بایکۆتى مامۆستایانى سلێمانى به‌رده‌وامه‌و هه‌ولێریش هه‌ڵیده‌په‌سێرێت

7 ساڵ لەمەوپێش



مانگرتنى مامۆستایانى سلێمانى دژى سیستمى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام مامۆستایانى هه‌ولێر بڕیاری گه‌ڕانه‌ویان بۆ هۆڵه‌کانى خوێندن داوه‌ تا ئه‌و کاته‌ى دڵنیا ده‌بنه‌وه‌ حکومه‌ت به‌ڵێنه‌کانى ده‌باته‌ سه‌ر، له‌باره‌ى  بڕیاری ده‌ستکاریکردنى هه‌ڵگرتنى پاشکه‌وته‌وه‌.


ماوه‌ى زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌که‌ ناڕه‌زایه‌تى زۆربه‌ى شاروشارۆچکه‌کانى هه‌رێمى کوردستانى گرتۆته‌وه‌ دژى سیستمى پاشه‌که‌وتى مووچه‌و هه‌ندێک له‌ فه‌رمانگه‌کان ده‌وامی فه‌رمیان راگرتووه‌، به‌ تایبه‌تى کارمه‌ندنى  ته‌ندروستى و مامۆستایان.


به‌ڵێنێکى چه‌ند رۆژى رابردووى حکومه‌ت ناڕه‌زایه‌تیه‌کانى نه‌وستاند، له‌ سنوری سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان بایکۆت به‌رده‌وامه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ى مامۆستایانى هه‌ولێر ئه‌مرۆ رایانگه‌یاند مانگرتنه‌که‌ ده‌شکێنن.


ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى مامۆستایانى ناڕازى رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ بایکۆت و خۆپیشاندانه‌کان.


عوسمان گوڵپى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى مامۆستایانى ناڕازى، به‌ سایتى هاوڵاتى راگه‌یاند :"له‌ ئێستادا خۆپیشاندانه‌کان چووه‌ته‌ قۆناغێکى نوێوه‌، که‌ رۆژانه‌ بۆ ماوه‌ى 24 کاتژمێر به‌ شه‌و و رۆژ، به‌رده‌وامین له‌ خۆپیشاندان و چالاکى مه‌ده‌نى".


وتیشی "هه‌ڕه‌شه‌کانى حکومه‌تیش نامان ترسێنێت. به‌ڵێنه‌کانى حکومه‌ت و ده‌ستکاریکردنى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ش، به‌ شتێکى ناڕاست ده‌زانین".

ئاماژه‌ به‌وه‌شکرد  که‌ ئه‌وان به‌ به‌رده‌وامى په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ناوچه‌کانى کۆیه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان و ده‌ڤه‌رى راپه‌ڕین و هه‌ولێر و ناوچه‌کانى تریش هه‌یه‌، "هه‌تاکو ئامانجه‌کانمان به‌ده‌ستبهێنین و کۆتایی به‌م سیسته‌مى پاشه‌که‌وته‌ بهێنین"


له‌کۆتایی هه‌فته‌ى رابردوو، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌ رێگه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌، که‌مکردنه‌وه‌ى  پاشه‌که‌وتى مووچه‌ى راگه‌یاند، به‌جۆرێک موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم، رێژه‌ى پاشکه‌وته‌که‌ى، له‌نێوان، (10% بۆ %30) بێت، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره‌، مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانى ناڕازى له‌ سنورى سلێمانى، نه‌گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ هۆڵه‌کانى خوێندن و سه‌رکاره‌کانیان.


 له‌م باره‌یه‌وه‌، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى ناڕازى مامۆستایان ده‌ڵێت :" کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌، هیچ متمانه‌یه‌ک له‌نێوان حکومه‌ت و فه‌رمانبه‌ران دا نه‌ماوه‌، نه‌ک هه‌واڵى که‌مکردنه‌وه‌ى پاشه‌که‌وتى موچه‌، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر بشڵێت، به‌ته‌واوى پاشه‌که‌وتى موچه‌مان هه‌ڵگرت و کۆتایی به‌و سیسته‌مه‌ هات، مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانى ناڕازى بڕوا ناکه‌ن، هه‌تا پاره‌که‌ نه‌که‌نه‌ گیرفانى خۆیانه‌وه‌، چونکه‌ حکومه‌ت هیچ متمانه‌یه‌کى نه‌ماوه‌"


هه‌فته‌ى رابردوو، بایکۆت و خۆپیشاندانه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان، شێوه‌یه‌کى جیاوازترى له‌ پێشوو وه‌رگرت. بۆ یه‌که‌مجار له‌ماوه‌ى سێ ساڵى رابردوودا،  هاوکات له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیو خۆپیشاندانى مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌رانى ناوچه‌کانى سلێمانی، ده‌ڤه‌رى راپه‌رین و هه‌ڵه‌بجه‌ و  گه‌رمیان، مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌رانى ناڕازى له‌ هه‌ولێر، دهۆک، زاخۆ و ژماره‌یه‌ک له‌‌شارو شارۆچکه‌کانى ترى سنورى ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتى، رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و داوایان ده‌کرد کۆتایی به‌‌سیسته‌مى پاشه‌که‌وتى موچه‌ى موچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان، بهێنرێت.


خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى پارتى، دواى ئه‌وه‌ هات، که‌ حکومه‌تى عێراقى، به‌ رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌و بڕیاره‌ى په‌شیمان بوویه‌وه‌ که‌ پێشتر به‌ فه‌رمانبه‌رانى  هه‌ردوو وه‌زاره‌تى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌و ته‌ندورووستى دابوو، به‌وه‌ى مووچه‌ى ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ به‌بێ پاشه‌که‌وت دابه‌شبکرێت.
هاوکات ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 31/3/2018 ده‌سته‌ى مامۆستایانى ناڕازى هه‌ولێر، له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا، بڕیاراندا به‌شێوه‌یه‌کى کاتى، بایکۆتى خوێندن بشکێنن و بچنه‌وه‌ هۆڵه‌کانى خوێندن، گومانه‌کانى خۆشیان له‌ بێ به‌ڵێنى حکومه‌تى هه‌رێم نه‌شاردووه‌ته‌وه‌.


له‌ به‌یاننامه‌که‌ى مامۆستایانى ناڕازى هه‌ولێردا هاتووه‌ "به‌شێوه‌یه‌کى کاتى بایکۆتى خوێندن له‌شارى هه‌ولێر هه‌ڵده‌په‌سێرین"


له‌ به‌شێکى ترى به‌یاننامه‌که‌دا هاتووه‌ "ئێمه‌ گومانمان له‌ ئه‌گه‌ر و به‌ڵێنه‌کانى حکومه‌ت هه‌یه‌ له‌ جێبه‌جێ کردنى بڕیاره‌کانى، بۆیه‌ ئێمه‌ چاودێرى جێبه‌جێکردنى بڕیاره‌که‌ ده‌که‌ین و له‌فشار و هه‌ڵوێستى مه‌ده‌نیانه‌ى خۆمان به‌رده‌وامده‌بین، تا ئه‌و ڕۆژه‌ى ته‌واوى داواکارییه‌کانمان جێبه‌جێده‌کرێت". 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار