زانستە مرۆییەکان و ململانێی نێوان زانین / زانیاری - گفتوگۆ لەگەڵ هۆمی بهابا -

2019-01-17 08:35:11



سازکردنی: شیشیر پراساد

لەئینگلیزیەوە: بڕوا عەلادین

 )هۆمی بهابا) پرۆفیسۆری کایەی زانستە مرۆییەکانە لە زانکۆی (Anne F. Rothenberg) بەڕێوەبەری سەنتەری زانستە مرۆییەکانە لە زانکۆی (Harvard) و خاوەنی چەندین کتێبە، لە گرنگترینیان: نەتەوە و گێڕانەوە (1990)، شوێنگەی کولتور (1994)، دەربارەی بژاردەی کولتور (2000)، دیموکراسی دەرکپێنەکراو (2002). 

لەم گفتوگۆیەیدا کە (Forbes India) لە گەڵیدا سازیکردووە، بهابا زۆر بە ڕوونی باس لە ڕۆڵی زانستە مرۆییەکان، قەیرانی گفتوگۆ گشتیەکان و هۆکارەکانی خۆ بە دوورگرتنمان لەیەکتری، دەکات.

 

* بۆئەوەی لە جیهانێکدا بیت و تیایدا ڕێزت لێ بگیرێت، دەبێت میتۆدێکی زانستی بەکاربهێنیت. ئایا زانستە مرۆییەکان دەتوانن چیمان فێربکەن؟

هۆمی بهابا: لە ئەمڕۆدا زانیاری بەلێشاو دەبارێت. ئەوەی کە کایەی زانستە مرۆڤایەتیەکان وەک کۆمەڵێک تایبەتمەندێتی بایەخیان پێداوە، بریتیە لە زانینی ئاست و مەودای بایەخی شرۆڤەکردن. ڕاستیەکان خۆیان نادوێن، چونکە هەر کەسێک دەتوانێت بە شێوەیەک لە شێوەکان پێت بڵێ: ئەمە ڕاستیە. دیارە ئەمەیش خۆی شتێک نیە سەرڕاست و جێی متمانە بێت، بەڵام هەمووان بە شێوەیەکی دیاریکراو نمایشی ڕاستی دەکەن. کەواتە ئەوەی کە زانستە مرۆییەکان دەیکات بریتیە لە وەرگرتنی زانیاریەکان و هەڵگرتنەوەیان تا لە ڕەوتێکی شرۆڤەکارانەدا بیانگۆڕێت بە زانین.

* ئایا چوارچێوەیەکی سانا هەیە تا وەک هەنگاوی سەرەتا بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی شرۆڤاندن بەکاری بهێنیت؟

 

هۆمی بهابا: بەڵێ! یەکەم هەنگاو بۆ سەرەتای هەر شرۆڤاندنێک ڕووانینە لە چڕیی زانیارییەکان. من خۆم سەیری ئەوە ناکەم کە یەکێک لێدوانێکی ناڕاست بدات یا ئامارێکم بخاتە بەردەست کە وردبینانە لێی نەکۆڵراوەتەوە و پڕە لەساختەکاری. تەنها ئەو کاتە دەتوانم شرۆڤەیەکی چالاکانە بکەم کە ڕاستیگەلێک هەبن وەک بناغە و بتوانم شتیان لەسەر بونیادبنێم. هەر لە ڕێی ئەو شرۆڤە چالاکەیشەوە دەتوانم سیستمێکی زانین بەرهەمبهێنم و پاشان بڵێم: لەسەر بنەمای توێژینەوە لەو ڕاستیانە کە تاڕادەیەک چڕن – هەندێکیان ڕاستن و هەندێکیشیان هەڵە –وێنەیەک دەربارەی چۆنێتی درووستبوونی ئەو مەسەلە دیاریکراوە بونیاددەنێم و تا ئەو شوێنە دەڕۆم کە دەبێت لە پێناوی چوونە بنج و بناوانیدا، بۆی بڕۆم.

*بەڵام دەبێت لە چ ڕوانگەیەکەوە بابەتەکە شیبکەینەوە؟ لە دیدی هاوڵاتیانەوە یان ئەوانەی کە خاوەنپشکی کۆمپانیاکانن...

هۆمی بهابا: ئەوە بۆ چەندین سەدە زیاترە کە میراتی مەزنی زانستە مرۆییەکان پێمان دەڵێت کە دەبێت زانین لە خزمەت و بەرژەوەندی مرۆڤایەتیدا بێت. بەرژەوەندی مرۆیی بەو مانایەی کە سوودەکانی کراوە بن و بە کەڵکی زۆرترین ڕێژە لە خەڵکی بێن، بەبێ بێدەنگکردنی ئەوانەی کە دەشێت کەمینە بن؛ چونکە بەبێ ئەوە، هەرگیز ناتوانین باس لە بوونی ڕەوتێکی دیموکراتییانە بکەین. ئەی ئایا کێ سوود لەمە دەبینێت؟ گەر پێمان نەکرا ئازادانە ئەم پرسیارە بوروژێنین، ئەوا ناتوانین باس لە وەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات بکەین. بۆ نمونە با باسی کاژێرە درێژەکانی کارکردن بکەین. گەر بەبێ ویستی خۆت، کارەکەت لێت بخوازێت کە رۆژانە ١٧ کاژێر کاربکەیت و ئەو ماوەیەیش کاریگەری خراپ بکاتە سەر ژیانی تایبەتیت، ئەوا پێویستە ڕاستەوخۆ داوای چارەسەرکردنی بکەیت. بۆ نمونە ئەم گرفتە لەسەر ئاستێکی بەرز لە بەریتانیا خراوەتە بەر باس، بەتایبەتی لەو کاتەدا کە پەرلەمانتارەکان وتیان: ئەم دانیشتنانەی پەرلەمان زۆر درێژە دەکێشن، چونکە بەردەوام کەسێک هەیە کە دەخوازێت گرفتێک بوروژێنێت. جاری وا هەیە ئێمە ٣ یا ٤ کاژێر دەنووین، بوارمان نیە شەوان بچینەوە بۆ ناو خێزانەکانمان. ئێمە بە بۆنەی ئەم کارەمانەوە پەیوەستی و پابەندبوونمان بە ئەرکە خێزانیەکانمانەوە لەبیرچۆتەوە، ئەوەتا بە چەندین کاژێر تا نیوە شەو دەمێنینەوە، ئەمەیش بۆ خۆی شتێکی خراپە.

*بۆچی خەڵکی وەکو تۆ نایانەوێت ئەو گرفتانە لە گفتوگۆ گشتیەکاندا بوروژێنن؟ جاران کەسانی وەک "ئەلبێر کامو" یا "ژان پۆل سارتەر" دەهاتنە ناو ئەو گفتوگۆ گشتییانەوە کە دەربارەی کێشە زۆر زیندووەکانی کۆمەڵگە لەئارادا بوون.

هۆمی بهابا: من خۆم زۆر سەرسامم بەو قۆناغە و بەو گفتوگۆ گشتییانە. هەستدەکەم دەرەنجامەکەی ئەوە بوو کە خەڵکی دەیانووست ببنە ڕۆشنبیری گشتی، بەڵام گرفت ئەوە بوو کە بڵاوکراوەکان کات و ڕووبەری پێویستی پێ نەدەبەخشین. لە ئێستادا میدیا بایەخ بە بیروڕا و ئایدیاکان نادات، ئەوەی کە بۆی گرنگە تەنها هەبوونی زانیاریە. لەبەر هەر هۆکارێکی سیاسی یا ئابوورییش بێت، کەس نایەوێت ئایدیا و بیروڕا لە ئامرازەکانی میدیادا بڵاوببنەوە. هەستدەکەم ئەوە هۆکاری یەکەمە. هۆکاری دووەمیش ئەوەیە کە بەگشتی خودی پرۆسەی فێرکردن بووە بە شتێکی تەکنیکی و پیشەیی، لە کاتێکدا ئەو جۆرە گفتوگۆیانە پێویستیان بە زانینێکە بەرفراوانتر لە زانیاری. لە بنەڕەتدا هەر یەک لە سارتەر و کامو نووسەر بوون، بایەخیان بە سیاسەت و کولتور و مێژوو دەدا. بەڵام لە فێرکردنی ئەمڕۆدا هەمان چەشن بنەمای هیومانیستی نابینیت. ڕاستە گەر ڕای خۆت لەسەر بابەتێک بدەیت کە بواری خۆت نیە، خەڵکی گومان لە پیشەییبوون و ڕاستگۆییت دەکەن. بۆ نمونە کە تۆ شارەزای بواری گەیاندن نەبیت، ئیدی چۆن ڕای خۆتی لەسەر دەڵێێت؟ ئاشکرایە کە ئەمە دەرەنجامی فێرکردنێکی تەواو تەکنیکی پیشەییە. بەڵام گەر تۆ پەروەردەی فێربوونێکی بەرفراوانی مرۆڤانە، ئەدەبی و لیبراڵی بوویت "" کە لە خاڵە بەهێزەکانی فێرکردنە لە ئەمریکادا و دوو ساڵی یەکەمت بەس ئیش لەسەر بەرفراوانکردنی تواناکانی فێربوونت دەکرێت"" ئەوا دەستدەکەیت بە بونیادنانی توانای خۆت بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان کایە جیاوازەکاندا. ئەرکی فێرکردن ئەوەیە کە فێرتبکات پەیوەندی لە نێوان دیسپلینەکان، تایبەتمەندێتیەکان و شێوە جیاوازەکانی زانیندا، دروستبکەیت.

*کاتی خۆی گریکیەکان، هەر کەسێکیان لە خۆیان بە جیاوازتر بزانیایە، پێیان دەووتن: "بەربەریەکان". هەستدەکەم لە زۆر ڕوانگەوە ئێمەیش هەر وا مامەڵەی (ئەوانی تر) دەکەین. بۆ؟

هۆمی بهابا: چونکە تۆ ئەوان وەک مەترسیەک دەبینیت، وەک بوونەوەری ئارەزوونەکراو. دەتەوێت جیهانێک بخوڵقێنیت کە تۆ و نەتەوەکەت داگیری بکەن و دەست بەسەر هەموو شتە باشەکانیدا بگرن. ئەم جۆرە لە پەراوێزخستن بەردەوام لەو کاتانەدا دەردەکەوێت کە دەستکەوتی گەورەی سیاسی و ئابووری هەن و دەتوانیت بیانچنیتەوە. لەم خاڵەیشدا هیچ شتێک لەوە چالاکتر نیە – چالاکتر بە مانای تراژیدیترین – کە بڵێیت فڵان کەس هیندۆسە، فیسار کەس موسوڵمانە، فارسە یا یەهودیە. هەر بۆیە دەبینین کە وێنەی جێگیر و نەگۆڕ دەربارەی ئەم شێوە جیاوازانە لە چەمک دەربارەی شوناسەکان، دەخوڵقێنرێن. بۆ نمونە ئەو دەستەواژەیەی کە دەڵێت: "فارسەکانی هیندستان بە هیچ شێوەیەک پابەند نین بە بە هیندەوە"! دەمەوێت بڵێم کە ئاسانترین شت لە کاتی گرژیی سیاسیدا نیشاندانی خەڵکانی جیاوازە - جیاواز لە ڕووی زمان، ئایین یا کولتورەوە - وەک قۆچی قوربانی، هەروەها دروستکردنی ئایدیا و بیرۆکەی شەڕانگێز و توندوتیژانە دەربارەیان، پاشان بەناوی ئەوەوەی کە گوایە هێرشت دەکەنە سەر، چی ڕقو کینەتە بەڕەڵایبکەیت و توندوتیژانە پەلاماریان بدەیت.

*لە هیند گفتوگۆیەکی بەهێز لە ئارادایە دەربارەی گەشەی ئابووری و هاوکاتیش پاراستنی شێوە ژیانێکی تایبەتی. بۆ نمونە خێڵەکییانە. تۆ چۆن ئەمە لێکدەدەیتەوە؟

 

هۆمی بهابا: ئایا هیچ تاکەکەس یا گروپێک دەتوانن بەر بە پەرەسەندن بگرن؟ لە بەریتانیا ڕوویدا کاتێک کە تونێلییان لێدا. کەسانێک وتیان: ئێمە جێنزرگەی خۆمان جێناهێڵین و چییش دەکەن بیکەن. ئەوانەی کە وایان وت کەمینە بوون، مەبەستیشیان ئەوە بوو کە بە شێوەیەکی گونجاو دان بە زیانەکانیاندا بنرێت و قەرەبوویان بکەنەوە، کە ئەوەیش بۆ خۆی گرنگترین شتە. لەم دۆخەدا تۆ ناتوانیت بەوان بڵێیت دژ بە پێشکەوتنن. خۆ ئەوانەی کە بەشێکیش نین لە پێشکەوتن، هەر خاوەن کولتور، مێژوو، خاک و زاینگەی تایبەت بە خۆیانن، بۆیە دەبێت بەشێکی پەروەردە و فێرکردنمان لە پێناوی کۆمەڵگەیەکی شارستانیدا بێت، چونکە تەنها ئەو هەستکردنە بە بوونی کۆمەڵگەیەکی شارستانیە کە وایان لێدەکات هەستبکەن لەگەڵ ئێمەدان و پێکەوەین، ئەمە جگە لەوەی کە دەبێت دان بە زیانەکانیاندا بنرێت و قەرەبووبکرێنەوە تاوەکو سەرلەنوێ ژیانێکی تازە و سەربەرزانە بۆ خۆیان درووستبکەنەوە کە شایستە بە ژین بێت.

 

سەرچاوە: لەبنەڕەتدا ئەم چاوپێکەوتنە بەرواری (٢٥/٣/٢٠١١) لە گۆڤاری (Forbes India) دا بڵاوکراوەتەوە و منیش لە ماڵپەڕی فەرمی گۆڤارەکەوە بە تۆماری (٢٥/١٢/٢٠١٨)، وەرمگرتووە:

http://www.forbesindia.com/article/real-issue/the-human-factor-an-interview-with-homi-bhabha/23272/1

 

هەمووان بە شێوەیەکی دیاریکراو نمایشی ڕاستی دەکەن. ئەوەی کە زانستە مرۆییەکان دەیکات بریتیە لە وەرگرتنی زانیاریەکان و هەڵگرتنەوەیان تا لە ڕەوتێکی شرۆڤەکارانەدا بیانگۆڕێت بە زانین.

 

زانستە مرۆییەکان پێمان دەڵێت کە دەبێت زانین لە خزمەت و بەرژەوەندی مرۆڤایەتیدا بێت. بەرژەوەندی مرۆیی بەو مانایەی کە سوودەکانی کراوەبن و بە کەڵکی زۆرترین ڕێژە لە خەڵکی بێن

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار