شه‌فیق حاجى خدر   سه‌رقاڵى وه‌رگێڕانى نوێترین ڕۆمانى (قادر عه‌بدوڵڵا)م به‌ناوى (زۆربای ئێرانی)

2019-01-10 09:28:52



سازدانى: شاخه‌وان سدیق

شه‌فیق حاجى خدر یه‌کێکه‌ له‌وه‌رگێڕه‌ به‌تواناو ناسراوه‌کانى ئێستاى دونیاى کتێبخانه‌ى کوردى و له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا چه‌ندین کتێبى ناوازه‌ى له‌ بواره‌ جیاوازه‌کاندا بۆ سه‌ر زمانى کوردى وه‌رگێڕاوه‌، له‌ ئێستاشدا سه‌رقاڵى وه‌رگێڕانى نوێترین ڕۆمانى نوسه‌رى ئێرانى هۆڵه‌ندینووس (قادر عه‌بدوڵڵا)یه‌ز که‌ بڕیاره‌ تا مانگى سێى ئه‌م ساڵ بکه‌وته‌ به‌رده‌ستى خوێنه‌ران. به‌مه‌به‌ستى زیاتر ئاشنابوون به‌ کاره‌کانى ئه‌و وه‌رگێره‌ ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ سازدا.

*هه‌میشه‌ ده‌وترێت وه‌رگێڕان نووسینه‌وه‌ی ده‌قێکی نوێیه‌ له‌ لایه‌ن که‌سی وه‌رگێڕه‌وه‌، ئێوه‌ چۆن له‌مه‌ ده‌ڕوانن؟ پێتان وایه‌ وه‌رگێڕان ده‌توانێت ڕۆحی زیندووی تێکسته‌کان بگوازێته‌وه‌؟

- لەبەر ئەوەی وەرگێڕان داڕشتنەوەی دەقی ماکە بە زمانێکی دیکە، بۆیە سەخت و دژوارە. کرۆکی باسەکەش ئەوەیە، ئاخۆ وەرگێڕان چۆن ڕۆحی دەقە ماکەکە بگوازێتەوە. بە واتایەکی دیکە ئاخۆ وەرگێر چۆن دەتوانێ پەیامە بنەڕەتییەکەی دەقەکە، [وەک خۆی] بگوازێتەوە بۆ هاوزمانەکانی. ڕاستییەکەی هەر ئەو خەمەیە، یان بڵێین هەر ئەو پرسەیە، کە وەرگێڕان دابەشدەکاتە سەر سێ شێوازی لەیەکجیا، بەوەی ئاخۆ وەرگێڕاوەکە دەقاودەوقە یان وشەبەوشەیە، یاخود وەرگێڕانێکی ئازادە، بەوەی بابای وەرگێڕ سەرەتا لە دەقەکە گەیشتووە، ئیدی هاتووە دەقەکەی گوشیوە و ڕۆحەکەی لێدەرهێناوە و دایڕشتۆتەوە. یان ئەوەتا حاڵەتی سێهەمی باوە، کە ناوەڕاستێکە لە نێوان هەردووکیان، بەوەی وەرگێڕ هەردوولای دەقەکە، گیان و جەستە، پەیام و شێوازەکە پشتگوێ ناخا و تەریبئاسا هەردووکیان لەگەڵ یەکدا دەبا، تا تێنوێتی خوێنەر بەخوێندەوەی دەقە نۆژەنکراوەکە بە زمانێکی دیکە تێراو بکا.

هەڵبەتە پرسیارگەلێکی زۆر لەدەوری چەقی ئەو بابەتەدا دەسووڕێتەوە، ئاخۆ ماکی دەق وەک خۆی دەمێنێتەوە، یاخود وەرگێر خۆشی بێ و ترسێ بێ پێی دەکەوێتە نێو زۆنگاوی ناپاکی... ڕاستییەکەی وەک ڕێسایەکی گشتی، بەدەر لە ڕیزپەڕ، چونکە ڕیزپەڕ بە پێوەر ناقەبڵێندرێ. ئیدی لێرەدا پێموایە چۆن نووسەر توانیویەتی ئەو شتەی پێی سەرسامە، دەیکاتە پەیام و دەقنووسی دەکا. ئیدی بەحوکمی ئەوەی شێوەی گەیاندن لای نووسەر هەر زمانە، کەواتە هەمان پێوەریش بەسەر وەرگێڕدا جێبەجێ دەبێ، بەوەی بەڵی وەرگێڕیش دەتوانێ ڕۆحی دەقەکە بگەیەنێتە ئاخێوەرانی زمانێکی دیکە. بەڵام هەروەک «محەمەدی قازی» وەرگێڕی گەورەی کوردی فارسزمانیش پێی لەسەر داگرتووە، ئەوە هەیە کە وەرگێڕان لەبەر یەک هۆکاری سادە لە نووسین قوڕسترە، ئەویش لەبەر ئەوەی نووسەر ئازادە لە دەربڕین و دەقنووسکردنی پەیامەکەی، کەچی وەرگێر پابەندە بەو چوارچێوەی پێشتر نووسەرەکە بۆی داڕشتووە.

ئینجا ئەگەر ئەوە ڕێسا گشتییەکە بێ، ئەوا بەڕای من، وەرگێڕی کورد وێڕای ئەو ئەرکە قوڕسەی محەمەدی قازی باسی کردووە، شتێکی دیکەی سەرباریشی دەکەوێتە سەر، ئەویش زمانی دەقنووسکردنەوەیە. لەبەرئەوەی ئێمە نە زمانی یەکگرتوو، نە ڕێنووسی یەکگرتوو، نە ئەو ئاراستە فەرمییەی پێی دەگوترێ زمانی ستانداردمان هەیە، بۆیە وەرگێڕی کورد لە پاڵ پەیامی ڕۆحی دەقەکە، پەیامێکی دیکەشی دەکەوێتەسەر، ئەویش شیوەی وەرگێڕانەکەیە، زمانی وەرگێڕانەکەیە، هەڵبەتە ئەمەش ئەرک و خەمخۆرییەکەی گرانتر دەکا. بۆیە کە دێێنەوە سەر پرسە سەرەکییەکە، لەبەر سەختی کارەکە، ئەو خۆپارێزی و وریاییە دێنێتە گۆڕێ، کە ئەو پرسیارەی بێنێتە کایە، تۆبڵێی وەرگێڕانە دەرەقەتی ڕۆحی ماکەکە بێ.

 

 

*ئێوە کار لە وەرگێڕانی بەرهەمە ئه‌ده‌بى و مێژوویه‌کاندا دەکەن دەکرێت بزانین جیاوازییە دیارەکانی نێوان وەرگێڕانی کارێکی مێژووى و کارێکی ئەدەبیدا چیەو کامیان بۆ وەرگێڕان شارەزایی وماندوبونی زیاتری دەوێت؟

-جارێ لە پێشەوە، بۆئەوەی وەرگێڕ لە کارەکەی سەرکەوتوو بێ، ئەوا هەقە ئەو دەقەی کاری لەسە دەکا، چ ئەدەبی بێ، یان غەیرە ئەدەبی، لێیبکۆڵێتەوە و نەوەک هەر تێیبگا، بەڵکو زانیاریەکی گشتیشی لەسەر پەیدابکا و پاشخانێکی لەو بارەوە هەبێ. کە ئەمە سەرهێڵە گشتیەکە بێ، ئەوا کاتێ کە خوردیش دەبێتەوە بەسەر جۆری ژانرەکان، ئەوا بێگومان هەر بابەتیک تایبەتمەندی خۆی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ. بۆیە کاتێ کارێکی ئەدەبی لایەنی زمان وەک رەوانبێژی، وەک شێوازێکی سەرنجڕاکێش بۆ خوێنەر بەکاربهێنێ، دەبێ وەرگێڕیش لە زمانەکەی خۆیدا پەیڕەوەی هەمان ڕێسا بکا. کەچی هەرچی بابەتێکی مێژوویە، کە ڕاستییەکان وەک خۆی یان بە ڕاڤەکراوی ڕوووندەکاتەوە، لەوانەشە لە کۆمێنت و لێکدانەوەکان هەندێ دەستەواژە بە ئەنقەست بەکارهێنرابێ، ئیدی ئەرکی زیاتر دەکەوێتە سەرشانی وەرگێڕ، تا بە دوای لوغزەکەدا بگەڕێ و بتوانێ بیداتەوە بە خوێنەرانی زمانەکەی خۆی.

*ئێستا له‌ کوردستان پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان له‌ زمانی دووه‌م و سێیه‌مه‌وه‌ ده‌کرێت، پێتان وایه‌ ئه‌م جۆره‌ وه‌رگێڕانه‌ وه‌رگێڕانی زیندوبێت، ئایا تا چه‌ند ده‌قه‌که‌ جوانیی خۆی ده‌پارێزێت له‌م جۆره‌ وه‌رگێڕانانه‌دا؟.

-خۆی ئەوە ڕاستییەکە هەر دەقێک بە زمانە ماکەکەی خۆی جوانتر و واتادارتر و ڕەونەقدارترە، وەرگێران هەندێ لەو بەهایانە بە شیوەیەک لە شێوەکان کەم دەکاتەوە، ئیدی کاتێک ئەو دەقە لە زمانی دووەمە وەردەگێڕدرێ ئەوا لۆژیکی ڕیسای سەروو دووقاتتر دەبێ. بۆیە ئەگەر بلوێ، کەمتر پەنا بۆ وەرگێڕان لە زمانی دووەمە ببردرێ، چونکە لەوانەیە وەرگێڕی یەکەم، ئەو پێوەرانەی لە پرسیاری یەکەمدا وەڵامدراونەتەوە، بە دروستی ڕەچاو نەکردبێ. کاتێ من دەڵێم لەزمانی یەکەمەوە وەرگێران باشترە، ئەوا مەبەستم لایەنی باشی وەرگێڕانە، نەوەک لایەنی سەقەت، دیسان دەیڵێمەوە، شتەکان بەڕێسای گشتی پێوەردەکرێن نەوەک بە ڕیزپەڕەکان. چونکە لە حاڵەتی ڕیزپەر، دەرکەوێ وەگێڕیک لە زمانی دوەم باشتری پێکابێ لە کەسێک کە لە زمانی یەکەمەوە وەریگێڕابێ، بەڵام ئەم حاڵەتە تایبەتە و لەچوارچێوەی ڕیزپەڕیی تێپەڕ ناکا و نابێتە بنەما تا ڕا و بۆچوونی گشتیی لەسەر هەڵبهێنجێنرێ.

*وه‌رگێڕان ده‌توانێت چ ڕۆڵێک له‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی کتێبخانه‌ی کوردیدا بگێڕێت؟ بۆ هه‌وڵ نه‌دراوه‌ وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌ بکه‌ن، واته‌ به‌رهه‌مه‌ کوردیه‌کان وه‌ربگێڕنه‌ سه‌ر زمانه‌ بیانییه‌کان، پێتان وانیه‌ له‌ ئێستادا ئه‌وه‌ پێداویستییه‌کی گه‌وره‌یه‌؟

 -هەڵبەتە وەگێڕانی پێچەوانە زۆر گرنگە، بەڵام ئەوەندە شاکار و سەرچاوەی بەهادار ماون کە وەرنەگێڕدراون، بۆیە ئەوەی تا ئێستا کراوە لەبواری وەرگێڕانی بۆ کوردی، دلۆپێکە لە دەرییایەک، بەداخەوە ئێمە وەک نەتەوەکانی دەوروبەریش ئازا و قووڵ نین لە وەرگێڕان. شتێکی دیکەش وەرگێران لای ئێمە لە کاری کەسیی و تایبەتیی تێینەپەڕاندووە، ئیدی ئەو وەرگێڕانانەش کەوتوونەتە سەر میزاج و ڕای وەرگێڕەکە یان دەزگای چاپ، بەداخەوە شتێکی ئاراستەکراومان نییە بۆ ئەوەی گوڵبژێری شاکارا جیهانییەکان لە بابەتە جۆربەجۆرەکاندا وەربگێڕین.

 

*ئێوه‌ زۆرێک له‌ به‌رهه‌مه‌کانى نوسه‌رى دیارى (ئێرانى – هۆڵه‌ندینوس) (قادر عه‌بدوڵڵا) تان وه‌رگێڕاوه‌، هۆکارى ئه‌م کاره‌تان به‌و فراوانییه‌ بۆ به‌رهه‌مانى ئه‌و نوسه‌ره‌ چییه‌؟ ئێستا به‌نیازن دواینکارى وه‌ربگێڕن ئه‌و کاره‌ ناوى چیه‌و باس له‌چى ده‌کات؟

-تا ئێستا من چوار ڕۆمانی قادر عەبدوڵڵا و کاک «سەڵاحەدیین بایەزیدی»ش ڕۆمانێکی وەرگێڕاوە، هێشتا  نووسەر شتی زۆری ماوە وەربگێڕدرێ، چونکە ناوەڕۆکی کارەکانی دەیهێنێ و لە خەم و ژانی ئێمەشەوە نزیکە.

نووسەر دوا ڕۆمانی بە پی دی ئێف بۆ ناردووم، خوێندمەوە و بڕیاری وەرگێرانم داوە، لەوانەیە تا نەورۆز بکەوێتە بەردەستی خوێنەران. لەگەڵ کاکی نووسەر بڕیارمانداوە ناوەکەی لە چاپە کوردییەکەدا بگۆڕین و بیکەینە (زۆربای ئێرانی) چونکە بە ڕاستی ڕۆمانێکە قۆناغی (خانووەکەی مزگەوتێی) تێپەڕاندووە، بەڕای منیش شان لەشانی زۆربای یۆنانی دەدا و زیاتریش. ئیدی دواتر خوێنەر با خۆی حوکم بدا.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار