مەلا سەید ئەحمەد دەڵێت هێرشەکەی باغۆز و نیوزلەندا یەک شتن

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەید ئەحمەد پێنجوێنی ئەندامی پیشووی سەرکردایەتی یەکگرتوو رایگەیاند ئەوەی کە لە باغۆز روویداوە هەمان ئەو شتەیە کە لە نیوزلەندا رویداوە کە تیدا ٤٩ موسوڵمان کوژرا لە ناو دوو مزگەوتدا.

دوای ئەوەی سەید ئەحمەد لە وتاری هەینیدا وتی سێ هەزار کەس لە باغۆز سوتێنراون، ئەمڕۆ لو رونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە قسکانی وتی "ئەمەی لێرە ڕودەدات دژمان، هەر ئەوەیە دژی هەموو موسوڵمانان ڕویداوە لە نیوزلەنداو میانمارو ئەفریقای ناوەڕاست و سوریاو عێراق و بەریتانیاو ئوستورالیاو میسرو تونس و جەزائیر و ...، هەمووی هەمان فکرەی تیرۆریستییە، بەلام ناوو کارەکتەرەکان دەگۆڕێن، ئەگینا هەدەفەکە لێدانە لە ئیسلام نەوەک لە سەید ئەحمەد و فڵان و فیسار".

هەروەها وتی "وەک چۆن ئەوەی نیوزلەندا بە شکست شکایەوە بۆ ناحەزان و بە سەرکەوتن بۆ ئیسلام (الحمد لله ) ، لێرەو لە هەموو شوێنێکی ئەم سەر زەوییە، بەهەمان شێوە بە قازانج دەشکێتەوە بۆ ئیسلام و موسڵمانان، ان شاءالله".

 

ڕونکردنەوەیەک لە سەید ئەحمەد عبدالوهاب پێنجوێنییەوە....

هاوڵاتیان وکوردستانیان و موسوڵمانانی خۆشەویست... السلام عليكم ورحمة الله وبركاته

وەک دەبینین هەڵمەتێکی چەواشەکارانە و بێ بنەمایانەو دور لەڕاستی و دروستی دەست پێکراوە دژمان بۆ لێدان لە کەسایەتیمان و لەمێزەر و جبەو میحرابمان و شوناسی کوردبونمان و موسوڵمان بونمان ....

ئەمەش هەوڵێکی نەزۆک و بێ سود و بێ ئەنجام و چەند بارەیەو تاقی کراوەیە دژمان ، بەڵام لەبەر ڕای گشتی و دۆستان و خەمخۆران و ئازیزانمان، هەستاین بە نوسینی ئەم وەڵامە بۆ ئەو کەسانە... ئەگینا خەڵکی ئێمە چاک دەناسێت و ئەو جۆرە کەسانەش کە دژمان دەنوسێت چاکییان دەناسێت....

بۆیە لەوەڵامی ئەو کەسانەدا دەنوسین...

١. ئێمە بەقسەو وتەی ئەو کەس و پەیج و ئەکاونتانە سارد نابینەوە لە وتنی حەق و پشتیوانی لە مەزڵومان و شەهیدان، وە لە هەر شوێنێک قسەو نوسین و وتەیەکی خێری ئێمەی پێویست بێت، دەیڵێین و ئامادەین، جا با ئەو کەسانە تواناکانیان لە بوارێکی باشتردا بخەنە کار کە ئەنجامی هەبێت

٢. داعش کە هات ، یەکەم زەرەرمەندی سەرەکی، ئێمەی مەلاو وتار بێژی میانڕەو بوین، بۆیە هەرگیز پشتیوانی داعشمان نەکردووەو ناکەین، وە ئەوانەی بیرمەندو خاوەن فکرن، چاک دەزانن داعش بۆ گیانی سونەو موسوڵمانان دروست کراوە نەوەک بۆ گیانی کوفرو ناحەزانی ئیسلام، بۆیە هەرگیز من و مامۆستا هاو پیشەکانم پشتی داعش ناگرین و هەرگیز دژی میللەتە مەزڵومەکەمان ناوەستینەوە

٣. هیوادارم بەکار هێنەرانی فەیس بووک کەمێک زیاتر بیرو هۆشییان بکەنەوەو جوانتر بکەونە دوای ڕاستییەکان، شەرت نییە هەر وێنەیەك دوو دێڕی خرایە ژێر، ئەو نوسینە هی خاوەنی وێنەکە بێت.... وە ئەوانەی لە وتەو قسەی کەسەکاندا تەزویر دەکەن، خوای گەورە تۆڵەیان لێ بکاتەوەو لە کۆڵ فەیس بوک و سۆشیاڵ میدیاو هەموو تۆڕێکی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگای کوردییان بە گشتی بکاتەوە....

٤. هیوادارم میللەتی کوردی خۆشەویست لە کاتی بڵاو بونەوەی هەر کورتە ڤیدیۆیەکدا، بگەڕێت بە دوای ڤیدیۆکەدا بە تەواوەتی، بۆ ئەوەی هەموو وتارەکەو بابەتەکە تێ بگات، وە بۆ ئەوەی حوکم لەسەر کەسەکان نەدرێت بە ڤیدیۆیەکی کورتی بڕڕاو... من ئەو وتارەم لە نوێژی هەینی ڕابردوودا داوە، بە بەرچاوی چەندەها کەس و مۆبایل و کامێرەوە، نەچوم بە دزییەوە وتار بدەم، ئێستەش کە کەمێکی بڕڕاوە بۆ مەبەستێکی نادروست و چەواشەکارانە، ئەوە من داوا لە بینەران و بیسەران و خوێنەران دەکەم، بفەرموون بێن تەماشای ئەو وتارەم و هەموو وتارەکانی ترم بکەن، بۆ ئەوەی حەقیقەتیان بۆ ڕون بێتەوە، وە بۆ ئەوەی بزانن ڕۆژانەو حەفتانەو مانگانەو ساڵانە، ئێمە وتارو گوفتارو خوتبەو کۆبونەوەکانمان، لە خزمەتی دین و ژین و دنیاو قیامەتی میللەتی کوردی موسوڵمان و هەموو میللەتانی مافخوراو چەوساوەی دنیادا بووەو دەبێت، وە هەرگیز چاوەڕوانی پاداشتی دنیاییمان نەکردووە لە هیچ کەس و لایەنێک، بەڵکو تەنهاو تەنها داوای دوعای خێرمان کردووە لە موسوڵمانان و وەتەنهاو تەنها وتومانە، ئەجرو پاداشتی ئێمە لای ئێوە نییە، بەڵکوو لای خوای گەورەو موتەعالە.... جل جلاله

وەک خوای گەورە دەفەرمێت :

وَمَآ أَسۡـَٔلُكُمۡ عَلَيۡهِ مِنۡ أَجۡرٍۖ إِنۡ أَجۡرِيَ إِلَّا عَلَىٰ رَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ

من داوای هیچ جۆره پاداشتێکتان لێ ناکه‌م له‌سه‌ری، من ته‌نها پاداشتی خۆم له په‌روه‌ردگاری جیهانه‌کان ده‌خوازم.

الشعراء ١٠٩

٥. لە کۆتایدا دەمەوێت ئەوە دوبارە بکەمەوە کە چەوەشاکاران و دۆڕاوان، خۆیان نازانن چۆن بەتاڵ بکەنەوە لەو ڕق و قینەی کە هەیانە بەرامبەر ئیسلام و موسوڵمانان و مزگەوت، مەجبور دێن بە چەواشەکاری تۆمەت و جنێو و زمانی تەشهیرو زبر دەبەخشنەوە، ئەمەی لێرە ڕودەدات دژمان، هەر ئەوەیە دژی هەموو موسوڵمانان ڕویداوە لە نیوزلەنداو میانمارو ئەفریقای ناوەڕاست و سوریاو عێراق و بەریتانیاو ئوستورالیاو میسرو تونس و جەزائیر و ...، هەمووی هەمان فکرەی تیرۆریستییە، بەلام ناوو کارەکتەرەکان دەگۆڕێن، ئەگینا هەدەفەکە لێدانە لە ئیسلام نەوەک لە سەید ئەحمەد و فڵان و فیسار....

بەڵام وەک چۆن ئەوەی نیوزلەندا بە شکست شکایەوە بۆ ناحەزان و بە سەرکەوتن بۆ ئیسلام (الحمد لله ) ، لێرەو لە هەموو شوێنێکی ئەم سەر زەوییە، بەهەمان شێوە بە قازانج دەشکێتەوە بۆ ئیسلام و موسڵمانان، ان شاءالله

بۆیە ئەو کارانە ئێمە زیاتر چەسپاو دامەزراو دەکات بە ڕێبازەکەمان و دینەکەمانەوە...

پشت بەخوای گەورە داهاتووی گەش و جوانتر چاوەڕوانی ئەم ئیسلامەو موسوڵمانان دەکات

پشت بە خوای گەورە کۆتایی دێت بە ناخۆشییەکانی وڵاتی موسوڵمانان و خوای گەورە دەروی خێر دەکاتەوە لە هەموو مەزڵومان، وە زاڵمان و درۆزنان و چەواشەکاران، زەلیل و ڕسواو سەرشۆڕ تر دەکات...

برای دڵسۆزتان دکتۆر سەید ئەحمەد عبدالوهاب پێنجوێنی

٢٤ ی ٣ی ٢٠١٩

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار