٣٠ ملیار دۆلارە و نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەس کاری تێدا دەکەن.

ئیریک ڕۆزنباچ پێی وایە کە دەبێت پنتاگۆن هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ پاراستنی سیستەمی دەنگدان چونکە ڕەنگە لە داهاتوو»کیم جۆن ئون یان ئێرانیەکان» هێرشیان بکەنە سەر.

بە وتەی میشێل سولمێیەر، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی هارڤارد ، ئەو وڵاتانەی کە دژی دیموکراسین لە جیهان وەک ڕووسیا و ئێران و چین و کۆریای باکوور، هاکەری پێشکەوتوویان هەیە کە بەشێوەی گرێبەستی بازرگانی کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی و تاوانە جیاوازەکانی ئینتەرنێت.

ئەم سیستەمە نوێیەی دەنگدان، کارێکی وایکردوە کە ستراتیژی پارتە سیاسیەکان بگۆڕدرێن. لە سیستەمە کۆنەکە، پارتە نەیارەکان تەنها چاویان لەسەر یەک بوو تا دڵنیا بن کە کەسیان  یاسا پێشێل ناکات بەڵام چیدی ئەوە کار ناکات لەگەڵ ئەم شێوازە نوێیە. تۆ چۆن دەزانیت ئەوانەی لە پشت کۆمپیوتەرەکانن  بە چ مەرامێک دێنە ناو سیستەمەکە و بەرەو چ ئاقارێکی دەبەن.

ئادکینس کە ١٦ ساڵ لە بەشی پاراستن- سکیورتی کۆمپانیای گووگڵ کاری کردوە دەشڵێت »من بەڵێنت دەدەمێ ، تەنها یەک ڕۆژم بدەرێ، دەتوانم بچمە ناو ئامێرەکان» (ئامێری تۆماری دەنگدەر، ئامێری دەنگدان و سیستەمی میدیای ئامێرەکان).

ساڵی پار، گروپی هاکەری دێف کۆن لە لاس ڤێگاس، توانیان لە ماوەی ٩٠ خولەک یەکەم ئامێری دەنگدان هاک بکەن لە کۆنفرانسێکدا، لەکاتی تەواو بوونی کۆنفراسەکە، تەواوی ئامێرەکانی ناو کۆنفرانسەکەیان هاک کرد.

لە جیهاندا، ٢٦ وڵات سیستەمی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنن بۆ هەڵبژاردنەکان کە سوودی و زیانی خۆی هەیە.

سوودەکانی ئەو سیستەمە بریتیە لە خێرا هەژمار کردنی دەنگەکان و کەمکردنەوەی نرخی دەنگدان و ئاسانکاری بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەڵام بە بڕوای هەندێک کەس ئەو سیستەمە دەرگا لەسەر تەزویر کردن زیاتر دەکاتەوە.

لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئۆفیسی بەڕێوەبەری زانیاری نەتەوەی ئەمریکی( ئۆ دی ئێن ئای) لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٧ بڵاویکردەوە کە سەرکردایەتی ڕووسیا بە قازانجی دۆناڵد تڕەمپ و دژی هیلاری کلینتن هەوڵیان داوە کە هێرش بکەنە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و تاکو ئێستاش لێکۆڵینەوەی جیاواز و ئەنجامی جیاواز لەو بارەیەوە بڵاودەکرێتەوە .

لەبەر زیادکردنی هەوڵی تەزویر و ناڕوونی پرۆسەکە چەند وڵاتێک لە جیهان بڕیاریان داوە کە ئەو سیستەمە قەدەغە بکەن.

 

ئەڵمانیا

لەبەر بوونی کرداری هاکی و بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە بۆ مەرامی سیاسی، بەپێی دەستووری ئەڵمانیا، (ئی ڤی ئێم) ئامێری دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەو وڵاتە قەدەغەکراوە.

( هۆڵەندا)

لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی هۆڵەندا، سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەو  وڵاتە قەدەغەکرا بەهۆی ئەوەی خەڵکی  گومانیان لە ڕاستی ئەنجامی ئەو ئامێرانە هەبوو.

 ئیرلەندا

دوای خەرج کردنی ٥١ ملیۆن پاوەند و سێ ساڵ کارکردن، ئیرلەندا بڕیاریدا سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی بەکار نەهێنێت ئەمەش بەهۆی نەبوونی متمانە خەڵکی بەو ئامێرانە و ناڕوونی پڕۆسەکە.

ئینگلتەرا

ئینگلتەرا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خۆی دوور گرتوە لەبەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ پرۆسەی دەنگدان. لە ساڵی ٢٠١٦، پەڕلەمانی ئینگلتەرا بە فەرمی ئاشکرای کرد کە ئەوان پلانیان نیە ببنە بەکاربەری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە پڕۆسەی دەنگداندا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار