هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە چەند پرسیارو وەڵامێکدا

4 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

شارەزایەکی هەڵبژاردنەکان لە هەرێم پرسیار نامەیەکی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاوکردۆتەوەو تیایدا بە وەڵامدانەوەی  ٢٥ پرسیار تیشکدەخاتە سەر رەهەندی هونەریی و لۆجستی و یاسایی و سیاسی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا.

ئارام جەمال توێژەر و شارەزای هەڵبژاردن کە پرسیار نامەکەی ئامادە کردووە ووێنەیەکی بۆ هاوڵاتی ناردووە تیایدا باس لە جیاوازی هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکانی تورکیا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەکات هاوکات ئاماژە بە هەڵمەتی هەڵبژاردن و پاشەکشەی هاوپەیمانێتییەکان و نەبونی کورسی کۆتاکان دەکات.

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی (2024-03-31) بیستەمین خولی هەڵبژاردن بۆ شارەوانییەکانی تورکیا ئەنجام دەدرێت، کە تێیدا 61,441,882 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و 36  پارتی سیاسی کێبڕکێ دەکەن لەسەر بردنەوەی سەرۆکی (30) گەورە شارەوانی و سەرۆکی شارەوانی (51) پارێزگا و سەرۆکی شارەوانی (1393) قەزا و (53) هەزار موختاری گوند و گەڕەک و ئەندامی ئەنجومەنی پیران.

وەک لە پرسیارنامەکەدا هاتووە، سیستمی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دوو جۆرە: بۆ گۆڕینی دەنگی لیستی پارتە سیاسییەکان بۆ کورسیی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی شارەوانی قەزاکان، سیستمی هەڵبژاردنی (لیستی داخراوی نوێنەرایەتی رێژەیی/ شێوازی هۆندت) پیادە دەکرێت، ئەویش بە دابەشکردنی ژمارەی دەنگەکانی هەر حزبێک بەسەر ژمارەکانی (1، 2، 3، 4، 5، 6، 7... هتد). لە کاتێکدا بردنەوەی کورسییەکەی سەرۆکی گەورە شارەوانی و سەرۆکی شارەوانی پارێزگا و سەرۆکی شارەوانی قەزا و موختارەکان بە سیستمی هەڵبژاردنی زۆرینەی براوەی یەکەم دەبێت.

سەبارەت بە جیاوازی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئارام جەمال دەڵێت، ئەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە جیادەکاتەوە ئەوەیە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بەربەستی هەڵبژاردن لە بەردەم ئەو حزبانەدا نییە کە بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا دەکەن، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیادا رێژەی بەربەستی (7%) لە بەردەم حزب و هاوپەیمانێتییە بەشداربووەکاندا هەیە. هاوکات لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا تەنها دەنگدەرانی ناوخۆی تورکیا مافی ئەوەیان هەیە بەشداری لەم هەڵبژاردنە خۆجێیەدا بکەن و دەنگدەرانی دەرەوەی تورکیا ئەو مافەیان پێنەدراوە دەنگ بدەن.

جێگەیباسە بە گوێرەی ئەو پرسیارنامەیە،  کۆتای ژنان لە هیچکام لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی و پەرلەمانی تورکیادا بوونی نییە، هاوکات شتێک نییە بەناوی تەرخانکردنی کورسی کۆتا بۆ پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاکان و تەنانەت رێگە نادرێت بە پارتە سیاسییەکانی سەر بەو پێکهاتانە ناسنامە و سیمبوڵی نەتەوەیی و ئایینی بە پاشگری ناوەکانیشیانەوە هەبێت.

سەبارەت بە دەنگدانی تایبەتیش ( تایبەت بە هێزە ئەمنییەکان ) بە گوێرەی پرسەنامەکە بوونی نییە و ئەو شارەزایە باسی لەوە کردووە کە، لەگەڵ ئەوەی سەرباز و عەسکەر لە زیهنیەتی هاوڵاتیان و دەوڵەتدارانی تورکدا جێگەیەکی سەرتۆپی هەیە بەڵام دەنگدانی تایبەت لە هیچکام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و پەرلەمانی تورکیادا پیادەناکرێت و رۆژی تایبەتیان بۆ جیانەکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە و بێگەردی هەڵبژاردنە گشتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە ئەوەیە کە ئەو هێزانەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆن یان ئەو سەربازانەی بۆ بەجێگەیاندنی ئەرک و فەرمانەکانیان بە خاوو خێزانەوە گوێزراونەتەوە بۆ پاریزگاکانی دیکە، بە تایبەتی بۆ باکوری کوردستان، ئەوانە لە رۆژی دەنگداندا لەوێ دەنگدەدەن و دەنگەکانیشیان لە سنوری ئەو بازنەی هەڵبژاردنەدا بۆ هەژمار دەکرێت، کە دەنگیان تێدا داوە نەک بۆ ئەو بازنەی هەڵبژاردنە بگەڕێتەوە کە تێیدا نیشتەجێن، دیارە ئەمەش رێژەیەک کاریگەری دادەنێت لەسەر ئەنجامی دەنگ و کورسی لە ناوچە کوردییەکاندا.

  هەڵمەتی هەڵبژاردن لە رۆژی 1ی 1ی هەموو پێنجەمین ساڵی رۆژمێری هەڵبژارنەوە دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت هەتا سەعات (6)ی ئێوارەی رۆژی شەممە رێکەوتی 30 مارتی 2024 ، لەوێوە بانگەشەی هەڵبژاردن رادەوەستێت و متبوونی هەڵبژاردن لە 32 پارێزگای باکوری کوردستان و ناوەڕاستی تورکیادا دوانزە سەعاتە لەبەرئەوەی پرۆسەی دەنگدان بەهۆی زوو خۆرئاوابوونەوە لە کاتژمێر (7)ی بەیانییەوە دەستپیدەکات هەتا (4)ی عەسر بەڵام هەڵمەتی هەڵبژاردن لە 49 ولایەتی ناوەڕاست و رۆژئاوای تورکیادا لە كاژێر (8)ی بەیانییەوە دەستپێدەكات بۆ (5)ی عەسر و دوای ئەوە راستەوخۆ دەست بە جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان دەکرێت و لە کاتژمێر (11:59)ی هەمان رۆژدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە رادەگەیەنرێت.

ئەو شارەزایە سەبارەت بە بەشداری کوردیش لەو هەڵبژاردنانەدا دەڵێت: هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە کۆماری تورکیادا مێژوویەکی درێژی هەیە و لە ساڵی 1930دا یەکەمین خولی هەڵبژاردن بۆ شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە ئەنجامدراوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا، کە بیستەمین خولە، تەنها دووجار هەڵبژاردنی شارەوانییەکان تورکیا دواکەوتووە، یەکەمیان بەهۆی کودەتای ساڵی (1960)وە بووە، کە بەهۆیەوە هەڵبژاردنەکە  3 ساڵ دواکەوتووە و دووەمجاریش بەهۆی کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ((1980ی کەنعان ئیڤرینەوە 2 ساڵ دواکەوتووە.

ئەوەی گرنگە لەو ماوە دورو درێژەدا کورد دوای تێپەڕبوونی 69 ساڵ و پانزە خول بەسەر ئەنجامدانی یەکەمین خولی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا، توانی ساڵی  1999 بۆ یەکەمین جار لە ژێر ناوی (پارتی گەلی دیموکراتی -HADEP )دا بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتەدا بکات و تێیدا 37 شارەوانی و لە نێویاندا 7 سەرۆک شارەوانی لە ناوچە کوردییەکاندا بباتەوە. پارتی گەلی دیموکراتی، کە ساڵی 1994 دامەزراوە، لە دوای داخستنی هەریەک لە (پارتی رەنجی گەل- HEP) و (پارتی ئازادی و دیموکراتی -OZDEP) و (پارتی دیموکراتی- DEP)یەوە دێت لەلایەن دادگای دەستووری ئەو وڵاتەوە.

یاسای قەیوم بە دەنگی زۆرینەی ئەندام پەرلەمانەکانی هەردوو پارتی ئەکەپە و مەهەپە و مانگێک دوای کودەتاکەی رۆژی 15ی حوزەیرانی 2016 و لە سەروبەندی راگەیاندنی باری نائاساییدا دەرچوێندرا. لە ماوەی دوو ساڵی راگەیاندنی باری نائاساییدا و پاڵپشت بە یاسای قەیوم لە کۆی 102 سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراوی سەر بە پارتی ئاشتی و دیموکراسی BDP -پارتی دیموکراتی گەلان HDP) 94 سەرۆکشارەوانیان دورخرانەوە و ژمارەیەکیشیان دەستگیرکران، وەک گەورە سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی ئامەد و وان و ماردین و هەمان رۆژ کاربەدەستانی تر وەک نوێنەری دەوڵەت لە جێگەیان دانران.

دەقی پرسیارنامەکە لێرەدا بخوێنەرەوە

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار