ئەمریکا هەوڵی هەڵاتنی شەش هەزار چەکداری داعشی لە سووریا پووچەڵکردەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
تۆڕی "فۆکس نیوز"ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ئەمریکا لە رێگەی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگری و سەربازیی نهێنییەوە، رێگری لە هەوڵێکی گەورەی هەڵاتنی نزیکەی شەش هەزار چەکداری مەترسیداری داعش لە زیندانەکانی سووریا کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری ئەمریکا، واشنتن توانیویەتی لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ئەو دەستگیرکراوانە لە سووریاوە بگوازێتەوە بۆ دامەزراوەیەکی ئەمنی پارێزراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە هات شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان هەسەدە و سوپای سووریا روویدا.
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئەم هەوڵی هەڵاتنەی بە نیمچە کارەساتبار ناوبرد و رایگەیاند، "ئەگەر ئەم چەکدارانە کە بە خراپترینی نێو داعش دادەنرێن هەڵاتنایە، دۆخی ناوچەکە و جیهانیان لە شەو و رۆژێکدا دەگۆڕی"، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، حکوومەتی عێراق بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆسێیەکە کردووە بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش لەسەر خاکەکەی.
لە راپۆرتەکەی فۆکس نیوزدا هاتووە، کەمپی هۆل کە ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی سووریادایە، بەرپرسانی رۆژئاوا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی دیمەشق خەریکی چۆڵکردنی کەمپەکەیە و ئەگەری ئازادکردنی خێزانەکانی داعش هەیە، ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە هەژمار دەکرێت.
فۆکس نیوز ئەوەشی ئاشکرا کردووە، چارەنووسی ئەم خێزانانە یەکێکە لە ئاڵۆزترین دۆسێیەکانی سیستەمی دەستبەسەرکردنی داعش، چونکە زۆرێک لە منداڵان لە کەمپەکاندا گەورە بوون و هەندێکیان ئێستا لە تەمەنی شەڕکردن نزیک دەبنەوە، ئەمەش مەترسیی توندڕەوی و چەکدارکردنیان زیاد دەکات.
