هونەرمەند: حەمە هاشم: دەسەڵاتی سیاسی کوردی کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی داناوە لە پەراوێزخستنی ھونەر و کولتور بە گشتی

5 ساڵ لەمەوپێش



ساڵانێکه‌ کار له‌بوارى هونه‌رى شێوه‌کاریدا ده‌کات، چ وه‌ک هونه‌رمه‌ند و چ وه‌ک نوسه‌ر له‌و بواره‌دا، ئه‌و خاوه‌نى چەندین کارى هونه‌رى سه‌رنج ڕاکێش و ناوازه‌یه‌ـ هه‌ربۆیه‌ په‌ڕاوى هاوڵاتى به‌ پێویستى زانى  بۆ ئاشنابوون به‌ دیدگاکانى ده‌رباره‌ى هونه‌رى شێوه‌کارى له‌ هه‌رێمى کوردستان ئه‌م دیداره‌ له‌گه‌ڵ هونەرمەند(حەمە هاشم)دا ساز بدات.

سازدانى: هانه‌ شاخى

*هونه‌رى شێوه‌کارى یه‌کێکه‌ له‌و هونه‌رانه‌ى ڕاسته‌خۆ په‌یوه‌ندى به‌ ژیانه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌ر له‌ ڕه‌نگ و دیزاین و کتێب و ته‌نانه‌ت جل و به‌رگیشه‌وه‌، پێتان وایه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان باش بایه‌خ به‌م هونه‌ره‌ درابێت؟

 -لەھەرێمی کوردستان ھیچ بایەخێکی جددی نابینم بۆ ھونەری شێوەکاری، چونکە لە راستیدا دەسەڵاتی سیاسی کوردی کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی داناوە لە پەراوێزخستنی ھونەر و کولتور بە گشتی، چونکە لە بنەڕەتدا دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانێتی ھەرێم ھیچ پلانێکی نیە بۆ برەودان بە کولتوو، ئەمەش بۆکەمی مەعریفە دەگەڕێتەوە کە نەتوانراوە وەک پێویست کاری لەسەر بکرێت، ھەرچەندە ھەوڵی تاک تاکی ھەندێ لە ھونەرمەندان دەبینرێت، بەڵام بایەخەکە تێر ناکات، بۆیە پێم وایە دەبیَ ھۆشیاری ھونەری و گەشەدان بکرێ بە ئەولەویەت تا گرنگیەکانی ئەم ھونەرە بەدەربکەوێ، چونکە رۆڵی ھەیە لە گەشەدانی ئاستی جوانبینی تاک.

*له‌ ئێستادا کردنه‌وه‌ى پێشانگا هونه‌ریه‌کان تاڕاده‌یه‌ک که‌م بۆته‌وه‌ و ئه‌وانه‌شى که‌ ده‌کرێنه‌وه‌ بینه‌ریان که‌مه‌. هۆکارى ئه‌مانه‌ نه‌بوونى کارى باشى هونه‌ریه‌ یان لاوازى ئاستى تێگه‌یشتنى هونه‌رى تاکه‌کانه‌؟

 -نەبوونی پێشانگای باش مانای ئەوە نیە ھونەرمەندی باشمان نییە، بەڵام لە راستیدا ھونەرمەند لە نمایشکردنی بەرھەمەکانیدا جۆرێک لە بێھودەیی توشبووە، چونکە دەزانێ لە نمایشکردندا ھیچ بایەخێک نابینێ، ئەمەش لەبەر ئەوەی گرنگی نادرێ بە کارەکانی بێگومان ئەم کێشەیەش کۆمەڵێ ھۆکاری ھەیە، لەلایەک کۆمەڵگای کوردی لە ئاستی بینینی ئیستاتیکی کەم بایەخەو بە زەروری نازانێ ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە کۆمەڵگایەکی کولتور شێواوە و پەروەردە بنەڕەتیەکانی پێگەیاندنی کولتوری زۆر لەدواوەیە، جگە لەوەش بە شێوەیەکی گشتی خەڵک گیرۆدەی کێشەی تر کراوە، کێشەی ژیان و گوزەران و ئارامی کە تەرکیزی لەسەر بابەتە کولتوریەکانی کەم بۆتەوە .

*تا چه‌ند ته‌کنه‌لۆژیا به‌تایبه‌ت کۆمپۆته‌ر زیانى به‌ کارى ڕاسته‌قینه‌و تاموچێژى تابلۆى هونه‌رى گه‌یاندوه‌، به‌و پێیه‌و هه‌ندێکجار کارى هونه‌رى هه‌ندێک هونه‌رمه‌ند به‌ کۆمپیۆته‌رى ده‌کرێت؟

 - تەوژمی تەکنەلۆژیا رۆژ بەرۆژ بەرەو پێشەوە دەڕوات و خێراتر گەشە دەکات، کە ئێمە ناتوانین بەری پێبگرین، ئەم گەشەکردنەی تەکنەلۆژیا ھەم سودی بۆ مرۆڤایەتی ھەیە ھەم لە ھەندێ ئاقاردا زیانی گەورەی گەیاندوە بە مرۆڤایەتی بەتایبەت ئەو زیانە گەورانەی بەر ژینگە کەوتووە بە ھۆی تەکنەلۆژیاوە، ھونەری شێوەکاریش بێبەش نیە لەو زیان و سودانە، ھەندێ لە ھونەرمەندانی دوونیا توانیویانە بەھۆی تەکنەلۆژیاوە کاری داھێنانەی گەورە بکەن و سودی لێوەرگرن لە پنتە ھونەرییەکانیان بەتایبەت لە (گرافیک ئارتی تەلەفزیۆنی و دیزاینکردن و ڤیدیۆ ئارت) و زۆری تر، لەبەرامبەر ئەمەشدا لەھەندێ پێگە ھونەرمەند وەک کەرەستەی وێنەکێشانیش سودی لێدەبینێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەچاوی کارەکە چێژ نامێنێ، چونکە ھەندێ کاری وێنەکێشان ھەیە چێژ لە بینینیان دەکەین کاتێک ھەست بە جوڵە و بۆشایی و ھێڵە خێراکانیان دەکەین، کاتێک تۆ لە فۆڕمی کارەکە دا ئەو ھەستەت بۆ دروست نەبوو کاردەکاتە سەر رادەی چێژبینیننت، کەواتە لەھەموو سوچێکەوە تەکنەلۆژیا سودبەخش نیە.

*تۆ زۆر گه‌له‌رى جیهانى گه‌ڕاوى، لێره‌ نه‌بوونى گه‌له‌رى تایبه‌ت به‌ پیشاندانى تابلۆى هونه‌رى تاچه‌ند هۆکاره‌ بۆ نه‌بوونى مۆزه‌خانه‌ى هاوچه‌رخى هونه‌رى؟

 -یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئێمە نەبوونی مۆزەی ھونەری تایبەتە، وە زۆر گرنگە لە منداڵیەوە ئێمە رابھێنرێین بە بینینی بەرھەمی ھونەری لە مۆزەخانەکاندا، جگە لە کوردستان لە زۆرێک لە مۆزەخانەکانی دونیا و ئەوانەی من سەردانیم کردوون زۆرجار منداڵم بینیوە جا یان لەگەڵ باوک و دایک یان لەگەڵ گروپی خوێندنگاکانیان و مامۆستاکانیان ھاتوون، تەنانەت منداڵی باخچەی ساوایانیشم بینیوە، گرنگی بینینی مۆزەخانە بۆ منداڵ زۆر و کاریگەرە لەسەر ژیانی پەروەردەییان، چونکە منداڵ بە بینینی مۆزەخانە چاوگە بنیاتیەکانی مێشک و بیرکردنەوە و پەروەردەیی گەشە دەکات، زانیارییە مێژوویی و جوگرافی و ھونەری و ئەدەبی و زانستیەکانیشی پەرەدەسەنێت و بایەخەکانی مێژوو و داھێنا تێدەگات، بۆیە کاتێک کە گەورە دەبێت رێز دەگرێت لە کولتوری داھێنان و زانستی مێژوو. ھەربۆیە گەلانی پێشکەوتوو گرنگی زۆر دەدەن بە چوونی منداڵ بۆ مۆزەخانە، وە زۆر جاران لە ووڵاتێکی دوورەوە منداڵان بە شێوەی گرووپ و لەگەڵ مامۆستای تایبەت دەچنە ووڵاتێکی تر بۆ بینینی مۆزەخانە گرنگەکان .

*له‌ماوه‌ى ڕابردوودا به‌رده‌کانى نێوان دێگه‌ڵه‌ که‌ سنورى شه‌ڕى ناوخۆبوو ڕه‌نگکرده‌وه‌ هۆکارى دوباره‌ ڕه‌نگ کردنه‌وه‌ى چى بوو؟ مه‌به‌ستان له‌و کاره‌ چیه‌؟

 -ئەو شوێنەی ئەو بەردانەی لێیە پێی دەڵێن (پیرەر)، کە سنوری نێوان دووھێزە شەڕکەرەکەی ناوخۆ بوو ، بیرۆکەکە ھی مامۆستا ئیسماعیل خەیاتە، ئێمە کارمان تێیدا کردوە، لە راستیدا ئامانجی گشتی لە رەنگکردنەوەی ئەم شوێنە بۆ گۆڕینی وەزیفەی شوێنە لە سنوری شەڕ و ماڵوێرانی و مەرگ ، گۆڕینی بە رەنگی جوان و ژیان دۆستی و ئاشتی کە ئەمە بۆخۆی وەزیفە سەرەکیەکەی ھونەرە، لەم ماوەیەدا من لەگەل قوتابیانی ھونەرە جوانەکانی ھەولێر دووبارە بەشێکیمان تازەکردەوە، ئەوەی راستیبێت من مەبەستم بوو قوتابیەکان تەجرەبەیەکی تازە ببینن لە رەسمکردن جیاواز لە پانتای تابلۆ و چوارچێوە، بەڵکوو لە پانتایی گەورەو ئازاد، ئەم جۆرە کردارانەش روانبینییان گەورەتر دەکات بۆ ھونەر و ژیان، جگە لەمەش ئەم شوێنە وەک سیمبولێک بمێنێتەوە جوانە بۆئەوەی ئەو مێژووە رەشە لەبەر چاومان بێت و دووبارە نەبێتەوە، جگە لەوەی بارستەیەکی ئیستاتیکی جوانیش دەبەخشێ بە ناوچەکە .

 

 

نەبوونی پێشانگای باش مانای ئەوە نیە ھونەرمەندی باشمان نییە، بەڵام لە راستیدا ھونەرمەند لە نمایشکردنی بەرھەمەکانیدا توشى جۆرێک لە بێھودەیی بووە.

 

یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئێمە نەبوونی مۆزەی ھونەری تایبەتە، وە زۆر گرنگە لە منداڵیەوە ئێمە رابھێنرێین بە بینینی بەرھەمی ھونەری لە مۆزەخانەکاندا.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار