ئارام ئه‌مین (نهێنیه‌کانی ژیانى عه‌لى وه‌ردى) بڵاوکرده‌وه‌

2018-08-08 10:44:59



هاوڵاتی

کتێبى (نهێنییه‌کانی ژیانى عه‌لى وه‌ردى) له‌نوسینى سه‌لام شه‌ماعییه‌و وه‌رگێڕانى ئارام ئه‌مین شوانى له‌دووتوێى (302) لاپه‌ڕه‌و له‌لایه‌ن ناوه‌ندى (ئاوێره‌وه‌) چاپکراوه‌.
ئه‌م کتێبه‌ کۆمه‌ڵێک ورده‌باس و بابه‌تى پێکه‌وه‌به‌ستراوو هاوکات سه‌ربه‌خۆن سه‌باره‌ت به‌ژیانى عه‌لى وه‌ردی، وێڕاى چه‌ند وێنەیە‌کى تایبه‌تى وه‌ردى له‌قۆناغه‌ جیاوازه‌کانى ژیانی.
ئارام ئه‌مین، وه‌رگێڕى کتێبه‌که‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌رگێڕانى ئه‌م به‌رهه‌مه‌ به‌ ‌هاوڵاتی وت «به‌دڵنیاییه‌وه‌ ورده‌کارى ژیانى ڕۆژانه‌ى زانایه‌کى وا جێى بایه‌خى خوێنه‌ران و تاکه‌ تاکه‌ى مرۆڤى کۆمه‌ڵگه‌یه‌و ڕه‌نگه‌ هه‌موومان به‌شوێن ئه‌وه‌وه‌ بین، بزانین ئه‌م که‌ڵه‌نوسه‌رانه‌ له‌چ کۆمه‌ڵگه‌و چ ژیانێکى کۆمه‌ڵایه‌تى و چ خێزانێکه‌وه‌ هاتووه‌و به‌چ قۆناغێکى ژیاندا تێپه‌ڕیوه‌و وێستگه‌کانى ته‌مه‌نى چى بوون؟».
وتیشى « نوسه‌رى ئه‌م کتێبه‌ (سه‌لام شه‌ماع) دۆستێکى ڕۆژانه‌و به‌رده‌وام و نزیکى وه‌ردى بووه‌، وێڕاى ئه‌و ورده‌کارى و زانیاریانه‌ى وه‌ردى سه‌باره‌ت به‌خۆى به‌نوسه‌رى به‌خشیوه‌، نوسه‌ر خۆیشى شایه‌دى زۆرێک له‌و ڕووداوو به‌سه‌رهاتانه‌ بووه‌ که‌تیایاندا ژیاوه‌و له‌م کتێبه‌دا باسکراون» 
ئارام ئه‌مین جه‌ختی له‌وه‌شکرده‌وه‌ له‌م کتێبه‌دا «سه‌ره‌ڕاى فایلى ئه‌منى وه‌ردى له‌ده‌زگاى ئیستخباراتى وڵات، جگه‌ له‌باسکردنى په‌یوه‌ندى وه‌ردى به‌حکومه‌ته‌کانى عیراق و به‌تایبه‌ت حکومه‌تى به‌عس و خودى سه‌دام حسێن-یشه‌وه‌، باسى هه‌ڵوێستى وه‌ردى سه‌باره‌ت به‌ئایین و به‌عس و حکومه‌تى به‌عس و سه‌دام حسێن و شیعه‌و سوننه‌و عه‌داله‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى و زۆر باس و خواسى دیکه‌ خراوه‌ته‌ڕوو. 
عه‌لى وه‌ردى زانایه‌کى ناسراوى عێراقی، جێپه‌نجه‌ى دیارو ئاشکراى به‌سه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و ناساندنى کۆمه‌ڵگه‌ى عێراقى هه‌یه‌، تائه‌مڕۆش جێگه‌ى ئه‌م زانایه‌ خاڵییه‌و له‌نوسینى دوایین به‌رگى زنجیره‌ کتێبى چه‌رده‌یه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تى مێژووى عێراق، توێژینه‌وه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى له‌کۆمه‌ڵگه‌ى عێراقى که‌وتۆته‌ دۆخێکى نیمچه‌ متبونه‌وه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار