لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریدا لە هەولێر، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زنجیرەیەک بەڵێن و هەڵوێستی ئاراستەی خەڵکی کوردستان و هەولێر کرد و جەختی کردەوە، "قەڵای هەولێر سەوزە و دڵنیام ڕۆژی دەنگدان خەڵکی هەولێر سندوقەکان سەوز دەکەن." سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، "زیان بە ئابووری خەڵک گەیەندراوە و لەبەرانبەردا هەندێک کەس بوونەتە فیرعەون،" و بەڵێنی دا، کە "کۆتایی بە پاوانخوازی و قۆرغکردنی ئابووری کوردستان دەهێنین." ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "دامەزراندن بۆ خەڵکی کوردستان نییە، بەڵام بۆ نزیکی فیرعەونەکان بەردەوامە." هەروەها وتی، "ڕزگارتان دەکەین لە پاڵاوگە نایاساییەکان و بەهۆی کاری قاچاخچێتی و دزییەوە کارەبا و سووتەمەنی گران بووە." بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی کردەوە کە یەکێتی "دەنگی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستانە لە بەغداد" و "هێزی خەڵکی کوردستانە لە بەغداد." بەڵێنیشی دا کە "لە بەغدادەوە بودجەی کوردستان وەک ساڵانی 2004 لێدەکەینەوە" و "پرۆژەی گەورە لە بەغدادەوە دەهێنینەوە بۆ کوردستان." هەروەها وتی، "لە بەغدادەوە کار دەکەین سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ خەڵک دابین بکەین" و "بازرگانی لە نێوان هەولێر و هەموو عێراق دەبوژێنینەوە." تاڵەبانی ڕوونیکردەوە کە "یەکێتی پردی پەیوەندیی هەرێم و بەغداد دروست دەکات" و دەیەوێت "ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی لەبارەی پرسە گرنگەکان لەگەڵ بەغداد بکات." سەرۆکی یەکێتی بە توندی باسی لە مافی پێکهاتەکان کرد و وتی، "دەبێت پێکهاتەکان لە هەرێم نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت." ئاماژەی بەوەدا کە "هەندێک کەس بە دزین و دەستبەسەرداگرتنی زەوی پێکهاتەکان دەوڵەمەندبوون" و بەڵێنی دا "دەبین بە پارێزەری کریستیانەکانی کوردستان" و "دەبین بە نوێنەری ڕاستەقینەی پێکهاتەی تورکمان." بافڵ جەلال تاڵەبانی هەروەها ڕایگەیاند، "پرسی گەڕاندنەوەی مافی پێکهاتەکان لە عێراق و هەرێم دەکەینە پرسێکی نێودەوڵەتی و لە ئەمریکاوە دەست پێدەکەین." بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی تایبەتی ئاراستەی خەڵکی هەولێر کرد و وتی، "هەولێر بەجێناهێڵین و وەک سەفین لە پشتی خەڵکی هەولێر دەوەستین." ناوبراو ڕەخنەی لە شێوازی ئاوەدانی گرت و وتی، "بینای بەرز و پان هیچ قیمەتی نییە ئەگەر خەڵکی هەولێر ئازاد نەبێت" و "لە هەولێر باڵەخانە و شەقامی زۆر دروستکراوە، بەڵام ئازادی تیادا نییە." هەروەها وتی، "هۆڵی گەورەمان بۆچییە ئەگەر ئەکتەرێک نەتوانێت ڕەخنە لە دزێک بگرێت؟" و بەڵێنی دا "دەمانەوێت هەولێر لە دوکەڵ و پیسی ژینگە پاکبکەینەوە." سەبارەت بە بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوو، سەرۆکی یەکێتی هەڵوێستی حزبەکەی ڕوونکردەوە و وتی، "ناچینە ناو حکومەتێک کە جیاکاری لەنێوان شارەکان بکات، دەچینە ناو حکومەتێک، کە خزمەتی هەموو هاوڵاتییان بکات." هەروەها جەختی کردەوە، "ئیتر غەدر لە کەس قبوڵ ناکەین و شەڕدەکەین تاوەکو ئێوە وەک پێویست مافی خۆتان وەربگرن."
لە ڕاگەیەندراوێکدا بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، سهرۆك مهسعود بارزانی، لهگهڵ ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی پارێزگای دهۆك كۆبووهوه و داوای کرد خهڵك له مهترسییهكانی ماددهی هۆشبهر هوشیار بكهنهوه. ئەمرۆ شەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، له شاری دهۆك سهرۆك مهسعود بارزانی، لهگهڵ ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی پارێزگای دهۆك كۆبووهوه. لهو كۆبوونهوهیهدا سهرۆك بارزانی وتارێكی پێشكهشی ئامادهبووان كرد و تیشكی خسته سهر چهند تهوهرێكی پهیوهست به دۆخی ئێستا و ئاییندهی ههرێمی كوردستان و عێراق. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ سهبارهت به ههڵبژاردن، سهرۆك بارزانی ڕایگهیاند، ههڵبژاردن پڕۆسهیهكی زۆر گرنگه و تێیدا خهڵك بڕیار له چارهنووسی خۆی دهدات و ئێمهش دهمانهوێت میللهت ئازاد بێت و به ئازادی بڕیاری خۆی بدات، ههرچهنده به لای پارتییهوه ههڵبژاردن بۆ بهدهستهێنانی پۆست نییه به قهد ئهوهی كه دهمانهوێ هێز و دهنگی پارتی به ههموو لایەک نیشان بدهین و بهو هێز و دهنگیشهوه بهرگری له مافهكانی خهڵكی كوردستان و عێراق بكهین. له بهشێكی دیكهی وتارهكهیدا سهرۆك بارزانی باسی ئهو زوڵم و زۆردارییهی كرد كه به درێژایی مێژوو له خهڵكی كوردستان به بێ جیاوازیی ئایینی و نهتهوهیی كراوه ههر له دامهزراندنی دهوڵهتی عێراقهوه كه مهرجی دامهزراندنی ئهو دهوڵهته ههبوونی شهراكهت و هاوسهنگی و سازان بوو، بهڵام ئهمه جێبهجێ نهكرا، بۆیهش عێراق به بهردهوامی تا ئێستاش له كێشه و ئاڵۆزیدا دهژیێت. ههروهها ئاماژهی به قۆناغهكانی زوڵم و زۆری و جینۆسایدكردنی خهڵكی كوردستان كرد به موسڵمان و مهسیحی و ئێزدییهوه چ لهسهر دهستی ڕژێمهكانی عێراق یان لهم چهند ساڵهی دواییدا كه داعش كردی. لهو چوارچێوهیهدا سهرۆك بارزانی باسی لهوه كرد كه له كوردستان فهرههنگی پێكهوهژیان و لێبوردهیی زۆر جێگهی شانازییه و له ههموو جیهانیش باسی دهكرێت. بۆیه ئهمه سهرمایهیهكی مهزنه بۆ ئێمه و دهبێ بیپارێزین و زیاتر بههێزی بكهین. له تهوهرێكی دیكهی وتارهكهیدا سهرۆك بارزانی ئاماژهی بهوه كرد، دوای 2003 ههوڵماندا پێكهوه عێراقێكی نوێ بنیاد بنێین، دهستووری ههمیشهیی عێراق نووسرا و زۆربهی كێشهكان له وێدا چارهسهرییان بۆ دانرا، پێمان وابوو ئهگهر ئهم دهستووره جێبهجێ بكرێت عێراق له زۆربهی كێشهكان ڕزگاری دهبێت، بهڵام به داخهوه ئهوهش نهكرا. ئێستاش ئومێدمان وایه دوای ئهو ههڵبژاردنه، لهگهڵ هەندێك لایهنی دڵسۆز ڕێككهوتن بكهین و عێراق لهم میحنهته ڕزگار بێت. داوامان له كاندیدانی خۆشمان كردووه كه دهبێ نوێنهری ههموو خهڵكی عێراق بن به بێ جیاوازی. له بهشێكی دیكهی وتارهكهیدا سهرۆك بارزانی باسی له ئاوهدانی و خزمهتگوزاری و پێشکەوتنەکانی ههرێمی كوردستان كرد و تهئكیدی كردهوه كه پێویسته پشت به خۆمان ببهستین و زیاتر پهره به بوارهكانی كشتوكاڵ و گهشتوگوزار و پیشهسازی بدهین. ههروهها سهرۆك بارزانی داوای له پیاوانی ئایینی كرد كه له لای خۆیانهوه به جددی، خهڵك له مهترسییهكانی ماددهی هۆشبهر هوشیار بكهنهوه كه له ڕووی ئایینیهوه ڕێگهپێدراو نییه و دهردێكی كوشندهی كۆمهڵایهتیشه.
وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشداریی تووند لەبارەی "دەستدرێژی" بۆ سەر هێزەکانیان بە عێراق دەدات و بە هاوتا عێراقییەکەی ڕاگەیاندووە کە "ئەمە دوا ئاگادارکردنەوەیە لەم بارەیەوە." سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، وردەکاریی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان خۆی و وەزیری جەنگی ئەمریکا، پێت هێگسسی ئاشکرا کرد، کە تێیدا هێگسس بە ڕوونی هۆشداریی داوەتە عێراق سەبارەت بە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای عێراق. وەزیری بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، وەزیری جەنگی ئەمریکا پێی ووتوە "ئەمە دوا ئاگادارکردنەوەیە لەم بارەیەوە." چونکە هێزەکانی ئەمریکا بە ئازادی لە ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە و ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک "دەستدرێژی یان هێرش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە قبووڵ ناکات". عەباسی ئاماژەی بەوەکرد، "ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بە توندوتیژی و یەکلاییکەرەوە لە بڕیارەکانیدا ناسراوە". وەزیری بەرگریی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەم "هۆشدارییە بە جددی وەربگیرێت".
لەیادی ڕۆژی جیهانیی پشتیوانی كۆبانێدا، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، جەخت لەوە دەکاتەوە کە قوربانیدانی شەڕڤانان و پشتیوانیی جیهانییان لەبیرناچێت کە بووە هۆی تێکشکاندنی داعش و بونیادنانی ئایندەیەکی باشتر. فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کۆبانێ پەیامێکی لەگەڵ ڕای گشتی بڵاوکردەوە. مەزلوم عەبدی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، گەل و شەڕڤانان بەرخۆدانێکی باوەڕپێنەکراویان بۆ بەرگریکردن لە کۆبانێ نیشان دان "لەم ڕۆژەدا ئەو هەوڵ و قوربانییانەی کە خەڵک و شەڕڤانان بۆ کۆبانێ و هەموو مرۆڤایەتی لە دژی چەتەکانی د.lعشیان داوە لە بیر دەکەینەوە" هاوکات پشتیوانی و پاڵپشتی جیهانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیمان لەبیرە. مەزلوم عەبدی: ١ی تشرینی دووەم هێمای یەکڕیزی مرۆڤایەتی بوو لە بەرامبەر تاریکیدا مەزلوم عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕۆژە ڕەمزی یەکڕیزی مرۆڤایەتییە لە بەرامبەر تاریکی و توندڕەوی. پشتیوانی جیهانی ڕێگەی بە گەل و هێزەکانمان دا کە ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە کە هەڕەشە بوو بۆ سەر هەموو جیهان، لە کۆبانێ تێکشکێنین. عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هاوپشتییە وایکرد بتوانن داعش لە کۆبانێ تێکبشکێنن و هەنگاو بنێن بەرەو کۆتاییهێنان بە "خەلافەتەکەیان". وتیشی، ئەم سەرکەوتنە ڕێگەی خۆشکرد بۆ "بونیادنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەموو سوورییەکان."
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق "وەزیری دەرەوەی تورکیا سبەی یەکشەممە 2025-11-2، بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغداد و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەدەچێت." ئەو سەردانەی فیدان لە کاتێکدایە، ڕۆژی 26-10-2025، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە. بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی دەستەی حەشدی شەعبی، لەمیانی دیدارەکەدا گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەسەر دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا و هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش کرایەوە. چاوەڕوان دەکرێت هەردوولا تاوتوێی گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانە بکەن کە لە ماوەی ڕابردوودا بەدیهاتوون لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا و ناوچەکە. پێش سەردانەکەی فەیاز بۆ ئەنقەرە، ڕۆژی 2025-10-10، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا. تێیدا پرسی ئاو و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەنێوان هەردوولا تاوتوێ کرا.
دوای ئەوەی شەوی رابردوو خاچی سوری نێودەوڵەتی روفاتی سێ تەرمی لە حەماسەوە وەرگرت و ڕادەستی ئیسرائیلی کرد، پەیمانگای پزیشکی دادیی ئیسرائیل رایگەیاند کە پاش پشکنین دەرکەوتووە ئەو روفاتانە هی هیچ کام لە بارمتە کوژراوەکان نین. شەوی هەینی، خاچی سووری نێودەوڵەتی لەسەر داوا و بە رەزامەندیی هەردوو لایەن، روفاتی سێ تەرمی گواستەوە بۆ لای دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل. پاش گەیشتنیان، روفاتەکان بۆ پشکنین رەوانەی پەیمانگای پزیشکی دادیی ئیسرائیل کران تا ناسنامەیان دیاری بکرێت. بەڵام، ئەنجامی پشکنینەکان دەریخست کە ئەو روفاتانە هی هیچ کام لەو 11 بارمتە کوژراوەی کە لە کەرتی غەززە دەستبەسەرن، نین. لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئیسرائیل رایانگەیاندووە کە پرۆسەی دیاریکردنی ناسنامەی تەرمەکان لەژێر بەرپرسیارێتی ئەواندایە و بەردەوام دەبن لە کارەکانیان. دوای دەستپێکردنی ئاگربەستەکەی ئەم مانگە، گرووپەکە هەر 20 بارمتە زیندووەکەی ئازاد کرد و دەستی بە پرۆسەی گەڕاندنەوەی 28 بارمتە کوژراوەکان کرد. ئیسرائیل حەماس بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکات، بەوەی بە خێرایی پێویست تەرمەکان ناگەڕێنێتەوە، بەڵام حەماس دەڵێت، پێویستیان بە کاتە بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکان لەژێر داروپەردووی غەززەدا. پێشتر کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس رایانگەیاند، نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە دوو تەرم دەگەڕێننەوە. بە هەژمارکردنی ئەم دوو تەرمە نوێیە، چەکدارەکان تاوەکو ئێستا پاشماوەی 17 لەو 28 بارمتە کوژراوەیان رادەستکردووەتەوە، کە حەماس بەپێی رێککەوتنە نێوەندگیرییەکەی ئەمریکا رازی ببوو بیانگەڕێنێتەوە.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، لە کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە نەفەسێکی نەتەوەیی و تائیفی زبر قسە دەکات و دەڵێت: " تەنیا عەرەبی سوننە بڕیار دەدەن کام پۆست هەڵدەبژێرن، سەرۆک کۆمار یان سەرۆکی پەرلەمان ". حەلبووسی لە بەردەم کۆبوونەوە جەماوەرییەکەیدا ڕایگەیاند: عەرەبی سوننە دوای ئەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران دەدەنە عەرەبی شیعە مەزهەب، پۆستی سەرۆککۆمار یان سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان یەکلادەکەنەوە، ئەمەش دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ سەرکردایەتیی کۆمەڵگەی سوننە نەک تەنیا لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسی سوننە. بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 11-11-2025 بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو هەلبژاردنەش 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە حەوت هەزار کاندیدیش کێبڕکێ لەسەر 329 کورسییەکەی پەرلەمان دەکەن. حەلبووسی ئاماژەی بەوەدا، خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار یان سەرۆکی پەرلەمان پێشکەش دەکات و دەبێتە سەرۆکی داهاتووی یەکێک لەم دوو پۆستە، هاوکات پەیامێکی ئاڕاستەی نەیارەکانی خۆی لە عەرەبی سوننە کرد و وتی: " ئەوان لە ڕیزی دواوەی ئەو شوێنە دەبن کە من سەرۆکایەتیی دەکەم، دەنگیان کەم دەبێتەوە و بەپێی قەبارەی خۆشیان ڕێگەیان پێدەدەم قسە بکەن.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت کە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پێکەوە یەک پاکێجن و جیا ناکرێنەوە. هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستان تۆمەتبار دەکات بەوەی کە "بڕوای بە هاوبەشیی ڕاستەقینە نییە" و نایەوێت ڕێککەوتنێکی جددی لەگەڵ یەکێتی بکات. لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵ8، سەعدی پیرە جەختی کردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پرسی پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان وەک دوو بابەتی لێک دانەبڕاو سەیر دەکات. ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر پارتی بژاردەیەکی دیکەی هەبوایە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەبێ یەکێتی، ئەوا تا ئێستا ئەو کارەی کردبوو. سەبارەت بە چارەنووسی ناکۆکییەکان، پیرە پێی وابوو کە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەو ئاستەدا نین کە ببێتە هۆی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. ناوبراو ڕوونیکردەوە: "بە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گۆڕانکاریی گەورە ڕوونادات و ئەنجامەکان نزیک دەبن لەم ئەنجامەی ئێستا بەدەستهاتووە،"
تولای هاتیمئۆ غوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی) جەختی لە گرنگی بەکۆمەڵایەتیکردنی ئاشتی کردەوە و ڕایگەیاند کە پڕۆسەکە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە، "ئەو ناوەی ئێمە بۆ ئەم پرۆسەیەمان ناوە 'پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'. دەتوانین زۆر شت بخەینە ژێر ئەم ناونیشانە". لە شاری وان هاوسەرۆکی (دەم پارتی) قسەى بۆ ڕۆژنامەنوسانکرد، وتى: یەکێک لە قۆناغە گرنگەکانی ئەم پرۆسەیە بڕیاری پەکەکە بوو، بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی، دوابەدوای ئەوەش ڕێوڕەسمی ١١ی تەمووز بۆ سووتاندنی چەک بەڕێوەچوو کە یەکێکە لە خاڵە زامنییەکانی ئەم پرۆسەیە. تولای هاتیمئۆ غوڵڵاری، دەشڵێن: لە چاوی خەڵکی جیهاندا، بە سووتاندنی چەک، هەنگاوێک بۆ بنیاتنانی ئاشتی نرا کە جارێکی دیکە هەرگیز دووبارە نابێتەوە”. وتیشی: "بێ گومان دامەزراندنی کۆمسیۆن زۆر گرنگ و بەنرخە، کۆمسیۆن تا ئێستا چەندین دانیشتنی گرنگی ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا هەنگاوی کۆنکرێتیتر هەیە کە پێویستە بنرێت".
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، ڕایگەیاند: لە هەرێمی كوردستان یاسا سەروەر نیەو عەنتەریەت كاری خۆی دەكات، پرۆژەكان بەپێی پلان ئەنجام نادرێن، ناڕێكیەكی زۆر لە جێبەجێكردنیدا دەبینرێت. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى ئەمڕۆ هەینى سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، لەمیانەی كۆبونەوەی لەگەڵ ئەندازیارانی سنوری مەڵبەندی سلێمانی یەكگرتوو، ڕایگەیاند: ئەندازیارانی ئێمە ڕێگەیان بەخۆیان نەداوە بەشداربن لەگەندەڵی، هەر ئەندازیارە دەتوانێت وڵات ئاوەدان بكاتەوە یا كاول بكات، هەر سەرنشینەی لای خۆیەوە كونێك بكاتە كەشتی، بێگومان ئەنجام غەرق بوونی كەشتیەكەیە. ئەو جەختى کرددوەتەوە ئەوان سەربەرزن كە سەرجەم چین و توێژەكانیان لەنێوشیاندا ئەندازیاران بەدڵسۆزی و دەستپاكی و ڕاستگۆی ناسراون، وتیشى: ڕۆژانێكیش بیریان لە خراپ بەكارهێنانی پلەو پۆستەكەیان نەكردۆتەوە لە پرۆژەكاندا، ئەمەش جێگەی شانازیمانە. لەبەشێكی دیكەی ووتەكانیدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەدا: لە هەرێمی كوردستان یاسا سەروەر نیەو عەنتەریەت كاری خۆی دەكات، پرۆژەكان بەپێی پلان ئەنجام نادرێن، ناڕێكیەكی زۆر لە جێبەجێكردنیدا دەبینرێت. ئەو پێشى وایە بۆ ڕاستكردنەوەی چەوتیەكانیان ئێمە لەیەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، كۆمەڵێك خەڵكی شارەزاو بەتواناو بوێرو ئەمانەت پارێزمان دەستنیشان كردووە لەلیستی ژمارە 278 بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە خاوەنی بڕوانامەی باڵان لە بوارە جیاوازەكانداو پێویستە لەسەر هەموومان كاری دڵسۆزانەو لێبڕاوانە بكەین بۆ سەرخستنیان.
نووسینگەی یاسایی سەدە ڕاگەیاند ئەمڕۆ هەینى عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی دیداری لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ئەنجام دا. نووسینگەی یاسایی سەدە لە بارەی ڕۆشتنی بنەماڵەی ئۆجەلان بۆ ئیمراڵی و ئەنجامدانی دیداری لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ زانیاری خستەڕوو. ئەمرۆ ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی دیداری لەگەڵ چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیدا کردو کە عومەر ئۆجالانی برازای و پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتیشی تێدابووە. دەربارەی دیدارەکە، نووسینگەی یاسایی سەدە ئاماژەى بەوە کردوە، ئەمڕۆ (٣١ـی تشرینی یەکەم) ڕێزدار عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی دیداری لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجام دا. خانەوادەکەی ڕێبەر ئاپۆ پێکهاتبوون لە فاتیمە ئۆجالان، عومەر ئۆجالان، بەرفین ئۆجالان و عەلی ئۆجالان.
دۆناڵد ترەمپ، داوای لە ئەندامە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی پیران کرد، کە رێگە بە تێپەڕاندنی یاسای بودجە بدەن و کۆتایی بە لەکارخستنی حکومەت بهێنن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ‘تروس سۆشیاڵ’ نووسیویەتی، “ئێستا کاتی ئەوەیە کۆمارییەکان کار بە کارتی ترەمپ بکەن، کە بژاردەی ئەتۆمییە، بۆیە هەرئێستا کۆتایی بە رێگریکردن لە یاسای بودجە بهێنن”. ترەمپ بە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا دەڵێت، بژاردەكانی بەردەمتان رونن، دەتوانن لە ئەتۆمەوە دەستپێبكەن، دەستبەرداری لەكارخستنی حكومەت ببن، وتیشی، دوای گەشتەكەی بۆ ئاسیا، زۆر بیری كردووەتەوە تا بژاردەی ئەتۆمی دیاریكردووە. تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ئەمریکا بۆ ساڵی 2026، پێویستی بە 60 دەنگی ئەنجومەنی پیران هەیە، ئێستا کە کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجومەنی پیران پێکدەهێنن، لە 1ی تشرینی یەکەمەوە بەربەستیان بۆ تێپەڕاندنی یاساکە دروستکردووە و بەوهۆیەشەوە زیانێکی زۆر بە ئابوریی ئەمریکا کەوتووە، لەگەڵیدا زۆر کەرت و فەرمانگەی حکومی وەستاون لە کارکردن.
ئەحمەد قەرەمووس، هاوسەرۆکی کەنەکە لە کەنەدا لەگەڵ کوردستانییان کۆبووەوە، و بانگەوازی خاوەنداریکردن لە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیکی کرد و وتی: "کورد بە ئومێدن، ڕێکخراون و لە هەموو کاتێک زیاتر لە ئازادی نزیکن." لە شاری مۆنتریالی کەنەدا، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی(Fondation Kurde du Québec) کۆبوونەوەی گەل بەڕێوەچوو. چالاکییەکە بە ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان و سرودی "ئەی ڕەقیب" دەستیپێکرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە بە بەشداری هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئەحمەد قەرەمووس بەڕێوەچوو، کە بۆ کۆبوونەوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ کوردستانییەکانی کەنەدا سەردانی وڵاتەکەی کردبوو، بابەتەکانی وەک پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە دەستیپێکردووە، دانانی چەک لەلایەن پەکەکە و کشانەوەی هێزەکانی لە تورکیا تاوتوێ کران. قەرەمووس لە وتارەکەیدا سەرنجی خستە سەر ڕۆڵی گەلی کورد لە پڕۆسەکەدا و وتی: "کورد ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخوێننەوە و شیکاری دەکەن، هەنگاو و ستراتیژی خۆیان بەپێی ئەوە دیاری دەکەن. ئەم کشانەوەیە، هەنگاوێکە بۆ ئەوە نراوە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک تێک نەچێت و سەرکەوتوو بێت. ئەمەش دەرخەری پەیوەستبوونی گەلی کوردە بە ڕێبەرێتییەوە." ئاماژەی بەوەدا کە کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان خەباتی ئازادی و دیموکراسی بەردەمی پێ دەدات و وتی: "کورد لە ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات، باکوور و باشوور باوەڕیان بە ڕێبەرێتیی هەیە؛ بە پارت و شەهیدەکانیانەوە پەیوەست ماونەتەوە. بێ ئومێد نین، بەڵکو زیاتر بە ئومێدن و ئێستا زیاتر لە ئازادی نزیک بوونەتەوە. نابێت گوێ بە پڕوپاگەندەی ئەو کەسانە بدرێت کە دەیانەوێت پڕۆسەی ئاشتی پووچەڵ بکەنەوە. کوردستانییان دەبێت یەکبگرن، دەبێت پشتگیری ئەو خەباتانە بکەن کە بەرەو ئازادی و ئاشتی دەڕۆن. ئێستا کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاراکتەرێکی ڕێکخراو و چالاکن." چالاکییەکە بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی کوردستانییان لەلایەن ئەحمەد قەرەمووسەوە کۆتایی هات.
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان لە نوێترین فەتوادا، فرۆشتنی کارتی دەنگدان بە ناشەرعی ناو دەبات. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: فرۆشتنی کارتی دەنگدان و دەنگی دهنگدهران دهبێته هۆی تێكدانی پرۆسەی دەنگدان و بۆیه ئهنجوومهنی باڵای فەتوا به تێكڕای دهنگی ئهندامانییهوه، فرۆشتنی كارتی دهنگدان به حهرام دهزانێت و ئهو پارهیهش لهو ڕێگهیهوه بهدهست دێت حهرامه. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دهنگدان ئهمانهتە و له ئهستۆی هاووڵاتیاندایە و فرۆشتنی كارتی دهنگدان غهش و خیانهته له گهڵ و وڵات و سامانی گشتیی، خراپ بهكارهێنانی مافێكی شهرعی و یاساییه و هاوكاریكردنه بۆ تهزویركردن و گهیشتنی كهسانی ناشایسته و خراپ بۆ پهرلهمان و بهڕێوهبردنی وڵات. باسی لەوەش کرد، لە ڕووی یاساییەوە بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت، هەر لەم سۆنگەیەوە ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان بە ناشەرعی زانیوە. دەقی فەتوای ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە: قال تعالى: {فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ} (سورة النحل: 43) الحمد لله، والصلاة والسلام على سيدنا محمد رسول الله، وعلى آله وأصحابه ومن والاه. وبعد: دوای ئهوهی ژمارهیهك له مامۆستایان و هاوڵاتیان پرسیاریان كرد سهبارهت به حوكمی فرۆشتنی كارتی دهنگدان له پرۆسهی ههڵبژاردنهكاندا له عیراق و كوردستان، ئهنجوومهن له دانیشتنی ئاسایی خۆیدا له ڕێككهوتی 21/10/2025 بهم شێوهیهی خوارهوه وهڵامی دانهوه: ئاشكرایه مهبهست له پرۆسهی ههڵبژاردن پێشخستنی وڵات و گۆڕانكاری و هێنانهدی دادپهروهی و نههێشتنی گهندهڵییه، بهڵام فرۆشتنی كارتی دهنگدان و دهنگی دهنگدهران دهبێته مایهی تێكدانی مهبهسته باڵاكانی ئهنجامدانی ئهم پرۆسهیه، بۆیه ئهنجوومهن به تێكڕای دهنگی ئهندامهكانی فرۆشتنی كارتی دهنگدان به حهرام دهزانێت و ئهو پارهیهش لهو ڕێگهیهوه بهدهست دێت حهرامه، بۆیه پێویسته به ههموو شێوهیهك موسڵمانان لێی دوور بكهونهوه لهبهر ئهم خاڵانهی خوارهوه: 1. دهنگدان ئهمانهتێكه له ئهستۆی هاووڵاتییان و بهزایهدانی ئهو ئهمانهته و فرۆشتنی كارتی دهنگدان غهش و خیانهته له گهل و وڵات و سامانی گشتی، خوای گهوره دهفهرموێت: (إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُكُمْ أَنْ تُؤَدُّوا الْأَمَانَاتِ إِلَى أَهْلِهَا) (سورة النساء: 58) ، ههروهها دهفهرموێ : (إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ الْخَائِنِينَ) (سورة الأنفال : 58). 2. خراپ بهكارهێنانی مافێكی شهرعی و یاساییه و هاوكاریكردنه بۆ تهزویركردن و گهیشتنی كهسانی ناشایسته و خراپ بۆ پهرلهمان و بهڕێوهبردنی وڵات. 3. له ڕووی یاساییشهوه پێچهوانهی یاسای ههڵبژاردنه و، یاسا ئهو كارهی به تاوان ههژمار كردووه. والله تعالی أعلم وصلی الله علی سیدنا محمد وعلی آله وصحبه وسلم ئهنجوومهنی باڵای فهتوا له كوردستان 29/ربیع الثانی/1447هـ= 21/10/2025م= 29/ ڕهزبهر/ 2725ك
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى، ڕۆژی پێنجشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆك بارزانی لە شاری دهۆك لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر له دایكان و خانەوادەی شەهید و پێشمەرگە و ئافرەتە تێكۆشەرەكانی پارێزگای دهۆك کۆبووەوە. هەر لەو ڕاگەیەندراوە ڕۆژنامەوانیەدا هاتووە، سەرۆك بارزانی لەو كۆبوونەوەدا گوتارێكی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و وێڕای دەربڕینی ڕێز و پێزانی خۆی بۆ خانەوادەی شەهیدان، ڕایگەیاند،"جگە لە خودا ئێمە بۆ کەس خۆناچەمێنین، تەنیا بۆ دایكی شەهیدانی خانەوادەی شەهیدان دە جار خۆمان دەچەمێنین". هەروەها سەرۆك بارزانی باسی لە ڕۆڵی ئافرەتان بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد کرد و ڕایگەیاند: ڕۆڵی ئافرەتان ڕۆڵێكی کاریگەرە لە شۆڕشەكان. گوتیشی: لە شۆڕشی ئەیلوولەوە تا ئەمڕۆ ئافرەت باوك بووە، دایك بووە، مامۆستا بووە و جووتیار بووە. لهم بارهوه، نموونەی ژمارەیەك ئافرەتی خۆڕاگر و قارەمانیشی بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە و ڕایشیگەیاند: ئەو خەبات و قوربانیدانەی گەلی کورد و ڕۆڵ و ئازایەتیی ئافرەتانی کورد ئەمانەتێكی گەورەیە لەسەر شانی ئێمە بۆیە هەر چی بیڵێم کەمە دەرهەق بە دایكی شەهیدان و کەسوکاری شەهیدان. ڕاگەیەندراوەکەى بارەگاى بارزانى دەشڵێت: سەرۆك بارزانی لە درێژەی گوتەكانیدا وێڕای ئاماژەدان بە چاكسازییەكانی سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی ئەوەی خستە ڕوو كە: ئەمرۆ ئێمە لە سەدەی بیست و یەکین، ڕەنگە هێشتا وەك پێویست مافی ئافرەتان دەستبەر نەکرابێت، بەڵام ئافرەت خۆشی خەباتی بێووچان بکات و دڵنیا بن بە هەموو شێوەیەك لە پشت ئێوە دەبم. لە بەشێكی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە مەترسی پیلانەکانی ئێستا بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: پیلانی ئێستا و دوژمنایەتی ئێستا لەگەڵ میللەتی ئێمە زۆر مەترسیدارتر و گەورەترە لە هی ڕابردوو، ئێستا بە شێوەیەكی بەرنامەبۆدارژراو دەیانەوێت خەڵكی ئێمە و گەنجی ئێمە تووشی ماددەی هۆشبەر بێت، ئەمە گەورەترین مەترسییە، دەیانەوێت خەڵكی ئێمە تووشی بێئومێدی بکەن و هیچ سۆز و ئینتما بۆ نیشتمان نەمێنێت. لهم بارهیهوه سهرۆك بارزانی بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند: ئەرکی گەورە لەسەر شانی ئێوەیە، هەر ئافرەتێك منداڵەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا تێبگەیەنێت کە چ پیلانێكی مترسیدار لەسەر ئێمە هەیە، ئەگەر گەنجی ئێمە باوەڕی بە خۆی نەما، ئێمە هیچ دۆزێكمان نامێنێت. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە بڕینی مووچەی خەڵكی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: مووچەی خەڵکی کوردستان قەزیەیەکی سیاسییە و وەك کارتێك بەکاریان هێنا بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەناو ببەن، ئەمەش بە چاوساغی خەڵكێكی ناوخۆیی بوو کە ڕێگایان بۆ بەغدا خۆش کرد و ئهم سیاسهتهشیان لە ئەنفال و کیمیاباران کەمتر نییە. هەروەها سەرۆك بارزانی جەختی لە پەروەردەکردنی ڕۆڵەکانی ئێستا و داهاتوو کردەوە، کە خۆیان بە کەمتر نەبینن لە تاکی هەر کۆمەڵگەیەكی دیکە و دەبێت نەوەکانیشمان بەو شێوەیە پەروەردە بکرێن کە لە ئاستێكی بەرزی وریاییدا بن. هەر لەو گوتارەیدا سەرۆك بارزانی باسی لە زەروورەتی مێژوویی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد لە سەر وەختێكدا کە کورد تووشی نائومێدی ببوو، بەڵام بە دامەزراندنی پارتی ئومێد بۆ خەڵكی کوردستان گەڕایەوە و پارتی بەرپرسیاریەتیی مەزنی لە ئەستۆیە و لە بەرپرسیاریەتیی ڕاناکات و تەحەمولی دەکات.
