حکومەتی هەرێم: لە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر چوار کارمەندی یەمەنی کوژراون

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆری قەزای چەمچەماڵ، چوار کرێکاری یەمەنی گیانیان لەدەستداوە.

رۆژی هەینی 26-4-2024، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “لە ماوەی رابردوو هەوڵی باش دراوە بۆ باشترکردنی کەرتی وزە و ژێرخانی ئابووری لە عێراق و بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کە هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خێرا دەکرێن، دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی گازی کۆرمۆرییان کردە ئامانج".

دەشڵێت، "بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە و ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر  کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو".

ئێوارەی ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ و بەهۆیەوە چوار  کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکە برینداربوون.

دەقی بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

لەماوەی ڕابردوو هەوڵی باش دراوە بۆ باشتر کردنی کەرتی وزە و ژێرخانی ئابووری لە عێراق و بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان، و لە کاتێکدا کە هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خێرا دەکرێن، دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووەو کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.

ئەم هێرشە دووبارانە پێویستە ڕابگیرێن و داوای هەماهەنگی و هاوکاری بەپەلە دەکەین لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدۆزرێنەوەو ڕادەستی یاسا بکرێن و ڕێگری یەکجاری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارانە.

داواکارین لە خودای گەورە کە جێگای شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش شیفایان بۆ بێت.

پێشەوا هەورامانی
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار