سلێمانی دوای سوپڕایزەکەی یەکێتی

6 ساڵ لەمەوپێش



ئاسۆ حاجی
                      
لایەنەکانی سلێمانی نەیانتوانی تەجاوزی کلتوری سیاسی باو و زاڵی ئەو شارە بکەن، بۆیە ئەنجامەکەی بە تەجاوزکردنی خۆیان کۆتایی هات، ئەو لایەنانە کە جگە لە ئیسلامییەکان لە دەرئەنجامی پەچەکردار لە هەناوی یەکێتی کەوتونەتە خوارەوە، نەیانتوانی لە بن سێبەر و هەیمەنەی یەکێتی دەرباز ببن، بەڵکو لایەنە ئیسلامییەکانیش ئەو ئاواز و گووتارەیان لی وەخۆش هات و ئەوانیش لەگەڵی کەوتنە هەلەکە سەما.
بزووتنەوەی گۆڕان کە یەکەمین هێز بوو بتوانێ یەکێتی بهەژێنێ، ئەویش لە کۆتاییدا قەبارەی خۆی زانی و نەیتوانی زیاتر لەوە بڕبکا، چونکە هاوکێشەی فیزیایی تایبەت بە کردار و پەرچەکردار ئەوە دەڵێت «کە پەرچەکردار یەکسانە بە کردار».
وێڕای ئامادەیی سەرکردەیەکی کاریزماتیک و کاریگەری وەک نەوشیروان مستەفا کە سەرکێشی ئەو بزاڤەی بەناوی گۆڕان و چاکسازی دەکرد، لەکۆتایی دا دەرکەوت گۆڕان تەنها کەرەستەیەکی نەوشیروان بوو نەک بزاڤێکی سیاسی مەدەنی و زەرورەتێکی مێژوویی وەک بانگەشەی بۆ دەکرا، بۆیە دوای نەمانی نەوشیروان گۆڕانیش پوکایەوە.
بەرهەم ساڵح لە غیابی مام جەلال و نەوشیروان خۆی بە سوارچاکی مەیدانی سلێمانی دەزانی، وای دەزانی ئەوەی بۆ نەوشیروان مستەفا دەچووە سەر بۆ ئەویش بەهەمان شێوە دەبێت، نەیدەزانی ماڵباتی تاڵەبانی هێشتا چڕنوکیان تیژە و بە هەر نرخ و کارێک بێت تۆڵەی لێ دەکەنەوە، بۆیە نەیانهێشت چیڕۆکەکەی دەست پێبکات کە کۆتاییان پێهێنا و دەرسیان دا.

بزووتنەوەی گۆڕان کە یەکەمین هێز بوو

بتوانێ یەکێتی بهەژێنێ، ئەویش

لە کۆتاییدا قەبارەی خۆی زانی و

نەیتوانی زیاتر لەوە بڕ بکا


دەرسی یەکەمی بنەماڵەی تاڵەبانی بۆ بەرهەم، ئەو کاتە بوو هێشتا تاڵەبانی لە ژیاندا مابوو، کاتێک بووە سەرۆکوەزیران دوای تێکەڵ بوونەوەی هەردوو ئیدارەی هەرێم کە بە بڕیاری هاوسەری تاڵەبانی هێرۆ ئیبڕاهیم ئەحمەد ئیمزاکەی لە هەموو دەڤەری بن هەژموونی یەکێتی نەیدەخوارد، بەرهەم جارێکی دیکە خۆی تاقی کردەوە کە هەوڵی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری دا و دیسان شکەست. دکتۆر بەرهەم دوو ئەزموونی دیکەی جەرگبڕتری تاقی کردەوە بە پاڵپشتی کۆسرەت رەسوڵ یەکەمیان یاخی بوونیان لە ماڵی مام جەلال و هەڕەشەی پاڕچەکردنەوەی یەکێتی بە ڕاگەیاندنی ناوەندی بڕیار، دووەم جاریشیان لە خۆ ئامادەکردنی بۆ هەڵبژاردنەکانی عێڕاق هەوڵی دا لەگەڵ کۆسرەت تۆڵەی هەموو شتێک لە ماڵی مام جەلال بکەنەوە، بەڵام کۆسرەت پشتی تێکرد و دەست خستەوە ناو دەستی منداڵەکانی تاڵەبانی.
ئیسلامییەکان  (یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزووتنەوە) بە سەر دوو هەڵوێستی جودا دابەش ببوون، کۆمەڵ بە دوای هەوای لەخۆبایی بوونی گۆڕاندا داچوو، بەبێ لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنێکی لۆژیکیانە بووە سێبەری گۆڕان و زایەڵەی داخوازیەکانی گۆڕان کە لە بەغدا هەموو شتێکی لە دژی هەرێمی کوردستان بوو لە هەولێریش هەموو شتێکی بۆ خزمەتی بەغدا دەکرد، کۆمەڵ و گۆڕان کە دواتر هاوپەیمانێتیەکەی بەرهەم ساڵحیش چووە پاڵیان، گرەویان لە سەر ئەوە دەکرد کە حوکمی ڕەشیدی بەغدا دەسەڵاتی کوردستانیان ڕادەست دەکا ئەگەر ئەوان پشت بکەنە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان و بە کرداریش ئەوەیان کرد، بەڵام حیساباتیان غەڵەت دەرچوو و بەغدا وەڵامی نەدانەوە و خەڵکی کوردستانیش سزای دان.
شاسوار کە وەک موفاجەئەی هەڵبژاردن وەدیارکەوت، ئەگەر بە دیقەت لە سەرەتای وەدیارکەوتنی تا ڕۆژی هەڵبژاردن لێی وردبیەوە، هەموو شتێک بۆ ئەوەمان دەبات کە لە دەستکردی ماڵی تاڵەبانی زیاتر نیە و ئەو جارەیان باشترین خزمەتی بەو ماڵباتە کرد لە پەرتکردن و بردنی دەنگی گۆڕان و باڵەکەی بەرهەم، هەروەها ئەو گەنجانەی حەزیان بەوەیە شتێکی نوێ تاقی بکەنەوە، هەروەها سپاردنی شەڕی بەرهەم ساڵح بە شاسوار کە تێیدا سەرکەوتو بوو بۆ ماڵی مام جەلال گرنگ بوو چونکە بە بەرهەمیان گووت ئێمە نا بەڵکو ناتوانی لە شاسواریش ببەیەوە.
لە سلێمانی کەسێک نیە بەبێ ڕەزامەندی ماڵی تاڵەبانی باڵەخانەیێک دروست بکات، چ جای ئەوەی گەورەترین دامەزراوەی میدیایی و شاری نیشتەجێبوون و شاری گەشتیاری لە ناوەندی شاری سلێمانی دروست بکات، شاسوار لەو هەڵبژاردنە سەرکەوت چونکە ماڵی مام جەلال پیویستیان پێی هەبوو، پێگیری شاسوار بە ماڵی مام جەلال تا ئەو رادەیە دیار بوو کە میدیاکەی بە درێژایی هەڵمەتی هەڵبژاردن بە یەک وشەش دژایەتی ماڵی مام جەلالیان نەکرد و ناوی یەک ئەندامی خێزانەکەیان نەهێنا، بە پێچەوانەوە کەوتبوونە کووتینەوەی سەر و گوێلاکی بەرهەم ساڵح و گردەکە.
حیزبەکانی سلێمانی کە زەنگی کۆتاییان بۆ لێدرا زەحەمەتە بتوانن لە شکستە ڕاست ببنەوە جگە لە ئیسلامیەکان نەبێت کە ئەوانیش زەحمەتە بگەنەوە هێز و شەنگی پێشووتریان چونکە ئەوان لایەنی کەم چوارچێوەی گووتار و بزاڤیان دیارە، بەڵام گۆڕان و هاوپەیمانی بەرهەم ساڵح بەبێ خۆ پێناسەکردنەوە جارێکی دیکە ناتوانن هەنگاوێک بۆ پێشەوە بهاوێژن، لە خۆ پێناسەکردنەوەشدا ئەگەر کەرت بوون و دابەشبوونیان زۆرترە لە ئەگەری خۆگرتنەوە و بەهێزبوونەوە، چونکە ئەوان لە پەڕچەکردارێک زیاتر نین بەرامبەر ئەو هێزەی ئێستای بەسەریان سەرکەوتووە و دەشتوانێ خراپتریشیان بەسەربێنی، بەسەریشیان دەهێنێ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار