حکـومه‌ت داوای 10 فـیـشه‌ک له‌سه‌رحه‌د قادر ده‌کاته‌وه‌

2019-02-07 20:03:15



سازدانى: ئارا ئیبراهیم

عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌رێوه‌به‌رى پێشووى پۆلیسى قه‌زاو ناحییه‌کانى پارێزگاى که‌رکوک له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتی جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ مه‌سعود بارزانى سوور بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ریفراندۆم و پێى راگه‌یاندوون «ئێمه‌ ریفراندۆمه‌که‌ هه‌ر ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر که‌رکوکیش  ده‌ جاریش له‌ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ بگیرێت ئه‌وا ئێمه‌ هه‌ر ده‌یگرینه‌وه‌ و ریفراندۆمه‌که‌ گرنگه بکرێت».

ده‌شڵێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌رپرسى میحوه‌ره‌کان له‌مه‌کته‌بى سیاسى و سه‌رکردایه‌تى پارتى و یه‌کێتى پێکهاتبوون و فه‌رمان له‌وانه‌وه‌ ده‌درا به‌پێشمه‌رگه‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ 16ى ئۆکتۆبه‌ر هیچ رۆڵێکى نه‌بووه‌ بۆیه‌ که‌رکوک و شنگال و مه‌خمور و خانه‌قین به‌ده‌سته‌وه‌ دراوه‌« ئه‌گه‌ر کورد له‌ که‌رکوک شه‌ڕى بکردایه‌ به‌شه‌ش مانگیش هێزى عێراقى نه‌یده‌توانى بێته‌ شاره‌که‌وه‌«.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌روو که‌ نیگه‌رانى زۆرى له‌ پارتى هه‌یه‌و ده‌ڵێت له‌ کونێکى بچوکیشه‌وه‌ ئاوڕى لێ نه‌دراوه‌ته‌وه‌.

هاوکات ئه‌وه‌ش رونده‌کاته‌وه‌ چه‌ندین به‌رپرسى ئه‌منى له‌سه‌ر پێشنیارى نه‌جمه‌دین که‌ریم پارێزگارى پێشووى که‌رکوک له‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ پله‌ى سه‌ربازیان به‌رزکراوه‌ته‌وه‌و ئوتومبێل و چه‌کیان پێ دراوه‌ تا پشتیوانى ریفراندۆم بکه‌ن.

سه‌رحه‌د قادر جه‌ختیشله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ شیعه‌کانه‌وه‌ داواى لێکراوه‌ بچێته‌وه‌ که‌رکوک و ئاماده‌ن پۆستى باڵاى پێبده‌ن، به‌ڵام وه‌ک خۆى ده‌ڵێت هێشتا بڕیارى نه‌داوه‌.

دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم و هه‌ندێکى دیکه‌یان

سووربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ریفراندۆمه‌که‌ بکرێت.

‌هاوڵاتی: له‌پێش رووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ر کۆبونه‌وه‌یه‌ک کراو به‌رێزتان وه‌ک به‌رێوه‌به‌رى پۆلیسى قه‌زاو ناحییه‌کان به‌شداربوویت، چى باسکرا له‌وکۆبونه‌وه‌یه‌دا؟

سه‌رحه‌د قادر: پێش ئه‌نجامدانى ریفدراندۆم چه‌ند کۆبونه‌وه‌یه‌ک کراوه‌، کاک مه‌سعود هاته‌ که‌رکوک له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌کان له‌پارتى و له‌یه‌کێتى کۆبویه‌وه‌ له‌سه‌ر پرسى ریفراندۆم، له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا دوو بۆچون هه‌بوو، بۆچونێک ئه‌وه‌بوو که‌ ریفرۆاندۆم بکرێت، بۆچونێکى تر براده‌رانى یه‌کێتى ئه‌وانه‌ى به‌تایبه‌ت له‌ که‌رکوکبوون له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم نه‌بوون و داواى ئه‌وه‌یان ده‌کرد که‌نه‌کرێت، به‌ڵام دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم و هه‌ندێکى دیکه‌یان سووربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ریفراندۆمه‌که‌ بکرێت.

مه‌سعود بارزانیش سوور بوو له‌سه‌رئه‌وه‌ى که‌ ریفدراندۆم ئه‌نجام بدرێت، و وتى ئه‌مه‌ هه‌لێکه‌ هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ده‌ستمان بچێت له‌وانه‌یه‌ بۆ ده‌یان ساڵى تر ئه‌و هه‌له‌مان بۆ نه‌ره‌خسێته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ریفراندۆمه‌که‌ هه‌ر ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر که‌رکوک  10 جاریش له‌ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ بگیرێت ئه‌وا ئێمه‌ هه‌ر ده‌یگرینه‌وه‌ و ریفراندۆمه‌که‌ گرنگه‌ که‌ بکرێت.

دواتر کۆبونه‌وەیە‌کى تر کرا له‌مه‌سیف سه‌ڵاحه‌دین هه‌ریه‌ک له‌ کۆسره‌ت ره‌سوڵ و مه‌لا به‌ختیار و ئاسۆ ئه‌ڵمانى چووبوون، پێش ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه‌ له‌مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى له‌که‌رکوک به‌یاننامه‌یه‌ک ئاماده‌ کرابوو که‌ له‌دواى کۆبونه‌وه‌که‌ بخوێنرێته‌وه‌ که‌ بڵێن ریفراندۆم دواخرا ئیتر دیاره‌ کاک مه‌سعود هه‌ر سوور بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامادنى ریفراندۆم، کاک کۆسره‌تى راسپاردبوو هاته‌وه‌ که‌رکوک و ئه‌وه‌بوو له‌ناو مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى له‌ که‌رکوک  به‌ئاماده‌بوونى کاک ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا و کاک ئاسۆ ئه‌ڵمانى کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانى ئه‌نجامداو رایگه‌یاند که‌ ریفراندۆم ده‌کرێت، بۆ مێژوو ده‌یڵێم به‌شێکى زۆر له‌ به‌رپرسانى یه‌کێتى له‌ که‌رکوک له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بوون که‌ ریفراندۆم بکرێت.

‌هاوڵاتی: تۆ ئه‌وکات به‌رێوه‌به‌رى پۆلیسى قه‌زاو ناحییه‌کان بوویت بۆچونت چى بوو له‌سه‌ر ریفراندۆم؟

سه‌رحه‌د قادر: به ‌راستى فه‌خرو شانازى پێوه‌ ده‌که‌م  له‌ئاستى که‌رکوک و له‌ناو هه‌موو پارتیشدا فه‌رمانى ده‌ستگیرکردنم بۆ ده‌رچووه‌ له‌سه‌ر ریفراندۆم ساڵێک و سێ مانگه‌ من له‌ماڵى خۆم دانیشتووم ، که‌س له‌سه‌ر ریفراندۆم  فه‌رمانى گرتنی بۆ ده‌رنه‌چووه‌.

له‌سه‌ر ریفراندۆم له‌ناو پارتیدا ته‌نها فرمانی گرتن بۆ من ده‌رچوو

دیاره‌ ته‌سه‌وره‌کان وابوو که‌ پشتگیرییه‌کى زۆرى نێوده‌وڵه‌تیمان هه‌بێت، به‌ڵام ریفراندۆم که‌ کرا بوو به‌تاپۆیه‌کى ره‌ش چووه‌ ناو گیرفانى هه‌موو تاکێکى کورده‌وه‌، هه‌رکاتێک وه‌زعێکت  بۆ گونجا ده‌توانى ئه‌و کارته‌ به‌کاربهێنیت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌بوو ناوماڵى کورد باشتر رێکبخرایه‌ پێش ئه‌نجامدانى ریفراندۆم.

هاوڵاتی: له‌کاتى روودانى 16ى ئۆکتۆبه‌ردا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ هیچ رۆڵێکى هه‌بوو، یان فه‌رمانده‌ حزبییه‌کان فه‌رمانیان ده‌رده‌کرد به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌ت؟

سه‌رحه‌د قادر: وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌کاتى 16ى ئۆکتۆبه‌ردا هیچ ده‌ورێکى نه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و روداوانه‌، مناڵێکى شه‌ش ساڵان تا سه‌روو سه‌د ساڵ ده‌یانزانى 16ى ئۆکتۆبه‌ر په‌لامارى که‌رکوک ده‌درێت.

هێزێکى زۆر له‌ ره‌شاده‌وه‌ هاتنه‌ ناوچه‌ى به‌شیر لیواکانى پێشمه‌گه‌ به‌شێکى پاشه‌کشێیان کرد، فه‌رمانده‌ عه‌سکه‌رییه‌کان کۆمه‌ڵێک لێدوانى زۆر له‌ خۆیان گه‌وره‌تریاندا، به‌داخه‌وه‌ به‌و شێوه‌بوو که‌ نه‌مانتوانى به‌رگرى بکه‌ین، نه‌مانزانى بۆچى  به‌رگرى نه‌کرا.

له‌کاتێکدا زیاتر له‌ بیست هه‌زار پێشمه‌رگه‌و پۆلیسى به‌رگرى و فریاکه‌وتن و ئاسایش له‌که‌رکوکدا بوون، زێره‌ڤانى و که‌ هه‌موویان سه‌ر به‌ حکومه‌تى هه‌رێم بوون و له‌سه‌ر که‌رکوک موچه‌یان وه‌رگرتووه‌.

که‌ من ئه‌ڵێم  وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ رۆڵى نه‌بوو که‌ شه‌ڕ ده‌ستى پێکرد دکتۆر نه‌جمه‌دین ته‌له‌فونى بۆ کردم و هێزم ره‌وانه‌ى ماڵه‌که‌ى کرد، دکتۆر نه‌جمه‌دینمان به‌رێکرد و له‌ دوز و ناوچه‌ى پیشه‌سازى شه‌ڕ ده‌ستى پێکرد به‌هه‌ر شێوه‌ک سه‌یریت ده‌کرد شتێکى بێسه‌رو به‌ره‌بوو که‌س به‌ که‌س نه‌بوو.

له‌ ناوچه‌ى دبز فیشه‌کێک نه‌ته‌قى ئه‌و هه‌موو هێزه‌ى پێشمه‌رگه‌

هێزه‌ تێکه‌ڵه‌کانى پارتى و یه‌کێتى هێزێکى زۆرى زێره‌ڤانى لێبوو

هێزى پشتیوانى یه‌کى لێبوو، فه‌رمانده‌ى پارتى لێبوو

که‌ سێ بۆ چوار لیوا ده‌بوون، هیچ له‌وێ شه‌ڕ نه‌کرا.

 

ئه‌و هێزه‌ له‌ناوچه‌ى پیشه‌سازى که‌وتنه‌ شه‌ڕى قورس و له‌ مه‌کته‌ب خالید و ره‌شاد پێشمه‌رگه‌ پاشه‌کشه‌ى کرد، له‌ ناوچه‌ى دبز فیشه‌کێک نه‌ته‌قى ئه‌و هه‌موو هێزه‌ى پێشمه‌رگه‌ هێزه‌ تێکه‌ڵه‌کانى پارتى و یه‌کێتى هێزێکى زۆرى زێره‌ڤانى لێبوو هێزى پشتیوانى یه‌کى لێبوو، فه‌رمانده‌ى پارتى لێبوو که‌ سێ بۆ چوار لیوا ده‌بوون، هیچ له‌وێ شه‌ڕ نه‌کرا.

که‌ ته‌له‌فونم بۆ به‌شێک له‌ ئامر لیواکان کرد وتیان پاشه‌کشه‌مان کردووه‌و پێمانوتراوه‌ بکشێنه‌وه‌ هه‌تا ته‌له‌فونه‌که‌ى خۆم دایه‌ ده‌ست دکتۆر نه‌جمه‌دین و ئه‌ویش قسه‌ى له‌گه‌ڵ ئامر لیواکاندا ده‌کرد، نه‌یانوت ئه‌مره‌که‌ له‌کوێوه‌ هاتووه‌.

کاتێک که‌شه‌ڕى داعش دروست بوو و میحوه‌ره‌کان دانران و ئه‌ندامانى مه‌کته‌بى سیاسى و سه‌رکردایه‌تى پارتى و یه‌کێتى بوون به‌ به‌رپرسى میحوه‌ره‌کان وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌تان هه‌ڵوه‌شاند.

ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ فه‌رمانى شه‌ڕكردنی ده‌ربکردایه‌،

ئه‌وا  16ى ئۆکتۆبه‌ر له‌ شه‌نگال و مه‌خمور و که‌رکوک و خانه‌قین روینه‌ده‌دا

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ هیچ رۆڵێکیان نه‌ماو ئه‌وکاته‌ ئه‌و لیوایانه‌ ئه‌مریان له‌ شه‌خسێک وه‌رده‌گرت، یه‌کێک له‌و شتانه‌ى که‌ نه‌مانتوانى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ماوه‌ى ساڵى 1993 تا ئێستا نه‌توانراوه‌ پێشمه‌رگه‌ یه‌ک بخه‌ین ئه‌وه‌بوو که‌ باجه‌که‌یمان دا.

ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ فه‌رمانى شه‌ڕكردنی ده‌ربکردایه‌، ئه‌وا  16ى ئۆکتۆبه‌ر له‌ شه‌نگال و مه‌خمور و که‌رکوک و خانه‌قین روینه‌ده‌دا، ئه‌وانه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ دنیایه‌ک روتبه‌ به‌شانیانه‌وه‌یه‌و هه‌ر خه‌ریکى کۆبونه‌وه‌بوون نه‌یانتوانى پلانێکى تۆکمه‌ دابنێن تا به‌رگرى بکرێت نه‌ک شوێنه‌کان ته‌سلیم بکرێت.

هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر به‌رگرى بکرایه‌ که‌رکوک وه‌ک کوبانێى لێ ده‌هات یان هێزه‌کانى عێراق پاشه‌کشه‌یان ده‌کرد و ده‌توانرا بپارێزرێت؟

سه‌رحه‌د قادر:  با نمونه‌یه‌کت بۆ بهێنمه‌وه‌، فه‌لوجه‌ قه‌زایه‌کى بچوک بوو ئه‌مریکییه‌کان شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ قاعیده‌‌ ده‌کرد و من له‌گه‌ڵ ئه‌مریکییه‌کاندا بووم به‌پێى راپۆرتى ئه‌مرییکه‌کان 250 بۆ 300 چه‌کدارى قاعیده‌و ئه‌نسارو سونه‌ى تێدابوو، ئه‌م هێزه‌ شه‌ش مانگ زیاتر مقاومه‌ى هێزى ئه‌مریکى و عێراقیان کرد 25 بیکه‌یسى و 25 قه‌ناسیان پێبوو.

ده‌بوو په‌رله‌مانى کوردستان و حکومه‌ت لیژنه‌یه‌کیان پێکبهێنایە بۆ ئه‌وه‌ى بزانن هۆکارى شه‌ڕ نه‌کردن چى بوو به‌ فه‌رمانى کێبوو؟، یا بابڵێن ئه‌م فه‌رماندانه‌ خیانه‌تیان کرد کێبوون؟ ئێواره‌ قسه‌ى زلیان کرد و به‌یانى رایان کرد.

راسته‌ که‌ شه‌ڕ بکرایه‌ و به‌رگرى بکرایه‌ مناڵ و ژنیش ده‌کوژرێت و ماڵیش ده‌سوتێت ئه‌گه‌ر هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ یه‌ک بونایه‌ و شه‌ڕى بکردایه‌ به‌ شه‌ش مانگیش که‌رکوک نه‌ده‌گیرا و ئه‌مه‌ى ئێستا روینه‌ده‌دا.

‌هاوڵاتی: چ شتێک هه‌یه‌ که‌ له‌ 16ى ئۆکتۆبه‌ردا روویدابێت و باست نه‌کردبێت؟

سه‌رحه‌د قادر: شت هه‌یه‌ به‌س جارێ ماویه‌تى ئاشکراى بکه‌م، ئه‌وه‌ى خۆم بینیم یاخوا نه‌یبینینه‌وه‌، چونکه‌ داعش 17 جار هێرشى کرده‌ سه‌ر که‌رکوک لیوا حوسێن مه‌نسور، لیوا شێرکۆ شه‌هید بوو که‌ داعش درندانه‌ترین هێز بوو که‌ حکومه‌ته‌کانى دنیا نه‌یانده‌توانى رووبه‌رووى بوه‌ستنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ى که‌ له‌که‌رکوکدا بوو روبه‌ڕوى داعش بونه‌وه‌و نه‌یانتوانى که‌رکوک بگرن.

ئه‌و هه‌موو هێزه‌ى داعش که‌ به‌چه‌ک  و ته‌قه‌مه‌نى له‌عێراق ده‌ستى که‌وتبوو له‌موسڵ نه‌یتوانى به‌رانبه‌ر پێشمه‌رگه‌ خۆى بگرێت به‌مه‌رجێ پێشمه‌رگه‌ 19 فیشه‌کیان پێ ده‌دان و به‌رگریان کردووه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌کاندا ماوه‌ته‌وه‌.

دووجار پێشمه‌رگه‌ گریا، یه‌ک له‌که‌رکوک  دوو له‌و شه‌ڕه‌ فاشیله‌ى که‌ له‌مه‌خمور کرا له‌شیوو دۆڵه‌که‌دا ده‌گریان که‌ هه‌ردوو جاره‌که‌ غه‌در له‌ پێشمه‌رگه‌ کراوه‌ به‌داخه‌وه‌.

‌هاوڵاتی: له‌ 31ى ئابى 2017 کۆبونه‌وه‌یه‌ک کرا دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم و کۆمه‌ڵێک فه‌رمانده‌ى عه‌سکه‌رى و ئه‌منى برد بۆلاى مه‌سعود بارزانى له‌به‌ر رازیکردنیان بۆ ریفراندۆم، چى درا به‌و فه‌رماندانه‌؟

هه‌ریه‌ک له‌ وه‌ستا حه‌سه‌ن به‌رێوه‌به‌رى ئاسایشى سلێمانی و به‌رێوه‌به‌رى ئاسایشى که‌رکوک و چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌کى عه‌سکه‌رى ژماره‌یه‌ک چه‌ک و ئوتومبێل و ده‌مانچه‌یان له‌ لایه‌ن بارزانیه‌وه‌ پێدرا 

سه‌رحه‌د قادر: له‌ 31ى ئابى 2017 دکتۆر نه‌جمه‌دین له‌گه‌ڵ هه‌ردوو به‌رێوه‌به‌رى  ئاسایشى پارتی و یه‌کێتی هه‌ندێک مه‌سئولی میحوره‌کان و فه‌رمانده‌ سه‌ربازیه‌کان چونه‌ لای مسعود بارزانی له‌سه‌ر دوای نه‌جمه‌دین که‌ریم، هه‌ریه‌ک له‌ وه‌ستا حه‌سه‌ن به‌رێوه‌به‌رى ئاسایشى سلێمانی و هه‌ڵکه‌وت عه‌بدوڵا به‌رێوه‌به‌رى ئاسایشى که‌رکوک و هه‌ڵۆ نه‌جات به‌رێوه‌به‌رى ئاسایشى پارتى له‌ که‌رکوک و چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌کى عه‌سکه‌رى پله‌کانیان به‌رزکرایه‌وه‌و ژماره‌یه‌ک چه‌ک و ئوتومبێل و ده‌مانچه‌یان وه‌رگرت و پله‌ به‌رزکردنه‌وه‌یان و پێدانى چه‌ک و ئوتومبێل له‌سه‌ر داواى نه‌جمه‌دین که‌ریم پارێزگارى پێشووى که‌رکوک بووه‌.

‌هاوڵاتی: ئه‌ى پله‌ى تۆ به‌رزکرایه‌وه‌ و هیچت وه‌رگرتووه‌؟

سه‌رحه‌د قادر:  ماوه‌ى 16 ساڵه‌ عه‌میدم و به‌حه‌قى خۆم ئه‌و پله‌یه‌م وه‌رگرتووه‌، چه‌ند جارێک نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت به‌ڵێنیدا بیکات، به‌ڵام نه‌کراوه‌، پله‌م هه‌بێت یان نا هه‌ر سه‌رحه‌د  قادرم.

‌هاوڵاتی: ده‌وترێت پێشتر نامه‌یه‌کت بۆ مه‌سعود بارزانى ناردبوو ئایا وه‌ڵامدرایته‌وه‌و ناوه‌رۆکى نامه‌که‌ چى بوو؟

سه‌رحه‌د قادر: کۆمه‌ڵێک شتى حه‌قیقه‌تم باسکردووه‌و وتوومه‌ داوام کردووه‌ که‌ کاک مه‌سعود جه‌نابى مام جه‌لال و کاک نه‌وشیروان له‌ ژیاندا نه‌ماون و به‌ڕه‌حمه‌ت بن، به‌ته‌مه‌نترین سیاسى له‌ ساحه‌ى کوردستاندا تۆیت له‌ڕووى په‌رله‌مانیه‌وه‌ حزبه‌که‌ى تۆ یه‌که‌مه‌ ده‌ستپێشخه‌رى بکه‌و وه‌زعه‌که‌ باش بکه‌، وه‌ڵامه‌که‌ى به‌نده‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌یبینن.

‌هاوڵاتی: له‌لایه‌ن هێزه‌کانى شیعه‌وه‌ داوات لێکراوه‌ پۆست وه‌ربگریت له‌به‌غداو که‌رکوک؟ ده‌کرێت باسى بکه‌یت؟

سه‌رحه‌د قادر: له‌کاتێکدا فه‌رمانى ده‌ستگیرکردنم هه‌یه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقه‌وه‌ له‌سه‌ر ریفراندۆم، چه‌ند جارێک په‌یوه‌ندیان پێوه‌ کردوم و هاتونه‌ته‌ ماڵم  له‌سلێمانى و له‌م ژوره‌دا دانیشتووین که‌ ئێستا پێکه‌وه‌ ئێمه‌ قسه‌ ده‌که‌ین،  پێیان وتم وه‌ره‌قه‌ى سپیان پێدام و وتیان» قاعید فرقه‌، به‌رێوه‌به‌رى پۆلیسى ئیتحادی، پۆستى ترت ده‌وێ و ده‌ستنیشانى بکه‌و بگه‌ڕێوه‌ بۆ که‌رکوک و دیاله‌«  تا له‌گه‌ڵیاندا ئیش بکه‌م، به‌ڵام هیچ بڕیارێکم نه‌داوه‌.

‌هاوڵاتی: ده‌وترێت نزیکى له‌یه‌کێتى نیشتمانییه‌وه‌؟

سه‌رحه‌د قادر: په‌یوه‌ندیم باشه‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌کانیان و سه‌رکردایه‌تى حزبه‌که‌و په‌یوه‌ندیم به‌هێزه‌.

‌هاوڵاتی: ئایا عه‌مید سه‌رحه‌د وه‌ک که‌سێکى پارتى ماوه‌ یان بێلایه‌نى؟

سه‌رحه‌د قادر: ئێستا من له‌ماڵى خۆمدا ماوه‌ى ساڵێک و سێ مانگه‌ دانیشتووم، هیچ پله‌و پۆستێکم نییه‌و واجبێکى فه‌رمیبم نییه‌، به‌ڵام ئاماده‌م سبه‌ینێ خوێنى خۆم بڕێژم له‌هه‌ر شوێنێک بێت بۆ به‌رگریکردن له‌ کورد و به‌ سه‌دان گه‌نجم له‌گه‌ڵدایه‌.

له‌ فیشه‌کێکى ده‌مانچه‌وه‌ هه‌تا سه‌یاره‌ هه‌موویم ته‌سلیمى حکومه‌ت کردۆته‌وه‌، بڕوابکه‌ ده‌مانچه‌که‌م نارده‌وه‌ 10 فیشه‌کى که‌مبوو ده‌مانچه‌که‌یان وه‌رنه‌گرتبوو داواى ئه‌و 10 فیشه‌که‌یان کردبوو بۆم کڕین و بۆم ناردنه‌وه‌ له‌کاتێکدا 315 شه‌هیدم له‌ که‌رکوکدا هه‌یه‌و 14 جار بریندار کراوم و برام شه‌هید بووه‌، ئه‌وه‌ى له‌که‌رکوک به‌سه‌رماندا هاتووه‌ که‌س به‌سه‌ریدا نه‌هاتووه‌، ئێستاش به‌ سه‌یاره‌ى خۆم دێم و ده‌چم موچه‌که‌شم ماوه‌ى 15 مانگ زیاتره‌ نه‌دراوه‌.

‌هاوڵاتی: پێتوایه‌ کورد وه‌زعى چۆنه‌ له‌ که‌رکوکدا؟ ئایا ده‌کرێت هێزى پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و پۆلیس بچنه‌وه‌ شاره‌که‌؟

سه‌رحه‌د قادر: کورد له‌ که‌رکوکدا دۆڕاوى شه‌ڕه‌و ئه‌و هێزانه‌ى که‌ هاتونه‌ته‌ که‌رکوک براوه‌ى شه‌ڕن، هه‌رچه‌نده‌ زۆر له‌براده‌ران نیگه‌رانن به‌م قسه‌یه‌.

ئه‌و که‌رکوکه‌ عه‌زیمه‌ى که‌ دڵ و قودسى کوردستان بوو هه‌زاران شه‌هیدو ئاواره‌ى هه‌بووه‌، کورد ده‌بێت چاوه‌رێ بکات یان ساڵێکى وه‌کو 1991 دروست بێته‌وه‌ یان وه‌ک 2003 بێته‌وه‌ یان 2014 یه‌کى دیکه‌ دروست ببێته‌وه‌ ئه‌وکات ده‌توانێت بچێته‌وه‌ که‌رکوک، کورد ناتوانێت چیتر وه‌کو جاران هێزه‌کانى بباته‌وه‌ که‌رکوک.

‌هاوڵاتی: پێتوایه‌ بۆچى تا ئێستا کێشه‌کانى که‌رکوک له‌نێوان پارتى و یه‌کێتى چاره‌سه‌ر نه‌کراون؟

سه‌رحه‌د قادر: هه‌ندێکى به‌هۆى غه‌ره‌زى شه‌خسیه‌وه‌یه‌، نه‌ پارتى به‌بێ یه‌کێتى هیچى پێ ده‌کرێت نه‌ یه‌کێتى به‌بێ پارتى پێى ده‌کرێت.

کاک نه‌وشیروان که‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانى راگه‌یاند که‌ شه‌خسى دووه‌مى یه‌کێتى و کاریگه‌رى له‌سه‌ر له‌سه‌دا 90ى سه‌رکرده‌کانى یه‌کێتى هه‌بووه‌ و 25 کورسى هێنا بۆ په‌رله‌مان و هیچ نه‌گۆڕا له‌ مه‌سه‌له‌کان.

ئه‌مڕۆ هێز لاى پارتى و یه‌کێتییه‌،  هێزه‌که‌ لاى ئه‌وانه‌ چه‌ند جار هه‌وڵیانداوه‌ یه‌کتر بسڕنه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌، جارێکى تر هاتنه‌وه‌ که‌رکوک ئه‌م دوو هێزه‌ به‌شێوه‌ى مه‌نتیقانه‌ چى له‌به‌رژه‌وه‌ندى میلله‌ته‌ ئه‌وه‌ بکه‌ن، ئێمه‌ ته‌نازول بۆ تورک و فارس و عه‌ره‌ب بکه‌ین بۆ ته‌نازول بۆ یه‌کدى ناکه‌ین.

هاوڵاتی: پێتوایه‌ پارتى زه‌ره‌رى کرد له‌ به‌شدارى نه‌کردنى له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق له‌ پارێزگاى که‌رکوک؟

سه‌رحه‌د قادر: پارتى گه‌وره‌ترین زه‌ره‌رى کرد که‌ به‌شدارى ئه‌و هه‌ڵبژارنانه‌ى نه‌کرد له‌پارێزگاى که‌رکوک و هیچ نوێنه‌رێکى شاره‌که‌ى نییه‌ له‌په‌رله‌مانى عێراقدا، عه‌ره‌بى سوننه‌ جارێک به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌کانیان نه‌کرد له‌ سنورى که‌رکوکدا تا ئێستا باجى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن پارتیش به‌ڕاستى باجه‌که‌ى ده‌دات و جه‌ماوه‌رێکى زۆرى له‌ده‌ستداوه‌ و ئه‌و دووره‌ په‌رێزیه‌ى پارتى له‌ که‌رکوک زۆر خراپه‌ و ئه‌گەر پارتى لێبوایه‌ دۆخى که‌رکوک باشتر ده‌بوو.

له‌ سلکى پۆلیسدا 16 پۆست که‌ لاى پارتى بووه‌

ئێستا به‌شێکى زۆرى دراوه‌ته‌ عه‌ره‌ب و

هه‌ندێکى تورکمان و ئه‌وانى تر یه‌کێتى دانراون.

له‌ سلکى پۆلیسدا 16 پۆست که‌ لاى پارتى بووه‌ ئێستا به‌شێکى زۆرى دراوه‌ته‌ عه‌ره‌ب و هه‌ندێکى تورکمان و ئه‌وانى تر یه‌کێتى دانراون.

‌هاوڵاتی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایت هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان له‌که‌رکوک بکرێت که‌ 13 ساڵه‌ ئه‌نجامنه‌دراوه‌؟

سه‌رحه‌د قادر:  هه‌ڵبژاردن بکرێت باشتره‌ چونکه‌ هه‌ندێکیان ئێکسپایه‌ر بوون

‌هاوڵاتی: هیچ کات هه‌ڕه‌شه‌ى کوشتنیان لێ کردوویت؟

سه‌رحه‌د قادر: به‌ده‌یانجار هه‌ڕه‌شه‌م لێکراوه‌، من که‌سێک بووم 14 ساڵ له‌که‌رکوک بووم و کۆمه‌ڵێک مه‌له‌فى ئه‌منیم لابووه‌و ئیشم کردووه‌ له‌هه‌موو رووداوه‌کاندا بوم که‌سێک نه‌بووم په‌نجه‌ره‌ى ژوره‌که‌شم درع ببوبێت و جامى سه‌یاره‌کانم درع بووبێت ته‌نها به‌رپرس بووم که‌ چومه‌ته‌ حه‌ویجه‌و زاب و ره‌شاد و ئه‌و سنورانه‌ى که‌ ئێستا هه‌ندێک خه‌ڵک خۆى پێوه‌ باده‌دات شتى وامان به‌سه‌ردا هاتووه‌، باشته‌کانم رێکبکه‌مه‌وه‌ چى بوبێت و کاتى خۆى دێت بۆ باسکردنى.

‌هاوڵاتی: کێ زه‌ره‌رى دا له‌ که‌رکوک که‌ نه‌وتێکى زۆرى تێدایه‌ و هاوڵاتیانى گله‌یى ده‌که‌ن؟

سه‌رحه‌د قادر: که‌رکوک ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌ڕووى نه‌وته‌وه‌و خه‌ڵکه‌که‌ى زه‌ره‌رمه‌ندترین که‌سن، له‌م دواییه‌دا که‌ پاره‌ى په‌ترۆ دۆلار ده‌درا تۆزێک وه‌زعى که‌رکوک باش بوو، دواتر  ئه‌و رێکه‌وتنه‌ى که‌ کرا له‌حکومه‌تى هه‌رێم و پارێزگاى که‌رکوک  بۆ بوژانه‌وه‌ى باش بوو.

به‌ده‌یان بیره‌ نه‌وت به‌ده‌ست براده‌رانى یه‌کێتییه‌وه‌ بوو، ئاڤاناو باى حه‌سه‌ن هه‌مووى به‌ده‌ستى پارتییه‌وه‌ بوو، به‌ڵام پاراستنى بیره‌ نه‌وتییه‌کان و دوکه‌ڵه‌که‌ى و شه‌ونخونییه‌که‌ى موداهه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ بوو شه‌ڕه‌ فیشه‌ک و شه‌هیدیش بۆ ئێمه‌ بوو.

‌هاوڵاتی: نیگه‌رانیت له‌پارتى؟

سه‌رحه‌د قادر: نیگه‌رانیه‌که‌ى من له‌پارتى ئه‌وه‌یه‌ که‌ من زه‌ره‌رمه‌ند بووم له‌سه‌ر ریفراندۆم و چاره‌سه‌رى کێشه‌که‌یان نه‌کردووم، محامییه‌کیان نه‌گرتووه‌ بۆ چاره‌سه‌رى فه‌رمانى گرتنه‌که‌م.

هه‌رچى شتى خه‌ته‌ر هه‌بوو ئێمه‌ له‌پێشه‌وه‌ بووین، له‌وانه‌یه‌ له‌سه‌ر نه‌جمه‌دین که‌ریم و رێبوار تاڵه‌بانى له‌سه‌ر پارتى کێشه‌م هه‌بوو، ئێستا چى بۆ ئه‌وان کراوه‌ چى بۆ من کراوه‌؟ یاخوا سه‌د ئه‌وەنه‌یان بۆ بکرێت، به‌ڵام له‌کونێکى بچوکیشه‌وه‌ ئاوڕم لێنه‌دراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ سه‌ربه‌زییه‌ بۆ من که‌ لاى خه‌ڵک خۆشه‌ویستم و رێزم لێ ده‌گرن.

‌هاوڵاتی: نه‌جمه‌دین که‌ریم که‌ یه‌کێتى بوو  له‌گه‌ڵ رێبوار تاڵه‌بانى که‌ یه‌کگرتووه‌ ئێستا له‌هه‌ولێرن، تۆ که‌ له‌سه‌ر پارتى مه‌حسوبیت له‌سلێمانیت؟ ئه‌مه‌ مه‌ته‌ڵه‌ یان بۆچونه‌کان گۆڕاون؟

سه‌رحه‌د قادر: له‌م رۆژانه‌دا مامۆستا جه‌لالم بینى بریکارى وه‌زاره‌تى ناوخۆ، پێى وتم تۆ له‌گه‌ڵ ره‌فیقه‌ یه‌کێتیه‌کاندا چۆنى له‌سلێمانى منیش ئاوام له‌گه‌ڵ ره‌فیقه‌ پارتییه‌کاندا له‌هه‌ولێر، تۆ بۆ له‌گه‌ڵ ره‌فیقه‌ یه‌کێتیه‌کاندا باشى له‌سلێمانى منیش ئاوا باشم له‌گه‌ڵ ره‌فقیه‌که‌کانمدا له‌هه‌ولێرن،  ئه‌مه‌ش مه‌ته‌ڵه‌ (به‌پێکه‌نینه‌وه‌).

دیاره‌ ئه‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌ى پۆلیسى قه‌زاو ناحییه‌کانى که‌رکوک که‌ منى لێبووم  ئێستا هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى شتێک نه‌مێنێت به‌ناوى قه‌زاو ناحییه‌کانه‌وه‌، داوام لێکراوه‌ چه‌ند جارێک بچمه‌وه‌ که‌رکوک، به‌ڵام هیچ به‌رنامه‌یه‌کم نییه‌ بۆ گه‌رانه‌وه‌م بۆ که‌رکوک. بچمه‌ هه‌ر شوێنێکه‌وه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتم نه‌بێت نایکه‌م، ئێستا بچمه‌وه‌ نه‌ده‌سه‌ڵاتم ده‌بێت نه‌ ئیشیشم پێ ده‌کرێت.

‌هاوڵاتی: ده‌وترێت فیرقه‌یه‌کى هێزه‌ عێراقییه‌کان چونه‌ته‌ ناوچه‌ى داره‌مان؟ زانیاریتان هه‌یه‌؟

سه‌رحه‌د قادر: کاتى خۆى که‌ فیرقه‌ى 12 دروست بوو کۆمه‌ڵێک به‌رپرس قسه‌یان ده‌کرد که‌ ده‌یانوت ناهێڵین بێنه‌ ناو که‌رکوکه‌وه‌، پێشیان لێ ده‌گرین، به‌ڵام هاتنه‌ که‌رکوک به‌س بۆ ناو شاره‌که‌ نه‌هاتن.

ئێستا فیرقه‌ى پۆلیسى ئیتحادى 31 دۆنم زه‌ویان پێدراوه‌ له‌لایه‌ن دائیره‌ى زراعه‌ى که‌رکوک و ئاڵتون کۆپرى لاى (داره‌مان) قیاده‌ى پۆلیسى ئیتحادى ده‌چێته‌ ئه‌و شوێنه‌ و چۆڵیشى ناکه‌ن.

پێشتر هێزى عێراقى ویستیان بێنه‌ که‌یوانه‌وە من چووم پێشم لێگرتن و رێگه‌م پێنه‌دان، من بووم درام به‌ مه‌حکه‌مه‌و عه‌لى غێدان سێجار ته‌له‌فونى بۆ کردم، وتى پێش هێزه‌که‌ى عێراق به‌ربده‌ با بێته‌ ناو سه‌ربازگه‌ى که‌یوانه‌وه‌، وتم نابێت، ئه‌یویست به‌و کۆپته‌ره‌ى خۆى پێى هاتبوو بمگرێت و به‌ سجنى بمبات بۆ به‌غدا،  له‌سه‌ر بڕیارى که‌ریم سنجارى وه‌زیرى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێم و نه‌جمه‌دین که‌ریم که‌ ئه‌وکات پارێزگارى که‌رکوک بوو ده‌یانوت ئه‌وه‌ مام جه‌لال و کاک مه‌سعودمان له‌گه‌ڵدایه‌و نه‌هێڵى ئه‌و هێزه‌ بچێته‌ که‌رکوکه‌وه‌، کاتێکیش درام به‌ مه‌حکه‌مه‌  وتیان ده‌بێت له‌سێداره‌ بدرێت، وتم وایه‌ چ ئیجرائاتێک ده‌که‌ن بیکه‌ن، ده‌یانویست بیزانن پێیان بڵێم کێ نه‌یهێشتوه‌ ئه‌و هێزه‌ بێته‌ که‌رکوکه‌وه‌ له‌ژێر فه‌رمانى کێدا بووه‌.

ئێمه‌ نه‌مانهێشت هێزى عێراقى بێنه‌ که‌رکوکه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا پۆلیسى ئتیحادى له‌ناو که‌رکوکدایه‌ موکافه‌حه‌ى ئیرهابى لێیه‌ مه‌له‌فى ئیدارى و ئه‌منى و عه‌سکه‌رى که‌رکوک لاى کورد نه‌ماوه‌و  حاکمى عه‌سکه‌رى که‌رکوک به‌رێوه‌ ده‌بات.

‌هاوڵاتی: پێتوانیه‌ به‌شێک له‌ خه‌ڵکى که‌رکوک له‌ پارتى و یه‌کێتى نیگه‌رانبن؟

سه‌رحه‌د قادر: خه‌ڵکێکى که‌رکوک که‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ پارتى و یه‌کێتى سودمه‌ند نه‌بوون یا دڵشکاو بوون له‌لایه‌ن حکومه‌تى مه‌رکه‌زى  پشتیوانى کۆمه‌ڵێک گه‌نج ده‌که‌ن و چونه‌ته‌ ناو هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبیه‌وه‌، خه‌ڵکیان بۆ تاعین ده‌که‌ن، ئه‌وه‌تا گه‌نج هه‌یه‌ قسه‌ ده‌کات و  ده‌ڵێت با کورد نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ که‌رکوک، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و قسانه‌ هۆکارى خۆى هه‌یه‌و ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندى به‌ ناته‌بایى پارتى و یه‌کێتیه‌وه‌ هه‌یه‌.

‌هاوڵاتی: ده‌مه‌وێت باسى داعش و پاشماوه‌کانى بکه‌ین، ئه‌و گروپانه‌ زیاتر له‌ چ ناوچه‌یه‌ک جموجۆڵیان هه‌یه‌؟

سه‌رحه‌ قادر: داعش شانه‌ى نوستوویان هه‌یه‌و به‌ده‌یان کیلۆمه‌تریشیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌  به‌ ئیعترافى هێزه‌ عێراقییه‌کان، ئه‌فکارى داعش به‌ده‌یان ساڵى تریش کۆتایى نایات، کاتى خۆى قاعیده‌ ئه‌رزى به‌ده‌سته‌وه‌نه‌بوو به‌س رۆژ هه‌بوو له‌ که‌رکوکدا حه‌وت ئوتومبێلیان ده‌ته‌قانده‌وه‌.

مه‌ترسى هێشتا له‌سه‌ر که‌رکوک ماوه‌ و داعش و گروپه‌کانى دیکه‌ زیاتر له‌ناوچه‌کانى حه‌ویجه‌ن که‌ دۆڵ و شیوى زۆر گه‌وره‌ى تێدایه‌.

له‌حه‌ویجه‌دا چوار پێنج کۆمه‌ڵگاى نیشته‌جێبوونى گه‌وره‌ى تێدایه‌و زیاتر له‌ چوار هه‌زار ماڵ ده‌بێت، گوندی تێدایه‌ به‌قه‌ده‌ر ناحیه‌ى شوان ده‌بێت،  507 گوندى له‌سه‌ره‌، له‌سنورى دبزو داقووق و دوزخورماتوو بونیان هه‌یه‌، رۆژانه‌ هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر هێزه‌ عێراقییه‌کان، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌کانه‌وه‌ له ‌راگه‌یاندنه‌کاندا باس ناکرێت.

‌هاوڵاتی: ئێستا پاشماوه‌کانى داعش چه‌ند گروپن ئه‌گه‌ر زانییاریتان هه‌بێت؟

سه‌رحه‌د قادر: گروپه‌کان به‌ناوه‌کانى ئه‌نسار ئیسلام و ئه‌نسار سوننه‌و قاعیده‌و نه‌قشبه‌ندییه‌کان و به‌عسییه‌کان و جه‌یش رافیده‌ین و جه‌یشى موجاهید و که‌تایب سوره‌ت عشرین و چۆله‌که‌کانى به‌هه‌شت هه‌مووى له‌ حه‌ویجه‌ و ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ن و مه‌ترسى گه‌وره‌یان له‌سه‌ر که‌رکوک هه‌یه‌.

‌هاوڵاتی: ئاڵا سپییه‌کان چ جیاوازییه‌کیان له‌گه‌ڵ داعش هه‌یه‌؟

سه‌رحه‌د قادر: ئاڵا سپییه‌کان هیچ جیاوازییه‌کان له‌گه‌ڵ داعش دا نییه‌، پێشتر به‌ناوى که‌تائیبى سه‌لاحه‌دین بوون به‌حساب له‌و که‌سانه‌ پێکهاتوون که‌ له‌قاعیده‌و به‌عسییه‌کان و پاشماوه‌کانى داعش پێکهاتوون و زویر بوون و ئه‌و گروپه‌یان دروست کردووه‌، ئه‌و گروپانه‌ شه‌ڕى هه‌واڵگرى و عه‌سکه‌رى و جۆرێک له‌پارتییزانى خۆیان ده‌که‌ن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار