مۆنالیزای میزۆپۆتامیا

10 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

سۆمەرییەکان بەداهێنەری بەشێکی زۆری بنچینەکانی شارستانیەت ناسراون، لەوانە، نووسین، شار، ئاودێری، سا هونەریش یەکێکە لەداهێنانەکانی سۆمەر. سۆمەرییەکان سوودیان لەفۆرمە هونەرییەکانی ناوەڕاستی چاخی بەردینی نوێی دانیشتوانی کۆنی چیاکانی زاگرۆس وەرگرتووە. بەر لەسۆمەرییەکان، تەنیا شوێنە کۆنەکانی کوردستان، وەک گرێ ناڤۆکێ (نزیکەی ١٢٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا) کەمێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هونەری ناوەڕاستی چاخی بەردینی نوێ وەک تەنیا شوێنێک ببینرێت کەنیشانەکانی سەرەتاکانی شارستانیەتی تێدا بدۆزرێتەوە، لەوانە هونەر. کەلتوری سۆمەر لەژێر کاریگەری دانیشتوانی دێرینی زاگرۆس لەماوەی هەزارەی چوارەم و سێیەمی پێش زایین گەشەی کرد، پێش ئەوەی لەدەوروبەری ساڵی ٢٢٧٠ پێش زایین لەلایەن سامییە ئاخێورەکانەوە ـئەکەدییەکان ــ لەناوبچن.

هونەری سۆمەری لەگەڵ تێپەڕینی قۆناغەکانی مێژووی گەشەکردنیدا، گۆڕانی بەرچاوی بەسەردا هاتووە. یەکێک لەسەرنجڕاکێشترینی ناو هونەری سۆمەری، کەلـلەسەرێکە کە بە «ماسکی ئوروک یان وارکا» ناسراوە، هەروەها بە «خانمی ئوروک» و «مۆنالیزای میزۆپۆتامیا»ـش ناودەبرێت. ئەم پەیکەرە کەتەنیا بەشی کەلـلەسەرەکەی دۆزراوەتەوە، رووخسارێکی مەڕمەڕی سەرسوڕهێنەرە کەمێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٥١٠٠ ساڵ لەمەوبەر. ئەم ماسکە لەناوچەی وارکا (شاری ئوروکی کۆن) دۆزرایەوەو بەسەرەتاییترین نواندنەوەی رووخساری مرۆڤ دادەنرێت و بەبڕوای شوێنەوارناسان و شارەزایانی مێژووی مێزۆپۆتامیای کۆن، ماسکەکە نواندنەوەو بەرجەستەکردنەوەی مێخوا ئینانا بووە، کە مێخوایەکی بەناوبانگی سۆمەرییە بۆ ئەشق، جوانی، بڕشتی و سێکسواڵیتە. ئینانا، مێخواو پارێزەری شاری ئوروک بووەو لەم شارەدا پەرستگای تایبەت بە ئینانا هەبووە. ماسکەکە بەوردەکارییەکی سەرسوڕهێنەر کێشراوە بەشێوەیەک کە لەوێنەیەکی واقیعی دەچێت.

ماسکەکە لەمەڕمەڕی سپی دروستکراوە، کەماددەیەکی دەگمەن و بەنرخ بووە لەمیزۆپۆتامیای کۆن. چاوو برۆکانی چاڵکراون بەڵام وا دەردەکەوێت کەبرۆکانی بە بەردی بەنرخ یان پارچەی ئاڵتون پڕکرابێتنەوەو لەجێی چاوەکانی مینای شین هەبووبێت، هەروەها، گوێچکەکان کونیان بۆ گوارە هەبوو، لەهەنیەشیدا چاڵێک هەیە کە دەکرێت بۆ بەستنەوەی قژ یان بارۆکە دانرابێت.

بەپێی ئوستورەی دابەزینی ئینانا بۆ بنجیهان، کەمێژووەکەی بۆ ٦ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئینانا بەخۆڕازاندنەوەوە دەچێتە بنجیهان و ملوانەکەو گوارەی گرانبەهای پۆشیوە، کە زیاتر لە مینا سازێنراون. لەبەر ئەم هۆیەیە، شارەزایانی میزۆپۆتامیای دێرین ئەم ماسکە بەنواندنەوەی ئینانا دەزانن.

ماسکەکە لەساڵی ١٩٣٩ لەلایەن تیمێکی شوێنەواری ئەڵمانیەوە دۆزرایەوە و دواتر درا بەمۆزەخانەی بەغداد، بەڵام لەکاتی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانانی لەساڵی ٢٠٠٣ مۆزەخانەکە تاڵان کراو ماسکەکەش لەگەڵ چەندین دەستسازیی تری هونەری دێرین دزرا. خۆشبەختانە، دوای لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی پۆلیسی سەربازی ئەمریکاو پۆلیسی عێراق لەئەیلوولی ٢٠٠٣ ماسکەکە لەناو باخچەیەکی نزیک لەباکوری بەغداد دۆزرایەوە و لەساڵی ٢٠٠٤ گەڕێنرایەوە بۆ مۆزەخانەکەو لەوکاتەوە لەمۆزخانەی بەغداد نمایش دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار