بیلال وەھاب توێژەر لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ ھاوڵاتی: بەبێ نێوەندگیریی نێودەوڵەتی مەحاڵە ھەرێم نەوت رادەستی بەغدا بکات

5 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق دوای چەندین ساڵ ناکۆکی و چەندین رێککەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت و وزە، جارێکی تر ھەوڵەکانیان دەستپێکردووەتەوە بۆ گەیستن بە چارەسەری کێشەکانیان، توێژەرێکی پەیمانگای واشنتۆنیش بۆ سیاسەتی رۆژھەڵاتی نزیک پێیوایە ھەرێم بە بێ گرەنتی نێودەوڵەتی نەوتەکەی رادەستی بەغدا ناکات.

لەدوای پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی عادل عەبدولەھدی کە بە سیاسەتمەدارێکی نزیک لە کورد ناسراوە، قۆناغێکی نوێی پەیوەندی لەنێوان ھەرێم و بەغدا ھاتووەتە ئاراوە، دوای نزیکەی دوو ساڵ لە پچڕانی پەیوەندیەکانی ھەردوو حکومەت بەھۆی پڕۆسەی ریفراندۆمی ھەرێمەوە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی.

ئەو قۆناغە نوێیە ھاوکاتە لەگەڵ بوژاندنەوەی کەرتی وزەی ھەرێم، دوای ماوەیەک لەوەستان و پاشەکشە بەھۆی دەستبەرداربوونی کۆمپانیاکان لە کارەکانیان و پێنەدانی شایستە داراییەکانیانەوە، بەڵام ئێستا کۆمپانیاکان دەستیان بەکارەکانیان کردووەتەوە و حکومەتیش شایستەکانیان پێدەدات.

د.بیلال وەھاب توێژەر لە پەیمانگای واشنتۆنیش بۆ سیاسەتی رۆژھەڵاتی نزیک لەم چاوپێکەوتنەکەدا لەگەڵ ھاوڵاتی باس لەوەدەکات، رەوشی کەرتی وزەی ھەرێم بەرەو ئاسایی بونەوە دەڕوات و دەچێتەوە سەر رێچکەیەکی دروست لە ئاستە پیشەسازییکەیدا. کۆمپانیاکانی نەوت و غاز بە رێک و پێکی شایستە داراییەکانیان وەردەگرن، بۆیە ئەوانیش بە چالاکییەوە وەبەرھێنانەکانیان کاراکردووەتەوە، کە بووەتە ھۆی زیادکردنی بەرھەمھێنان و فرۆشتنی نەوتی ھەرێم. لە ئەنجامدا داھاتی ھەرێم زیاتدیکردووە و پێگەی جیۆپۆلەتیکی ھەرێمیش خەریکە راست دەبێتەوە.

ھەرێمی کوردستان پێش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و بەھۆی ئەوەی نەوتی کەرکوکی لەژێر دەستدا بوو ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی رۆژانەی بۆ نزیکەی ملیۆنێک بەرمیل بەرزببووەوە کە زۆربەی ھەناردەی دەرەوە دەکرد، بەڵام لەو کاتەوە ئاستی بەرھەمھێنانی کەم بووەتەوە بۆ کەمتر لە نیوەی ئەو ئاستە، ئەوەش کاریگەری ئەو ھەرێمە تازە گەشەسەندووەی لە بازاڕی وزە سنوردارکردووە.

بیلال وەھاب وتی "زیادەڕەویی لە پێگەی ھەرێم و نەخشەی سیاسیدا دەکرێت، سەرەتا بڕی نەوتی ھەرێم بەو ئەندازەیە نییە کاریگەری دیاری لەسەر بازاری وزە ھەبێت، لەرووی سیاسییەوە پێگەی نێوەوڵەتی حکومەتی ھەرێم لە پاش ئەنجامدانی ریفراندۆم لاواز بووە، چاودێری نێودەوڵەتی و کۆمپانیاکان بینیان کە سیاسەتمەدارانی ھەرێم ئامادەن بەرژەوەندییسە ئابوریی و نەوتییەکانیان بکەنە قوربانی ئامانجە سیاسییەکانیان".

وتیشی "نەوتی ھەرێم لەگەڵ نەوتی عێراق حساب دەکرێت لە دانوستانەکانی ئۆپیکدا، سومعەی پیشەسازی وزەی ھەرێم بەبەردەوامی فرۆشتن و پێدانی شایستەکانی کۆمپانیاکان دەگاتەوە پێگەی ئاسایی خۆی".

لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی ھەولێر و بەغدا لەسەرووی ھەمویانەوە عادل عەبدولمەھدی و نێچیرڤان بارزانی خواستی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوەو لەچوارچێوەی دەستوردا نیشانداوە، ئەوەش ھیوای بەھەردوو حکومەتی ناکۆک لەسەر دۆسیەی نەوت بەخشیوەتەوە کە ھەنگاو بنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانیان.

بیلال وەھاب پێیوایە، ھەولێر و بەغدا خوێندنەوەیان بۆ دەستور و فیدراڵیەتی نەوت جیاوازە، ھەردولا لە ئەنجامدا بەرەو دوو رێگەی جیاوازدا رۆیشتوون و زیانیشیان لەیەکتری داوە، بەغدا دژی ھەموو ھەنگاوەکانی پێشخستنی کەرتی وزەی ھەرێم بووە، ھەرێمیش لەگەڵ بەغدا شەفاف نەبووە، لەنەبوونی تەوافوق ھەردوی زەرەمەند بوون، بەڵام ھەرێم زیاتر بە حوکمی ئەوەی سیاسەتی دارایی و نەختینەیی سەربەخۆ نییە و دەوڵەت نییە.

حکومەتی ناوەندی بەغدا کە ھەمیشە خواستی ئەوەی ھەبووە ھەرێم لە رێگەی ئەوەوە نەوتەکەی ھەناردە بکات، لە ئێستاشدا ھەمان خواستی ھەیە و لە یاسای بودجەدا ھەرێمی پابەندکردووە بەوەی رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رادەست بکات، تا تەواوی بەشە بودجەکەی پێبدات کە نزیکەی ١٠ ترلیۆن دینارە.

بەڵام بیلال وەھاب دەڵێت "مەحاڵ و نەگونجاوە کە ھەرێم سیاسەتی نەوتی خۆی بخاتە ژێر رکێفی بەغداوە، چارەسەر بریتییە لە تەوافوق لەسەر دابەشکردنی داھاتی نەوت، ئەمەش تا ئێستا لەڕێی بودجەوە کراوە، کە پڕۆسەیەکی سیاسییە و بەغدا تێیدا باڵادەستە. چارەسەری کێشەی دارایی ھەرێم و بەغدا بە سیستم کردنی دابەشی داھات دەکرێت لە رێگەی یاساوە، گەر لەسەر داھات رێکبکەون، ھەرێم و حکومەتی فیدراڵی چیتر پێویست ناکات سیاسەتی نەوتیان دژ بەیەک بن.

رونیشیکردەوە "لەم بێ متمانەییەدا شایەت بوونی لایەنێکی نێودەوڵەتی وەک نێوەندگیر پێویستە، بەبێ ئەمە من واینابینم ھەرێم پابەند بێت بەوەی نەوتی خۆی بداتە بەغدا، لەگەڵ ئەوەشدا فرۆشتنی نەوتی کەرکوک لەلایەن بەغداوە لەرێی بۆی نەوتی ھەرێمەوە ئاماژەیەکی باشە بۆ ئامادەیی ھەردولا بۆ لێکتێگەیشتن و پاراستنی بەرژەوەندی دوولایەنە".

لەچەند مانگی رابردوودا ھەرێم و بەغدا رێککەوتن لەسەر ھەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لە رێگەی بۆری نەوتی ھەرێمەوە، کە لەبەرانبەردا ھەرێم پارەی کرێی ھەناردەی نەوتەکە بە بۆرییەکەی وەردەگرێت و داھاتی نەوتەکەش دەگەڕێتەوە بەغدا، بەوەش جارێکی تر نەوتی کەرکوک ھەناردەی دەرەوە کرایەوە کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە راگیرابوو.

بیلال وەھاب باس لەوەدەکات،کەرتی وزەی ھەرێم کێشەی متمانەی ھەیە. "لە بازاڕی نێودەوڵەتی ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٨ زیانی بە ھەرێم گەیاند، نەدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان بووە ھۆی راگرتنی بەشێکی زۆری کاری کۆمپانیاکان. لە ئەنجامدا حکومەت قەرزێکی زۆری لەسەر کۆبووەوە. لەھەمانکاتدا متمانەی لای ھاوڵاتیانیش لاواز بووە بەھۆی کەمی شەفافیەت و نەتوانینی دابینکردنیموچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، کێشەی کەمی کارەبا و نەوتی سپی لای ھاوڵاتیانیش وایکردووە کە سودە راستەوخۆکانی نەوت و گازی ھەرێم لای ھاوڵاتییان وون بێت".

"ھەرێم پێویستە بەردەوام بێت لە گێڕانەوەی متمانە بۆ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز تا بەرھەمھێنان زیاد بکەن، لەلایەکی ترەوە برەو بدرێت بە کەرتی غاز تا کێشەی کارەبا چارەسەر بکرێت، لەھەمووی گرنگتر پەیوەندی لەگەڵ بەغدا ساڕێژبکاتەوە، تا تارمایی یاسایی سەر وزەی ھەرێم لابچێت، گرنگە ھەرێم لە چاکسازییەکانی بواری شەفافیەت بەردەوام بێت بەتایبەتی راپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت".

ساڵی رابردوو حکومەتی ھەرێم لەگەڵ کۆمپانیای دیلۆیتی جیھانی گرێبەستێکی واژۆکرد بەمەبەستی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی راپۆرت لەبارەی نەوتی ھەرێمەوە، لە ھەنگاوێکدا بە ئاڕاستەی شەفافیەت لە کەرتی نەوتدا، پاش ئەو گومانانەی لەو بارەیەوە دروستبوون.

لەپاڵ کەرتی نەوتدا ھەرێم خاوەنی یەدەگێکی گەورەی غازی سروشتییە، کە تا ئێستا وەبەرھێنانی گەورەی تێدا نەکراوە، سەرەڕای گرێبەستی نێوان ھەرێم و داناغاز لەو بارەیەوە کە بەھۆی کێشەکانی نێوانیانەوە زیادکردنی بەرھەمێنانی دواخست.

بیلال وەھاب پێیوایە، ھەرێم لەسەر حسابی نەوت لە بواری گاز پاشکەوتووە، گرێبەستی دانا گاز یەکێک لە گرنگترین کرێبەستەکانی ھەرێم بوو، بەڵام وەک ئاشکرایە کێشە تێکەوت و بووە ھۆی پاشکەوتنی ئەم کەرتە، کە زیانی لە کەرتی کارەبادا.

ئەوەشی خستەڕوو، پاش چارەسەرکردنی کێشە یاسایی و داراییەکانی لەگەڵ دانا گاز، بوار رەخساوە بۆ ئەوەی کەرتی غاز رێچکەی دروستی خۆی بگرێتەوە. "پاش دابینکردنی پێداویستی ناوخۆیی ھەرێم گازی زیادەی ھەرێم دوو دەرچەی ھەیە یان دەیفرۆشێتە بەغدا یان بۆ دەرەوەی وڵات، فرۆشتنی گاز کێشەکان لەگەڵ بەغدا قوڵ دەکاتەوە، بەڵام دەکرێت بەبەغدا بفرۆشرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمی کارەبای عێراق، کە ھاوکار دەبێت بۆ ئەوەی عێراق پشتبەستن بە غازی ئێران کەمبکاتەوە، کە داواکارییەکی سەرەکی ئەمریکایە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار