کورد لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاکان کۆدەنگ نییە

زۆربەی فراکسیۆنەکان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لە کەرکوک بەڕێوەبچێت، بەڵام پارتی لەگەڵیدا نییە

2019-06-20 15:57:34



هاولآتى

فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق کۆدەنگ نین لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە پارێزگای کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە، زۆربەیان لەگەڵ ئەنجامدانیدان، بەڵام پارتی لەگەڵ ئەنجامدانیدا نییە.

ماوەی چەند مانگێکە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەسەرتاسەری عێراق جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، بەلام هێشتا وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە نادیارە و دیارینەکراوە.

پەرلەمانی عێراق لە ئێستادا سەرقاڵی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکانە، ئەوەش بەربەستی بەردەم دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکەیە، چونکە هێشتا کارەکانی پەرلەمان لەو بارەیەوە تەواونەبوون و کۆمسیۆن چاوەڕوانە بە پێی یاسا هەموارکراوەکە هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببات.

لەچەند رۆژی رابردوودا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاکان کۆبوونەوە، هەروەها سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانیش بۆ هەمان مەبەست کۆبوونەوە، بەڵام هێشتا هەڵوێستێکی یەکگرتوویان نییە لەو بارەیەوە.

ناکۆکی نێوان فراکسیۆنەکان لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە، فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان و زۆربەی فراکسیۆنەکانی دیکە جگە لە فراکسیۆنی پارتی جەخت لەئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە دەکەنەوە لەو ناوچانە، بەڵام فراکسیۆنی پارتی بە پاساوی ئاسایی نەبوونی دۆخی کەرکوک لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەدا نییە.

شیروان میرزا ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە هاولآتى راگەیاند، کورد لە موسڵ و کەرکوک کێشەی لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەیە، بەڵام ئەوان پێیان وایە دەبێت هەڵبژاردنەکە لە پارێزگای کەرکوک لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق بەڕێوەبچێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەناو پێکهاتەکاندا تەنها تورکمان کێشەی هەیە لەسەر هەڵبژاردنەکە، لەناو کوردیشدا پارتی پێیوایە دەبێت رەوشەکە ئاسایی بکرێتەوە پاشان هەڵبژاردن بکرێت، بەلام لەرووی واقیعییەوە کەمێک زەحمەتە، چونکە دەکرێت هەڵبژاردن بکرێت و پاش بردنەوەی کورد هەوڵی ئاساییکردنەوەی رەوشەکە بدرێت.

بەوتەی شیروان میرزا، هەرچەندە رەوشی ئەو ناوچانە وەک ئەوکاتە نییە کە بەدەست کوردەوە بوو، بەڵام ناکرێت هەروا دەستبەرداریی چارەنوسی ئەو ناوچانە بن.

ماوەی ١٤  ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەکەرکوک ئەنجامنەدراوە، بەهۆی ناکۆکی پێکهاتەکانی پارێزگاکەوە لەسەر تۆماری دەنگدەران و دۆخی پارێزگاکە. دوایین هەڵبژاردنی پارێزگاکان لەساڵی ٢٠١٣ لە عێراق ئەنجامدرا، بەڵام هەڵبژاردنەکە لە کەرکوک بەڕێوەنەچوو.

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە 41 ئەندام پێکهاتووە، ٢٦ ئەندامیان لە لیستی برایەتین (کورد) عەرەبەکانیش شەش ئەندام و تورکمانەکانیش نۆ ئەندامیان لەو ئەنجومەنە هەیە، کە لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کارەکانی رووی لە سستی کردووە.

غالب محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لەکەرکوکیش بکرێت و دۆخی تایبەتی پێنەدرێت، بۆ ئەوەی خەڵک ئەنجومەنێکی نوێ هەڵبژێرێت، چونکە ساڵانێکی زۆرە ئەو هەڵبژاردنە لەکەرکوک نەکراوە و ئەنجومەنی ئێستاش کارا نییە.

وتیشی «هەڵبژاردن بکرێت باشترە وەک لەوەی نەکرێت، چونکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەو ناوچانەش کرا و خەڵک دەنگی خۆیدا، هەرچەندە ساختەکاریش کرا، ئێمە شەڕ دەکەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەکەرکوک و ناوچەکانی دیکەی وەکو خانەقین و شنگال و دوزخورماتوو بکرێت».

غالب محەمەد پێیوایە کورد سودمەند دەبێت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بەتایبەتی کە ئێستا کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بەدەست ململانێی حزبییەوە دەناڵێنن و رەوشی ناوچەکان باش نییە.

دوشەممەی رابردوو لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی کۆمسیۆنی کرد بۆ قسەکردن لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە کەرکوک و داواکرا لەسەر دۆسیەی تۆماری دەنگدەران و وردبینیکردنی گفتوگۆی زیاتر بکرێت بە ئامادەبوونی ئیدارەی پارێزگاکە.

بەپێی ماددەی ٣٥ی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان، پێویستە پێش هەڵبژاردن یان شەش مانگ دوای هەڵبژاردنەکە پێداچونەوە بە تۆماری دەنگدەراندا بکرێت، بەڵام بەوتەی کۆمسیۆن بەشی زۆری تۆماری دەنگدەران کێشەی نییە چونکە زیاتر لە نیوەیان ناویان لە سیستمی بایۆمەتری دەنگداندا تۆمارکردووە.

لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و کشانەوەی پێشمەرگە و گەڕانەوەی سوپای عێراق بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، رەوشی ئەو ناوچانە لەرووی ئەمنییەوە ناجێگیرە، ئەوەش پاساوی ئەو لایەنانەیە کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندا نین.

رێبوار هادی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە تا بارودۆخی کەرکوک لە رووی سیاسیی و ئەمنییەوە ئاسایی نەکرێتەوە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ناکەن، ئەو هەڵوێستەشیان لەکۆبوونەوەی فراکسیۆنە کوردییەکاندا راگەیاندووە.

وتیشی «هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان لەگەڵ ئەوەدان دۆخی کەرکوک ئاسایی بکرێتەوە، هەڵبژاردن پەیڕەوکردنی دیموکراسییە ناکرێت لە شارێکدا بکرێت کە ئیدارەی مەدەنی بەڕێوەی نەبات و ئیدارەی سەربازیی بەڕێوەی ببات».

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی باسی لەوەکرد، لایەنەکان بەتایبەتی لایەنە کوردییەکان پێویستیان بەوەیە دۆخێکی ئاسایی هەبێت تا بانگەشەی تێدا بکەن، بەڵام دۆخی ئێستای کەرکوک ئاسایی نییە، بۆیە بەشداری هەر هەڵبژاردنێکی پارێزگاکان ناکەن لەم کاتەدا.

جگە لە لایەنە کوردییەکان، پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوکیش وەکو عەرەب و تورکمان هەڵوێستی جیاجیان لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران و دابەشکردنی پۆستە باڵاکانیان کردووەتە مەرج بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکە.

تا ئێستا وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دیارینەکراوە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەر سێ سەرۆکایەتییەکانی کۆمار و حکومەت و پەرلەمانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەگەر تا یەکی مانگی داهاتوو یاسای هەڵبژاردنەکان هەمواربکرێتەوە، دەتوانن لەمانگی نیسانی ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردنی پارێزگاکان ئەنجام بدەن.

رزگار حاجی حەمە جێگری سەرۆکی کۆمسیۆن بە هاوڵاتی راگەیاند، کۆمسیۆن هەموو ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە و چاوەڕوانی پەرلەمانی عێراقە تا یاسای هەڵبژاردنەکان هەمواربکاتەوە.

وتیشیی «دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن لەدەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدایە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆن، ئەگەر تا یەکی مانگی داهاتوو یاساکە هەمواربکرێتەوە دەتوانین لە مانگی نیسانی ٢٠٢٠ هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببەین».

وتیشی کەرکوک وەکو هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەڵبژاردنی تێدا دەکرێت، لەسەدا ٦٤ی دەنگدەرانی کەرکوک بایۆمەتریان کردووە و کێشەیان نییە.

جێگری سەرۆکی کۆمسیۆن ئەوەی خستەڕوو، کۆمسیۆن بۆ هەموو هەڵبژاردنێک و بۆ تەواوکردنی هەموو ئامادەکارییەکان پێویستی بە ٢٢٠ رۆژە بەبێ ئەوەی هیچ یەکێک لەو رۆژانە پشوو بێت، ئەگەر یاساکە تا سەرەتای مانگی داهاتوو هەمواربکرێتەوە ئەو کاتەیان لەبەردەستدایە، بەڵام ئەگەر تا ئەوکاتە هەموارنەکرێتەوە ئەو کاتەیان لەبەردەستدا نابێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار