قاوەخانەی نازک مەلائیکە شوێنی کۆکردنەوەی رۆشنبیران

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نازک مەلائیکە کە بە ڕابەری شیعری ئازادی عەرەبی دەناسرێت، ١٠ ساڵ دوای مردنی لە شاری بەغدا قاوەخانەیەکی بەناوەوە کراوەتەوە کە بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی رۆشنبیرانی شارەکە.
لە دیواری قاوەخانەکەدا وێنەی چەندین شاعیر و داهێنەری عێراقی و جیهانیی هەڵواسراون، لەگەڵ بەخشکردنی گۆرانی و میوزیک لە ناو هۆڵەکە لە رێگەی بڵنگۆیەکەوە.
ئەمە جگە لەوەی هۆڵێکی گەورەی تێدایە بۆ نمایشکردنی شانۆ و چالاکی هونەری و ئەدەبی.
قاوەخانەی نازک مەلائیکە لە ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ دامەزراوە، نزیکەی ٤٠٠ مەتر دوورە لەو ماڵەی کە تێیدا لە دایک بووەو تێیدا گەورە بووەو هەر لەوێ ناوبانگی دەرکردوە.
نازک سادق مەلائیکە شاعیرێکی عێراقیە و لە ٢٣ ی ئابی ساڵی ١٩٢٣  لەدایک بووە، لەساڵی ١٩٤٤ خانەی مامۆستایانی تەواوکردوە، پاشان چووەتە پەیمانگای هونەرەجوانەکان و لەساڵی ١٩٤٩ بەشی مۆسیقای تەواوکردووە و لەساڵی ١٩٥٩ لە زانکۆی ویسکۆنسن مادیسۆن لەئەمریکا بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەبدا وەرگرتووە و بووەتە مامۆستا لە زانکۆی بەغدا و بەسرە و کوەیت. 
نازک مەلائیکە یەکەم  کەس بووە لەساڵی ١٩٤٧ شیعری ئازادی نوسیوە و چامەی کۆلێرای بەیەکەم شیعری ئەدەبی دەژمێردرێت لە ئەدەبی عەرەبیدا، ئەگەرچی ناوی بەدر شاکر سەیابیش دەهێنرێت کە ئەویش لە هەمانکاتدا شیعری ئازادی نوسیوە.
ئەو سەردەمەی کە دەستی کردووە بە شیعر نووسین، زۆر لە سەردەمی شاعیران بەدر شاکر سەیاب و شازل تاقە و عەبدول وەهاب بەیاتیەوە نزیکبوە و هەر چواریان بەپێشەوایانی نووسینی شیعری ئازاد لەعێراقدا دەژمێردرێن.
نازک مەلائیکە لەشاری بەغدا لەنێو خانەوادەیەکی ڕۆشنبیر پەروەردە بووە و دایکی نازک مەلائیکە بەناوی دایکی نەزاری مەلائیکەوە لەڕۆژنامە وگۆڤارە عێراقیەکان شیعری بڵاوکردۆتەوە و باوکیشی کە بە سادق مەلائیکە ناسراوبووە چەند نووسراوێکی لەپاش بەجێمابووە گرنگترینیان فەرهەنگی ئینسکلۆپیدیای خەڵکی کە لە ٢٠ بەرگدا نوسرابووەوە.
نازک مەلائیکە زمانی عەرەبی خوێندووە و دواتر زمانەکانی لاتینی و ئینگلیزی و فەرەنسی لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا خوێندووە و ماوەی ساڵێک لەبەیروت ژیاوە و ساڵی ١٩٩٠ لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی کەنداوی یەکەم ڕۆشتووە بۆ قاهیرە. 
نازک مەلائیکە ساڵی ١٩٩٦ خەڵاتی بابتینی بەدەستهێناوە و لەساڵی ١٩٩٩ یش دەزگای ئۆپرای میسری ئاهەنگێگیان بۆ گێڕا و خەڵاتیان کرد بەبۆنەی تێپەڕبوونی نیو سەدە بەسەر سەرهەڵدانی
شیعری ئازاد لە وڵاتانی عەرەبیدا کە دەستپێکی سەرهەڵدانەکەی لەوەوە دەستی پێکردووە. 
نازک مەلائیکە بەهۆی نەخۆشیەوە لە ٢٠ ی مانگی شەش (حوزەیران) لە ساڵی ٢٠٠٧ و لەتەمەنی ٨٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە. و لەقەبرسانێکی تایبەت بەخێزانەکەیان لە رۆژئاوای قاهیرە نێژراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار