چەکی بێمۆڵەت مۆتەکەی سەر شەقامەکانی کوردستان

4 هەفتە لەمەوپێش



شوان عەباس بەدری

 

هەرچەندە ماوەی چەند ساڵێکە هێزەکانی ناوخۆ بەچڕی دەستییان کردووە بە دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت و دانانی بازگە لەسەر شەقام و رێگە سەرەکییەکانی شارەکان و سەرەڕای قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەک بەبێ مۆڵەت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا  هێشتا لەهەرێمی کوردستان زۆربەی تاوانەکانی کوشتن و بریندارکردن و هەڵکوتانە سەر شوێنان بەو چەکە بێمۆڵەتانە بەردەوامە.

نەبوونی رێوشوێنی تووندیش لەسەر مامەڵەو کڕین و فرۆشتن بەچەکیش، وایکردووە هەڵگرتنی چەک لەلایەن هاونیشتمانیانەوە ببێتە دیاردە، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر زیادبوونی تاوان لەهەرێمی کوردستاندا هەبووە.

لەبارەی ئەم تەوەرە « سەرکەوت ئەحمەد « وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە «هاوڵاتی» راگەیاند ، «سەبارەت بەهەڵمەتەکە ئێمە بازگە دادەنێین و لەهەندێک شوێنیشدا بەردەوامەو گەر کەسێک چەکی بێموڵەتی پێبێت دەستگیری دەکەین، دیارە لەشەڕەکانیشدا هەندێک شەڕ دروست دەبێت کە تەقەشی تیا ناکرێت، بەڵام کەهێزەکانی پۆلیس دەچن کەسەکان دەگرن، ئەگەر کەسێک چەکی بێمۆڵەتی پێبێت تەسلیم بەبنکەیەک دەکرێت و دۆسییەی بۆ دەکرێتەوە».

هەر سەبارەت بەکردنەوەی دۆسییەی ئەو کەسانەی کەچەکی بێمۆڵەتییان پێیەو دەستگیرکراون  «سەرکەوت ئەحمەد» وتی : « ئەو کەسانە رەوانەی دادگا دەکرێن و بەیاسای تازەی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت ئیجرائاتیان لەگەڵ دەکرێت کەسزاکە لەئێستادا قورستر بووە».

لەبارەی سزای هەڵگرتنی ئەو جۆرە چەکانەش وتەبێژەکەی پۆلیس بە «هاوڵاتی» رایگەیاند: « ئەگەر بێتوو کەسەکە تەقەی بەچەکەکە کردبێت ئەوا لەساڵێک تا سێ ساڵ سزای بەندکردنی بەسەردا دەسەپینرێت، ئەمە جگە لەغەرامە کە لەملیۆنێک تا سێ ملیۆن دینار عێراقییە، ئەوەش دەکەوێتە سەر راوبۆچوونی دادگا کەئایا ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ئەو چەکەی بەکارهێناوە یان بەکاری نەهێناوە، یاخود بەو چەکە هەڕەشەی لەخەڵک کردووە یان خود نا «.

لەوەڵامی پرسیارێکی دیکەی «هاوڵاتی» کەئاخۆ لەو هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت چەند کەس دەستگیرکراون، وتەبێژەکەی پۆلیسی سلێمانی وتی : « لەساڵی پار واتە لەساڵی 2023دا، 598 پارچە چەکی بێمۆڵەت دەستی بەسەرداگیراوە».

هەر لەسەر بابەتی سزادانی ئەو کەسانەی کەچەکی بێمۆڵەتیان پێدەگیریت و چۆنییەتی سەپاندنی سزاو ئەو رێکارانەی کەدادگا لەسەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسانەدا دەیانگرێتەبەر «هاوڵاتی» رای یاساناسێکی وەرگرت و وتی: « وەک دیارە یاسای چەک لەچەند ماددەیەک پێکدێت و سەبارەت بەهەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەتیش بەپێی یاسا تاوانە، چونکە هیچ کەسێک بۆی نییە لەدەرەوەی یاسا چەکی بەدەستەوە بێت ئەگەر مۆڵەتی هەڵگرتنی نەبێت، لەبەرئەوەی لەڕووی یاساییەوە بەتاوان ئەژمار دەکرێت».

سەبارەت بەجۆری هەڵگرتنی چەکەکان و ئاخۆ لەسەپاندنی سزادا جیاوازن، ئەم یاساناسە وتی : « لەڕووی یاساییەوە جیاوازن، ئەگەر دەمانچە بێت سزاکە جۆرێکەو ئەگەر کڵاشینکۆف و هاوشێوەکانی کڵاشینکۆف بێت جۆرێکی ترە، بۆ نموونە گەر بەدەمانچەوە کەسەکە دەستگیربکرێت ئەوا لەدادگای کەتن دادگایی دەکرێت، بەڵام گەر بەکڵاشینکۆف و هاوشێوەکانی ئەو چەکە دەستگیربکرێت ئەوا لەدادگای تاوانەکان دادگایی دەکرێت».

«دادگایی کردنەکەش رێکارێکی خۆی هەیە، لەبەرئەوەی دادگای تاوانەکان سزاکەی قورسترە لەچاو دادگای کەتندا، لەهەموو حاڵەتێکیشدا هەردوولا بەو ئاراستەیە کاردەکەن کەئەم کەسە مادەم چەکی بێمۆڵەتی هەیە، کەواتە دەبێ حوکم بدرێت» یاساناسەکە وادەڵێت.

لەبارەی جیاوازی نێوان دادگای کەتن و تاوانیش وتی:» جیاوازییەکە ئەوەیە کەدادگای تاوانەکان لە سێ دادوەر پێکدێت و ئەمە جگە لەداواکاری گشتی کەوەکو پارێزەری مافی گشتی کار لەسەر کەیسەکە دەکات، هەرچەندە داواکاری گشتی حوکم نادات بەڵام ئەگەر هاتوو تاوانەکە شیاوی سزا بێت ئەوا ئەم داوای سەپاندنی سزا بەسەر تاوانباردا دەکات، دادگای کەتنیش لەیەک دادوەر پێکهاتووە لەگەڵ داواکاری گشتی کەئەگەر هاتوو کەسەکە تاوانەکەی بەسەردا ساغ بووەوە یان گەیشتە ئەو قەناعەتەی کەدەبێت حوکم بدرێت ئەوا داوای سەپاندنی سزا دەکات».

سەبارەت بەلەبەرچاوگرتنی سزای کەسێک بۆ کەسێکی تر یاساناسەکە بە «هاوڵاتی»وت: « هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، ئەگەر کەسەکە بۆ کارێکی نەشیاو بەکاریبێنێت جیاوازە لەگەڵ کەسێکی تردا کە بۆ پاراستنی گیانی خۆی چەکەکەی پێبێت، بۆ نمونە ئەگەر کەسێک شوان بێت یان کەسێک لەبازاڕی دراودا کاربکات ئەگەر ئەمانە وەکو ئێحتیاتێک دەمانچەیەک هەڵبگرن ئەگەر بەو چەکە دەستگیرکران ئەوا جیاوازە لەگەڵ کەسێکی تردا کە بۆ نییەتێکی خراپ ئەو چەکەی هەڵگرتبێت، بۆنموونە کەسێک ئەگەر بۆ مەبەستی سەرانەسەندن و سووکایەتی پێکردن و گشت ئەو بابەتانەی کەئەو جۆرە تاوانانە لەخۆدەگرێت بەکاری بهێنێت ئەوا دادگا هەموو ئەم شتانە لەبەرچاو دەگرێت و هۆکارێکن بۆ سووککردن یان تووندکردنی سزای تاوانەکە، لەهەموو حاڵەتێکیشدا ئەگەر کەسەکە پێشینەی تاوانی هەبێت سزاکەی قورسترەو ئیقاف تەنفیزی بۆ ناکرێت لەچاو ئەو کەسەی کەپشێنەی تاوانی نییە».

لەبارەی سەپاندنی سزای ماددیش یاساناسەکە وتی:» بڕی سزاکە دادگا خۆی دیاری دەکات، چونکە پەیوەندی بەقەناعەتی دادوەرەکەوە هەیە».

جێی ئاماژەیە لەڕێنومایی ژمارە 5ی ساڵی 2022ی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای چەکدا لەماددەی 15ی بڕگەی یەکەمی ئەو یاسایە هاتووە کە،

هەر کەسێک بەبێ مۆڵەتی دەسەڵاتی مۆڵەتدان، دەستداریی چەکێکی ئاگرین یان تفاقی بکات، هەڵیبگرێت، بیفرۆشێت، چاکیبکاتەوە یان دەستاودەستی پێوە بکات، ئەوا بەبەندەکردن بۆ ماوەیەک کە لە(١) یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە (٣) سێ ساڵ زیاتر نەبێت و بەپێبژاردنێک کە لە (٢٠٠٠٠٠٠) دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (٥٠٠٠٠٠٠) پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار